ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سیاسەتی تەندرووستی و بنەماكانی بیمەی تەندرووستی لە چیندا

بیمەی تەندرووستی سیستمێكی كۆمەڵایەتییە كە بنەماكەی بریتییە لە هاوكاری كۆمەڵایەتی و ڕێكخستنی پێشكەشكردنی خزمەتی تەندرووستی بۆ تاكەكانی كۆمەڵ، بە جۆرێك خزمەتی تەندرووستی بۆ تاك دابین بكرێت و كۆمەڵگا بە شێوازی جۆراجۆر بەرپرسی خۆی بەرامبەر تاك وەرگرێت، كە ئەمەش شێوازی جۆراجۆری هەیە و ئەو خەرجی قەبەیە بە شێوەكی گونجاو بەسەر تاك و كۆمەڵدا دابەش دەكرێت بێ ئەوەی قورسایی بەسەر تاكدا جێ بهێلێت. ئەم سیستمە شێواز و ڕێگای جۆراجۆری هەیە، جاران لە هەندێ وڵاتی سوشیالستی گەیشتە ئەو ڕادەیەی خزمەتگوزاری تەندرووستی بە خۆرایی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان یان بۆ توێژێكی كۆمەڵایەتی مسۆكەر بكرێت. بە شێوازێكی گشتی ئەم سیستمە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە جیاوازی هەیە، لە خودی وڵاتێكی دیاریكراودا بەردەوام بە پێی گۆڕانكاری سیاسی یان زیادبوونی خولیای فراوانكردنی ئەركی دەوڵەت لە بواری خەرجی كۆمەڵایەتیدا، ئەم سیستمە پەرەی سەندووە، كار بۆ ئەوە دەكرێ باشترین خزمەتگوزاری لە بواری تەندرووستی بۆ تاك وەك ئەركێكی كۆمەڵایەتی دابین بكرێت.

ئەركی ئەم سیستمە پاراستنی تاكە لە بواری چاودێری تەندرووستی بۆ ئەوەی هەژاری یان نەبوونی توانای دارایی رێگەر لە بەردەم كنەفتی و پەككەوتن و بەردەوام نەبوونی ژیانی تاك نەبێت.

بێگومان لە سەرجەم سیستمەكانی بیمەی تەندرووستی كۆمەڵێك كێشەی هاوبەش هەیە، لەوانە: ئەو سیستمە سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵ ناگرێتەوە، هەندێ جار قورسایی بۆ تاك درووست دەكات، چونكە تاك لە حاڵەتی نەبوونی پرنسیپی خۆرایی لە خزمەتگوزاری تەندرووستی توانای پێدانی ئەو بڕە پارەیەی نییە، بەم جۆرە توێژی پەراوێزخراو لە نێو كومەڵگادا درووست دەكات.

بۆیە باشترین جۆری سیستمی بیمەی تەندرووستی لەو وڵاتانەیە كە فەلسەفەی حوكمرانی تیایدا لە سەر بنەمای بیری سۆشیالستییە.

چین یەكێكە لەو وڵاتانەی كە سیستمێكی بیمەی تەندرووستی بەرفراوانی تیایدایە، كە بەردەوام پەرەی پێدەدرێت. بنەمای سیاسەتی خزمەتگوزاری و بیمەی تەندرووستی لە چین بەشێكە لە سیاسەتی چاكسازی و كرانەوە و كاركردن بۆ بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی هاوچەرخدا. بەم جۆرە ئەم سیاسەتە لە كاركردن بۆ تێكرای بوارەكانی بنیاتنانی سوشیالستی جیاناكریتەوە، بەڵكو بەشێكە لە چەمكی گەشەپێدانی زانسی كە مرۆڤ ڕەوت و ناوەندی ئەو گەشەپێدانەیە و تێكۆشانە بۆ دابینكردنی كۆمەڵگای خۆشگوزەرانی لە چیندا. كاركردن بۆ پاراستنی ژینگە و چاكسازی لە سیاسەتی كشتوكاڵ و درووستكردنی پیشەسازی دۆستی ژینگە، و نەهێشتنی هەژاری، و بەرزكردنی ئاستی سەرجەم خزمەتگوزراییە كۆمەڵایەتییەكان و سەرجەم ڕەهەندەكانی سوشیالستی بە تایبەتەمەندی چینییەوە، بەشێكی تەواوكەرن لە دانانی سیاسەتی قوڵكردنەوەی و پەرەپێدانی بیمەی تەندرووستی.

