ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

مارتن ڤان برونەسن 

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی یەكەم

من ئەوە چل ساڵە لەسەر کورد دەنووسم و هێشتا هیچ رێگە و شێوەیەکی قەناعەتبەخشم نەدۆزیوەتەوە بۆ دەستنیشان کردنی ئەوەی کە کورد کێن و چییان دەوێت. لە هەوڵدانی یەکەممدا، کە خۆشبەختانە بە بڵاونەکراوەیی مایەوە، وام باسکردوون کە "میللەتێکی خێڵەکیی کۆچەر و نیمچە کۆچەرن کە ئارەزوویان لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی تایبەت بەخۆیان درەنگ کەوتووە، پاش ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشکرایە سەر دەوڵەتانی فارس و تورک و عەرەبدا. پسپۆڕێکی شارەزا لە ناوچەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ماوەیەکی دوور و درێژە زۆربەی زۆریان نیشتەجێ کراون و من فاکتەرە گرنگەکانی زمان و ئاینم لابردووە و ئێستا وا پێشنیاز دەکەم کە بەم جۆرە وەسف بکرێن کە "میللەتێکی جووتیاری موسڵمانن و بە زمانێکی هیندۆئەوروپی دەئاخڤن". بە گەڕانەوە بۆ دواوە، دێتەوە یادم کە رەنگە هەموو ئەو کوردانەی تا ئێستا گفتوگۆم لەگەڵ کردبێتن لەبارەی کوردستان و کوردەوە جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەوان نە خێڵی کۆچەر بوون و نە جووتیار و بەڵکو هەر دانیشتووی شار بوون - بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ئەو کەسە شارنشینانەش کەوا گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە گرێدراوی کوردێتی و خێڵ و مێژوویەکی دوورودرێژی نەیاری و بەرهەڵستیی دژی دەوڵەتن لەبری شێوازی تایبەتی ژیانی خۆیان و بە شێوەیەکی بچڕبچڕ بوون بە بەشێکی ئەو ژیانە. من لەو دەمەوە چارەسەرێکی پراگماتیی خۆ پێناسە کردنی خەڵکم قوبووڵ کردووە کەوا تاکی کورد ئەو کەسەیە کە ناوی کورد لە خۆی دەنێت و بەو پێیە لەلایەن دەوروبەریشیەوە وا لەقەڵەم دەدرێت. کورد لە سەرچاوە مێژووییەکاندا بە چاکی دۆکۆمێنت کراوە وەک گەلێکی تایبەتمەند بەڵام هەرگیز بە روونی پێناسە نەکراون.1

هێشتا وابەستەیی بە عەشیرەت و زمان و ئاین و ناوچەیەکەوە توخمی گرنگی شوناسی کوردن، بەڵام هەوڵدان بۆ دیاریکردنی بەم روون و ئاشکراییەوە و بەم خاسییەتانەوە شکستخواردووە، چونکە وابەستە بوون بە خێڵێکی کوردییەوە (لانی کەم) دەتخاتە ناکۆکی و ململانێوە لەگەڵ خێڵە کوردییەکانی تر و کۆمەڵگە ناخێڵەکییەکاندا. لەلایەکی ترەوە کۆمەڵە زمان یان دیالێکت و هەروەها پابەندیی ئاینی درز و ناتەبایی گەورە پێکدێنێت لەناو میللەتی کورددا بە باوەڕی ناسیۆنالیستەکان و شوناسە ناوچەییەکان، وەک لە کوردستانی عێراقدا بە ئاشکرا دەبینرێت، بەردەوام دەبێت لە زاڵبوون بە سەر هاوکۆیی و یەکگرتنی گەورەتردا. لەنێو ئەوانەی کە بەئاشکرا لە ناسنامەی کوردییان دەدوێن کەسانێک دەبینین کە سەر بە خێڵ نین. ناسنامەی سیاسیی کورد - ئەوەی من مەبەستمە کە پلەیەک لە خۆناسینی هەبێت، یان بەشدار بووبێت لە بزووتنەوە کوردییە بەرفراوانەکەدا - رەنگە ئەو کوردانە یەکبخات کە زمان و زاراوە و ئاینی جیاوازیان هەبێت و پاشخانی گوند یان شاریان هەیە و خەڵکی شوێنی جیاوازی کوردستان یان لە تاراوگە بن و تەنانە بە زمانی کوردیش قسە ناکەن یان موسڵمانی سوننە نین، یان بۆ چەندین نەوە دوور لە کوردستان ژیاون. بەڵام ئەمە ئەو کوردانە ناگرێتەوە کە تاڕادەیەکی زۆر بزووتنەوە نەتەوەییە سێکولارەکان دەدەنە دواوە و بە پلەی یەکەم خۆیان وا دەناسێنن کە موسڵمانن یان یەزیدین یان عەلەوی و هەستێکی وایان لا دروستبووە کە بزووتنەوە و حیزبە ئاینییەکان نوێنەرایەتییان دەکەن2.

