ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی ئاسۆ گه‌رمیانی

ئاسۆ عارف كردوویه‌تی به‌كوردی

ئەم باسە سەرەتایەکە بۆنزیك کردنەوەمان لە لێکۆڵینەوەی بنەماکانی ڕێکخستن لەناو حزبمان، حزبی شیوعی کوردستان، کە پێویستی بە دەوڵەمەندکردن و فراوانکردنە، لەکاتێکدا کە ووردە ووردە بەرەو کۆنگرەی حەوتەمی حزب دەڕۆین. 

ئەزمونەکانی ساڵانی پێشوو کۆمەڵێك بەریەککەوتنی ئاشكراو (هەندێك جاریش بەشۆکێنی) بەرچاوخست دەرباری ڕوانینەکان بۆئەو بنەمایانەی لە دوایین کۆنگرەدا پەیڕەوی ناوخۆیان لەسەر هەڵچنراوە، ئەم بەریەککەوتنانە کۆمیتە سەرکردایەتیەکانیشی گرتەوە. 

ڕێکخستنەکانی حزب بەپێی ڕێڕەوە مێژووییەکەی سێ نەوەی جیاوازی، ئه‌مرۆ تیا دەبینرێت کە دەکرێت بەم شێوەیە پۆلێن بکرێن: 

پێشینەکان، کە زۆربه‌یان لە کادر وسەرکردەی دەیەکانی تێکۆشانی پێش ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١پێکهاتوون، ئەم هاوڕێیانە کە هەموو شێوازەکانی تێکۆشانی نهێنی و زیندان وپێشمەرگایەتیان ئەزموون کردووە. زۆربەیان لەگەڵ حزبدا ئاوێتە ببوون ولە قۆناغێکدا خۆیان بۆ ئەرکە حزبیەکان تەرخانکرد کە، شێوازی ستالینی باوبوو لەبنەمای ڕێکخستن و زاڵبوونی ناوەندێتی (المرکزیە) تووند بوو. 

نەوەیناوەڕاست، کە زۆربه‌یان لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ پەیوەست بوون بەحزبەوە، لەکاتێکدا کە هەنگاوی نا بۆ قۆناغی کاری ئاشکرا. ئەم نەوەیە لەهاوڕێیان پراکتیزەی بنەما ستالینیەکانی ڕێکخستنیان بە شێوەی نەوەی پێشوو نەکرد، بەڵام ملکەچی ئاسه‌واره‌كانی ده‌کران، چونکە هێشتا پەیڕەو دەکرا، به‌پێچه‌وانه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی پرینسیپه‌كان، كه‌ حزب له‌گه‌ڵ دروستبوونی له‌ ١٩٩٣ رایگه‌یاندبوو. 

نەوەی نوێ، ئەو هاوڕێ لاوانەن کە هۆشیاری سیاسیان لەسەرەتاوە ڕووبەڕووی پێودانگەکانی سەردەم و ناکۆکیەکانی هەناوی سەرمایەداری دەبنەوە، بەتایبەتی ئەو دیاردە وەحشیگەرانەی لیبرالزمی نوێ لەسەردەمی دوای گلۆبالیزم لەدوو دەیەی ڕابردوو هێناویەتە ئاراوە. کە ئەمەش پێویستی بەبەرەنگاربوونەوە هه‌یە. 

حزبمان (حشك) لەدوای کۆنگرەی شەشەم، وەکو حزبێکی مارکسی ڕەخنەگر لەسەرمایەداری و به‌شدار لە تێکۆشانی جیهانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم سیستەمە، ڕێگای دروستی خۆی دۆزیەوە. بەرنامەی حزبمان گونجاوە لەگەڵ ئەم قۆناغەی تێکۆشان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لیبرالیزمی نوێ له‌سه‌ر ‌ئاستی جیهانی و نیشتمانی. ئەمەش لەسایەی پێشکەوتنی مەزنی تەکنەلۆژی وهاتنەکایەی پێودانگی تێکۆشانی نوێ کە زۆربەی لایەنەکانی ژیان و پەیوەندی و ئامرازەکانی دادەڕێژێت. هەربۆیە ئەم بەرنامەیە لەئێستاو داهاتووشدا پێویستی بەگەشەپێدان و پێشخستنی بنەماکانی ڕێکخستن هەیە. سەرەنجام حزب ئامرازێکە بۆ بەئەنجامگەیاندنی بەرنامەی تێکۆشانی شیوعیەکان و ئامانج له‌ بنەماکانی ڕێکخستن خستنەگەڕی تواناو هێزی ئەندامەکانی حزبە بەوپەڕی مەودا و گەشەپێدانیانە. 

