ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خۆردی ئەلبا یاریزانی هێلی بەرگری یانەی بلوگرانا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا پەردەی لەسەر بەشێك لە ژیانی تایبەتی نێو گۆڕەپان هەڵدایەوەء لە هەندێك شوێنیشدا سەرزەنشتی خۆی كردء هەروەها وتی دەزانم بەشێكی زۆر لە خەڵك رقیان لێمە.

ئەلبا لە لە درێژەی دیمانەكەدا گوتی "پێموایە یەكێكم لە یاریزانە هەرە ناویستەكانی تۆپی پێ، ئەوە بۆ من ئاشكرایە، لەوانەیە ئەوە بەهۆی شێوازی یاریكردنم بێت، بەڵام ئەوەیە شێوازی یاریكردنم، هەر ئەوەشە وایلێكردووم ببمە ئەو یاریزانەی ئێستا".

ئەو لە بەردەوامی قسەكانیدا، گوتی "بەڵام ئەو كەسانەی كە من دەناسن، دەزانن من كەسێكی بێفیزم، دەزانم چۆن هەموو شتێك لە ژیانمدا بەرز بنرخێنم، ئەلبا لەگەڵ هاوڕێیەكانیدا كەسێكی جیاوازە لە ئەلبای یاریزان، راستە شێوەی یاریكردنم زۆر قورسە و لەو رقە تێدەگەم كە ئەو كەسانەی من ناناسن دەتوانن هەستی پێبكەن".

ئەلبا، سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای یانەی بەرشەلۆنە، گوتی "چەند یاریزانێكی گرنگ یانەكەیان جێهێشتووە، كە لە باشترین یاریزانەكانی جیهانن، ئەمەش زیانی پێگەیاندووین، بەڵام هەوڵدەدەین ئاستی كۆنمان بەدەستبێنینەوە، لەگەڵ یاریزانانی گەنج هەوڵدەدەین ئەو ئاستە بەدەستبیێنینەوە كە وادەكات نازناو ببەینەوە"

سەبارەت بە لەیەكتێگەیشتنی نێوان خۆی و لیۆنێل مێسیش، ئەلبا گوتی "لەنێو یاریگەدا من و لیۆ زۆر بەدوای یەكدیدا دەگەڕێین، چونكە دەزانم كەی تۆپەكەی دەدەمێ و دەبێتە مەترسی بۆ سەر بەرامبەرەكە، یان گۆڵ دەكات، بۆیە هەمیشە هەوڵدەدەم پاسی پێبدەم، بەڵام ئێستا ركابەرەكانمان شارەزا بوونە، بۆیە من زۆرجار پاس بە هاوڕێیانی دیكەشم دەدەم".

بەرگریكارەكەی ئیسپانیا، زیاتر گوتی "لە بەرشەلۆنە زەحمەتە گۆڵ دروست بكرێت، چونكە ركابەرەكان ناوچەكانیان بەباشی دادەخەن، بەڵام زۆر شت دەكەم و هیوادارم زیاتر پێشكەش بكەم".

ئەو دەشڵێت "هەندێك دەڵێن من نازانم بەرگری بكەم، ئەوە راستە، دەزانم كاری بەرگری تایبەتمەندی سەرەكی من نییە، بەڵام ئێستا باشتربوومە، هێشتاش زۆر شت هەیە لەم بەرەیەدا فێری بم".