ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی دووەم

كە گەیشتینە گوندی مەلەكان و لە ژێر دار گوێزەكان پشوویكماندا ـ دیاربوو زۆر ماندوو بوم و سێ‌ شەو بوو نەخەوتبووم ، ناوچەكەش دوور بوو لە مەترسی هێرشی حكومەت بۆیە بەباشم زانی بخەوم ، كاتێك بە ئاگایان هێنام دەوری كاتژمێر دەی سەر لەبەیانی بوو ، ووتیان تۆپ بارانەو نازانین چی روویداوە ، دەنگی تۆپەكان لە دۆڵی بالیسانەوە بەرز دەبۆوە ، بەڵام دیار بوو تۆپەكان بەبێ‌ نیشان و ئاراستەیەكی دیاریكراو دەتەقێنران ، چونكە بەخێرایی و یەك لەدوای یەك دەتەقینەوە و بەبێ‌ وەڵامیش بوو ، پاشان دەنگۆی ئەوە لە ناوخەڵكی گوندی مەلەكان بڵاو بۆوە كە ئەوە گوللە تۆپی گرادەكانی یەكێتی یەو لە مەڵبەندەوە تۆپبارانی شاخەكان دەكەن ، بۆ ئەوەی نەكەونە دەستی دوژمن و یەكێتیش پاشەكشە بۆ ناوچەی قەندیل دەكەن ، خەڵكی گوندی مەلەكان و دۆڵی بالیسان زۆربەیان لەگەڵا یەكێتی دا بوون ، هەواڵەكەیان پێشتر پێگەیشتبوو ، ئەو تۆپبارانە تاكو دوای نیوەرۆ بەردەوام بوو ... ئێمە بڕیارماندا بوو كە لە رێگای گوڵانەوە بچینە دۆڵەرەقە و لە چیای ماخۆبزانەوە بەرەو قەندیل برۆین .. لە كاتژمێر چوار خۆمان ئامادە كردو بارەكانمان بار كرد ... لە هەمان رێگای دەرەشیر كە ئێمە شەوی رابوردوو پێیدا سەركەوتین ، پێشمەرگەكانی یەكێتی سەركەوتن و رێزییان بەستبوو، ژمارەیان زۆر بوون ، كاك (كۆسرەت رسول علی)شیان لەگەڵدا بوو ، بەرەو هاوینە هەواری (ساوسێوۆك) رۆیشتن ، پاشان ئێمە بەرێكەوتین و بەرەو هەمان ئاراستە دەبوو برۆین ، بەڵام كە رێگا كە بووە دووریان ئەوان بەرەو هاوینە هەوارەكە چوون ، دەبوو ئێمە بەرەو رێگای گوڵان بچین ، هاوڕێ‌ (نجم الدین مامۆ) بەباشی زانی ئێمەش لەگەڵا هێزەكەی یەكێتی بچین ، لەبەر ئەوەی دیارە ئەوان بە گوندی وەرتێدا رەت دەبن ، ئەو رێگایە زۆر نزیكترە و زووتر دەگەینە ناوچەی چیای قەندیل ، هاوڕێیان رایەكەی هاوڕی (نجم الدین مامۆ)یان بەپەسندزانی ، ئێمە رێگاكەی خۆمان گۆری و بەدوای هێزەكەی یەكێتیدا رۆیشتین ، گەیشتنە سەر كانییەكانی هەوارگەكە و ووڵاغەكانییان بەرەڵڵاكرد ، پێشمەرگەكان هەموو خەریكی خۆرێكخستن بوون و پێڵاوی زیادە و جل و بەرگی ناو كۆڵە پشتەكانییان فرێدەدا ، هاوڕێ‌ (نجم الدین مامۆ و مەلا حسن) داوایان كرد بچمە لای كاك كۆسرەت و ئاگاداری بكەم كە ئێمەش لەگەڵیاندا بۆ قەندیل دەچین ، چوومەلای كاك كۆسرەت ، مەبەستەكەی خۆمانم پێووتن ، كاك كۆسرەت ، ووتی راستە ئێمە بەناو گوندی وەرتێدا رەت دەبین ، بەڵام وەرتێ‌ گیراوە و جاش و جەیشی تێدایە ، واخۆمان سووك دەكەین و هەرچی زیادەبێت پێشمەرگەكان فرێیدەدەن و ووڵاغەكانیش بەرەڵڵا دەكەین ، ، دوو سێ‌ برادەرانی گوندی وەرتێ‌ هاتوونە بۆ ئەوەی چاوساغیمان بكەن ، هەوڵدەدەین تووشی شەڕ نەبیین ، بەڵام ئەگەر تووش بووین ، ئەوا ناچار دەبین بەشەركردن دەربازبین ، بۆیە ئەم ئافرەت و