بەباشمزانی ئەم ووتارە بەدوو بەش بخەمە ڕوو: 

بەشی یەکەم، به‌ دوو ئه‌ڵقه‌: میژووی گەشەکردنی بنەماکانی ڕێکخستن لە ژیانی حزبی، بەهەردوو شێوازی بنیاتنانی لینینی بۆ حزب و شێوازی ستالینی. 

بەشی دووەم: ئەوەی تایبەتە بەحزبی شیوعی کوردستان.

بەشی یەکەم

مارکسیەکانی سەرەتاو بنیاتنانی حزب

مەبەست لەم گێڕانەوە چڕو خێرایە ده‌رخستنی ئەو راستیەیە کە، هیچ بنەماو ڕێسایەکی ڕێکخستنی نەگۆڕ نیە لە ژیانی حزبی مارکسیدا کە، بۆ هەموو کات وشوێنێك گونجاوبێت. بەڵکو ئەم بنەمایانە لەگٶڕان وپەرەگرتنی بەردەوامدان بەپێی پێویستی بەرنامەی سیاسی حزب لە قۆناغێکی تێکۆشانی دیارکراودا. 

مارکس وئینجلس

لێرەدا بواری گەنگەشەیەکی فراوان نیە دەربارەی مارکس وئەنجلس، ئەوەشی کە هەردووکیان لەم ڕووەوە نوسیویانە له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئینته‌رناسیۆنالیزم، وه‌كو "له‌ ململانه‌یدا دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌كگرتووی چینه‌ زاڵه‌كان، پرۆلیتاریا ناتوانێت وه‌ك چین هه‌ڵس و كه‌وت بكات ئه‌گه‌ر پارتێكی جێواز له‌ سه‌رجه‌م پارته‌ سیاسییه‌ بورژوازیه‌ كۆنه‌كان بۆ خۆی دروست نه‌كات و ئۆپۆزسیۆنیان بێت"، یان "پێكهاتنی پرۆلیتاریا له‌ پارتێكی سیاسیدا كارێكی حه‌تمیه‌ بۆ داگیرسانی شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئامانجه‌ كۆتاییه‌كه‌ی: نه‌هێشتنی چینه‌كان"، بەشی ئەوە ناکات کە داڕشتنی بونیادی حزب تەواوبکات. جونکە ئەوان لە قۆناغی کشان و تەشەنەکردنی سەرمایەداریدا ژیان، هەربۆیە پێداگریەکی ئەوتۆیان لەسەر گرنگی ڕێکخستنی حزبی نەکرد. بەڵکو گرنگی سەرەکیان بۆ بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونەکانیان بوو بەچاپکراوی، ئەم ڕۆڵەشیان لە کۆنگرەی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی شیوعیەکان لە لندن دەردەکەوێت کە چۆن مانیفێستی پارتی کۆمۆنیستیان لە کۆتایی ١٨٤٧دا داڕشت.

ڤلادیمیر ئیلیچ لێنین

"ڕێکخستنێکی بەپیشە شۆڕشگێرمان بخەرە بەردەست، تا ڕوسیا سەرەوژێرکەین"!

لێنین بەم دەستەواژە (کورت و هه‌موارکراوە) یە دیدگای خۆی بۆ سروشتی حزب دەربڕیوەو پێکهێنانی حزب به‌ئەرکێکی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی تێکۆشانی مارکسیەکان لە ڕوسیا دانا. 

- كۆنگرەی مینسك کە لە ئاداری ١٨٩٨ بەسترا، سەرکەوتوو نەبوو لە بڕیاردانی بەرنامەیەك بۆ سۆسیال دیموکرات (ماركسی) ـەکانی ڕوسیا. بۆیە لێنین قەناعەتی به‌وه‌هێنا کەبنیاتنانی حزبێك بۆ ڕێبەریکردنی سوسیال دیموکراتی ڕوسیا لەسەرئاستی نیشتمانی و دەربازکردنی لە تەنگژەکانی، پێویستی بە ئامادەکاری وتەیارکردنێکی ڕێکخراوو مکوڕ هەیە. سەرەتاکەشی بە بیرۆکەی دامەزراندنی بڵاوکراوەیەکی سەرانسەری بوو کە زنجیرەیەك هاوکاری دڵسۆزی هەبێت بۆ دزەپێکردنی لەسنورەکانەوە وبڵاوکردنەوەی لە شارو کارگەکاندا. ئامانجی ئەم بڵاوکراوەیە ڕوونکردنەوەو یەکانگیرکردنی تێوری و پراکتیزەبوو.

