ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خوێندنەوەیەك بۆ کتێبی (دیاردەی شەقاوە لە حزبە سیاسییەکانی عێراق)

لە ساڵانی ١٩٣٠ تا ساڵی ١٩٧٠ گۆڕەپانی سیاسی عێراق تاقیگەیەکی گەورە بوو، شانۆیەکی واقیعی سیاسەت بوو بە مانا میکیاڤیلییەکەی. عێراق هەمیشە لە خولە مێژووییەکاندا بەرانبەر حزب و ئایدیا و بزووتنەوەی سیاسی جیاواز خۆی بینیوەتەوە، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە مانا چینایەتییەکەی ئەو چانسەیان وەرنەگرتووە کە ڕاستەوخۆ بە چەمکێکی ڕوون و سنووری دیاریکراو خەریکی زۆرانبازی فەرزکردنی ڕووئیای خۆیان بن، بەڵکو حزبەکان و توێژەکان ئیقتیباسی گوتاری سیاسی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیان دەکرد بە شێوازی جیاواز تا بتوانن لە کشانی چەندایەتی حزبەکانیان بن.

ڕووداوەکان و ئاراستەکانیان خێراتر بوو لەوەی حزبەکان و نوخبەکان بتوانن گونجانێك دروست بکەن، یەکەم لە نێوان ئەو "نوێنەرایەتییە" ڕەمزییەی دەیانکرد گوایە ئەوان گوزارش لە بەرژەوەندی گشتی گەل یان چینە کۆمەڵایەتییە بەرینەکان دەکەن، دووەم لە نێوان وەزن و پانتایی حەقیقی بزووتنەوە سیاسییەکانی خۆیان!

ئەم هاوکێشەیە لەو دەمیدا گۆڕەپان و شانۆی سیاسی عێراقی پەلکێشی چەند ئەزموونێك کرد کە کارکردی ئەو ئەزموونانە پەڕیەوە بۆ دوای ئەو قۆناغەی ئاماژەمان پێداوە، هەندێکیان ڕەهەندێکی کەلتووری وەرگرت، بەشێکیتری بوو بە عورف و بوو بە کەلتووری زاڵی تایبەتمەندی دروستبوونی نەوەیەك لە حزب و بزووتنەوە سیاسییەکان و جێگیربوونی ستایلێك لە بەڕێوەبردنی ژیانی حزب لە ناوخۆدا و ڕوو بەکۆمەڵگەدا. 

تێگەیشتنی مارکسیزم لە "توندوتیژی" لە مێژوودا تێگەیشتنێکی پتەوە لە ستراتیژی ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتی سیاسی، واتە دەسەڵاتی سیاسی لە مێژوودا بە تایبەتی لە زۆرانبازی چینەکاندا بە ئارامی ڕوونادات، بەڵکو بە توندوتیژی ڕوودەدات، لە دەرەوەی مارکسیزمدا واقیعی ڕەگەزی توندوتیژی لە بەرەوپێش چوونی مێژوودا خۆی هەبووە و پاساوەکانیشی پێکهاتەیەکی دانەبڕاو بوون لە نەخشاندنی ڕابردووی مێژووی جیهان. لە مارکسیزمدا شتێك نییە بە ناوی "ڕەتکردنەوەی بێ مەرجی هەموو جۆرە توندوتیژییەك"، بەڵکو شیکردنەوەی ئاراستەی توندوتیژی بووە لە بەرهەمهێنانی کام مێژوو بە بەرژەوەندی کام ئەلتەرناتیڤ و سیستەمی سیاسی. ئەم چل ساڵەی سەدەی ڕابردوو لە مێژووی عێراق، واتە لە نێوان ١٩٣٠ بۆ ١٩٧٠ ئەگەر لە ڕووی شیکردنەوەی تیئۆرییەوە لێی بڕوانی شەبەحی هەموو قوتابخانە سیاسییەکان و ڕوانگە فیکرییەکانی لێ دەبینی کە هەر کامەیان لە هەوڵی جێلەق کردنی ئەویتردایە، بۆنموونە: میکیاڤێلییەت، فۆرمێك لە مارکسیزم، فاشیزم، ناسیۆنالیزم، هەموو ئەمانە لە شەڕێکی خەستی خوێناویدان بۆ هەژموون و بۆ جێگیرکردنی ئەلتەرناتیڤی خۆیان بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات. 

ئەم کتێبە لە پاڵ دەیان سەرچاوەیتر لە هەوڵی ئەوەدایە سوچێك لە لاپەڕەکانی ئەم مێژووە بخاتە ڕوو. لە ڕووی خستنە ڕوودا ئەم کتێبە هەندێ گرفتی هەیە بە تایبەتی لە "شیکردنەوەدا"، بەڵام ئەم کتێبە بێ ئەوەی نووسەرەکەی ئامانجی بووبێت یان نەخشەی بۆ کێشابێت لە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی ڕووت دەپەڕێتەوە بۆ بەرهەمێکی ئەنترۆپۆلۆجی، کە دەکرێ لەو بوارەدا دەوڵەمەندتر بکرێت.

