ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەوە بیرکردنەوەیەکی سەیرە دەربارەی ژیان، نازانم تۆش وایت؟! کاتێک بەلای خانوویەکی نوێدا تێدەپەڕم، لەو ساتەی وەک کۆشک دێتە بەرچاو، من راستەڕێ بیرم دەچێتە ئەو سەری سەردەم، ئەو رۆژەی کە کۆن دەبێـت، دادەخورێت، رەنگی دەبزڕکێت و بەئاستەم دەزانی سپی یان مارۆنی یان زەرد یان سەوز بووە، پەڵە پەڵە دەبێت وەک خاڵەکانی پشتە دەستی پیاوێکی پیر، ئیتر پێموایە دەبێت چ دڵێکیان بەوە خۆش بێت کە کۆشک و تەلاریان سازداوە؟! هەرواش کاتێک بە ڕیزی دوکان و بازاڕە کۆنەکانی دەوروبەری قەڵاتی هەولێردا پیاسە دەکەم، بیرم دەچێتەوە بۆ ئەوێ رۆژێ کە تازەبوون، گەش و جوان و رەنگ تەڕبوون، دیواریان ساف و سفت بوون، هێشتا سواغیان پڵی لێ هەڵ نەببوو، هەستی ئیرەیی ڕێبوارانیان بەرامبەر بە خاوەنەکانیان دەجوڵاند، ئەوێ رۆژێ کە پێیان وابوو ئیدی بۆ هەتایە ئەم کۆشک و تەلارانە بەبەها و بایەخ دەمێننەوە.

هەر ئەوێ رۆژێ بوو، نزیکەی ١٧ ساڵێک لەمەوبەر، کاتێک لەپرۆژەی کۆمپانیایەکی بیانی بواری IT، کە خاوەنەکەی كورد بوو، وەک سەرپەشتیاری پرۆژەکە کارم دەکرد، بەرنامەی پرۆژەکە بۆ ئەوکات زۆر نوێ بوو، بۆیە کۆمپانیاکە بۆ دابەزاندنی بەرنامەکە و ڕاهێنانی ئەوانەی دەبوایە، لە داهاتوودا، لە کوردستان کاری لەسەر بکەن، ئەندازیارێکی خۆی لەووڵاتێکی ئەوروپیەوە هێنایە کوردستان و لەیەکێک لە ئوتێلە باشەکانی ئەوسای هەولێر جێی حەوانەوەی بۆ دابین کرد، چونکە دەبوایە نزیکەی مانگێک بمێنێتەوە.

ئەندازیار گەیشت، دەرچوو کوڕێکی گەنج نزیکەی بیست و ئەوەندە ساڵان بوو، کوردێکی هەرێمی کوردستانە، کوڕی سیاسیەکی شۆڕشی ئەیلولە کە بە ماڵەوە چوونەتە تاراوگە و هەر لەوێ گەورە بووە و خوێندوویەتی. بە کوردیەکی باش دەئاخاوت، بەڵام پێدەچوو زۆر کەم سەردانی کوردستانی کردبێت یان هەر نەیکردبێت.

هەر لەیەکەم رۆژەوە بەو پێیەی من سەرپەرشتی پرۆژەکەم دەکرد و ئەویش ئەندازیارێکی سەرەکی بوو، پەیوەندیەکی دۆستانەمان دامەزراند، بەتایبەتیش ئەو کەسی نزیکی لە هەولێر نەبوو و لەهاتووچۆکردندا، لەبەر نەشارەزایی و نەبوونی ئۆتۆمۆبێل و تا ڕاددەیەک خۆپارێزیشدا، پشتی بە من دەبەست.