- له‌ نیوەی دووەمی ١٨٩٩ بیرکردنەوەی "ئابوریانه‌" و "عەفەوی" لەناو بزووتنەوە کرێکاریەکاندا ڕوو لە هەڵکشان بوو. ئەمە وای لەلێنین کرد فشاربکات بۆ ڕێکخستنی پارتێکی سیاسی لەسەر ئاستی نیشتمانی. لەمبارەیە، له‌ ووتاری " ئەرکە هەنوکەییەکانمان" كه‌ لە گۆڤاری "ڕابو‌چایا گازیتا" لە کۆتایی ١٨٩٩ دا بڵاویکردەوە، لێنین دەڵێت: 

"کاتێك کرێکارانی کارگەیەك یان بەشێکی پیشەسازی تێکەڵ بەتێکۆشان دەبن دژی خاوەنکاران، ئایا ئه‌مه‌ خەباتی چینایەتییه‌؟ نه‌خێر، ئه‌مه‌ ته‌نها سه‌ره‌تایه‌كی لاوازی ئه‌و خەباته‌یه‌. خه‌باتی کرێکاران ئه‌وكات ده‌بێته‌ خەباتێكی چینایەتی، کە پێشره‌وانی نوێنه‌رانی چینیكارگه‌رهۆشمه‌ندن به‌خۆیان ده‌بن كه‌ یه‌ك چینیكارگه‌رن و، ئاراسته‌ی تێكۆشانیان نه‌ك ته‌نها دژبه‌ خاوه‌نكار‌ وه‌ك تاك ده‌كه‌ن، به‌ڵكو دژبه‌ سه‌رجه‌م چینی سه‌رمایه‌دار‌و دژبه‌و حكومه‌ته‌‌ كه‌ پشتگیری له‌م چینه‌ ده‌كات و.... ئه‌ركی سۆسیال دیموکراتەکان ئه‌وه‌یه‌، به‌رێگای ڕێكخستنی كرێكاران و به‌رده‌وامبوون له‌ پرۆپاگاندا له‌ ڕیزه‌كانیان و هاندانیان، تێكۆشانی عه‌فه‌وییان دژ به‌ چه‌و‌سێنه‌ره‌كانیان بگواسنه‌وه‌ بۆ تێكۆشانی حزبێكی سیاسی دیاركراو له‌پێناوی ئامانجی سیاسی و سۆسیالیستی دیاركراو. ئه‌مه‌ش به‌چالاكی ناوچه‌گه‌ری وه‌دینایه‌ت"...."ئێمه‌ گەیشتوینەتە ئاستێکیپێگەشتوو بۆ کاری گشتی و ئامادەکردنی بەرنامەیەکی یەکگرتوو حزبی، هەروەها بۆ ڕاڤەکردنێکی هاوبەش دەربارەی ڕێکخستن وتەکتیکەکانی حزب " ....."پێویستە هێنانەکایەی ڕۆژنامەیەك بۆ حزب بکەیەنە ئەرکی هەنوکەییمان کە بە ڕێك وپێکی دەربچێت و پەیوەندییه‌كی بته‌وی هه‌بێت لەگەڵ هەموو کۆمەڵە ناوچەییەکان.... بەبێ بڵاوکراوەیەکی لەم جۆرە کاری ڕێکخراوە ناوچەییەکان پیشه‌یه‌كی بەرتەسك دەبن و دامەزراندنی حزبیش، بەبێ نوێنه‌رایه‌تیكردنی به‌بڵاوکراوەیەکی گونجاو، تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزە"..."تێکۆشانی ئابوری پەرش و بڵاو بەبێ بڵاوکراوەیەکی ناوەندی ناتوانێت ببێتە تێکۆشانێکی چینایەتی بۆ گشت پرۆلیتاریایڕوسیا. تێکۆشانی سیاسیش مەحاڵە بەبێ توانای هەڵوێست وەرگرتن لە مەڕ هه‌موو كێشه‌ سیاسییه‌كان و ئاراستەکردنی دیاردە جۆراوجۆرەکانی تێكۆشان لەلایەن سەرجەمی حزب. بەهەمان شێوە ڕێکخستن و ڕاهێنانی هێزە شۆشگێڕەکان وگەشەپێدانی ئامرازەکانی کاری شۆڕشگێڕی مەحاڵە بەبێ گەنگەشەکردنی هەموو ئەم بابەتانە لە بڵاوکراوەیەکی ناوەندیداو به‌بێ دیاریکردنی به‌كۆمه‌ڵ چەند پێودانگ و بنەمایەك بۆ ڕێکخستنی كارو لەپاڵ ئەمەشدا پێناسه‌كردنی لێپرسراوی هەموو ئەندامان لەبەردەمی حزبدا بەهۆی بڵاوکراوەیەکی ناوەندیەوە." 