لە بواری کردەییدا، بەزۆری، بەزۆری وا باسی شوناسی کەسێک دەکرێت کە هیچ خاسییەتێکی ئیجابی نەیگرێتەوە و خەڵک بەپێچەوانەی ئەوانیتری پەیوەندیدارەوە شوناسیان لەسەر بناغەی هەڵوێست لێکدەدەنەوە کە رەنگە ئەوانیتر زیاتر پەیوەندییان پێوە هەبێت. ئەڵبەتە لە سووریا یان عێراق عەرەب نین و لە ئێران ئازەری یان فارس نین و هەروەها لە تورکیاش تورک نین، هەندێک حاڵەتی لێبەدەر، بەڵام ئەم ناسنامە ئیتنیکیانە بەتەواوی ئاڵوگۆڕ پێکراو نین. ساڵی 1975 لە ئێران پرسیارم لە یەکێک لەو کەسانە کرد کە دەمدواندن ئاخۆ ئازەرییە فارسە یان کورد و پیایدا دیار بوو کە تەنانەت لە پرسیارە ساویلکانەکەشم تێنەگەیشتووە کە ئاخۆ "بەڕاستی" چیە و لە تورکیاش چاوپێکەوتنم لەگەڵ کەسانێکی کورددا کرد کە قەناعەتەوە وایان دەردەبڕی کە لەڕووی "ئیتنیک و نەژادەوە" تورکن. بەدڵنیاییەوە کرێکارێکی کوردی کۆچبەر لە ساڵانی شەستەکاندا لە ئەڵمانیا کەسێکی ئەلمانی نەبووە بەڵام لە ناخیدا پێویستی بەوە نەبووە بەتەواوی خۆی لە کرێکارە کۆچبەرە تورکەکان جیابکاتەوە. بێگومان شەر و پێکدادانە چەکدارییەکانی ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکان کاریگەریی توندی هەبوو لەسەر ئەم هەستەی ئێستای خەڵک. من هەرگیز جارێکیتر ئەو کەسە ئێرانییەم نەبینییەوە کە پێشتر چاوم پێکەوتبوو، بەڵام جێی سەرسوڕمان دەبێت ئەگەر ئێستا ناچار نەبێت یەکێک لەو سێ نەژادە دەستنیشان نەکات، لەکاتێکدا کە توندوتیژیی لە تورکیادا خەڵکێکی زۆری رۆژهەڵات "بەئاگەدێنێتەوە" لەبارەی ناسنامەی نەژادییانەوە. لەهەمان ماوەدا دیاسپۆرای کورد لە ئەوروپای رۆژئاوا دەرکەوت و تادەهات جیاوازیی لەگەڵ دیاسپۆرای تورک رووی لە زیادی دەکرد.3

ئەڵبەتە "ئەوانیتری" بە زیاد لە مانایەکەوە پەیوەندیداری توندوتۆڵ، کاتێ کە ناسنامەی سیاسیی کورد فۆرمی خۆی وەردەگرێت، لە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانیتردا ئەو کارە دەکات. بزووتنەوەی کورد لە عێراقدا ئایدیا سیاسییەکانی شێوازی کارکردنی پەرەپێدا بە گفتوگۆ و مشتومڕ لەگەڵ بزووتنەوە سۆشیالیستی و ناسیۆنالیستییە عەرەبییەکاندا و پشتی بە گەلێ لە گوتارەکانی بەست. لە توركیادا، بزووتنەوەی کوردی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی پەیداکرد لەگەڵ چەپی تورکیدا و بەهەمان شێوەش لەگەڵ بزووتنەوەی کوردی لە عێراقدا و بە پێی جیاوازیی حاڵەتەکانیش دەکرێت هەمان شتیش بوترێت لەبارەی پەرەسەندنی ناسنامەی سیاسیی کورد لە ئێران و سووریادا. کوردەکان، ئەوانەی خوێندن و شارستانییەتیان دەستەبەر کردبوو، لەم وڵاتە جیاوازانەدا شێوازی تەواو جۆراوجۆری سیاسییان پەرەپێدا کە لە زۆر رووەوە لە هاوشێوە عەرەبی و فارسی و تورکییەکانیان دەچوو بە بەراورد لەگەڵ کوردەکانی وڵاتانی دەراوسێدا. ئەڵبەتە هەر بەشێک لە کوردستان بزووتنەوەیەکی کوردیی تایبەت بە خۆی هەبوو کە لە مۆرکیدا جیاواز بوو لەوانی بەشەکانی تر هەرچەندە پەیوەندییان هەبوو و جارجارەش هاوکاریی هەبوو لە نێوانیاندا.