هەموو رۆژێک لێی دووبارە دەکردمەوە بیبەمە سەر قەڵای هەولێر، بەڵام لەبەر پڕئیشی نەدەپڕژاین، تا دەمەو عەسری رۆژێک تۆزێک دەستمان سووک بوو و لەبردنەوەی بۆ ئوتێلەکەدا ڕێمان کەوتە نزیک قەڵا، بە فرسەتمان زانی و ملمان لە ڕێگای سەر قەڵا نا، کە ئەوسا هێشتا خەڵکێکی لێ دەژیا و ئاوەدان بوو. کاتێک گەیشتینە سەرەوە، دەتگوت بە کەشتی گەشتی کات سەفەرمان بۆ ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر کردووە. لەپڕێکەوە لەو جەنجاڵیەی بازاڕی هەولێر گەیشتینە بازاڕێکی بێدەنگ و کپ، دوکانی سادە و خانووی قوڕ، منداڵەکانی بەدەستوری چەندین دەیە لەمەوپێش لەسەر شەقامەکانی یاریان دەکرد، پیرەکانیان پاڵیان بە دیواری تانکی ئاوی سەرقەڵاتەوە دابوو، دامەیان دەکرد و سغاریان دەکێشا. کەشێکی ئارام و ژیانێکی سادە.

لەگەڵ هاوەڵەکەم پیاسەیەکی ناو ڕاستەڕێی بازاڕەکەمان کردوو، پاشان بەلای رۆژهەڵاتی لای دەرکی گەورەی قەڵادا هەڵگەڕاین بۆ ناو کوچە و کۆڵانە بەرتەنگەکانی. لەسەر دەرگای خانوویەکی دوو نهۆمی سادەدا نوسرابوو (کۆشکی ماڵی .. کە ناوەکەیم بیر نایەتەوە)، دیاربوو لە سیەکانی سەدەی ڕابردوودا دروست کرابوو، ماڵی یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی شاری هەولێر ببوو، بەڵام دەرگاکەی داخرابوو، بۆیە نەمانتوانی بچینە ژوورێ. بیرم بۆ ئەوە چوو کە ئەگەر ناوی کۆشک بۆ ئەو خانووە داتەپیوە سەردەمانێک پڕبەپێستی بووبێت، ئەوا بۆ ئێستا پتر لە نوکتەیەک دەچێت، دەبێت ئەگەر خاوەنەکەی هێشتا زیندووبایە هەر لەسەر ئەو فیکرە مابایە کە خانووەکەی کۆشکە یان پێی وابوو ناوی کەلاوە ڕاستترە؟

هەروا تێوەرسوڕاین گەیشتینە کۆڵانێکی فراوان کە کۆمەڵێک خانووی بەرچاوتری لێ بوون، وەک ئەوەی هەموویان بەیەکەوە بەندبن و لەسەر حەوشێک بن، دیاربوو نۆژەنکردنەوەی لەسەر بوو، بۆیە دەرگاکانیان واڵا بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی عەسرێکی درەنگ بوو، کرێکارەکانی رۆشتبوونەوە و کەسی لێ نەمابوو.

چووینە ناوماڵێکیان، ئەوەی بیرم مابێت بریتی بوو لە چەند ژوورێک کە لەهەرچوار لاوە دەوری حەوشێکی تا ڕاددەیەک گەورەیان دابوو، لەناوەڕاستدا حەوز و نافورێکی لەمەڕمەڕ دروستکراوی تێدابوو، تەختی هەیوانەکەی بەیەردی سفت و جوان ڕاخرابوو، ژوورەکانی بەسەر بازاڕی هەولێردا دەیانڕوانی، بەبەراوورد بە خانووە بچووکە داتەپیوەکانی خەڵکی ئاسایی سەرقەڵات، کۆشک بوو، بەڵام بەبەراوورد بە خانوێکی سادەی ٤٠ ساڵ لەمەوپێشی هەولێریش بە خانووێکی باشیش نەدەهاتە حساب، چ جای کۆشک!!

لەو ساتەدا دیسانەوە بیرم چووەوە بۆ ئەو سەری سەردەم، ئەو کاتەی ئێرە دروست دەکرا، چۆن وەستا و کرێکار کاریان تێداکردووە، بەردیان بۆ لە شاخەوە بە پشتی ووڵاخ هێناوە، دەرگا و پەنجەرەی تەختەی جوانیان بۆ بەڕادان داوە، مەسرەفێکی زۆری لێکراوە، بەبەراوورد بەو خانووەی لەسەری کۆڵانەکە لێی نووسرابوو کۆشکی فڵانەکەس، دەبێت ئەوە کۆشکێکی گەورەتربووبێت.

