ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئاماده‌کردنی: جه‌لال ده‌باغ

 

لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٠دا نامیلکەیەکی٧١ لاپەڕەییم لەسەرکورتەی ژیانی ئەفسەری قارەمانی کورد نەقیب جەلالی ئەحمەد فەهمی ئامادکردو لەلایەن حیزبی شیوعیمانەوە

چاپ و بڵاوکرایەوە. بەباشمزانی لێرەدا پێشەکیی ئەو نامیلکەیە لەگەڵ چەند وێنەیەکی بڵاوبکەمەوە، تا ئەو قارەمانە ئازاو بە جەرگەو خزمەت و هەڵوێستەکانی هەمیشە لەیادی گەلە سەربەرزەکەماندا زیندوبێت.

پێشه‌کی

نه‌قیب جه‌لالی ئه‌حمه‌د فه‌همی که‌ یه‌کێک بوو له‌ ئه‌فسه‌رانی نیشتیمانپه‌روه‌رو پێشکه‌وتنخوازو، هاوڕێی حیزبی شیوعی عێراق و ئه‌ندامی (بزوتنه‌وه‌ی ئه‌فسه‌رانی ئازاد) له‌ ناو سوپای عێراقدا، له‌سه‌رده‌می رژێمی پاشایه‌تیدا، ئه‌و رێکخراوه‌ی که‌ رۆڵی سه‌ره‌کی هه‌بوو له‌ شۆڕشه‌که‌ی 14ی ته‌موزی 1958دا به‌سه‌رۆکایه‌تی زه‌عیم عه‌بدولکه‌ریم قاسم. ئه‌و شۆڕشه‌ی رژێمی پاشایه‌تی له‌ناوبردو، بۆ یه‌که‌مینجار له‌ مێژودا کۆماری عێراقی دامه‌زراندو گه‌لێک ده‌ستکه‌وتی بۆ گه‌لانی عێراق وکوردستان هێنایه‌دی. وه‌ک دانانی ده‌ستوری کاتیی کۆماری عێراق که‌ بۆ یه‌که‌مینجار دانی به‌وه‌دا نا که‌ عه‌ره‌ب و کورد له‌م نیشتیمانه‌دا هاوبه‌شن و دانانی یاسای چاره‌سه‌ری کشتوکاڵ و ئه‌حواڵی شه‌خسی و ده‌رچوون له‌ په‌یمانی به‌غداو، ناوچه‌ی دراوی ئه‌سته‌رلینی ودانانی چه‌ندان یاسای پێشکه‌وتنخوازو، هه‌نگاونان بۆ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێکی نیشتیمانی له‌بواری سامانی نه‌وتدا به‌ره‌و ده‌رهێنانی له‌ چنگی کۆمپانیه‌کانی ئیستیعمارو به‌ره‌ڵاکردنی به‌ندوگیراوه‌ سیاسیه‌کان و دابینکردنی ئازادیه‌ دیموکراتیه‌کان ودادگایی کردنی سه‌رانی رژێمی گۆڕکراوو پیلانگێڕان له‌ دژی شۆڕشه‌که‌ی 14ی ته‌مووز...تاد.

به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی کوده‌تا فاشیسته‌که‌ی 8ی شوباتی 1963دا، کوده‌تاگێڕان داخی دڵی پڕ لە کینەی خۆیان به‌ قاره‌مانانی شۆڕشه‌که‌ رشت و، نه‌قیب جه‌لالیش یه‌کێک بوو له‌و رۆڵه‌ نه‌ترسانه‌ی له‌لایه‌ن فاشیسته‌کانی به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیرکراو که‌وته‌ ژێر ئازاردان و پاشان ئیعدام کراو چووه‌ ریزی نه‌مرانه‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌‌م شه‌هیده‌ نه‌مره،‌ وه‌ک ده‌یان شه‌هیدیتر، زۆر که‌می له‌سه‌ر نووسراوه‌. جا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌میش نه‌چێته‌ دنیای له‌بیرچوونه‌وه‌و شتێک له‌سه‌ر ژیان و تێکۆشانی به‌ نه‌وه‌کانی ئێستاو ئاینده‌ بگه‌یه‌نین، ده‌ستمانکرد به‌ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری و دیداری هه‌ندێک له‌و به‌ڕێزانه‌ی ناسیویانه‌و هێشتا له‌ ژیاندا ماون.

به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک براده‌رو که‌سانی نزیکیشی ئێستا له‌ ژیاندا نه‌ماون، وه‌ک تێکۆشەری ئازاو دڵسۆزو قارەمان موقه‌ده‌م حه‌مه‌ عه‌لی شه‌ریف که‌ پێده‌چی نەقیب جەلال له‌ رێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ حیزب و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌فسه‌رانی ئازاده‌وه‌ هه‌بووبێت.

هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عه‌بدوله‌تیف ده‌راجی زۆر باشبووه‌. به‌داخه‌وه‌ ئه‌ویش له‌ژیاندا نه‌ماوه‌.

کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری و دیداری هه‌ندێ له‌و به‌ڕێزانه‌و هاوکاریی خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌که‌ی شه‌هید‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی ئه‌نجام بوو، کە ئەمەش هەموو شتێک نییە لەسەر ئەم شەهیدە سەربەرزە، هیوادارین هه‌رکه‌سێک زانیاری له‌باره‌ی شه‌هیدی گه‌ڵ و نیشتیمان(نه‌قیب جه‌لالی ئه‌حمه‌د فه‌همی)یه‌وه‌ لایه‌ ئاگادارمان بکات تا بتوانین نووسینه‌که‌مان زیاتر پوخت و ته‌واو بکه‌ین و پێشه‌کی سوپاسیان ده‌که‌ین.

ره‌وتی شه‌هید جه‌لالی ئه‌حمه‌د فه‌همی مایه‌ی شانازیی گه‌له‌که‌مانه‌و، خوێنڕێژه‌ تاوانکاره‌کانیش چوونه‌ که‌لاوه‌کۆنی مێژوه‌وه‌.

جه‌لال ده‌باغ

سه‌ره‌تای حوزه‌یرانی 2010

  • 1