- لە کتێبی (یاداشتەکانی لێنین) کە ساڵی ١٩٣٤ لە نیویۆرك بڵاوکراوەتەوە، هاوڕێی نزیکی لێنین شۆڕشگێڕی ئەڵمان کلارا زیتکین بەم شێوەیە ووته‌یه‌كی دەگێڕێتەوە: "شۆڕش کۆکردن و چەندبەرابەربوونی هێزەکان لەجەماوەر و تاکەکان دەخوازێت. ئەو نابورێت لە پەرتپەرتبوون، هاوشێوەی کەسایەتییه ڕزیوە‌كانی دانونزیو".

(Gabriele DAnnunzio١٨٦٣-١٩٣٨ شاعیرو رۆمان و شانۆنووس و سیاسی ئیتالی. لایه‌نگری مۆسۆلینی فاشیست بوو- ئا. گ.)

-بیرۆکەکانی لێنین دەربارەی ئەو ئەرکانەی ڕێکخستن، کە کەوتبووە سەرشانی سۆسیال دیمۆکراتەکانی ڕوسیا، چەندساڵێکی خایاند تا لە کتێبە هەرە گرنگەکەیدا "چ کارێك بکەین" ساڵی ١٩٠٢ بەرجەستە بوو. ئەم کتێبە به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ره‌تی جەخت لەسێ بابەت دەکات: ئادگاری هاندانی سیاسی وناواخنە سەرکیەکەی، ئەرکە ڕێکخراوەییەکان، پرۆژەی دامەزراندنی ڕێکخستنێکی تێکۆشین بۆ هەموو ڕوسیا، کە دامەزراندنەکە فرەلایەن و هاوکات بێت. 

- کڕۆکی بیرۆکەی لێنین دەربارەی ئەرکەکانی ڕێکخستنی بزووتنه‌وه‌كه‌، کە لەسەرجەم نوسینەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، بریتیە لە: پێویستی بە خەباتگێڕی سۆسیالستی شۆڕشگێڕ کە هاوپشتی هەموو تێکۆشانێك بکات دژ بە چەوسانەوە، نەتەنها چەوسانەوەی ئابوری بەڵکو سیاسی و کەلتوریش بگرێتەوە، لەمەش زیاتر نەتەنها چەوسانەوەی کرێکاران بەڵکوهەموو ڕەنجدەر و پێشێلکراوێك. "هۆشیاری چینی كارگه‌رهۆشیاری سیاسی ڕاستەقینە نابێت ئەگەر کرێکاران ڕانەهاتبن بەوەڵامدانەوەی هەموو حاڵەتێکی دەستبەسەراگرتن وستەم وتوندوتیژی و چه‌وساندنه‌وه‌ جا بەهەر شێوازێك یان دژ بەهەر چینێك بەکاربێت، به‌مه‌رجێك وەڵامدانەوەکە لە گۆشەنیگای سۆسیال دیموکراتەوە بێت نەوەك لایەنێکی تر". (هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو). 

- شێوازەکانی ڕێکخستنی، كه‌ سۆسیال دیموکرات پێویستی پێیانهه‌بوو، لەخودی ئه‌ركه‌ سیاسیەکان هەڵێنجرابوون. لێنین دەنوسێت: "پێویستە پێکهاتەی ئەم ڕێکخراوە به‌شێوه‌ی سەرەکی له‌کەسانێك بێت کە چالاکی شۆڕشگێڕی دەکەنە پیشەی خۆیان. چونکە لەووڵاتێکدا کە ستەمکاری تیایدا بەربڵاوە دەبێت، ئەندامی ڕێکخراوەکە لەم پێکهاتەیەبن و تەنها کەسانێک بەشداربن کە کە چالاكی شۆڕشگێڕی بووەتە پیشەیان وڕاهێنانیان کردبێت لەسەر هونەرەکانی تێکۆشان دژبە پۆلیسی سیاسی، بەم جۆرە ڕاوکردنی ڕێکخراوەکە سەختتر دەبێت"..."کرێکاری هاندەر ناکرێت یانزدە سەعات لەکارگەدا کاربکات، ئەگەر بەڕێژەیەکی کەمیش بەهرەدارو "هیوابەخش" بێت. پێویستە هەوڵی خۆمان بدەین تا ئەو کرێکارە لەسەر خەرجی حزب گوزەران بکات، بۆئەوەی لەکاتی گونجاودا بەرەو خەباتی نهێنی بڕوات وشوێنی چالاکیەکانی بگۆڕێت. چونکە ئەگەر ئەمە نەکات، شارەزایی باش پەیداناکات و ناتوانێت ئاسۆی فراوانکات و چەند ساڵێك بەرگەی دژایەتی پۆلیس بگرێت".(هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو).

- بە گوێرەی بۆچونەکەی لێنین تایبەتمەندی ئەم ڕێکخراوە شۆڕشگێڕە لە ڕۆڵی ڕۆژنامە ناوەندیەکەدایە کە ڕێکخەرە. له‌ ووتارێكدا له‌ژێر ناونیشانی (له‌كوێوه‌ ده‌ستپێبكه‌ین؟)، كه‌ له‌ ئایاری ١٩٠١، له‌ ژماره‌ ٤ی رۆژنامه‌ی (ئیسكرا) بڵاوكرا، لێنین ده‌نووسێت‌:

"ڕۆژنامە تەنها بانگوازوهاندەری بەکۆمەڵ نیە، بەڵکو لەهەمان کاتدا ڕێکخەرێکی بەکۆمەڵیشە.... ئەرکە تەکنیکیەکە بەتەنها ناچارمان دەکات کە تۆڕێکی هاوکارانی یەکانگیری ناوچەیی دابمەزرێت بۆ حزبێکی یەکگرتوو. چونکە ئەرکە تەکنیکیەکە بەواتای گەیاندنی زانیاریە بۆ ڕۆژنامەکەو دابەشکردنیەتی بە ڕێك وپێکی. هاوکارانی ڕۆژنامەکەش پێویستە پەیوەندیەکی زیندوویان هەبێت لەتەك یەکتر و ئاگایان لەڕەوشی گشتی بێت، لەپاڵ ئەمەشدا ڕادێن لەسەر بەجێگەیاندنی ئه‌ركه‌كانی کاروباری گشتی ڕوسیا، هاوکات توانای خۆیان لەڕێکخستنی کاروباری شۆڕشگێڕی تاقی دەکەنەوە. ئەم تۆڕە لەهاوکاران دەبنە سەنگی ئەو ڕێکخراوە كه‌ پێویستمانە بەدەستی بهێنین: ڕێکخراوێك کە فراوانیەکەی باڵکێش بێت بەسەر هەموو ووڵاتدا". 

- ساڵانی دواتر لێنین په‌ره‌ به‌ تێزەکانی خۆی دەربارەی ڕێکخستن دا. لەنامیلکەی "نامە بۆ هاوڕێیەك دەربارەی ئەرکەکانی ڕێکخستن مان" کە لەساڵی ١٩٠٤دا چاپکرا، لینین دەربارەی پەیکەری حزب دەدوێت. لێرەدا بوونی دەزگایەکی ناوەندی بۆ سەرکردایەتی کردنی حزب لەڕووی ئایدۆلۆژیەوە بەپێویست دەزانێت، بەبوونی کۆمیتەیەکی ناوەندی بۆ سەرکردایەتی ڕاستەوخۆی کارەکان. لەژێر ئاستی کۆمیتەی ناوەندیش پەیکەری حزب لەدوو جۆر کۆمیتە پێکدێت: یەکێکیان ناوچەیی کە نوێنەری شارەکانن، ئەوی تریان کارگەیی بۆ کارگەکان. دەستەکانی تر لەژێر دەسەڵاتی کۆمیتە ناوچەییەکاندا دەبن. 

پەیکەری حزب لای لێنین ئامانجەکەی بەدیهێنانی ئەوپەڕی مەودا لەکاردابەشکردن بوو، هەروەها هێنانەکایەی سەرکردایەتیەکی ناوەندی دەستوەردەری ڕاستەقینە، سەرەڕای فراوانی لێپرسراوەتی و دەستپێشخەری بۆ هەموو ئەندامان. پرینسیپیناوەندی چالاکیەکانی حزب بەم شێوەیە ڕوونکراوەتەوە: 

"ئەمەش دەمانگەیەنێتە پرینسیپێكیگرنگ بۆ هەموو ڕێکخراوەکانی حزب وچالاکیەکانی، لەکاتێکدا پێویست بە بوونیئەوپەڕی ئاستی ناوەندێتیهەیە لەڕووی سەرکردایەتی ئایدۆلۆجی و پراکتیکیەوە بۆ بزاوت وخەباتی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا، لەبەرامبەردا پیویستە تائەوپەڕی مەودا ناناوەندی (لامرکزی) هەبێت بۆ ئاگادارکردنی ناوەندی حزب (بەرئەنجام هەموو حزب) لە بارودۆخی بزوتنەوەکەو ئەوەی پەیوەندی هەیە بە بەرپرسیاری بەرامبەر حزب. 

پێویستە سەرکردایەتی بزووتنەوەکە بسپێردرێت بە کەمترین ژمارەی کەسانی بەپیشە شۆڕشگێڕ، کە ئەوانیش خۆیان له‌ دەستەی هاوئاهەنگ کە تا ئەوپەڕی گونجاو و شارەزای کاركردن دابه‌ش بكه‌ن. هاوبەشانی بزووتنەوەکە پێویستە تێکەڵاوی زۆرترین کۆڕوکۆمەڵی جیاواز بن لە بەشە جیاوازەکانی پرۆلیتار، کە فرە ڕەنگە (هەروەها چینەکانی تری گەل).... پێویستە لەسەرمان سەرکردایەتی بزووتنەوەکە ناوەندگیربکەین. هەربۆیە پێویستە بەگوێرەی توانا بەرپرسیارێتی بە شێوازێك لەناناوەندی سەبارەت بە هەموو ئەندامان وەکو تاك وهەموو ئەوانەی ڕۆڵیان هەیە لەڕاپەڕاندنی کارو هەموو ئەڵقە پەیوندیدارەکان. ئەم ناناوەندیە پێشمەرجێک ودەرمانێکی ساڕێژکەرە بۆ ناوەندێتی". (لێنین، نامیلکەی [نامە بۆ هاوڕێیەك دەربارەی ئەرکەکانی ڕێکخستن مان]). 

- لەکۆنگرەی دووەمی پارتی كاریسۆسیال دیموکرات لە ڕوسیا، كه‌ له‌ ١٧ی ته‌موزی ١٩٠٣ له‌ بروكسل سازكرا، ناکۆکیەکان لەدانیشتنی ژمارە ٢٢ دا تەقیەوە کە تایبەت بوو بەگەنگەشەکردنی بنەماکانی حزب، بەتایبەتی لەباسی بڕگەی یەکەمی ڕەشنووسی دیسپلین وبنەماکانی "ئەندامێتی" حزب. پێشنیاری لێنین ئەوە بوو کە بەندی یەکەم پێناسەی ئەندامی حزب بەم شێوەیە بکات: "ئەندام دان بە بەرنامەی حزبدا دەنێت وپشتگیری ئامرازە مادیەکانی دەکات، هەربەخۆشی بەشداردەبێت لەیەکێك لەڕێکخراوەکانی حزب". مارتۆف پێشنیارێکی دیکەی کرد کە هەمان سەرەتای ئەوەی لێنینی هەبوو بەڵام کۆتاییەکەی بەم شێوەیەبوو: "...بەشێوەیەکی ڕێكوپێک پەیوەست دەبێت بەحزبەوە لەژێر ڕێنمایی یەکێك لە ڕێکخراوەکانی حزبدا". 

بەڵام لێنین جەختی لەویستی بۆ حزبێک کردەوە کە لەلایەن شۆڕشگێڕانی لێزانەوە بەتوندوتٶڵی ڕێکخرابێت: "دەبێت حزب هی پێشڕەوان بێت، سەرکردەی جەماوەری چینی کرێکار بێت، کە هەمووی یان زۆربەی زۆری لەژێر كۆنترۆڵ وڕێنمایی ڕێکخراوەکانی حزبدابێت، نەوەك هەموویان ئەندامی حزب بن کە پێویستیش ناکات، چونکە ئەوکات هەموو چالاکیەکانمان لە کۆبونەوە نهێنی داخراوه‌كاندا کورت دەکرێتەوە بەکۆبونەوە تایبەتیەکانیشەوە". (لێنین، هه‌ڵبژارده‌كان به‌ئینگلیزی، به‌ركی ٦، لاپه‌ره‌ی ٥٠٢).