یەكێك لەو ئەركانەی كە هەژدەهەمین كۆنگرەی حزبی شیوعی چین ئاماژەی پێكردوە، بەرزكردنەوەی ئاستی تەندرووستی گەلە، بەو پێیەی تەندرووستی بنەمایەكی بێ چەندوچونی برەوپێدانی گەشەپێدانی سەرانسەری مرۆڤە. بۆیە لەو ڕاپۆڕتەدا جەخت لە سەر ئاستی پاراستنی تەندرووستی بە پلەی یەكەم كراوەتەوە، و زیاتر فۆكس لەسەر ئەنجامدانی خزمەتگوزاری لە ناوچە گوندنشینەكان كراوەتەوە، و ئاماژە بە بایەخدان بە زانستی پزیشكی كۆن و ترادسیۆنی چین و زانستی پزیشكی رۆژئاوا لە یەك كاتدا كرایەوە، بەجۆرێك چاكسازی لە بواری بیمە و خزمەتگوزاری تەندرووستی و دابینكردنی دەرمان، و چاودێریكردنی، و بایەخدان بە تەندرووستی گشتی و چاككردنی بە پێی پێداویستی خەڵكی، و دابینكردنی خزمەتگوزاری كاریگەر و ئاسان و هەرزان لە بواری چارەسەركردنی بنەڕەتی پزیشكی بۆ جەماوەر، ئەنجام بدرێت.

هەر لەم بوارەدا كۆنگرە جەختی لە سەر سیستمی بیمەی تەندرووستی نیشتمانی، و دامەزراندنی میكانیزمی بیمە و هاوكاری هاوڵاتیان دژ بە نەخۆشییە مەترسیدارەكان، و میكانیزمی خۆپاراستن و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییە كوشندە و مەترسیدارەكان، كردەوە. بۆیە كۆنگرە بە ئەركی دەوڵەتی زانی كە سیستمی سەرەكی دەرمان بچەسپێنێت، و تۆڕی خزمەتگوزاری پزیشكی و تەندرووستی گوندەكان، و سیستمی خزمەتگوزارییەكان لە كۆمەڵكای نیشتەجێبوونی شارەكان پەرەپێبدات، و چاكسازی لە نەخۆشخانە حكومییەكان ئەنجام بدات، و هانی وەبەرهێنانی كۆمەڵایەتییانە لە بەرێوەبردنی دامودەزگا پزیشكییەكان، و گەشەپێدانی پزیشكی سونەتی (ترادسیۆنی) و دەرمانی سونەتی، و دەرمانی تایبەت و بەكارهاتوو لە كەلتوری پێكهاتە نەتەوەییەكان، بدرێت. هەر تایبەت بەم بوارە كۆنگرە داوای كرد گرنگی بە تواناسازی كارگێران و كادیرانی بواری پزیشكی و تەندرووستی بدرێت، و چاكسازی لە سیستم و میكانیزمی چاودێری سەلامەتی خواردن و دەرمان، و هەڵمەتی تەندرووستی بەرفراوان لە ئاستی نیشتمانی بە مەبەستی بەهێزكردنی گەل لە بواری دەروونی و جەستەیی، ئەنجام بدرێت.

لە بواری سیاسەتی دەوڵەت بۆ رێكخستنی خێزان، و بایەخدان بە منداڵانی لە دایك بووی نوێ، جەخت لە سەر كاردن بۆ بەردەوامبوونی چاكسازی كرا بە جۆرێك ئاستی گەشەی دانیشتوانی وڵات بە مەودایەكی گشتی بە شێوەكی هاوسەنگ بەرێوە بچێت.

نوزدەهەمین كۆنگرەی نیشتمانی حزبی شیوعی چین كە لە ساڵی 2017 بەسترا، ئاماژە بە كاركردن بۆ تەواوكردنی سیستمی یەكگرتووی بیمەی تەندرووستی بنەڕەتی، و بیمە دژ بە نەخۆشییە مەترسییەدارەكانی دانیشتوانی شار و گوندنشینەكان، و بێكاری و پێكدادانی كاتی كار، و دامەزراندی سكۆیەكی نیشتمانی و یەكگرتووی خزمەتگوزاری بیمەی كۆمەڵایەتی گشتی، و هاوكاریكردنی كۆمەڵایەتی لە شار وگوندەكان، و بەجێگەیاندنی سیستمی بیمەی ئاست و ڕادەی نزمی گوزەرانی، دەكات.