هاوەڵەکەم لێم دوور کەوتبۆوە لەناو ژوورەکاندا دەگەڕا، بەڵام من لەنزیک نافورەکە هەروا لەگژ ئە و فکرانەڕا چووبووم، کە پیاوێکی تەمەن هەڵکشاوی جل کوردی لەبەر هاتە ناوحەوشەکە و تۆزێک بەسەرسوڕمانەوە هاتە پێشەوە و سەلامی کرد و بەناڕەزاییەکەوە ووتی:

- ئەوە چۆن هاتوونە ژوورێ؟ قەدەغەیە.

دیاربوو پاسەوانی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەکە بوو و لە دانیشتوانی قەڵاتیش بوو. هێشتا هاوەڵەکەم بە هاتنەژووری پیاوەکەی نەزانیبوو و گوێشی لێمان نەبوو، بە سپایی پێم ووت:

- خاڵە گیان ئەو برادەرەم لە دەرەوە هاتۆتەوە و کوڕی فڵان کەسە، وویستی قەڵاتی هەولێری نیشان بدەم، کەسیش لێرەنەبوو تا پرسی پێ بکەین و دەرگاش ئاواڵە بوو، دەبێت ببورن.

ئیتر بەو زمانەی من کەمێک هێوربۆوە و ووتی:

- باشە بەڵام دەبێت زوو بڕۆن.

منیش بەفرسەتم زانی ووتم:

- باشە ئێرە ماڵی کێ بووە؟ پێدەچێت دەوڵەمەند بووبێت.

- ئەوە ماڵی (والی، یان حاکم، یان سوڵتانی ...تەواو بیرم نەماوە بە چ دەربڕینێک بوو) هەولێر بووە.

ئەو کات پتر لە بەروحاڵی خانووەکە ڕامام، وەک ئەوەی بمەوێت بێنمە پێش چاوی خۆم ژیانی کەسەکان چۆن لێرە گوزەراوە؟! ئێرە دەبێت هەڵگری چەندین یادگاری خۆش و ناخۆش بێت، لەوانەیە چەندین نۆکەر و خزمەتکار کاریان تێدا کردبێت، ئەو سەردەمەی کە دانیشتوویەکی سادەی وەک من خەونی بەوەوە دەدیت بێت و تاوێک بەناویدا بگەڕێت، یان کارێکی تێدا دەستکەوێت و ئێواران بۆ منداڵەکەی بگێڕێتەوە کە کۆشکی سوڵتان چەند گەورەیە!! چەند جوان وپاکە!! چەند قەرەباڵغ و ئاوەدانە!! چەند .. و چەند و چەند !! کە هەموو ئەو وەسفانە شەوان لەسەر جێگای سەربان، لەبەرامبەر ئاسمانێکی ساماڵی پڕ جریوەی ئەستێرەدا، دەبوونە خەیاڵ و خەون بۆ داهاتوویەکی گەشی ژیانی.

لەو کاتەدا هاوەڵەکەم هاتەوە حەوشە و سڵاوی لەپیاوەکە کرد. منیش تێمگەیاند کە دەبێت بڕۆین و بۆمان نیە زیاتر لێرە بمێنینەوە، بەڵام هێشتا پیاوەکە لەلامان وەستابوو و خواحافیزیمان نەکردبوو، لەپڕێکەوە پرسیارێکم بەبیردا هات لە هاوەڵەکەمی بکەم، وەک ئەوەی بمەوێت پێش ئەوەی بزانێت ئەو خانووە ماڵی کێ بووە؟ مەتەڵێکی لێ بپرسم، بۆیە ووتم:

