ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 بەرشەلۆنە بە زەحمەت بردیەوەو ئەمشەو ئەركی ریال مەدریدیش زەحمەتە

دوای ئه‌وه‌ی بەرشەلۆنە به‌ زه‌حمه‌ت له‌ ریال سۆسیدادی برده‌وه‌و پێشه‌نگی لالیگای له‌ ریال مه‌درید وه‌رگرت، ئه‌مشه‌و یانه‌ی شاهانه‌ له‌ ئه‌ركێكی زه‌حمه‌تدا ده‌چێته‌ ئه‌نده‌لوس بۆ رووبه‌ڕووبووه‌نه‌وه‌ی ریال بێتیس و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پێشه‌نگ.

له‌ درێژه‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕی 27ی لالیگادا، ئه‌مڕۆ 5 یاری به‌ڕێوه‌ده‌چن، كه‌ گرنگترینیان میوانداریكردنی ریال مه‌دریده‌ له‌ لایه‌ن ریال بێتیسه‌وه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی بینیتۆ ڤیامارین، كه‌ هه‌میشه‌ یاریگه‌یه‌كی زه‌حمه‌ته‌ بۆ ئه‌و تیپانه‌ی له‌وێ رووبه‌ڕووی بێتیس ده‌بیینه‌وه‌.

یه‌كه‌م یاری ئه‌مڕۆ كاژێر 14:00 به‌ كاتی باشووری كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ هه‌ردوو یانه‌ی ئۆساسۆنا و ئیسپانیۆل له‌سه‌ر یاریگه‌ی یه‌كه‌م كۆده‌كاته‌وه‌.

له‌ یاری لووتكه‌ی ئه‌مشه‌ودا ریال مه‌درید ئه‌ركێكی زه‌حمه‌تی له‌پێشه‌ و پێویسته‌ له‌ ئه‌نده‌لوسه‌وه‌ به‌ 3 خاڵ بگه‌ڕێته‌وه‌ مه‌دریدی پایته‌خت بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ پێشه‌نگ له‌ بارسێلۆنا وه‌ربگرێت، كه‌ به‌ بردنه‌وه‌ له‌ ریال سۆسیداد ئێستا به‌ جیاوازی دوو خاڵ له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید پێشه‌نگی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

ئه‌گه‌رچی ریال بێتیس ئه‌مساڵ نه‌یتوانیوه‌ وه‌رزێكی باش پێشكه‌ش بكات و تاوه‌كو ئێستا به‌ كۆكردنه‌وه‌ی ته‌نیا 30 خاڵ پله‌ی 14ی ریزبه‌ندی گرتووه‌، به‌ڵام به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌نێو خاك و به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی كێشه‌ بۆ تیپی به‌رامبه‌ر دروست ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ زیدان و یاریزانه‌كانی زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ ئه‌م یارییه‌یان ئه‌نجام بده‌ن، چونكه‌ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك واته‌ له‌ده‌ستدانی پێشه‌نگی لالیگا، كه‌ له‌ یاری كلاسیكۆدا له‌ بەرشەلۆنەیان وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌.