ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

رۆژی 8ی ئه‌یلوولی 2019 سەرۆكایەتی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان له‌ پەرلەمانی عێراق‌ كۆبووەوە.

ئەم كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی پرسی كێشەی نەوت‌و بودجە بوو لەنێوان هەرێم‌و بەغداد، مەسرور بارزانی نوێنەرانی كوردی ئاگاداركردەوە لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكان نێوان هەردوولا.له‌ ده‌جامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌ روونبۆوه‌ كه‌ هێتشا نه‌حكوومه‌تی عێراق ئاماده‌یه‌ شایسته‌ داراییه‌كانی كورد بدات و نه‌ش حكوومه‌تی كوردستان ئاماده‌یه‌ به‌ته‌واوی خۆی بخاته‌ به‌رده‌ستی به‌غدا له‌پرسی نه‌وتدا .

وته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه‌ به‌ میدیاكانی راگه‌یاندووه‌ كه‌ " ئێمە وتومانە حكومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك ئامادەیە مافە دەستورییەكان هەرێم بچەسپێنێ، ئامادەشین لەگەڵ حكومەتی عادل عەبدولمەهدی رێكبكەوین بەمەرجێك بەپێی مافە دەستورییەكان بێت".هه‌روه‌ها وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاندبوو كه‌ به‌پێی به‌ڵگه‌كانی به‌رده‌ست حكوومه‌تی عێراق زیاتر له‌ 80 ملیار دۆلار قەرزاری هەرێمی كوردستانە، كە شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمە بەپێی دەستور.دیاره‌ له‌به‌غداش رۆژ دوای رۆژ فشاره‌كانی سه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی زیاتر ده‌بێت به‌و هۆیه‌وه‌ و مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كارتی دژایه‌تیكردنی كورد له‌به‌غدا سه‌رله‌نوێ به‌مه‌به‌ستی ریكلامی هه‌ڵبژاردن بكرێته‌ كارتێكی فشار و له‌و توندكردنه‌ی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر جارێكی دیكه‌ فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ببن به‌ قوربانی و مووچه‌كانیان پاشه‌كه‌وت بكرێته‌وه‌،به‌ڵام وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ میدیاكارانی راگه‌یاندووه‌ كه‌" ئەگەری رێككەوتن زیاترە لە رێكنەكەوتن‌و ئێمە گەشبینین، ئیشاڵا كێشە بۆ موچەی خەڵك دروست نابێت، خەڵكی ئێمەش دەزانن‌و چاوەڕوانی ئەوە لە حكومەت دەكەن سازش لە مافە دەستورییەكان هەرێم نەكات" ئەمە قسەی وتەبێژی حكومەت بوو لەبارەی چارەنوسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمەوە.

هه‌موو ساڵێك له‌ كاتی ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی بودجه‌ و دواتریش له‌كاتی گفتوگۆكانی مه‌ترسی بڕینی بوجه‌ی هه‌رێم و پرسی راده‌ستكردنی نه‌وت به‌به‌غدا یه‌كێكه‌ له‌پرسه‌ گه‌رم وتونده‌كان و مشتومڕێكی زۆری له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت.ئێستاش كه‌ له‌به‌غدا پرسی ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی 2020 له‌ئارادایه‌ حكوومه‌تی عیبدولمه‌هدی زیاتر خراوه‌ته‌ ێر فشار.له‌وباره‌یه‌وه‌ رۆژی 11ی ئه‌یلوول 2019وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی:" پێویستە لەسەرحكومه‌تی هەرێم رێز لە پابەندبوونەكانی بگرێت سەبارەت بە هەناردەی نەوت‌و پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا، دەبوو حكومەتی هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات، بەڵام تائێستا پابەندی ئەوە نەبووە".

جگه‌ له‌وه‌ش ئێستا له‌ئاستی شاره‌زایانی نه‌وتی عێراقی باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كێشه‌ 250 به‌رمیل نیه‌ ،به‌ڵكو كێشه‌ له‌وه‌یه‌ هه‌رێم رۆژانه‌ زیاتر له‌ 500 هه‌زار به‌رمیل ده‌فرۆشێت و بڕیاریشه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ بیگه‌یه‌نێته‌ یه‌ك ملیۆن.ئه‌و شاره‌زایانه‌ پێیان وایه‌ ئه‌و چه‌ندین مه‌ترسی هه‌یه‌:

یه‌كه‌م: كارده‌كاته‌ سه‌ر رێژه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی عێراق به‌ پێی رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئۆپیك چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم 500 هه‌زار بفرۆشێت ئه‌وه‌ ده‌بێت عێراق له‌نێوان دوو ملیۆن ونیو بفرۆشێت به‌وه‌ش له‌لایه‌ك داهاتی عێراق كه‌م ده‌بێت له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ داهاتی هه‌رێم زیاتر ده‌بێت هه‌م له‌ رێگه‌ی وه‌رگرتنی پاره‌ی به‌غدا و هه‌م له‌رێگه‌ی فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌یه‌وه‌!

دووه‌م:حكوومه‌تی هه‌رێم به‌هێزتر ده‌بێت و فشاری زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر به‌غدا له‌رووی سیاسی و ئابووری و...تد.

سێیه‌م:هه‌ندێكیان پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ ئێرانه‌ به‌ پاره‌ی نه‌وتی عێراق كود رازی ده‌كات بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی.

هه‌رچۆنێك بێت ئه‌وانه‌ به‌دوو جۆر فشارده‌كه‌ن كه‌مه‌به‌ستیانه‌،له‌لایه‌ك بۆ شكاندنی حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی و له‌رووی دووهه‌میش بۆ مه‌به‌ستی قوڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی به‌غدا-هه‌ولێر.

له‌مانگی نیسانی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ئه‌نجام ده‌درێت.له‌ئێستاشه‌وه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێت كارتی نه‌وت و بودجه‌ی هه‌رێم ده‌كرێته‌ كارتێكی فشار له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی و بۆ مه‌به‌ستی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كارده‌هێنرێت.به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ڵبژاردنی رابردووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ی سه‌لمانده‌وه‌ كه‌ به‌كارهێنانی دژایه‌تیكردنی كورد له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ،هه‌ڵگرتنی گوتاری تووند دژ به‌ حكوومه‌تی به‌غدا له‌هه‌رێم به‌قازانجی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌شكێته‌وه‌.هه‌ر بۆیه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ك بودجه‌ی كوردستان له‌به‌غدا و له‌ولاشه‌وه‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی قوربانیی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق بن!

 

 

  • 1