لە بەشێکی کوردستاندا هەندێک گرووپ و کۆمەڵگە هەبوون تانە و توانج لە کوردبوونیان دەدرا یان لەلایەن خۆیان و دراوسێکانیانەوە نکووڵی لێدەکرا. یەزیدییەکان و عەلەوییەکان و ئەوانەی بە دیالێکتەکانی زازا و گۆران قسەیان دەکرد (بێجگە لە دیالێکتی کرمانجی و سۆرانی) و جووتیارە نەبەستراوەکان بە خێڵ و عەشیرەتەوە لە ناوچەکەدا، ئەوانە خۆیان دەناسێنن یان ناناسێنن. بۆ هەموو ئەوانە، کوردە سوننەکانی ئەو عەشیرەتانەی کرمانجی زمانن "ئەوانەن" کە بایەخیان زیاتر بوو، بەپێچەوانەی ئەوانەی کە شوناس یان ناسنامەیان دیاریکرابوو. بەتایبەتیش یەزیدی و عەلەوییەکان وەک کەمینە مەسیحییەکان یادگاریی تاڵیان هەبوو لە خراپ مامەڵە کردن لە سەر دەستی دراوسێ کوردە سوننەکانیان. زۆرێک لە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگە و گرووپانە نایانەوێت تێکەڵی کوردە (سوننەکان) ببن و خۆیان دوور دەگرن لە هەر پەیوەندییەک. فرەیەک لە کوردە سوننە موحافزکارەکانی کە لە ساڵانی هەفتاکاندا چاوم پێیان کەوتبوو نەیاندەویست دان بە کوردبوونی یەزیدی و عەلەوییەکاندا بنێن، سەرەڕای ئەوەی کە بە زمانی کوردیش قسەیان دەکرد. لە نێو سەرکردە سیاسییەکانی کورددا لە ساڵانی 1960کانەوە یەزیدییەکان و بەتایبەتیش عەلەوییەکان بەهێزەوە دەرکەوتن و نوێنەرایەتییان دەکرد و ئەو سەرکردانە هەوڵێکی باشیان دا بۆ بەئاگاهێنانەوەی هۆشیاریی کورد بە شوناسی کوردی لە کۆمەڵگەکانیاندا و پاشان و بە تایبەتیش لە ساڵانی 1980 کان بەدواوە تووشی کێبەرکێ بوون لەگەڵ ئەو چالاکوانە سیاسییانەی لەو ماوەیەدا تادەهات بەهێزتر دەبوون و سوور بوون لەسەر ناسنامەی نەژادیی تری وەک زازا و عەلەوی و یەزیدی.4

بە پێیە دەکرێت لەبارەی گەلی کوردەوە بدوێین کەوا لە کرۆکێک پێکدێت بە شوناسێکی کوردیی روون و بەهێزەوە و دەوروپشتێکی گەورەی تاک و کۆمەڵگەکان بە پلەی جیاجیاوە لە وابەستەیی بە شوناسی کوردی و ئەگەری شوناسی نەژادیی ترەوە. مەبەستم لە دەستەواژەی دەوروپشت مەجازییە، بەڵام زۆرێک لەم کۆمەڵگایانە لەراستیدا لەڕووی جوگرافییەوە هەر دەوروپشتن. لە تورکیادا کرۆک بەتەواوی لەگەڵ ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا وێکدێتەوە و دەوروپشت یان چواردەوریش لەگەڵ ئەو ناوچانەی لەڕووی نەژادی یان ئیتنیکییەوە تێکەڵن وەک غازی عەنتاب و ئەرزنجان و ئەرزڕووم. لە عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی ناوچە دوورەدەستەکاندا دەشکێت و بەشێکی گەورەی کەرکووک و مووسڵ دانیشتوانی زۆری دەوروپشتیان تێدایە کە پەیوەندییەکی زیاتر دژواریان هەیە لە گەڵ ناسنامەی کوردیدا. سەرکردەکانی سوننە و شیعە و ناسیۆنالیستەکانی عەرەب و تورک و هەروەها کوردیش هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ راکێشانی ئەو خەڵکانە بە لای خۆیاندا 5. لە ئێران، سنووری نێوان کوردی (سوننە) و ئازەرییە (شیعەکان) روون و دیارە لە باکوور. بەڵام لای باشووری کوردستانەوە کرۆکە کوردییەکە دابەش دەبێتە سەر ناوچەیەک کە دانیشتوانەکەی زیاتر کوردی شیعە و ئەهلی هەق (یارسان) و قسەکەرانی زاراوەکانی هەورامی و گۆرانی و لەکین و هەرهەموویان لە بژاردەی ناسنامەیەکیان زیاتر هەیە و تاڕادەیەک رۆڵی پەراوێزیان هەبوو لە جووڵانەوەی کورددا.

