ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، موژدەیەکی خۆش دەداتە یانەکانی ئیتالیا و جەماوەرەکەیان و هیوای ئەوەیان پێدەبەخشێتەوە کە خولی تۆپی پێی وڵاتەکەیان دەستپێدەکاتەوە.

جیوسێپی کۆنتی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، ماوەی گەڕانەوەی یانەکانی بۆ مەشقەکان و دەستکردن بە راهێنانەکانیان راگەیاند، کە لە سەرەتای مانگی رابردووە خولەکە بەهۆی ماترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە راگیراوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، گوتی "یانەکانی ئیتالیا لە رۆژی 4ی مانگی داهاتووەوە مافی خۆیانە دەست بە مەشقەکانیان بکەنەوە، بەڵام بەشێوەی تاک تاک و پێویستە پابەندی تەواویان بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە هەبێت و بەریەککەوتن روونەدات لە نێوان یاریزاناندا".

ئەو گوتیشی "رێگە دەدەین هەنگاو بو هەنگاو چالاکییە وەرزشییەکان دەستپێبکرێنەوە، بەڵام دەبێ بایەخی یەکەم بۆ لایەنی تەندروستی بێت و هەموو رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێبکرێن، رێزێکی تەواویش لە یاساکانی تایبەت بە خۆپارێزی بگیرێت".

جیوسێپی کۆنتی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، هەروەها گوتی "ئەو یانانە لە 18ی مانگی داهاتوودا دەتوانن دەست بە مەشقە بەکۆمەڵەکانیان بکەنەوە، کە لەو رۆژەدا مۆزەخانە و شانۆیەکان و هەندێ شوێنی دیکەش دەکرێنەوە".

ئیتالیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لەسەر ئاستی ئەوروپا زۆرترین زیانی لە کۆرۆناوە پێگەیشتووە و زۆرترین کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیانلەدەستداوە، هێشتاش مەترسییەکانی بەردەوامن لەو وڵاتەدا.