لەم كۆنگرەیەدا ئاماژە بە ستراتیجی ساغڵەمی لە چبن درا، بەو پێیەی كە تەندرووستی گەل نیشانەیەكی گرنگی گەشەی نەتەوە و چاكگوزەرانی دەوڵەتە. بۆیە جەخت لەسەر ئەم خاڵە سەرەكییانە كرایەوە: پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی بۆ جەماوەر لە قۆناغە جیاجیاكانی تەمەن.. دامەزراندنی سیستمی پزیشكی و تەندرووستی بنەڕەتی و سیستمی بیمەی تەندرووستی بە تایبەتمەندی چینی.. پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز و كاریگەری خزمەتگوزاری تەندرووستی.. دانانی سیستمی نوێی بەرێوەبردنی نەخۆشخانەكان.. قوڵكردنەوی هەڵمەتی تەندرووستی نیشتمانی و بانگەشەكردن بۆ شێوازی شارستانی و ژیانێكی پڕ تەندرووست.. سەلامەتی خواردن بۆ گەل.. یایەخدان بە تەندرووستی كەسانی بەتەمن و دانانی سیستمێكی گونجاو بۆ بایەخدان پێیان.. پەرەپێدانی پزیشكی سوننەتی چینی، و پشتگیركردنی بەشداری ناحكومی لە بەرێوەبردنی نەخۆشخانەكان و پەرەپێدانی كەرتی تەندرووستی.

سیستمی بیمەی تەندرووستی لە چیندا بۆ سێ جۆر دابەش دەبێت:

یەكەم/ بیمەی تەندرووستی بنەڕەتی بۆ كارگێران لە ناوچە شارنشینەكان، كە ئەمە لە شێوازی سندوقێكی بیمەی تەندرووستییە كە لە بەشداری خودی تاكە كەسەكان (كارگێران) ، و خاوەن كار پێك دێت، و لە رێگای ئەم سندوقەوە هەر كارگەرێك دووچاری نەخۆشییەك ببێتەوە، ئەوا چارەسەری پێویستی، بۆ دابین دەكرێت.

دووەم/ بیمەی تەندرووستی بنەڕەتی بۆ دانیشتوانی شار كە ئەمەش ئاراستەیەكی دەوڵەتە بۆ دامەزراندنی سیستمی بیمەی تەندرووستی بنەڕەتی بۆ ئەو كەسانەی كە بیمەی تەندرووستی بنەڕەتی بۆ كارگێران لە ناوچە شارنشینەكان، نایانگرێتەوە. ئەم ناوەندەش لە خوێندكاران و منداڵان و دانیشتوانی شار كە سیستمی یەكەم نایانگرێتەوە، پێك دێن. هێزی دارایی ئەم سیستمە لە خەرجی تاك و خێزان، و هاوكاری دەوڵەت بۆ توێژە كەمدەرامەتەكان پێك دێت، و دابینی خەرجی بۆ ئەو نەخۆشانە لە خستەخانەكان و نەخۆشی نۆژدارە دەرەكییەكان، دەكات.

سێیەم/ بیمەی تەندرووستی هەرەوەزی نوێی ناوچە گوندنشینەكان كە حكومەت پشتگیری و ئاراستە و ڕێكیدەخات، و جوتیاران بە شێوەیكی ئارەزومەندانە تیایدا بەشدار دەبن. ئەم سیستمە چارەسەری پزیشكی سەرەكی بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەكان دەكات، و داهاتی ئەم سیستمە لە خەرجی تاكەكان و پشتگیری بە كۆمەڵ و پشتگیری حكومەت پێك دێت.

هەڵبەتە ئەوەی یارمەتی و پشتگیری ئەو سیستمانە لە ناوچە شارنشین و ناوچە گوند نشینەكان دەكات، سیاسەتی بیمەی كۆمەڵایەتییە، و ئەو هەوڵ و كۆششانەیە كە بۆ نەهێشتنی بێكاری و دۆزینەوەی فرسەتی كار دەدرێت. تێكرای ئەم كارانە وای كردوە كە ئەوانەی موچەی بیمە دەیانگرێتەو زیاترە لە 790 ملیون كەسە، جكە لەوەی كە موچەی خانەنشین لە ساڵی 2004 بریتی بوو لە 700 یوان و لە ساڵی 2012 بۆ نموونە گەیشتە 1721 یوان.