دەنگی زۆرینەی کۆنگرە بۆ پێشنیارەکەی مارتۆف بوو. بەڵام لێنین بەردەوام بوو لە خستنەڕووی ڕاوبۆچوونەکانی، ئەو لایوابوو پێوستیەکی هەنووکەیی هەیە بۆ ناوەندێتی دیموکراتی لەناو حزبی چینی کرێکاری شۆڕشگێڕدا کەلەبنچینەدا ئەمە لەپێشئەرکەکانی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا هەڵێنجراوە. سەرەڕای ئەمەش پێویستە سەرکردایەتی حزبی شۆڕشگێڕ نمونەی بەرزی خۆنەویستی وئاگاهی بێت لە تەواوی ژیانی ڕۆژانەی حزب، ئەمەش بێگومان دەسەڵاتی ئەدەبی دەداتە سەرکردایەتی تا داوا لە ڕێکخستنەکان بکات کەقوربانی گەورە بدەن لەتێکۆشاندا. 

- لێنین لەکۆنگرەی چوارەمی پارته‌كه‌ی‌، كه‌ ساڵی ١٩٠٦ له‌ ستۆكهۆڵم سازكرا، روونیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ ڕێكخستن به‌ته‌واوی ملكه‌چی پێویستیه‌ سیاسییه‌كان بێت. لەکۆنگرەكه‌دا لێنین سه‌رقاڵی پێشكه‌شكردنی كۆمه‌ڵێك بنه‌مای نوێ بوو، كه‌ به‌ته‌واوی جیاواز بوون له‌وانه‌ی پێشتر كه‌ هه‌ر خۆی پێشكه‌شی كردبوون. ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ سیاسییه‌ نوێیه‌ی‌ له‌ئه‌نجامی شۆرشی بورژوای- دیموكراسی له‌ ١٩٠٥ وه‌ هاته‌ كایه‌وه‌. لێنین چه‌ختی كرده‌وه‌ له‌: "بنه‌ماكانی حزبه‌كه‌مان واده‌كه‌ن كه‌ ڕێكخراوێكی دیموكراتی به‌شێوه‌یه‌كی دیاركراو بۆ حزب دابمه‌زرێت، كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌ڵبژاردن،‌ له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌، دێته‌ بونیادنان. به‌هه‌مان شێوه‌ بنه‌ماكان دان به‌وه‌ داده‌نێن كه‌ ڕێكخراوه‌ ناوچه‌ییه‌كان سه‌ربه‌خۆییان هه‌یه‌ له‌چالاكییه‌كانی خۆیاندا. به‌پێی ئه‌م بنه‌ماو ڕێسایانه‌، كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵده‌ستێت به‌ هه‌ماهه‌نگی و ئاراسته‌كردنی هه‌موو كارو جووڵانه‌وه‌كانی حزب. به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك مافی ئه‌وه‌ی نیه‌ ده‌ستوه‌رداته‌ پێكهاته‌ی ڕێكخراوه‌ ناوچه‌ییه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕێكخراوێك لخواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ بونیادنراوه‌. به‌پێی ئه‌م بنه‌مایه‌ ده‌ستوه‌ردانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌ پێكهاته‌ی ڕێكخراوه‌ ناوچه‌ییه‌كان به‌ ده‌سدرێژییه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر دیموكراسی و ڕێساكانی حزب داده‌نرێت". (لێنین، هه‌ڵبژارده‌كان به‌ئینگلیزی، به‌ركی ١١، لاپه‌ره‌ی ٤٤١).

- له‌ كانونی دوه‌می ١٩٠٧ لێنین پێویستی بوونی پرس و ڕای به‌هه‌موو ئه‌ندامانی حزب ووروژاند، ده‌رباره‌ی ئه‌و كێشه‌ گه‌ورانه‌ كه‌ رووبه‌رووی حزب ده‌بنه‌وه‌: "بۆ دابینكردنی دیموكراسی راسته‌قینه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا، ره‌نگه‌ ته‌نها به بانگهێشت كردنی‌ نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراوی ڕێكخراوه‌ جۆراوجۆره‌كان ته‌واونه‌بێت، به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌موو ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌كان، له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ره‌كانیاندا، ڕای خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م كێشانه‌، یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌، ده‌ڕببرن". (هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ره‌ی ٤٣٤).