منداڵانە و مام نجم الدین زۆر سەختە دەربازبن ، ووتی باشترە لە رێگای گوڵان و دۆڵەرەقەوە برۆن ، ووتم ئێمەش پێشتر هەروا بڕیارماندا بوو بەرێگای گوڵانەوە برۆین ، بەڵام كە ئێوەمان بینی ، بەباشمان زانی لەگەڵا ئێوە دابین ، بەڵام نەمانزانیوە كە وەرتێ‌ گیراوە ، پاشان ووتم هەرچەندەكاتی نییە ، بەڵام هاوڕێیانی ئێمەتان ئاگادار كردۆتەوە كە ئینسحاب دەكەن ، چونكە ئەوان و برادەرانی پارتی چاوەروانی بڕیاری ئێوەنە ، هاوڕێیان ئاگادارییان كردم ، كە لەگەڵا ئێوە و پارتی بڕیارتان داوە بەیەكەوە ئینسحاب بكەن ، ووتی ئەم بابەتەم هەر لەبیرنەماوە و ، لەم رۆژانە زۆر سەرقاڵا بووم و كاروبارەكانیدا هاتوومان رێكدەخست و ئەركێكی زۆرم لەسەر بوو ، بەڵام دڵنیام هاوڕێیانتان ئاگادارن كە دۆڵی بالیسان بەتەواوەتی چۆلكراوە و خەڵكەكەی هەموویان بەرەو شارەكان رۆیشتوون ، ئێمەش ئیمرۆكە هەرچەندی گوللە تۆپمان هەبوو تەقاندمانەوە ، دڵنیام ئەوانیش دەزانن و ئینسحاب دەكەن ، ووتم كاك كۆسرەت ئەم هەڵوێستە گلەیی و رەخنە هەڵدەگرێت ، بەڵام ئێستاكە كاتی ئەم قسانە نییە ، هیوادارم بەبێ‌ شەڕو زیان بگەنە شوێنی مەبەست ، ئیتر لێكدا بڕاین و ئێمە بەرەو رێگای گوڵان گەڕاینەوە ، دواكەوتین و شەو درەنگ داهات ، لەبەر تاریكی رێگا وون نەكردن گرنگ بوو ، هەر چۆنێكی بوو گەیشتینە رێگای گوڵان كە بەرەو خوار رووە و دۆڵەرەقە بوو ، دەبوو خەڵكەكە یەك لە دوای یەكدا بروات و لە ووڵاغەكان دابەزن ، جاوەرە ئەم ژن و منداڵانە و هاوڕێ‌ (نجم الدین مامۆ) بەو بارە تەندروستیەی كە هەیبوو بوو ، بەو رێگا ناهەموار و سەختەدا بچینە خوارەوە ، هاوڕی (نجم الدین) وورەی گەلێك بەرز بوو ، بڕوای بەسەركەوتن بێ‌ سنوروپتەو بوو ، بەدارشەقەكەی بەبێ‌ وەستان تا خوارەوەی رێگاكە نەوەستا ، منداڵەكانیش (چالاك و گۆران و مهاباد) كە تەمەنیان لە نێوان(6 بۆ 9) ساڵا دەبوون ، ئەمنیش كەمێك لەوان هەراشتر بوو لەگەڵا دایكی سەلام و دایكی ساوێن و دایكی هەژار بەپێ‌ بەرەو خوار بوونەوە ، ناچار بووم ، كلاشنكۆفەكەم بدەمە دایكی ساوێن ، بۆ ئەوەی ساوێن بخمە سەرشانم تا گەیشتینە سەر كانیاوێك لە خوارەوەی رێگاكە و نزیك جادەی دۆڵەرەقە ، دوای هەسانەوە و پشوودانێك خۆمان ئامادە كردەوە ، بارمان باركردو رووەو رۆژهەڵات لە جادەی دۆڵەرەقە پەرینەوە و ماوەیەك لە جادەكە دوور كەوتینەوە و كاتەكە مەلا بانگدان بوو ، بارمان خست و هەمووان لەبەر ماندوو بوون خەوتن ... لەگەڵا رۆژهەڵاتدا هاوڕێیان رابوون ، ناوچەكە وەكو دارستان وابوو ، داربەروی زۆر بوو ، لە ژێر سێبەری داربەرەوەكان شوێنی خۆیان رێكخست و لەیەكتر دوور كەوتینەوە بۆ ئەوەی جولە و هاتوچۆمان كەم بێت ، تا بتوانین خۆمان ئاشكرا نەكەین چاكە .. هەرچەندە دانیشتووانی دۆڵەرەقە هەموویان هاوسۆز و پشتیوانی پێشمەرگە بوون ، جێگای مەترسی نەبوو ، بەڵام ئاشكرا نەبوونمان بە رۆژ بۆ ئەوان و بۆ ئێمەش باش بوو ...