سیستمی بیمەی تەندرووستی لەم ئاستە نەمایەوە، و لە گەڵ دامەزراندنی سیستمی بنەڕەتی بۆ دانیشتوانی شارەكان و ناوچە گوندنشینەكان ژمارەی ئەوانەی سوودیان لە خزمەتگوزاری تەندرووستی وەردەگرێت گەیشتۆتە 1,3 ملیار كەس.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ئاژانسی شینخوا ی چینی بڵاوكراوەتەوە، لە ساڵی 2009 وە چین زیاتر 480 ملیار دولاری لە بواری چاكسازی خزمەتگوزاری تەندرووستی خەرج كردوە.

بە پێی ڕاپۆرتێكی رۆژنامەی گەل كە لە نیسانی 2019 بڵاوبۆتەوە، ڕاپۆرتی ئاژانسی خزمەتگوزاری نیشتمانی چین بۆ بیمەی تەندرووستی باس لەوە دەكات، كە بە كۆتایی ساڵی 2018، كەسانی بەشدار بوو لە بیمەی بنەڕەتی تەندرووستی لە چین گەیشتۆتە 1,34452 ملیار كەس، و ژمارەی فەرمانبەرانی بەشداربوو 316,73 ملیونە، و ژمارەی دانیشتوانی شار و گوندەكان 897,41 ملیونە، ژمارەی بەشداربووانی بیمەی تەندرووستی نوێی هەروەزی 130,38 ملیون كەسە.

بەم جۆرە چین كە ژمارەی دانیشتوانی 1,4 ملیار كەسە، گەورەترین و بەرفەراوانترین سیستمی بیمەی تەندرووستی لە جیهاندا هەیە. بە پێی ئامارەكان حكومەت بە بەردەوامی رێژەی پشتگیری و هاریكاری خۆی بۆ ئەم بوارە زیاد دەكات. پشتگیری حكومەت كە بۆ بیمەی تەندرووستی دانیشتوی شار و گوندەكان لە 80 یوان لە ساڵی 2009 گەیشتە 450 یوان لە ساڵی 2017دا، و بەگشتی حكومەت لە 75% خەرجی چاكردنەوەی نەخۆشییەكان دەدات.

بەشێك لە سەركەوتنی سیاسەتی بیمەی كۆمەڵایەتی و ئەنجامدانی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان لە چیندا لە بەرزبوونەوەی ئاستی تەمەن دەركەوتووە. ئەو ئاستە لە ساڵی 2010 ، بریتی بوو لە 74,83 ساڵ، و لە 2016 گەیشتە 76,5 ساڵ. هەروەها ئاستی مردنی دایكیان كەم بۆوە، و لە ساڵی 2010 بریتی بوو لە 30/100000، و لە ساڵی 2017 گەیشتە 19,6/100000، و لە ئاستی مردنی منداڵی شیرەخۆریش كە 13,1 هەزار بوو، گەیشتە 6.8 هەزار لە ساڵی 2017.

كاتێك باس لەم دەسكەوت و پەرەسەندنانە لە بواری سیستمی بیمەی كۆمەڵایەتی و نەخشەكیشان و بەرێوەیردنی سیاسەتی تەندرووستی دەكەین، دەبێ ئەوە بوترێ كە جارێ‌ كەموكوڕی لە بواری خزمەتگوزاری تەندرووستی هەیە، بەڵام سوور بوون لە سەر پەیڕەكردنی سیاسەتی چاكسازی و كرانەوە، و گرێدانی سیكتەری سیاسەت و خزمەتگوزاری تەندرووستی بە بوارەكانی دیكەی پرۆسەی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی و نەخشە و پلاندانان تا ساڵی 2050 كە تیایدا نویكاری لە بنیاتنانی سوشیالستی سەرجەم بوارەكان بگرێتەوە، ئاسۆیەكی كراوە و پرشنگداری بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانی سیاسەتی تەندرووستی لە وڵاتی چیندا داناوە كە پێوەر و داینەمۆی سەرەكی ئەم سیاسەتە زامینكردنی خۆشگوزەرانی مرۆڤە كە تەندرووستی بنەمایەكی سەرەكی ئەو سیاسەتەیە.


  • 1