- ئەگەر ئێستا ئەو خانووەت بەبێ بەرامبەر بدەنێ بۆ خۆت، بەڵام تەنها بۆت هەبێت بەدەستور و شێوازی کۆنی خۆی بەپاکی ئاوەدانی بکەیتەوە، بۆت نەبێت بیفرۆشی یان وەک شوێنەوارێک سوودی لێ ببینیت یان تەکنۆلۆژیای نوێی ئێستای ناو ماڵی تێدا دابنێیت، مەرجیش بێت تێیدابژیت، ئایا دەتەوێت یان نا؟ بەو سەودایە ڕازی یان نا؟

ئەوە پیاوەکەش هەروا سەیری دەممان دەکات و گوێ لەگفتوگۆکەمان دەگرێت. وەک ئەوەی ئەویش خۆشیی لەمەتەڵەکە هاتبێت و بیەوێت بزانێت ئەو یاریە چیە و بەکوێ دەگات؟

هاوەڵەکەشم بێ سێ و دوو و بیرکردنەوە، ووتی:

- بێگومان نەخێر.

پیاوەکەش تا ڕاددەیەک چاوی کرابوونەوە، زەردەیەکی پان و پۆڕی بۆ کرد، بەڵام وەک بڵێی وەڵامەکەی پێ سەیر نەبوو. ئەوجا ووتم:

- تۆ دەزانێ ئێرە کاتی خۆی ماڵی کێ و چی بووە؟

- نەخێر.

- ئێرە ماڵی سوڵتانی هەولێر بووە.

ئەوسا هاوەڵەکەشم زەردەیەکی کرد، بەڵام پەشیمان نەبوو لە وەڵامەکەی، سەرێکی بادا و پتر چاوی بەناو ماڵەکەدا گێڕایەوە، وەک ئەوەی ئەویش بیەوێت هێندێک لە یادگاری و تارمایی کەسەکانی ئەوسای ناو کۆشکەکە خەیاڵ بکات. لێرەوە پێمووت:

- دەزانی چی لەم واقیعە هەڵدێنجی؟

- چی؟

- ئەوەی کە بەهای شتەکان، کۆشک و تەلارەکان، ئۆتۆمۆبێل و ناوماڵ و ....چی و چیەکان، بەهایەکی ڕاستەقینە نیە، وەهمە، پەیوەستە بەسەردەمێکەوە. دەکرێت ئەوەی ئێستا مرۆڤی لەپێناودا ئازار دەدەین، زوڵمی لەپێناودا دەکەین، بەها کۆمەڵایەتی و مرۆڤانەکانمانی لەپێناودا دەدۆڕێنین، خۆمانیان لەپێناودا ملکەچ و سەرکز دەکەین، ناووناوبانگمانیان لەپێناودا لەکەدار دەکەین، تەنانەت لەڕێگای خواوەندی گەورەش لادەدەین، رۆژگارێک بێت تەنانەت گەر کۆشک و پایەی سوڵتانیش بووبێتن، هێندە بێ بەها ببن، گەدایەکی وەک ئێمەمانان پێیان ڕازی نەبێت. کەواتە هەمیشە لەبیرت بێت بەو بەها وەهمیە کاتیانەی شتەکان بەها بەرزە ئەبەدیە مرۆڤانەییەکان نەگۆڕیەوە.

مەبەستم بوو هاوەڵەکەم لەم پەندە تێبگات، نازانم بۆچی؟ وەک ئەوەی دڵم خەبەری دابیت کە ساڵانێک دێن و دەڕۆن و ئەویش دەگەڕیتەوە بۆ کوردستان و پۆستێکی حکومی باش وەردەگرێت، منیش تەنها لە دوورەوە دەیبینم و هیچ پەیوەندیەکمان لەنێواندا نابێت، ئەویش سوود لەپەندەکەی ئەو رۆژە وەرناگرێت و بۆ بەها وەهمیە کاتیەکانی شتەکان بەها بەرزە مرۆڤانەییەکان دەگۆڕێتەوە و پاشانیش ئاشکرا دەبێت، هەربۆیەشە هەست بەشەرمەزاری دەکات و تێ دەتەقێنێت بۆ دەرەوە و خۆی شوێن بزر دەکا.

  • 1