ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە کۆتایى مانگى کانوونى دووەمى ساڵى 1974 بڕیاردرا کە لە هەڵبژاردنى (نەقابەى مامۆستایانى عێراق) و (یەکێتى مامۆستایانى کوردستان) لە مانگى شوباتى هەمان ساڵ بەڕێوە بچێت، ڕێنمایى پێویست سەبارەت بەم پرسە گرنگە لە لێژنەى کارى جەماوەرى لێژنەى هەرێمى کوردستانى حزب ڕەوانە کرا و تێیدا داوا دەکات کە پێویستە لە پارێزگاکانى کوردستان ئامادەکارى بکرێت و جۆرەها چالاکى بەڕێوە ببرێت، و دەبێت لیستى پیشەیى دروست بکرێت و بە توانایەکى زۆرەوە بچینە ناو ململانێى هەڵبژاردنەوە، بۆ ئەم مەبەستە بەرپرسانى لیستى پیشەیى لە پارێزگاى هەولێر بە گڕوتینێکى هەمەلایەنەوە بەرەو نواندنى جۆرەها چالاکى کەوتنەخۆ، سەرەتا دیدار و کۆبوونەوەى بچووک و سنوردار ئەنجامدرا، مامۆستایانى شیوعى و دۆستانى حزب سەرقاڵى ئامادەکارى بوون، لە کوردستان دوو لیستى مامۆستایان هەبوو بۆ هەڵبژاردن، یەکەمیان لیستى پیشەیى و دووەمییان لیستى مامۆستایانى پارتى بوو، لەم کاتەدا پەیوەندى پارتى و حزبمان یەجگار ئاڵۆز و پڕ گیروگرفت بوو، بە هیچ جۆرێک بیر لە دروست کردنى لیستێکى هاوبەش نەدەکراوە، بەتایبەتى دواى مۆرکردنى (جبهە) لەگەڵ حزبى بەعس، هێرشى بەربڵاوى پێشمەرگەگەکانى پارتى لە سەرتاسەرى کوردستان بۆ سەر ڕێکخراو و ئەندام و کادیرانى حزبمان ئەنجامدرا. ئەو هێرشانە ناونرابوون (ڕاوە شیوعى)، لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە کادیر و ئەندام و لایەنگرانى حزب بریندار و شەهید بوون، یان دەستگیرکران، لە ئەنجامدا درزێکى گەورە لە نێوان پارتى و شیوعى دروست بوو، هەردوولاش باجى گەورە و ئازار بەخشیاندا.

لەسەرەتاى مانگى شوباتى 1974، کۆبوونەوەیەکى فراوانى مامۆستایانى شیوعى بەشەو لە ماڵى مامۆستا (سلێمان شاکر) لە گەڕەکى شۆڕش گرێدرا، لەم کۆبوونەویەدا مامۆستایان (کەریم رەوف و ئەنوەر سلێمان و تۆفیق سەرهەنگ و مەلا ئازاد و قاید ئەحمەد و جەوهەر تاهر و کەریم عەبدوڵا و ئەحمەد شێخۆ و عەبدولقادر مەلا بەکر و کەمال غەمبار و خەنانییا و ئیلیاس هورمز و مامۆستا سلێمان شاکر و مامۆستا لەشکرى یابە، کە بەرپرسى کارى جەماوەرى لێژنەى مەحەلى هەولێر بوو، سەرپەرشتى کۆبوونەوەکەى دەکرد و بەندەش نوێنەرى مەکتەبى مەحەلى هەولێر ئامادە بووم لە کۆبوونەوەکەدا.

