ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیكۆ مەدرید دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر بردنەوەیان لە یانەی ڤالێنسیا پێشاندا و ریال مەدرید و بەرشەلۆنەشی پشتگوێخست.

سیمیۆنی لەلێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا دوای بردنەوەكەیان بە 3-1 لە ڤالێنسیا لەبارەی دواكەوتنیان لە یارییەكەدا گوتی: " یاریی 90 خولەك بەردەوامدەبێت، هەموو ئەنجامێك تێیدا ئەگەری روودانی هەیە".

راهێنەری رۆخی بلانكۆس زیاتر دەڵێت: " یارییەكی زۆرباشمان ئەنجامدا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان زۆباش یارییدەكەین، لە یارییەكانی رابردووشدا ئەوەمان بینی، لەم یارییەشدا یاریزانەكان ئاستێكی بەرزیان پێشكێشكرد و لە نیوەی دووەمیشدا توانیمان پارێزگاری لە ئەنجامەكە بكەین و سێ خاڵ ببەینەوە".

لەبارەی یاریی نەكردنی موسا دێمبێلی لە یارییەكەدا دیێگۆ گوتی: " دێمبێلی بەشێوەیەكی زۆرباش راهێنان دەكات، بەڵام كاتەكە بۆ یارییكردنی ئەو گونجاو نەبوو، لەكاتێكدا سوارێز ئاستێكی زۆر بەرزی پێشكێشكرد".

لە كۆتایی قسەكانیدا راهێنەرە ئەرجەنتینییەكە رایگەیاند، ئەوان لە دوای گەڕانەوەی یارییەكان ئاستێكی بەرز پێشكێشدەكەن و دەڵێت، تیپەكەم لەرووی دینامیكییەوە زۆرباشە و لە لالیگاشدا ركابەرییەكی زۆر هەیە، تیپەكە بەشێوەیەكی زۆرباش دەردەكەوێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە لەسەر ئەم ئەنجامانە بەردەوامبین.

یانەی ئاتلێتیكۆ مەدرید لەم وەرزەی لالیگادا ئاستێكی بەرزی پێشكێشكردووە و ئێستا بە كۆكردنەوەی 47 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی خولەكەیە.