--------------

کۆنگرەی دووەمی پارتی كاریسۆسیال دیموکرات لە ڕوسیا، كه‌ پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، سه‌ره‌تای به‌رجه‌سته‌بوونی بۆلشه‌فیزم بوو، به‌ڕابه‌رایه‌تی لێنین. هه‌ردووباڵ (بۆ‌لشه‌فیزم- واته‌ زۆرینه‌) و ‌(مێنشه‌فیزم- واته‌ كه‌مینه‌) تا ساڵانێكی زۆر پێكه‌وه‌ له‌ژێر چه‌تری یه‌ك پارتدا كاریان ده‌كرد، چوونكه‌ زۆرینه‌ی كادیرو ئه‌ندامانی حزب دژی جیابوونه‌وه‌یان له‌یه‌كتر ده‌وه‌ستانه‌وه‌. جیابوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو باڵه‌ به‌تێپه‌ڕینی كات بووه‌ ئه‌مری واقیع، به‌هۆی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی جیاوازییه‌كان له‌هزرو هه‌ڵوێسته‌ تاكتیكیه‌كان.‌ دواتر رووداوه‌ مه‌زنه‌كانی روسیا، به‌تایبه‌تی شۆرشی ١٩٠٥ ی بورژوا- دیموكراتی روسیاو شه‌ری جیهانی یه‌كه‌م و شۆرشی شوباتی ١٩١٧، كه‌ به‌ دوژمنایه‌تیكردنی شۆرشی ئوكتۆبرو ده‌سه‌ڵاتی بۆ‌لشه‌فییه‌كان كۆتایی هات، جیاوازیه‌كانی نێوان هه‌ردوو باڵی قوڵكرده‌وه‌.

 له‌ كۆنگره‌ی شه‌شه‌می پارتی كاریسۆسیال دیموکرات لە ڕوسیا، كه‌ له‌ ٥ی كانونی دووه‌می ١٩١٢ سازكرا، بۆ‌لشه‌فیكه‌كان زۆرینه‌یان پێكهێناو بووه‌ كۆنگره‌ی جیابوونه‌وه‌ی نێوان بۆ‌لشه‌فیك و مێنشه‌فیكه‌كان. له‌كۆنگره‌ی حه‌وته‌م، كه‌ له‌ ٦ی ئاداری ١٩١٨ سازكرا، بۆ‌لشه‌فیكه‌كان ناوی حزبه‌كه‌یان بۆ حزبی شیوعی روسیا (بۆ‌لشه‌فیكه‌كان) گۆڕی.

ده‌رئه‌نجام

له‌ نمایشكردنی گرنكترین نووسین و هه‌ڵوێسته‌كانی لێنین سه‌باره‌ت به‌ بنیادنانی حزب، ده‌توانین ئه‌م خاڵانه‌ ریزبه‌ند بكه‌ین:

- شێوازو بنه‌ماكانی ڕێکخستنی له‌ژیانی حزبی ماركسی، لەخودی ئه‌ركه‌ سیاسییه‌كان و به‌رنامه‌ی كاری هەڵێنجرابوون‌.

- هه‌ر بۆیه‌، هیچ بنەماو ڕێسایەکی ڕێکخستنی نەگۆڕ نیە لە ژیانی حزبی مارکسیدا، کە بۆ هەموو کات وشوێنێك گونجاوبێت. بەڵکو ئەم بنەمایانە لەگٶڕان و پەرەگرتنیبەردەوامدان بەپێی پێویستی بەرنامەی سیاسی حزب لە قۆناغێکی تێکۆشانی دیارکراودا. لێنین به‌به‌رده‌وامی تێزو و بۆچوونه‌كانی خۆی له‌بواری ڕێكخراوه‌یی ئه‌گۆڕی، ئه‌مه‌ش ‌به‌هۆی بوونی ئه‌و گۆڕانكاری و بابه‌ته‌ نوێیانه‌ كه‌ ژیانی سیاسی ڕووبه‌ڕووی حزبه‌كه‌ی لێنینی ده‌كرده‌وه‌. 

- حزب لەڕێگای ڕاگەیاندنەکەیەوە هزری خۆی بەرجەستە دەکات، هەربۆیە لیژنەی ڕاگەیاندنی ناوەندی هێندەی کۆمیتەی ناوەندی گرنگی هەبوه‌ لای لێنین.

- بنه‌مای (ناوه‌ندێتی- دیموكراسی) له‌ مێژووی حزبی ماركسی، هه‌ڵقوڵاوی قۆناغێكی مێژووی دیاركراو بوو، كه‌ قۆناغی پێكدادانه‌وه‌ی راشكاوی نێوان چینه‌كان‌ بوو، قۆناغی (شۆرشی پرۆلیتاریا) و ئاماده‌كردنی هێزه‌كانی پرۆلیتاریا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراندنی (دیكتاتۆری پرۆلیتاری). ئه‌مه‌ ناونیشانی سه‌ره‌كی ململانه‌ی چینایه‌تی سه‌ر گۆره‌پانی جیهانی بوو له‌ ناوه‌راستی سه‌ده‌ی ١٩ تاكو ناوه‌راستی سه‌ده‌ی ٢٠.

 

 

  • 1