ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وا دیارە قۆناغى شەڕە قسە و هەڕەشەکردن کۆتایى هات، ئینجا نۆرەى شەڕە مووشەکە، بەڵام نەک لە ناو ئەمریکا و ئێران دا، بەڵکو لە هەموو شوێنێکى عێراق دا!

من دەمێکە بڵاوم کردۆتەوە ئەمریکا شەڕەکەى خۆى لەگەڵ ئێران لە سوریاوە گواستەوە بۆ عێراق، چونکە پلانەکەى لە سوریادا شکستى هێنا .

لە ماوەى ئەم چەند مانگەیشدا، سەرگەرمى گۆڕانکارییەکى ئەوتۆیە لە عێراقدا کە بارودۆخە سیاسییەکە لە خزمەت ئەم پلانە تازەیەیدا بێت، ئەوەتە بۆ نموونە (داعش)ى زیندووکردۆتەوە و کردوویەتى بە بیانوو بۆ زیاتر دەستوەردان لە کاروبارى عێراق و زیاتر چەسپاندنى بوونى سەربازى خۆى .

ئەم ڕووداوەى هەفتەى ڕابردوو، ئیتر ئەگەر کوژراوەکان کە هەر لایەن و حزب و گرووپێک بن هیچ ناوێکى بۆ ناشێ مەگەر تەنیا ناوى (شەقاوەئاساى نێودەوڵەتى)، چونکە فڕى بەسەر ململانێى سیاسییەوە نییە .

ئەم ڕووداوە بە ئاشکرا حزب و لایەن و کەرت و گرووپە سیاسى و مەزهەبییەکانى عێراقى کرد بە دوو بەشەوە .

بەشێکى کە زۆربەى شیعە مەزەهەبەکان و نەیارانى ئەمریکا و لایەنە سەربەخۆخوازەکانى دەوڵەتى عێراق دەگرێتەوە کە زۆر بە ڕەقى و زەقى دژى بوونى (سیاسى و سەربازى) ئەمریکا ڕاوەستاون و هەوڵى جدى دەدەن کە بە ڕەسمى (یاسایى) لە ڕێگەى پەرلەمانەوە و هەروەها بەهێزى جەماوەرەکەیان ئەو ڕێککەوتننامە (ستراتیژییە) لەگەڵ ئەمریکا هەڵوەشێنێتەوە و لە عێراق دەرى بکەن !!

بەستى دووەمیشى لایەنگرانى ئەمریکایە لە نۆکەر و ئەو مشەخۆرانەى کە بە هۆى ئەوەوە هەڵکەوتوون و بوون بە کەسایەتى سیاسى و ملیاردێر لەگەڵ ئەوانەى کە کورد واتەنى دەڵێن (دوژمنى دوژمنم دۆستمە) !!

چ ئێران و چ ئەمریکا ئێستا بێجگە لە شەڕەمووشەک ئەم دووبەرەکى و ململانێیەى ناو عێراقییەکان توندوتیژتر دەکەن، بەرەو هەڵگیرساندنى شەڕى ناوخۆ لەلایەکەوە ..

لەلایەکى ترەوە هەردوو دەوڵەتەکە سەرگەرمى ئەوەن کە لە ڕێگەى کودەتایەکى سەربازییەوە، پێش ئەوى تریان دەوڵەتى عێراق (سامان و داهات و بازاڕى) عێراق بۆ خۆیان زامن بکەن، لە کاتێکدا کە ماوەیەکە حکوومەت دەسەڵاتى سیاسى لەم وڵاتەدا نەماوە، بەڵام لەم حاڵەتەیشدا دیسان مەترسى و هەلومەرجى شەڕى ناوخۆ بە جدى لە ئارادایە .

بێگومان شەڕى ئەمریکا و ئێران بە شەڕە مووشەک و بە کوشتنى ئەم و ئەو کۆتایى نایەت و دەبێ لایەکیان ئەوەکەى تر لە عێراق دەربکەن !!

ئامانجى حکوومەتى ئەمریکا وەکو چەند جار دووبارەى کردۆتەوە دەرکردنى ئێرانە لە عێراق، واتە؛ (پساندن، پچڕاندن)ى کەوانەى شیعەیە لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا، ئەم ناوچە دەوڵەمەندەى کە ئەمریکا لە دواى جەنگى دووەمى جیهانەوە، هەڵپەیەتى و دەیەوێ دەستى بەسەردا بگرێ، بەڵام ئێران بەرهەڵستى کردووە. بە هەرحاڵ ئەمڕۆ عێراق کراوە بە مەڵبەندى شەڕى نێوان ئەو دوو دەوڵەتە و مەینەتى و ماڵوێرانى بۆ خەڵکى عێراقە .

 هەروەکو پێشتر باسم کرد، ئەم شەڕە هێزە سیاسییەکانى عێراقى کرد بە دوو بەشى دژ بە یەکترەوە و شەڕى یەکلایى کردنەوە بە خەڵکى عێراق دەکەن و هەردوو لایان هەریەکەى بە جۆرێک ئاگرى شەڕى ناوخۆ گڕدار و بڵێسەدارتر دەکەن و ماڵ و گوزەرانى خەڵکى عێراق لە خەڵکى ئێستاى سوریا خراپتر دەکەن .

لەگەڵ ئەمانەشدا هیچ دوور نییە کە ئەمریکا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانى ئەم بارودۆخە شپرزە و شێواوەى عێراق بکەن بە بیانوو و ئەم دەوڵەتە بخەنەوە ژێر حوکمى بەندى حەوتەم کە ئەوکاتەیش هەر ئەمریکا خاوەن دەسەڵات دەبێ .

 

  • 1