مرۆڤی عێراقی وەکو هەر هاووڵاتییەکیتری جیهان تەنیا بەروبوومی ئایدیۆلۆژیا نییە، یان تەنیا بەروبوومی لە قالبدانی حزبەکان نییە، بەڵکو چەندین بازنەیتر لەدەرەوەی ئەم پێوەرانە شێوازی وجودی مرۆڤەکان دیاری دەکەن، بە دڵنیایی شیکردنەوەی بونیادی ئابووری و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و ستەمێك کە لەم پەیوەندییانە دروست دەبێت بواری چاوپۆشینی نییە و تازە نەك تەنیا درەنگە بۆ حاشالێکردنی، بەڵکو زۆر بەسادەیی گەمژانەشە هەوڵی لەم بابەتە! بەڵام، ئەم بونیادە پتەوە لە تیئۆر و ڕەخنەی سیاسی و جیهان بینی بۆ ئەوە لە ئارادا نییە تا ئێمە خۆمان بدزینەوە لە بەکارهێنانی هەموو ئەو ئاراستە تیۆریانەیتر کە دەتوانێ کۆمەك بکا بە "تێگەیشتن"ی فرەڕەهەندی لە کۆمەڵگای ڕابردوو و ئێستامان.

زانستە مرۆڤایەتییەکان دەروازەیەکە بۆ بینینی گۆشە نەبینراوەکانی مێژوو و کۆمەڵگە بێ ئەوەی وەزیفەی سەرەکی ئەم زانستە بریتی بێ لە سۆراغ و ڕاستکردنەوەی مێژوو، بەڵام ئیزافەیەکی بنەڕەتی دەخاتە تەواوبوونی شیکردنەوە چ وەکو ئەوەی ڕۆڵێکی نێوەندگیر ببینی لە سەرتاپای شیکردنەوە و تێگەیشتن چ وەکو ئەوەی ئەرکی سەرەکی ئاراستەکە لە ژێر سێبەری ئەودا بگوزەرێت.

ئەم کتێبە تەنیا چانسێك نییە بۆ خوێنەر کە لە گۆشەنیگایەکیترەوە لە ڕابردوو تێبگات، بەڵکو چانسێکیشە کە تێبگەی کەلتوور و خووڕەوشتی تاکەکان، پەروەردە، ئاکارە خێڵەکی و مۆدێرنەکان چ نۆڕمێك لە دۆخی سیاسی دروست دەکەن، ئایدیۆلۆژیا یان حزب چی دەخاتە سەر تاك و تاکیش چۆن دەبێتە پردێك کە ئاکارە کۆمەڵایەتی و شەخسییەکان و دەروونییەکان و ڕۆشنبیرییەکان و کەلتوورە باوەکان بپەڕنەوە بۆ ناو بازنە و ئەتمۆسفیری حزب و بزووتنەوە سیاسییەکان.

"شەقاوە" زاراوەیەکە لە کۆمەڵگەی عێراقی بە کوردستانیشەوە کە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسییەکان. شەقاوە بەر لەوەی سیفەت و ڕووخسار بێت "شوناسە" بۆ کەسێك کە هێزێکی فیزیکی و چاونەترسییەکی هەیە لە شەڕکردنی دەستەویەخەدا، لە کوشتن، لە هەڕەشە و خۆسەپاندن. شەقاوەکانی کۆمەڵگەی عێراقی هەندێکیان دەسەڵاتیان تەنیا بەسەر کۆڵان و گەڕەکەکەی خۆیان هەیە، جۆرێکیتریان دەسەڵاتیان دەپەڕیەوە بۆ سنووری گەڕەكیتر، پەڕینەوەی دەسەڵاتی هەر شەقاوەیەك بۆ گەڕەکێکیتر یەکسەر دەیکردە ‌هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی شەقاوەیەکیتر. ئەم بەرانبەرکێیانە بە خوێن و کوشتن و دوژمنداری کۆتایی دەهات، وەکو عورفێکی خێڵەکیش کە تا ئێستا درێژەی هەیە لەو کۆمەڵگایە تۆڵەی کوشتنەکان ئەگەر لە کاتی خۆیدا نەکرێ دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانیان.

بوونی "شەقاوە" دیاردەیەك نییە تەنیا پەیوەست بێت بە کۆمەڵگەی عێراقی، بەڵکو دیاردەیەکە هەموو کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی بە شێوازی جیاواز هەیانە، بەڵام ئەوەی وا دەکا ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە ببێتە جێگای شیکردنەوە و تێڕامان ئەوەیە کە لە ڕێگای "ئایدیۆلۆژیا" دیاردەی شەقاوە لەو ماوە مێژووییەی لەسەرەوە باسمان کرد ڕەگەزی کۆمەڵایەتی خۆی لەدەست دەدا و دەبێتە ڕەگەزێکی "سیاسی" و دواتر ئاراستەی بەشێکی زۆر لە چارەنووسی لاپەڕەکانی کۆمەڵگا دیاری دەکات، دەبێتە مۆتەکەیەکی خوێناوی بەسەر نەیاری یان دراوسێی گەڕەك نا، بەڵکو بەسەر نەیاری ئایدیۆلۆژی و سیاسیدا! 

