ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

منداڵەكانی ماڵی پوورم، بەتایبەتیش سیروان، شەپۆل و مەریوان، هەموویان لایەنگری حیزبی شیوعی بوون، لە قۆناغی دەركەوتنی ڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەراندا، كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكان، تووشی هەندێ‌ گرفتیش بوونەوە، بەتایبەتی سیراون، كە بەداخەوە ساڵی 198٤ بە ڕووداوێكی هاتوچۆی ماتۆڕسكیلەكەی، لای لۆفەكانی هیزۆپ –ڕێگای بەرەو ڕانیە- گیانی سپارد، هەزار جار یادی بەخێر، سیروان وەستای كارەبا، شەپۆل و مەریوان شاگردی بوون، هەروەها منیش ماوەیەك شاگردی بووم.

شەپۆل و مەریوان، بە وەرزش دەركەوتن، بەتایبەتیش شەپۆل، یاریزانێكی زۆر لێهاتوو بوو، بە "كیگن كیگان"ی یاریزانی ئینگلتەرا ناومان دەبرد، ئەگەر بارودۆخەكە ئاوا نەبوایە، شەپۆل هیچی لە یاریزانێكی نێودەوڵەتیی كەمتر نەبوو... ماڵی پوورم هەموویان حەزیان لە نووسین و خوێندنەوە دەكرد، هەمووشیان دەستوخەت خۆش و بنەمای هونەریی وێنەكێشانیان تێدابوو، تەنانەت پوورم، كە نەخوێندەوار بوو، چەند دەفتەرێك شیعری هەبوو، كە نازانم چییان بەسەرهات.

مەریوان چالاك بوو، بابەت و شیعری دەنووسی، بابەتێكی لە مەركەز شەباب خوێندبووەوە، دوایی بیستم، كە گوایە مەریوان لە بابەتەكەیدا، هەندێ‌ وشەی بەكارهێناوە، کە پێكهاتەیەكی ناوچەكەی نیگەران كردووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خۆی بشارێتەوە، پەنای بۆ ماڵی ئێمە هێنا و ماوەیەك لە ماڵی ئێمە مایەوە، هەر لەو كاتەدا بوو، کە قومبەلەیەكیش بە ماڵەكەیاندا درا. 

لەگەڵ كەژاڵ محەممەد ئەمیندا، سەرەتای ساڵی 1985 خێزانمان پێكهێنا، كە پوورزای شەپۆل و ئەوانیش، خاڵۆزای بوون. كەژاڵ مامۆستا بوو. ئێمە ماڵی سەربەخۆمان هەبوو، چونكە ماڵی باوكم لە ساڵی 1983ـەوە لە سلێمانی نیشتەجێ‌ بوون، ئەمەش بووبووە هۆی ئەوەی بتوانین هاوكاریی هەندێ‌ هاوڕێ‌ و خزمی پێشمەرگە بكەین، بەتایبەتیش شەپۆل و مەریوان، هەروەها هاوڕێ‌ نازم، سەعد سلێمان و مامۆستا خالید وەستا ڕەحیم، كە هەردووكیان پێشمەرگەی حیزبی سۆسیالیست بوون. 

باش ساڵ و مانگەكەیم لە بیرم نەماوە، ڕۆژێكیان مەریوان هات بۆ لام، من لە ماڵەوە نەخۆش بووم، گوتی: كەسێكم لای سەڵاحی برات هێناوە و دەبێ‌ لای خۆت بیپارێزیت، تا بۆ شاخی بەڕێ‌ دەكەینەوە. كاك سەڵاحی براشم، ئەندامێكی كارای ڕێكخستنی حیزبی شیوعی بوو، هەر بەو هۆیەوە ماڵی لە هەولێر بوو، ئەمەش بابەتێكی ترە و لێرەدا جێی نابێتەوە.

بە مەریوانم گوت: ناتوانم، ئەی ئێوە وەك حیزبی شیوعی جێگە و شوێنتان نییە؟!

مەریوان گوتی: جگە لە ماڵی تۆ، هیچ شوێنێکی ترمان نییە، كوڕەكە لە شاری ڕانیەیە و ئەگەر جێگەی نەكەیتەوە و حەشاری نەدەیت، سەڵاح و منیش تووشی گرتن دەبین... 

لەو كاتەدا تەنها یەك زۆپای نەوت لە ماڵەكەماندا بوو، نەمزانی چی بكەم؟!

تا مەریوان كابرای هێنا، چووم بۆ دووكانی باپیرم "حاجی بابەكر محەممەد"، ناسراو بە حاجی بابەكرە شین، عەلادینێكی كۆنە لە دووكانەكەیدا بوو، كە ئەوكاتە لە خوار مزگەوتی خانەقا بوو، عەلادینەكە ئیشی نەدەكرد، بە باپیرمم گوت: دەیبەم بۆت چاك دەكەمەوە...

بەهەرحاڵ، مەریوان پێشمەرگەكەی هێنا و ماوەیەكی زۆر لە ماڵی ئێمە مایەوە، دواتر زانیم ناوی نازمە، كریستیان- مەسیحی، خەڵكی مووسڵ و پێشمەرگەی حیزبی شیوعییە. 

یەكەم جار، مەریوان نازمی بەڕێكرد، پاش چەند ڕۆژێك هاتەوە بۆ لام و گوتی ڕێگا باش نەبووە و نازم گەڕاوەتەوە، دووبارە هێنایەوە بۆ ماڵی ئێمە، كە لە بابەتێكی تریشدا پێشتر باسم كردووە. جاری دووەم نزیكەی دوو هەفتە زۆرتر لە ماڵمان مایەوە، ڕێگا زۆر خراپ بوو، بواری گەڕانەوەی نەبوو بۆ شاخ. هەر زوو زوو دەنگۆی مەنعولتەجەول، لە قەڵادزێ بڵاودەبووەوە، ئێوارەیەك دەنگۆكە زۆر بەربڵاو و لە ڕاستییەوە نزیك بوو، لەو كاتەدا نازم هەر لە ماڵی من بوو، ئەو ئێوارەیە و بۆ شەوەكەشی، پەیوەندیمان بە ڕێكخستنی زۆربەی حیزبەكانیشەوە كرد، كەس نەیتوانی هاوكاریمان بكات، ئەو شەوە ئەوەندەمان هاتوچۆكرد، سەیارەكەم بە دیوارێكی لای ماڵی خۆماندا كێشا.

دواجار و سەعات 12ی شەو پەنامان بۆ مام ڕەسوو برد، (ڕەسووڵ شێخە دێگەیی 1941- 31/12/2012)، ئەویش وەك ڕەوشتی مەردانەی خۆی، وتی: بڕۆن بیهێنن و هەقتان نەبێت، بێگومان بردمان و بە سەلامەتی گەیشتەوە و لە ڕێگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانەوە، بە ئۆتۆمۆبیل بەڕێی كردەوە. ساڵانی دووهەزارەكان لە هەولێر چاوم بە نازم كەوتەوە و زانیم ناوی "فارس یوسف ججۆ"یە، دوو ساڵ لەمەوبەر لە نازمم پرسی و پێی ڕاگەیاندنم، كە سەرەتای ساڵی 1989 دابەزیوە و 3/3/1989 گەیشتووەتەوە ناوزەنگ. نازم ساڵانی 2014- 2015 وەزیری زانیاری و تەكنەلۆژیای حكوومەتی عیراقی بوو، تا ئێستاش پەیوەندیم لەگەڵیدا هەیە.

 

  • 1