ئاین هێڵی درز و ناکۆکی پێکدێنێت بە شێوەیەک کە زیاتر بایەخدارە لە زمان / زاراوە. لە تورکیادا، هێشتا هەر دابەشبوونی سوننی – عەلەوی قووڵە و مۆرکی نەبوونی باوەڕی پێوە دیارە و هەرچەندە ناکۆکی و ململانێی سوننە – شیعە مەترسیدار نیە لەنێو کوردەکانی ئێران و عێراقدا لە حاڵی حازردا، بەڵام ئەم کۆمەڵگایانە پێدەچێت زیاتر دابڕاوتر بن وەک لەپێشتر وەک ئەنجامێک بۆ بووژانەوەیەکی گشتیی ئیسلامی. یەزیدییەکان لە کۆمەڵگەکانی تری ناوچەکە زیاتر هاوسەرگیریی داخراوی خزمایەتی بەتوندی پەیڕەو دەکەن و ئەمەش بەربەستە لە رێی تێکەڵبوونیان بە کوردەکانی تر. ئەوان هەڕەشەی داعش وایلێکردوون کە پشت بە کورد ببەستن بۆ پارێزگاری لێکردنیان، بەڵام کۆمەڵگەی یەزیدییەکان یادەوەریی تاڵیشیان هەیە لە خراپیی مامەڵە و ئازاردانی کوردەکان، بەڕادەیەک کە پەیوەندییان لەگەڵ دەراوسێکانیان لە کوردە سوننەکان تایبەتمەندییەکی ئاست نزمی بروا و متمانەی تێدایە. کەمینە ئاینییەکانی تری وەک - ئەهلی هەق (کە بە یارسان و کاکەییش ناسراون)، شەبەک، سارلی – بەهەمان شێوە بەرەوڕووی مەترسی بوونەتەوە و لەرابردوودا بەوە هەوڵی خۆپاراستنیان داوە بە خۆناساندنیان کەوا کورد یان تورکمان یان تەنانەت عەرەبن بە خۆبەستنەوەیان بە دەسەڵاتدارانی شیعە یان سوننەوە.

ناسنامەی کوردی (یان ناسنامەکان) و ناسیۆنالیزمی کوردی (یان ناسیۆنالیزمەکان) بە شێوەی جیاواز و لە بارودۆخی جیاوازدا گوزارشی لێوەکراوە و ئەو داخوازییانەی پەیوەندییان بە ناسنامەیەوە هەیە بەو پێیە گۆڕاون. لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکەوە دوو پەرەسەندنی سەرەکی هاتنە کایەوەوە، کە ئەوانیش دروستبوونی حکوومەتیکی هەرێمیی کوردی ئۆتۆنۆمیدار لە عێراقدا و جاڕدانی کانتۆنەکانی خۆڕێوەبەری لە ناوچە کوردییەکانی سووریادا، کە بەئاشکرا دید و بۆچوونی رکابەری سیاسیی بۆ دروستبووە و بزووتنەوە سیاسییە باڵادەستەکانی ئەم دوو هەرێمە دوو شێوازی ناسیۆنالیزمی کوردیی تەواو جیاوازن. لەپاڵ ئەم دوانەدا گرووپێکی سێهەمی ئیتنیکی کوردیی خۆسەلمێنی تەواو جیاواز هەیە کە بەردەوام بایەخی روو لەزیادبوونە لە دەمی شۆڕشی ئێرانییەوە و ئەویش ئیسلامیزمی کوردییە. لە بەشەکانی داهاتووی ئەم نووسینەدا، هەوڵ دەدەم نەخشەی ئەوە بکێشم کە چۆن ئەم سێ جۆرەی ناسیۆنالیزمی کوردی فۆرمەڵە بووە لە پشێوییە سیاسییە گەورەکانی دوادواییەکانی سەدەی بیست و سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا.

 

  • 1