لەو سەردەمەی باسمان کرد لە عێراقدا؛ بوونی یەك تەلەفزیۆن یەك ڕادیۆی موڵکی دەوڵەت وایکردبوو حزبە سیاسییەکان بۆ نیشاندانی هێزی سیاسی خۆیان پەنا ببەنە سەر نمایشی سەرجادە و شەقامەکان. ئەم نمایشە و دەرخستنە بە کۆمەڵە، پرسیاری کێ "هەژموون"ی هەیە بەسەر شەقام؟ دەبووە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناوی حزبەکان. 

ئەم جۆرە لە هەژموون بەسەر جادە و گەڕەکەکان پێویستی بە کاراکتەری توندوتیژ هەبوو، پێوستی بە ڕۆشنبیر و کتێب نەبوو. کێبڕكێیەکی زۆر توند دروست بوو لە نێوان حزبەکان بۆ ئەندامگیری کردنی "شەقاوەکان"، چەندین ئەندامی ئاسایی هەموو حزبە مونافیسەکان بە دەستی شەقاوەی حزبی بەرانبەر تیرۆر دەکران! تەماح لە دەسەڵاتی سیاسی ببووە پاڵنەرێك کە میکانیزمی ئەندامگیری بۆ شەقاوەیەك وەکو ئاوخواردنەوە وابوو، بەڵام بۆ هاووڵاتییەکی ئاسایی یان ڕۆشنبیرێك بە چەندین فلتەر تێدەپەڕی!

قۆناغی شەڕی سەرجادە و شەقامەکان و حزبەکان و شەقاوەکان هەر لێرە کۆتایی نایەت، قۆناغە هەرە مەترسیدارەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە حزبی بەعس یەکەمین دەزگای ئەمنی خۆی بەهەمان میتۆد دادەمەزرێنێ کە هێشتا لە دەرەوەی دەسەڵات بوو، دواتر کە گەیشتە دەسەڵاتیش ئەم دەزگایە شەرعیەتی پێدەدرێ و دەبێتە بەشێك لە بونیادی جیهازی "دەوڵەت"! شەقاوەکان ئەوانەی بوونە دامەزرێنەری ئەم دەزگایە دیسپلین و بەڕێوەبردنی ئەم یەکە هەستیارەی دەوڵەتیان بە هەمان میتۆدی شەڕە قەمەی کۆڵان و جادەکان بەڕێوەبرد، ئەوان لەوێ کەلتووری ئەم جۆرە بەڕێوەبردنەیان چاند، ئەم کەلتوورە گەورەتر لە هەموو دەستوور و یاساکانی عێراق، لەدەرەوەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانیش بوو.

بۆچوونێکی زاڵ هەیە کە لەو باوەڕەدایە کە ئایدیۆلۆژیا و حزب دەتوانن کۆمەڵگە بگۆڕن، کەسێتی تاکەکان بگۆڕن، ئاکار و کەلتووری کۆمەڵایەتی بگۆڕن، بە دڵنیایی ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەم ڕاستییە هەموو سوچەکانی ئەم پەیوەندییە لە ئاڵوگۆڕ دەرناخا، بەڵکو تەنیا سوچێکی بە فەرزی ڕەها وەرگرتووە. ئەندامگیری و زاڵبوونی تەونی ئایدیۆلۆژی مەودای پەیوەندییەك دیاری دەکات و دەستی پێدەکات، بەڵام دیاریکردنی ئەم مەودایە ناتوانێ گرەنتی ئایندەی ئەم گرێبەستە لە تێکەڵ بوون دیاری بکات! تاکەکان کە دەچن، یان دەبن بە ئەندام لە حزبێك تەنانەت ئەگەر حزبێکی زۆر بە دیسپلین بێت ناتوانێ بە یەکجاری باکگراوندی دەروونی و شوناس و کەلتووری ئەم تاکە بگۆڕێت بە تایبەتی ئەگەر ئامانجی سەرەکی حزبەکە یان ئایدیۆلۆژییەکە هەر لەسەرەتاوە بۆ دروستکردنی مرۆڤێکی نوێ نەبووبێت، بەڵکو بۆ مشەخۆری بووبێت لەسەر خووڕەوشت و کەسایەتی ئەم ئەندامە. 

حزبەکان ویستیان لەو سەردەمە ناسك و هەستیارەی مێژووی عێراقدا شەقاوەکان بکەن بە حزبیی، بەڵام شەقاوەکانیش بێ ئەوەی نەخشەیان بۆ کێشابێت، نەك تەنیا حزبەکانیان کرد بە شەقاوە، بەڵکو کەلتوورێکی ڕەگداری قوڵیان لە شێواز و سیستەمی ئیداری دەوڵەت بە جێ هێشت، ئەم کەلتوورە، ئێستاش دوای تێپەڕبوونی نیوسەدە بەسەر دوا ساڵی ئەو قۆناغەی باسمان کرد، شەبەحی ئەم شەقاوەیە دەم نادەم شان لە شانی چارەنووسمان دەدات و مۆڕەمان لێدەکات!

  • 1