ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمڕۆ 4 یاری لە گەڕی 20ـی لالیگا بەڕێوەدەچن، كە دیارترینیان رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید و دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێشە.

ئەمڕۆ شەممە 23/1/2021 چوار یاری لە گەڕی 20ەمینی لالیگا لە یاریگا جیاوازەكان بەڕێوەدەچێت.

یاری یەكەم لە كاتژمێر 4ی عەسر بەڕێوەدەچێت، ڤیاڕیال دەبێتە میوانی هوێسكا، كە لەو یارییەدا ڤیاڕیالی چوارەمی ریزبەندیی هەوڵدەدات لە دوایینی ریزبەندی بباتەوە و پێش بەرشەلۆنە بكەوێت و بچێتە پلەی سێیەم، ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت.

لە دوایاری ئەمشەودا، ریال مەدرید بە بێ زینەدین زیدانی راهێنەر و 5 لە یاریزانەكانی دەبێتە میوانی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش، كە سەرەڕای ئەوەی ئەم یانەیە ئەم وەرزە تاوەكو ئێستا باش دەرنەكەوتووە و لە پلەی 17ـی ریزبەندیدایە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای یانەی شاهانە، ئەركی كوڕانی زیدان، كە ئەمڕۆ داڤید بێتۆنی شوێنی دەگرێتەوە، زۆر زەحمەت دەبێت.

ریال مەدرید بێجگە لەوەی بەهۆی تووشبوونی زیدان بە كۆرۆنا لە تواناكانی راهێنەرەكەی بێبەش دەبێت، سێرخیۆ رامۆسی كاپتنیش بەهۆی پێكانەوە ئامادەی ئەو یارییە نابێت، ناچۆش كەرەنتینە كراوە، ڤالڤێردی تووشی پێكان بووە و رۆدریگۆش هێشتا لە پێكانەكەی چاكنەبووەتەوە، هەروەها مارتن ئۆدیگاردیش بەهۆی نزیكبوونەوەی لە چوونە ریزەكانی ئارسیناڵ بەشداری لە یارییەكەدا ناكات.

ئالاڤێش لە دوایین 3 یارییدا لە لالیگادا تووشی شكست بووە و ئاستی زۆر دابەزیوە، مەگەر مەدریدییەكان دوای ئەو دۆخە خراپەی تێكەوتوون، كە لە چەند رۆژێكدا لە دوو پاڵەوانێتی دەركران، دیارییەكیان پێشكەش بكەن و یانەكەی شاری ڤیتۆریا بە سەركەوتن یان بە یەكسانبوون ئاشنا بكەنەوە، كە بێگومان جەماوەری یانەی شاهانە بەرگەی شكستی زیاتر ناگرێت.

 

یارییەكانی ئەمڕۆ:

هوێسكا - ڤیاڕیال 16:00

سێڤییا - كادیز 18:15

ریال سۆسیداد - ریال بێتیس 20:30

ئالاڤێش - ریال مەدرید 23:00