ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

چەمکی سەروەری نیشتمانی یان سەروەری دەوڵەت یەکێکە لە بنەماکانی بوونی دەوڵەتی نیشتمانی و بواری یاسای دەستوری و یاسای نێودەوڵەتی ئاماژەیان پێکراوە. سەرەتای گەڵاڵەبوونی ئەم چەمکە کە پەرەسەندنی بەرچاوی بە خۆوە بینیەوە بۆ شۆڕشی فەرەنسا ساڵی 1879 دەگەڕێتەوە کە لە 26ی ئابی ئەو ساڵدا جاری مافی مرۆڤ ڕاگەیەنرا، و تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە کرا کە سەروەری بۆ نەتەوە دەگەڕێتەوە و دابەش نابێت و ناکرێ دەستبەرداری لێبکرێت و سەرچاوەی دەسەڵاتی حوکمڕان لە گەلەوە دێت، و مانای سەروەری نیشتمانی ئەوەیە کە دەسەڵات بۆ گەلە و لە پێناوی گەلە، کە دەبێ لەڕێگای دامەزراوی دیموکراسییەوە چاودێری بکات. دوای ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو بەڵگەنامە و بڕیارانەی کە دەرچووە لە لایەن ئەو دەزگایەوە، چەمکی سەروەری نیشتمانی مۆرکێکی نێودەوڵەتی وەرگرت، و سنورێکی بۆ سەرجەم شێوازەکانی پێشتر دانا کە کەلێنی دەخستە ئەم چەمکەوە، وەک سیستەمی وسایە کە لە لایەن "عسبەت ئومەم" بڕیاری لە سەر دابوو. بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 14ی کانوونی یەکەمی 1960 کە بەشێکە لە قوناغی بەناوی تەواوبوونی کۆلۆنیالزم باس لە یەکسانی نێوان دەوڵەتەکان لە بواری سەروەریدا دەکات.

"سەروەری نیشتمانی" لە عێراقدا هەردەم لێکدانەوەی جیاوازی بۆکراوە، بەڵام ئەگەر بڕوانینە سەرجەم قۆناغەکانی دەوڵەتی عێراق بۆمان دەردەکەوێت ئەم دەوڵەتە لەو کاتەوەی ئینگلیز دروستی کردووە تا ئێستا سەروەری نیشتمانی بە خۆوە نەبینیوە، و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەڵەی مێژوویی لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا. 

لە مێژوودا دەوڵەتێک نەبووە بەم سنوورە جوگرافییەی ئێستا کە ناوی دەوڵەتی عێراق بوو بێت. لە ئازاری 1921 وەزارەتی کۆلۆنیالییەکانی بەریتانیا کۆنگرەیەکی بە سەرۆکایەتی چەرچل لە قاهیرە بەست و بڕیاری دروستکردنی عێراق درا، و دوای چەندین ساڵ کوردستانی باشور بەم دەوڵەتە لکێنرا.

دروستکردنی دەوڵەت بەو عەقڵیەتە کۆلۆنیالیزمەی ئەو کاتەی ئینگلیز کە کۆمەڵێک هەرێم و کۆمەڵگای جیاوازی بەیەکەوە لکاند، بوو بە هۆی نەبوونی سەقامگیری سیاسی لەو دەوڵەتەدا، و ئەمەش زەمینەیەکی لەبار بوو کە ئینگلیزەکان چەندینڕێکەوتننامە لەگەڵ حوکمڕانەکانی عێراق ببەستن کە جەختیان لەسەر بواری ئەمنی دەکردوە و مایەی مانەوەی دەوڵەتی عێراق بوو لە ژێر ئینتدابی بەریتانی. دەوڵەتی عێراق و بەریتانیا لە ساڵانی 1926، 1927 چەندینڕێککەوتننامەیان مۆرکرد و لە ساڵی 1929 بەرتانیا ڕایگەیاند کە لە ساڵی 1932 سەربەخۆیی بە عێراق دەبەخشێت، و لە 30 حوزەیرانی ساڵی 1930دا ڕێککەوتنامەیەکی نوێ لە نێوان عێراق و بەریتانیا مۆرکرا کە هاوپەیمانی توندوتۆڵی نێوان ئەم دوو دەوڵەت ڕاگەیەنرا و تیایدا بەریتانیا زامنی ئاسایشی ناوخۆیی دەوڵەتی عێراقی دەکرد و سەبارەت بە هەڕەشەی دەرەکیش داکۆکی لێدەکرد. ماوەی ئەمڕێککەوتننامەیە 25 ساڵ بوو، و دواتر حکوومەتی بەریتانیا ویستی بەڕێککەوتنامەی پۆرستمۆسی ساڵی 1948 بە شێوازێکی دیکە بەردەوامی بەوڕێککەوتننامەیە بدات.

