ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەڕەراى ناڕەزایەتییەکان دژ بە پرۆژەکەى دەسەڵات، پرۆژەى بەناو (چاکسازى)، سەرەنجام توانرا لە پەرلەمانى کوردستان تێبپەڕێنرێت، لە ڕێگاى زۆرینەى پەرلەمانتارانى ئیتلافى حکوومەت و (هەندێکى ترەوە)، ئەو هەندێکى ترە لێرە هیچى لەبارەیەوە ناڵێین! ناوەڕۆک و مەبەستى پشت پرۆژەکە و ئیشکالیەتەکانى، هۆیەکانى ڕەتکردنەوەى، لە میانەى دوو وتارى ڕابردوومان بەدرێژى تیشکى خرایەسەر. لە دواى پەسەندکردنى چەند دیوێکى تریش پێوست بە ڕوونکردنەوە دەکات :.

دواى تەواوکردنى ڕێکارەکانى پەیوەست بە بەرکاربوونى، ئەنجامەکەى دەبنینن کە ئەم پرۆژەیە، ڕاستە لە ژێر عینوانى (چاکسازى) ئامادەکراوە، بەڵام بەهیچ جۆرێک لە ناوەڕۆک و لە ئەرزى واقیشدا هیچى لەوبارەیەوە لێ سەوز نابێت، هیچ مادەیەکی ناو یاساکە بە دوور و نزیک پەیوەندی بە چاکسازیەوە نییە و بەڵکو تایبەتن بە ڕێکخستنەوەی خانەنشینی و دەرماڵە لە هەرێمدا، بە شەرعیەتدان بە مانەوەى مووچەى پلە باڵا و پلەى فەرمانبەرانى ئاسایى، کە ئەوە بۆخۆى جارێکى تر جەختکردنەوەیە لە قوڵکردنەوەى جیاوازى چینایەتى لە ناو یاساکانى هەرێمدا و لێدانە لە کەسایەتى و بەرژەوەندى خەڵکى هەژار و داهات دیارى کراو و بەیاساییکردنى زیاترى چەوساندنەوەى چینایەتییە کە بابەتێکى چاوەڕوانکراوە لە سایەى سیستەمى سیاسى و ئابوورى هەرێمى کوردستاندا وەک سیستەمێکى چینایەتى سەرمایەدارى، هەربۆیە تەنیا لە وەها سیستەمێکدا جێگاى ئەوە دەبێتەوە کەمینەیەک بڕى مووچە و خانەنشینییەکەیان بە چەندان ملیۆن دینار بێت، بەڵام لایەنى کەمى مووچەى خانەنشینى کرێکارانى کەرتى گشتى (فەرمانبەران) تەنانەت بە 400 هەزار دیناریش ڕەوا نابینین؟ ئەوەی لەم یاسایەدا وەک چاکسازی باس دەکرێت، هەڵوەشاندنەوەی هەزاران پلەی وەزیفی و خانەنشینی نایاساییە، کە لە دەرەوەى یاسادا مووچە وەردەگرن و زۆربەیان لایەنگر و ئەندامى حزبە دەسەڵاتدارەکانن، لە هەموو حالەتێکدا ئەمانە لە چوارچێوەیەکى نوێ بە ناونیشانێکى تر بەردەوامییان دەبێت و دوورناخرێنەوە، چونکە بەرژەوەندى سیاسییان ڕێگە بەوە نادات هەزاران کەس لە خۆیان زویر بکەن وەک لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو کراوەتەوە، چونکە ئەوان باش دەزانن لەڕووى فیکرییەوە دەمێکە هیچ ڕایەڵەیەکیان نەماوە. ئەگەر ئەوان مەبەستیان چاکسازى بێت هەموو ئەو گەندەڵى و بە هەدەردانەى لە ماڵ و سامانى گشتى کراوە لە بابەتى دوو مووچە و پلە بەرزکردنەوە و خانەنشینى و فەرمانبەرى بندیوار... هتد. هۆکارەکەى ئەوە نەبووە کە لە ئەنجامى فەراغى یاساییەوە کرابێت، بەڵکو هەموو ئەوانە بەپێى یاساکانى هەرێم دەچێتە چوارچێوەى گەندەڵى و کارى نایاسایى هەر کاتێک مەبەستیان بێت ڕێگەى پێ نادەن، بەڵام هەموومان دەزانین یاسا بۆ ئەوان لە چ دۆخێکدایە لە داهاتووش ئەم یاسایە تازەیە چى بەسەر دێت ؟ 

