ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خوایە لە تەقە تەقی ئاسنی ساردە کوت بمانپارێزە و، نەوەی نوێ پەنابدە لەو پەتا بێمانایە کە ئاکامەکەی تەنیا لاڕێبوون و چەواشەکارییە. کە ڕۆژانە بێوچان هەر تەقەی چەکوچ و سندانیان دێت. ڕێک (قەیسەری هەولێر)ی جارانم دێتەوە بیر، کە تا نیوەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووش کە بەناو قەیسەری گوزەرت بکردایە، ئەوا یەک پارچە دەنگی کوتک و سندان و تەنەکە و ئاسن دەهات...!

بەڵام ئەوکات دەنگی چەند خۆش بوو!! چونکە ئاسنەکان (گەرم دەکران)، ساردەکوت ناکران، چیمان بویستابا لێیان دروست دەکرا. لەلایەکی دیکەشەوە ئەو تەقە تەقەی ئەوکات، نان و بژێوی حەڵاڵی ئەو خەڵکەی تێدا بەرجەستە دەکرا.

تەقەتەقەکە، تەکنۆلۆژیای ئەوکات بوو، پێداویستییە کشتوکاڵی و کەرستەی ناوماڵ و ئامرازی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیان دابین دەکرد. کە گوێت لێدەبوو دڵت دەکرایەوە، کە دەتدیتن چاوت ڕوون دەبووەوە، خۆشت دەویستن، ئەوانیش تۆیان خۆش دەویست، چونکە پەیوەندییەکی بژێوی ڕۆژانە بەیەکترییەوە گرێی دەداین.

بەڵام ئەمڕۆ کە گوێت لە تەقەتەقەکە دەبێت، مێشکت وڕوکاس دەکات! دەتەوێ چارەیان نەبینی، چونکە نان و بژێوی خەڵکی تێدا بەرجەستە نابێت، تەنیا تاقمێکی کەم نەبێت لە شەڕکڕ و شەڕفرۆشان و سێبەرەکانیان، کە ڕۆژانە دەیانبینی چەند کەسێک یا دوو کەس لە کەناڵەکان یا لە پەنا و پەسێوان بەرانبەر بە یەکتر دەکەونە پێشبڕکێی ئاسنی ساردەکوتی بێ ئاکام!

خۆ کە دەدوێن کەف لە لالغاویان دەمەیی، یا هێندە هەڵدەچن گەر سەیریان بکەی دەبینی دەماری ملیان وەک (نێرکە پیاز)ی بەهارێ هەڵساوە، دەم و شەویلاکیشیان (٧٥) نمرە لە یەکتر ترازاندووە! گوایە نیقاشی سیاسی دەکەن، یەکێک دەڵێ حەفت، ئەوی دی دەڵێ هەشت، بەڵام لەوەش کارەساتتر ئەوەیە کە نیقاشەکەیان دەچێتە خانەی (نقاش خشن) بەوەی یەکێک بڵێ حەفت، ئەوی دی ناڵێ هەشت، بەڵکو دەڵێ؛ (٨٨٨)، جا وەرە سەیری ئەو بۆشاییە ویژدانییە فراوانە بکە لە بەینی ئەو دوو زاتە کە خوداوەند پێی کەرەم کردوون!

منیش لە ویژدانەوە دەڵێم؛ دەک خوا لێتان بسەنێتەوە ئەو واقیعە تاڵە پڕ لە تەقەتەقی ئاسنی ساردەکوت!

 

  • 1