دەوڵەتی عێراق لە کاتی دروستکردنی لەژێر دەسەڵاتی ئینتداب و سیستەمی وسایەی نێودەوڵەتی بوو کە بەریتانیا ئەم کارەی دەکرد، و هەرچەندە دواتر سەربەخۆیی دەوڵەت ڕاگەیەنرا،ڕێککەوتنەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا سەروەری بۆ ئەم دەوڵەتە نەهێشتبوو. ئینگلیز حکوومەتەکانی دادەمەزراند. نەبوونی سەروەری دەوڵەت وای کرد کە سەقامگیری سیاسی لە عێراقدا نەبێت، چونکە سەروەری پێویستی بە فاکتەری ناوخۆیی هەیە کە ئەویش شەرعیەتی دەوڵەتە و لە کاتی نەبوونی ئەو شەرعیەتە سەقامگیری نابێت و سەروەری نامێنێت، و حکومڕانەکان بۆ مانەوەیان پشتیان بە هێزی نێودەوڵەتی و دەرەکی دەبەست. یەکێک لە دیاردەکانی نەبوونی سەقامگیری سیاسی لە سەردەمی حوکمڕانی پاشایەتیدا ئەوە بوو کە لە ساڵانی نێوان 1925 تا 1958 عێراق 50 حکوومەتی بە خۆوە بینییەوە. حوکمڕانەکان لەو سەردەمەدا بە بڕیاری ئینگلیز سیاسەتیان بەڕێوە دەبرد. کاتێک کە کورد لە چلەکاندا شۆڕشی دەکرد، فڕۆکەکانی ئینگلیز بۆردمانی کوردستانیان دەکرد، لە سێدارەدانی تێکۆشەران لەو سەردەمەدا بە بڕیاری باڵوێزخانەی بەریتانیا بوو. 

حوکمڕانەکان لە سەردەمی کۆماریدا دیسانەوە نەیانتوانی سەروەری دەوڵەت بپارێزن و هەردەمڕێگای توندوتیژی و سەربازییان هەڵبژارد بە بیانووی پاراستنی سەروەری خاکی وڵات و لەم بوارەدا حوکمی بەعس ملکەچی پێشێلکردنی سەروەری خاکی دەوڵەتی عێراق بوو کاتێکڕێککەوتننامەیجەزائیری ساڵی 1975 لەگەڵ ئێراندا مۆرکرد، و پاشان لەڕێگای ئەنفال و جینۆسایدەوە سەروەری دەوڵەتی دەپاراست.

لە 2003وە دیسانەوە دەوڵەتی عێراق بەپێی بڕیاری خودی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان داگیرکرا و سەروەری نەما، و هەرچۆن بەریتانییەکان دەوڵەتی عێراقیان بەو شێوە شێواوە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا دروست کرد، و لە ساڵی 1925 قانوونی ئەساسییان بۆ ئەم دەوڵەتە دانا، بە هەمان شێوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیی ئێران سەرلەنوێ بە شێواندنێکی نوێ دەوڵەتی عێراقیان دامەزراندەوە و دەستوری ساڵی 2005یان بۆ دانا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاڕێککەوتننامەی ئەمنی لەگەڵ ئەم دەوڵەتە و بوونی لە سەر خاکەکەی هەیە، و کاتێکیش ئەم بوونە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێران ناگونجێت، حکوومەتی عێراق ئەم بوونە بە پێشێلکردن دادەنێت. دەوڵەتی ئێران بە هۆی هەژموونی میلشیای و حزبی سیاسی تایفەگەری کە حوکمی عێراق دەکات پێی وایە سەروەری سەرەکی دەبێ بۆ دەوڵەتی ئیسلام و ولایەفقیە بێت، و بایەخ بە بوونی بابەتێک نادات کە ناوی سەروەری دەوڵەتە، و هەردەم لای وایە سەروەری تایفەگەری لە سەروەری خاکی دەوڵەتێک پیرۆزترە.

لە تێکڕای خوێندنەوە بۆ بابەتی سەروەری لە عێراقدا دەردەکەوێت کە دەوڵەتێکی تایفەگەری شکستخواردووە و پێشەنگی گەندەڵی و خاوەنی دۆسییەکی گەورە لە جینۆساید، و دەوڵەتێک کە دوور لە بڕیاری ئازادانەی پێکهاتەکانی و پەرەسەندنێکی ئاسایی دروست کرابێ، سەقامگیری سیاسی و گەشەپێدانە و ئاشتی کۆمەڵایەتی بە خۆوە نابینێت و شتێک نامێنێت ناوی سەروەری دەوڵەت بێت. 

  • 1