بەرنامەى کۆبوونەوەکە بۆ ئامادەکردنى بەیانى لیستى پیشەیى و دروشمەکان و ڕێکخستنى ناوى مامۆستایان لە لیستەکەدا بوو، کۆبوونەوە دەستى پێکرد، هەموویان خەریکى ئاڵوگۆرکردنى بیروڕابوون لەسەر بابەتەکان. نامەیەکم لە هاوڕێ (عادل سەلیم)ەوە پێگەیشت و تێیدا هاتبوو؛ حزب لە مەرکەز بڕیاریداوە کە لیستى هاوبەش لەگەڵ مامۆستایانى بەعسى دروست بکەین، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ هاوڕێ (لەشکرى یابە) بچینە (مونەزەمەى حزبى بەعس) و لەسەر دروستکردنى لیستێکى هاوبەش ڕێکبکەون، دووبارە نامەکەم خوێندەوە، تەزوویەک هەموو لەشى داگرتم، زۆر ناخۆش بوو، ئێمە لە کوردستان هیچ جۆرە پەیوەندییەکمان لەگەڵ (مونەزەمەى حزبى بەعس) نەبوو، بەڵام لە بەغدا و شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق پەیوەندى ڕێکخراوەکانى حزبمان و بەعس گەرم و گوڕ بوو، هاوڕێیان ڕاهاتبوون بۆ ئەوەى کار لەگەڵ بەعسییەکاندا ئەنجامبدەن، هاوڕێیانى مامۆستا هەستیان کرد کە نامەکە شتێکى نائاسایى تێدایە، بۆیە ڕووم لە هاوڕێیان کرد و گوتم ئەم نامەیە لە حزبەوە هاتووە، داوا دەکەن لەگەڵ هاوڕێ (لەشکرى) بچینە (مونەزەمەى حزبى بەعس) و لیستێکى هاوبەش دروست بکەین، مامۆستایان سەرسام بوون، گوتیان لە هەولێر کوا بەعسى هەیە، چۆن لیست لەگەڵ بەعسییەکان پێک دێ .. بەکورتى هاوڕێیان ناڕازى بوون، بەڵام ئەوە بڕیارى حزبە و دەبێ جێبەجێ بکرێت. لەگەڵ مامۆستا (لەشکرى) بەرەو (مونەزەمەى حزبى بەعس) بەڕێکەوتین، (مونەزەمەى حزبى بەعس) لە شەقامى پارێزگا بەرەو تەلارى پەرلەمان بوو، لە ڕێگا بە مامۆستا (لەشکرى)یم گوت تۆ قسە بکە و بزانە چییان دەوێت، من زمانى بەعسییەکان نازانم و لەوانەیە ڕێککەوتنەکە تێکبدەم، چووینە (مونەزەمە) و سێ بەعسى بەرەو پیرمان هاتن و بە رەفیق ڕەفیق و فەرموون، فەرموون پێشوازیان لێکردین، بەعسییەکان یەکیان (ئەیاد ئەلجادر) جێگرى بەڕێوەبەرى پەروەردەى هەولێر بوو، خەڵکى مووسڵ بوو، دووەمیان ناوى (تۆما) بوو خەڵکى عەنکاوە بوو، سێیەمیان عەرەبێک بوو ناوەکەم نەزانى. دواى ئەوەى لەگەڵ مامۆستا (لەشکرى) هەندێ قسە و باسییان ئاڵوگۆر کرد. هاتنە سەر مەسەلەى هەڵبژاردن و دروستکردنى لیستى هاوبەش، مامۆستا (لەشکرى) گوتى ئێمە بەرنامە و بەیانى لیستەکەمان ئامادەکردووە و هەروا هەندێ دروشممان نووسیوە، ناوى لیستەکەمان (لیستى پیشەیى)یە، ئێوە سێ چوار ناومان بدەنێ بۆ ئەوەى جێگایان لە ناو لیستەکە بکەینەوە، بەرنامە و دروشمەکانتان بۆ دەنێرین ئەگەر پێشنیارتان هەبوو ئاگادارمان بکەنەوە بۆ ئەوەى بیانخەینە ناو بەرنامە و بەیانەکە، (ئەیاد ئەلجادر) گوتى ڕەفیق چۆن وا دەبێت ، دەبێ ئێمە یەکەم ناوبین لە لیستەکەدا، دووەم دەبێت ناوى لیستەکە بگۆڕین، سێیەم بەیانەکە ئێمە دەینووسین، ئیتر لەگەڵ مامۆستا (لەشکرى) بە عەرەبى و بە ڕەفیق ڕەفیق درێژەیان بە وتووێژەکەیان دا، بەندەش فشارى دەروونیم بۆ دەهات و خۆم پێڕانەگیرا و گوتم؛ ئێوە لە هەولێر هیچ مامۆستایەکتان نییە و هەندێ مامۆستاى عەرەب لە گوندەکانى عەرەبى ناوچەى گوێڕ هەنە، لەوانەیە بەعسى بن و خەڵکى شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراقن، باشە چۆن داواى ناوى یەکەم دەکەن؟ هەر وا لیستى پیشەیى، لیستێکى ناسراوە و مامۆستایانى کوردستان و عێراق ئەم لیستە دەناسن و دەنگى پێدەدەن، داوایەکانتان جێبەجێ ناکرێت، (ئەیاد ئەلجادر) ڕووى قسەى لە من کرد و گوتى، ڕەفیق، ئێمە واتە بەعس قائیدى (جەبهەین) ئەگەر یەک کەسمان هەبێ، یان نەبێت! گوتم وانییە ئێوە بەپێى پەیرەوى ناوخۆى (جەبهە) قائیدى (جەبهەنین) بەڵکو ڕۆڵێکى دیاریکراوتان هەیە. دواى وتووێژێکى دوور و درێژ ڕێککەوتین کە کەسى دووەم لە لیستەکە بەعسى بێ و چەند ناوێکى تریش بدەن بۆ ئەوەى لە لیستەکە شوێنیان بۆ دیارى بکرێت و شوێنى یان بارەگاى لیستەکەش چایخانەى هاوڕێ (مام عومەر) دەبێت، کە دەکەوێتە بەرانبەر چایخانەى (مەچکۆ)، هەواڵى لیستى هاوبەشى شیوعى و بەعسى بەناو جەماوەرى مامۆستایان بڵاوکرایەوە، زۆربەى هەرەزۆرى هاوڕێیان و دۆستانى حزبمان ناڕازى بوون و لە چالاکى نواندن سارد بوونەوە، پروپاگەندەى هەڵبژاردنى مامۆستایان کزبوو، مامۆستایانى پارتى چالاکییان فراوان بوو، توانییان شەقام و گۆرەپانى شار کۆنترۆڵ بکەن، بەعسییەکان هیچ دەورێکیان نەبوو، تەنیا لیستەکەى ئێمەیان ناشیرین کرد، ئەنجامى هەڵبژاردن لیستى مامۆستایانى پارتى زۆربەى هەرە زۆرى دەنگەکانیان برد و لیستى پیشەییش دەنگێکى زۆر کەمى هێنا، لەم ڕووداوەى سەرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە لە کوردستان هەر حزب و لایەنێک لەگەڵ حکوومەتى ناوەندى عێراق بێت، بە هەر جۆرە پەیوەندییەک و هاوکارییەک، ئەوە لە بەرانبەر ئەو حزبەى کە لە دژى حکوومەتى ناوەند بێت لە هەڵبژاردن دۆراو دەبێت، لە مانگى شوباتى 1970 کە هەڵبژاردنى نەقابەى مامۆستایانى عێراق ئەنجامدرا، لیستى مامۆستایانى لاباڵى (جەلالى) و بەعس لەبەرانبەر لیستى پیشەیى مامۆستایانى شیوعى و دۆستەکانى دۆڕان و کەمترین دەنگیان هێنا، هەر چەند مامۆستایانى سەر بە لاباڵى مەکتەبى سیاسى پارتى هێزى چەکدار و بارەگاشیان لە هەولێر و کوردستان هەبوو، بۆیە دەبوو ئێمە بزانین لە هەڵبژاردنەکە دۆڕاوى ورە ڕووخاو دەبین، ئەم پەندەى سەرەوە بۆ ئەم کات و سەردەمەش ڕاستە، هەتاکو ئێستاکەش لەم بڕوایەدام، ئەگەر بە تەنیا لە بەرانبەر لیستى مامۆستایانى پارتى بچووباینە ململانێى هەڵبژاردنەوە لە بوارى مامۆستایان لەوانە بوو بەدەنگێکى کەمێک کەمتر لە پارتى دۆڕاو بووینایە، لەبەر ئەوەى لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پارتى دۆست و هاوڕێیانمان نەیاندەتوانى بە ئازادانە بەشدارى لە دەنگدان بکەین، بەڵام دۆراندنەکەمان ئەژنۆشکێن نەدەبوو.

  • 1