ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بە رێبەرایەتی كریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی یۆڤنتوس جیاوازیی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی لازیۆی دووەم زیاتركرد، دوای ئەوەی شكستی بە یانەی لیتشی هێنا.

یۆڤنتوس لە یاریگەی خۆیدا بەبێ ئامادەبوونی هاندەران میوانداری یانەی لیتشی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ وەڵام لێبردەوە.

لە سەرەتادا یارییەكە هاوسەنگی بەخۆیوە بینی تیپی میوان هێرشی مەترسیداری دەكردە سەر یانەی یۆڤنتوس، دوای ئەوەی فابیۆ لوچیۆنیی لە لیتشی بە كارتی سووركرایە دەرەوە، ئەمەش وایكرد لە نیوەی دووەمدا بۆشایی زۆریان هەبێت و رووخان.

رۆناڵدۆ لەم یارییەدا هەرچەندە چەند هەلێكی ئاسانی لەدەستدا، بەڵام بەشداری لە سێ گۆڵی سەرەتادا كرد، گۆڵی یەكەمی پاولۆ دیبالای دروستكرد، كە بە لێدانێكی بەهێز تۆماریكرد، گۆڵی دووەمیش بە لێدانی سزا لەلایەن خۆیەوە تۆماركرا كە خۆی بووە هۆكاری دروستبوونی لێدانە سزاكە، گۆڵی سێیەمیش گۆنزالۆ هیگواین بە ئاسیستی رۆناڵدۆ كردی، چوارەم گۆڵیش لەلایەن ماتیاس دیلیختەوە بە ئاسیستێكی جوانی دۆگلاس كۆستا تۆماریكرد.

یوڤێنوس بەشێوەیەكی كاتی جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ لازیۆی دووەم كردە حەوت خاڵ و ئێستا 69 خاڵی هەیە، لیتشیش لە پلەی 18ـیە بە 25 خاڵ.