ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گوتمان چاکسازی ڕاستەقینە بەپرۆسەی دوور و درێژی گەشەپیدان دەستپێدەکات، ئەم پرۆسەیە لەهەرێمی کوردستاندا، ئەگەر بەدروستی دەستی پێبکرێت و سەربگرێت، ئەوا دەبێتە ناوچەیەکی گەشاوە، لەنێو جەنگڵستانی هەرێمایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام گەشەپێدانی ڕاستەقینە لەنەهێشتنی نایەکسانی و نادپەروەری دەستپێدەکات.

گەشەپێدانی هەمیشەیی و هەمەلایەنە و بەردەوام کە هەموو ئاستێک و بوارێک بگرێتەوە وەک لەئاستی نێودەوڵەتی پێی دەڵێن (التنمیە المستدامە) کە بە دەسەڵاتدارێکی باش-(الحوکمە) بەڕێوە دەبرێت، ئەم پرۆسەیە چەند وڵاتێکی لە خاڵی لاواز و ئابووری خراپ و شێواوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازیی و هەژاری و کاولکارییەوە، گەیاندۆتە لوتکەی وڵاتانی پێشکەوتوو لەجیهاندا، بەڵام بەسەرکردایەتییەکی تۆکمەی نیشتمانی و باوەڕدار بە کەسایەتی هاووڵاتی نیشتمانەکەیان، هەر بەپاڵپشتی ئەوانیش پرۆسەیەکەیان بەڕێوە بردووە و بوونەتە نموونەی مەزن بۆ چاولێکردن و پەندوەرگرتن، وڵاتانی وەکو ژاپۆنی دوای شەڕی دووەمی جیهانی، مالیزیا و سەنگاپوورە، وڵاتی (چین)ی میللی بەسەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیست، ئەڵمانیای دوای هەردوو شەڕی جیهانی و سویسرا، کە لەباری ئابووری وێرانەوە بوونەتە نیشتمانی خۆشگوزەرانی لەنموونەی فنلەندا و سوێد و نۆروێژ و  هی دیکەش.

پرۆسەی چاکسازی و گەشەپێدان، دوژمنایەتی زۆری دەکرێت، لەمپەر لەبەردەمی زۆرە چونکە دەست بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەیی لەدەوڵەتداری دەبات و سەروەری یاسا دەهێنێتە پێشەوە، گەندەڵی ناهێڵێت و هەلی یەکسان دروست دەکات، ئاستی خراپی شتومەک بن بڕ دەکات و کوالیتی بەرهەمی ناوخۆیی و هاوردە بەرز ڕادەگرێت، مەترسیم لەوەیە کە پرۆسەیەکی وەهای گەشەپێدانی ڕاستەقینە ڕێگری زۆری ببێت، ڕێگری ناوەخۆییء رێگری دەرەکی، بەشی دەرەکییەکە لەدەستی ئێمەدا نییە، کەرەنگە توانای خۆلادانء بەدوورگرتن لەجەمسەرگیری وابکات ریگرییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام هۆکارە ناوخۆییەکان مەترسیدارترن، چونکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر خاوەن نفوزی حزبیء خێڵکیء سەرمایەداری مشەخۆر دەبێت، کەئایا  بەرپرسانی وڵات ئیرادەی ئەوەیان هەیە پرۆسەی چاکسازیء گەشەپێدان بەڕێوە ببەن؟، خۆ ئەمە بەحەزء هیواخواستن نابێت، بەڵکو بەگرتنەبەری رێوشوێنێک بەڕێوە دەبرێت کە دەستی دزێوی ناپەسندی و گەندەڵی دەبڕێت، ( کەسی شیاو شوێنی شیاوبگرێت) ئەگەر بەڕاستی بیەوێت وڵات بەڕەپێشەوە ببات؟.

لەگەشەپێداندا، بونیادنانی کەسایەتی نیشتمانی کوردستانی، گرنگترین پرۆسەیە، چونکە بونیادنانی تاک(هاوڵاتی) لەنیشتماندا، ئەو قەڵغانە دەبێت کە وڵاتپارێزیء ئینتما دەکاتە بنەما. باشە چۆن کەسایەتی کوردستانی بونیاد دەنرێت؟ بەگەڕانەوە بۆ کلاسیکیاتی بواری زانستی کۆمەڵایەتیء سیاسیء ئابوری، هەرێمی کوردستان پێویستی بەگرتنەبەری شێوەحوکمی دەوڵەتی(خۆشگوزەرانە-رفاە)، واتە پێویستە نیزامێکی دیموکراسی خۆشگوزەران کەتێکەڵەیەکی ئیشتراکی-عەدالەتی کۆمەڵایەتی ء سەرمایەداری لەسەر بنمایەکی زانستی دابمەزرێت. ئەم نیزامە، سەرلەنوو (کەسایەتی) کوردستانی بەپرۆسەیەکی درێژخایەنی هەمەلایەنەی ئابوریء کۆمەڵایەتیء پەروەردەو فێرکردندا، تێپەڕێنێء (بڕواو کوالێتیء سەروەرەی یاساء هەلی یەکسانء دابینکردنی لانی کەمی پێویستیء ژێرخانی ئابوری لەچوارچێوەی حکومەتێکی دامەزراوەیی بەپلانی هەنووکەییء درێژخایەن لەخۆ بگرێت).