ئەوەى دەگوزەرێت ناتوانین بە دابڕاوى بیبینین لە پرۆژەى نیولیبرالیزم، لە ئاستى ڕەهەندى سیاسى و ئابوورییەوە، لە ئاستە سیاسییەکەیدا هەوڵێکە بۆ گواستنەوەى ململانێى سیاسى و بەشدارى سیاسی گشتى و کورتکردنەوەیەتى بۆ ناو هۆڵى پەرلەمان و ئەنجوومەنى وەزیران و کورتکردنەوەى سیاسەتە لە کارى نوخبەویى وەک بەدیلێک بۆ چالاکى و بەشدارى سیاسى جەماوەرى، گەیاندنى ئەو پەیامەیە کە لە ڕێگەى پەرلەمان و ئەنجوومەنى وەزیرانەوە دەتوانرێت چاکسازى و گۆڕانکارى ئەنجام بدرێت، ڕۆڵى جەماوەر بریتییە لە سەیرکردنى ئەوان لە برى بەشدارى سیاسى و بوونى تاکێکى کاراى کوردستانى. 

بە دیوە ئابوورییەکەشى بەردەوامیدانە بە کەم کردنەوى بودجەى تەشغیلى و دەرماڵەکان و ئەو پارانەى لە حکوومەتەوە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران بە گشتى وەک زیندانییە سیاسییەکان و شەهیدان خەرج دەکرێت لە چوارچێوەى نەخشە و پلانى ئابوورى حکوومەت کە لە ژێر چاودێرى سندووقى دراوى نێودەوڵەتى و بانکى نێودەوڵەتى لە ناوەڕاستى ساڵى 2016 ڕاگەیەنرا و باسى نەهێشتن یا کەم کردنەوەى ڕۆڵى حکوومەت لە ژیانى جڤاکى دەکات، کە لەدوای بەرکاربوونى ئەو یاسایە و دەرکردنى ڕێنماییەکانى حکوومەت ئەم ئەنجامگیرییە باشتر بۆ هەموومان ڕوون دەبێتەوە .

خاڵێکى تر لەم پرۆژەیەدا چڕکردنەوەى زیاترى دەسەڵاتە هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەى زیاترى سامان، لە دەستى کەمینەیەکى کەمتر و بە سەنتەرکردنى ڕۆڵى دەسەڵاتى جێبەجێ کردنە لەسەر حیسابى ڕۆڵى پەرلەمان، پرۆژەیەک لە حکوومەتەوە دەردەچێت دەبێت هەر ئەو پرۆژەیەش بڕوات، دواجار هەرچى تێبینى و زۆرینەى خاڵەکانى پەرلەمانە لە پرۆژەکەدا جێگاى ناکرێتەوە، بە بیانووى جۆراوجۆر، حکوومەت ڕەتى دەکاتەوە، هاوکێشەکە ڕێک پێچەوانە دەکرێتەوە، ئەوە حکوومەتە ئاراستەى کارەکانى پەرلەمان دەکات، پەرلەمان نەک دەسەڵاتى لێپرسینەوەى نەماوە و نییە، بەڵکو دەسەڵاتى تەشریعیشى لەژێر سێبەرى حکوومەتدایە. ئەو ئاراستەیە بەدەر نییە لەوەى ئێستا دەگوزەرێت لە ناوچەکەدا لە چوارچێوەى گەڕانەوە بۆ مەرکەزیەت و سیستەمى سەرۆکایەتى و بێ بەها کردنى هەموو ئەو دامەزراوانەى بەناو (نوێنەرایەتى خەڵک دەکەن) کاتێک باسى ڕۆڵى (سیستەمى نوێنەرایەتى و دیموکراسى پەرلەمانى) دەکەین لەم ناوچەیدا قسەى زیاتر هەڵدەگرێ و لەم ستونەدا جێگاى باس نییە.

  • 1