ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان، لە لێدوانێكی نوێدا بەرپرسان و هاوادارانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نیگەران دەكات.
ئێمباپێ، ئاماژەی بەوەدا كە پێشوازی لە درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان دەكات، كە لە كۆتایی وەرزی داهاتوودا لە هاوینی 2022 ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریسی كۆتایی دێت.
كیلیان ئێمباپێ، لە لێدوانێكدا بە كەناڵی تێلێفوتی فەرەنسی، گوت "من لەگەڵ كارگێڕیی یانەكەم گفتوگۆ دەكەم و بیری لێدەكەمەوە".
ئەو یاریزانە گەنجە فەرەنسییە، هەروەها گوتی "ئەگەر گرێبەستێكی نوێ واژۆبكەم، ئەوە هەنگاوێك دەبێت وەك وەبەرهێنانێكی درێژخایەن، لە پاریس هەست بە باشی دەكەم".
ئەو گوتیشی "بەم زووانە بڕیاری كۆتایی خۆم دەدەم، بەدڵنیاییەوە ئەگەر گرێبەستێك واژۆ بكەم، لێرە دەمێنمەوە".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ئێمباپێ دووپاتیكردەوە كە بەمدواییە لە رووی توانای جەستەییەوە باش نەبووە، بۆیە لە چوار یارییدا گۆڵی نەكردووە.
ئیمباپێ كە لە دوایین یاری یانەكەیدا، بەرامبەر مۆنپێلێ، دوو گۆڵی تۆماركرد، گوتیشی "راستییەكەی من باش نەبووم، شتێكی سروشتییە كە خەڵك لە هۆكارەكەی ببپرسێت، زۆر بە باشی كاردەكەم، چونكە دەزانم لە فەرەنسا شتەكان چۆنن".
ئەم قسانەی كیلیان ئێمباپێ بێگومان بەرپرسانی ریال مەدرید و هەوادارانی نیگەران و بێئومێد دەكات، كە ئەو یانەیە لە بنەڕەتدا گرنگی بە خزمەتەكانی ئەستێرەی فەرەنسی دەدات.