کەرتی پەروەردەو فێرکردن، گرنگترین کەرتی بەهێزکردنی وڵاپارێزیء کەسایەتی تاکی کوردستانییە، کەوادەکات، نیزامی پەرەوەردە لەگشتی هەرێمی کوردستاندا، دامەزراوەییەکی گرنگ بێت، بەڕاستی حکومەت بەهەندی وەربگرێت، چونکە نەوەی نوێی بەهێز وەکو تاکی کوردستانی لەم دامەزراوەییەوە دەست پێدەکات، بەڵام ئەگەر بەرپرسانی وڵات پیان وابێ کەرتی پەروەردەو فێرکردن بارگرانییە بەسەر حکومەتەکەیانء بەهەرشێوەیەک بێت بیخەنە پەڕگەء لەکۆڵ کردنەوە، ئەوە بەهیچ شێوەیەک نابێت چاوەڕێی پێشکەوتنی وڵاتو گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیء ئابوری راستەقینە بین، رەنگە وڵات بەهۆی هەندێک پرۆژەوە جوانکاری تێدا بکرێت، پردء بانء شەقام و گەڕەکی نوێ دروست بکرێن، ڤیستڤاڵی خۆشی ساز بکرێن، بەڵام لەناوەڕۆکی تاکی کوردستانیدا رەنگ ناداتەوە ئەگەر بونیادی راستەقینەی (کەسایەتی) کوردستانی نەکرابێت.

شەڕی نوێی جیهانیء شەڕی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، لەسەر میللەتانی وەکو ئێمە هەر شەڕی تەقلیدی نییە، بەڵکو شەڕی (خۆخواردنەوەیە لەناو خۆدا)، شەڕی تەکنۆلۆژیای میدیا کە بەریمۆت کۆنترۆلێک لەدوورەوە بەڕێوە دەبرێت، زۆر ئاسانتر لەجاران دەتوانن کەسایەتی کوردستانی-هاوڵاتیان تێک بشکێنن کەهیچ ساتێکیش لەهەوڵی ئەوەدا ماندوو نابن!!.

گەشەپێدانی راستەقینە لەسیستمی پەروەردەدا باشترین خۆپارێزی دروست دەکات، تاکی نیشتمانی کەئینتماء وڵاتاپارێزی لەناخیدا، هەر لەمنداڵیەوە دەچەسپێت، ، هەموو داروبەردی وڵات بەهی خۆی دەزانێء تاکی بەرپرس دروست دەکات، ئەوکاتە دەتوانین بەرەنگاری شەڕە جیهانییە نوێیەکان ببینەوە، بەپێچەوانەوە ، هەواڵکی کەناڵێکی ناوخۆیی لەدژی یاسەیەکی پەرلەمان بەهاندانی ئەم ئەو ، کۆمەڵگە بۆ چەند بەرەیەک دابەش دەکات، کە ئەمە مەترسیدارترین نیشانەی شێواوی کەسایەتی-تاکی کوردستانییە، باکەس وانەزانێ ئەمە گەمەی دیموکراسیەء وڵاتێکی بەهێزمان هەیە، "ئالگۆڕ" کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەکتێبی(هێرش بۆسەر عەقڵ) باس لەوە دەکات، کە چۆن بەدەیان دامەزراوەی میدیای کاردەکەن، بۆئەوەی گەلی ئەمریکا گیلڕ بکەنء رووداوەکان بەوجۆرە ببینن کە دەسەڵات دەیەوێ ، کەئەمەش لەئەنجامی کەسایەتی بونیادنراوی لەسەر بنەمای باوڕی تاکی ئەمریکایە بەوڵاتەکەیان، پێچەوانەکەی ئەوەیە کەچۆن تاکی کوردستانی بەهێز دروست دەکرێت کەبەرەنگاری ئەم هێرشە جیهانیانە ببێتەوە؟.

 

  • 1