لەم بارودۆخەدا هاوڕێ‌ كامەرانی عەنكاوی هاتە لامان ، ووتی نانتان خواردوە ، ووتم ، نەخێر ئەوە دایكی ساوێن نانمان بۆ ئامادە دەكات ، ووتی كەوا چیتان هەیە ؟ ووتم ، نانەرەقە و ئاو و پەنیری قوتو كراو ، ووتی دەباشە من ئێوە دەعوەت دەكەم بە خواردنێكی شاهانە ، بەڵام لەبەر خاتری تۆنا ... ! بەڵكو لەبەر ساوێن و دایكی ... ووتم تۆ نانەكەمان بدەرێ‌ و منیش و ئەوانیش سوپاست دەكەین و لەیادی ناكەین ، ئەنجا تاكو ئێستا كە لەیادمان نەكردوە و لە ماڵەوە گەلێ‌ جار باسی دەكەین ، هەر چەند جاریش هاوڕێ‌ كامەرانی عەنكاوی ببینم باسی دەعوەتەكەی دەكەین .

هاوڕێ‌ كامەران چوو قوتوێك هەنگوینی زۆر نایابی كە لە ناوداری دەرهێنابوو ، هێناو لەگەڵا پەنیر و نانێكی شاهانەمان خوارد ، ئەوكات و ئێستاكەش هەر بەردەوام سوپاسی دەكەین ...

لەگەڵا هاوڕێیان (نجم الدین مامۆ و مەلا حسن و حمە سعید و مەلا جەلال) رێكەوتین كە كاتژمێر چواری دوای نیوەرۆ ئامادەبین و بەرەو هەوارەكانی ماخۆبزنان بەرێبەكەوین و لەوێوە بەرەو چیای قەندیل بچین ، لەكاتی دیاریكراودا بارەكان ئامادەكران و بەرەو شوێنی مەبەست بەرێكەوتین ، لەوانەیە كیلۆمەترێك رۆیشتبین ، لەناكاو ژمارەیەك كەس بەپەلە و بەغاردان بەرەو روومان دەهاتن ... لەپێشەوەی خەڵكەكە ئافرەتێك بوو ، سواری هێسترێكی بێ‌ كورتان بوو ، تێڕەكەیەكی لەسەر بوو ، دوو منداڵی بچوكی لەم لاو لەولای ناو تێڕەكە كەبوو ، ئافرەتەكە بە تەواوی شێوا بوو ، قژی ئاڵۆزكاو بوو ، هەموو جل و بەرگی تۆزاوی بوو ، لەلای ئێمە راوەستا و ووتی كاكە بگەڕێنەوە ، سەرئەو شاخانەی بەرامبەرتان عەسكەر هەمووی گرتووە ، خەڵكەكەش هەموو بەپەلە و بەخێرایی دەگەڕانەوە ، دیمەنێكی گەلێك پڕ ئێش و ئازار بوو ، ئافرەت و مناڵانی شەش ساڵان بەغاردان رووە و ژێر دەبوونەوە ، كەس چارەی نەبوو ، ئێمەش ناچار بووین بەرەو شوێنی خۆمان بگەرێنەوە ، دیسان بارمان خست ، كۆبوونەوەیەكی سەرپێیمان سازداو بڕیار درا كە دەبێت ئافرەت و منداڵەكان دەرباز بكەین ، بۆ شارەكان رەوانییان بكەین و باری خۆمان سووك بكەین ، خۆمان ساز بدەین و بەرەو شاخەكان و شوێنە سەخت و لاچەپەكان برۆین ، نابێت لەم ناوە چیتر بمێنینەوە ، بریاری ناردنەوەی ئافرەت و منداڵەكان بەبێ‌ ووت و وێژكردن و بەئاسانی وەرگیرا ، بەڵام پیاوم دەوێت جێبەجێ‌ بكات ....

رەوەند

  • 1