ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دواى کۆڕەوە ملیۆنییەکەى گەلى کوردستان و هێرشەکانى سوپاى داگیرکارى عێراق بۆ کوردستان لەسەر دەستى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان لە کۆڕێ و پارێزگاى سلێمانى تێکشکان و بە چۆکداهاتنى بەعسى شۆڤێنى و ڕەفتارى فاشى لە بەرانبەر ئیدارەى پۆڵاینى گەلەکەمان بە پێشڕەوایەتى بەرەى کوردستانى بەدوا داهات و پەیوەندى و دیدار و پاشان وتووێژ لە نێوان حکوومەتى عێراق و بەرەى کوردستانى دەستى پێکرد لێژنەى هاوکارى (تەنسیق) لە نێوان نوێنەرانى حکوومەت و بەرەى کوردستانى پێکهێنراو لە پارێزگاى هەولێر بە بڕیارى بەرەى کوردستانى بەڕێز (فاروق جەمیل) بووە بەرپرسى لێژنەى هاوکارى حکوومەت لە سەر ئاستى پارێزگاى هەولێر بارەگاى لەشارى هەولێر کردەوە. لێژنەى بەرەى کوردستانى پارێزگاى هەولێر لە کۆتایى مانگى نیسانى 1991 بارەگاى لە شارۆچکەى شەقڵاوە کردەوە، ڕۆژانە ئەندامانى لێژنەى بەرە ئامادەبوونیان لە بارەگاى بەرەى کوردستانى هەبوو، خەڵکێکى زرۆیش سەردانییان دەکردن و گیروگرفتەکانییان لە بەر ڕۆشنایى بڕیارەکانى سەرکردایەتى بەرەى کوردستانى چارەسەر دەکران، گیروگرفتەکان بەزۆرى دەربارەى زەوى کشتوکاڵى بوو، ئەو زەوییانەى کە هیى پێشمەرگەکانى کوردستان و ئەو تێکۆشەرانە بوون، کە گیرا بوون لەلایەن دامودەزگاکانى ڕژێمى خوێنڕێژى بەعسەوە یان دەربەدەر بوون و جاشەکان و پیاوانى حزبى بەعس داگیریان کردبوون، بە بڕیارى بەرەى کوردستانى بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێنرانەوە، هەروا ژمارەیەکى زۆرى خانوو و زەوى و دوکان و ئۆتۆمبێل و شتى ترى لەم جۆرانە، کە هیى تێکۆشەرانى کوردستان بوون و لەلایەن پیاوانى بەعسەوە کڕابوون و (تاپۆ) کرا بوون هەڵوەشێنرانەوە و ، بەم جۆرە بەخاوەنە تێکۆشەرەکانیان دەدانەوە، یان هەر جۆرە گیروگرفتێکى تر هەبووایە یا ڕوویبدایە و دەبوو بەرەى کوردستانى چارەسەرى گونجاویان بکات.

هەفتانە لێژنەى بەرەى کوردستانى پارێزگاى هەولێر کۆبوونەوەى ئاسایى سازدەدا، جگە لە دیدارى ڕۆژانەى نێوان ئەندامانى لێژنەى بەرە بە مەمەبەستى ساز و پوختکردنى ئیش و کارەکانى لێژنەى بەرەى کوردستانى، بۆ ئەوەى بڕیارەکانى بەکۆى دەنگ وەربگیرێت، لێژنەى بەرەى کوردستانى لە پارێزگاى هەولێر داهاتى لە چاو لێژنەى بەرەى کوردستانى پارێزگاى سلێمانى و دهۆک کەم بوو، بەهۆى ئەوەى خاڵى سنورى حاجى ئۆمەران و هەموو داهاتەکانى گومرک لە ژێر دەسەڵاتى (مەکتەبى تەنفیزى) بەرەى کوردستانى دابوو، هەر لە (مەکتەبى تەنفیزى بەرەى کوردستانى) دابەش دەکرا، جگە لە دابین کردنى هەندێ پێویستى ڕۆژانەى دامودەزگاکانى حکوومەت بەتایبەتى لە دەرەوەى ناوەندى پارێزگاکان. لێژنەى بەرەى کوردستانى لە پارێزگاى هەولێر هەندێ ڕێوشوێنى گرتبووەبەر بۆ پەیداکردنى هەندێ داهات و هەندێ جاریش (مەکتەبى تەنفیزى) یارمەتى بۆ لێژنەى بەرەى پارێزگاى هەولێر ڕەوانە دەکرد، نوێنەرى لایەنەکانى حزبەکان لەبەرەى کوردستانى هەر (15) ڕۆژ جارێک بەشەداهاتى گومرگى لێژنەى بەرەیان بۆ حزبەکانیان لەسەر ئاستى مەڵبەند و لق و لێژنەى پارێزگاکان وەردەگرت، بەشى پارتى و یەکیتى لە داهاتى گومرگ وەکو یەک بوو، هەر یەکەیان 30%ی کۆى داهاتییان بەردەکەوت، (40%) دەمایەوە بۆ حزبەکانى تر کە بریتى بوون لە (حزبى شیوعى و سۆسیالیست و پارتى گەل و پاسۆک و زەحمەتکێشان و بزووتنەوەى دیموکراتى ئاشورى) بەشەکانییان کەم بوو لە چاو بەشى پارتى و یەکێتى، یەک دوو جار نوێنەرى حزبى سۆسیالیست بەڕێز مامۆستا (ئەمین قادر) یادى بەخێربێت، باسى ئەوەى لەگەڵ کردم، کە بەشیان لە داهاتى گومرگ کەمە و بەشى خەرجى و پێداویستییەکانییان لە هەولێر ناکات، هەروا دەیگوت حزب لە هەولێر پێشمەرگە و کادیر و بارەگاى زۆریان هەیە، بۆیە بەپێویستى دەزانى بەشەکەیان لە داهاتى گومرگ زیاد بکرێت، منیش پێشنیارم بۆى کرد کە بەباشى دەزانم لە کۆبوونەوەى لێژنەى بەرە باسى بکات و داوا لە یەکێتى و پارتى بکات بۆ ئەوەى لەبەشى خۆیان یەک و دوو بەشیان بۆ زیاد بکەن، مامۆستا (ئەمین) بیرۆکەکەى پەسندکرد و لە کۆبوونەوەى لێژنەى بەرە داواى کرد کە خاڵێک لە خشتەى کارى لێژنەکە سەبارەت بە پشکەکانى حزبەکان لە داهاتى گومرگ قسەى لەسەر بکرێت، داواکەى خرایە بەرنامەى کار، بەڕێز (مامۆستا ئەمین) داوا و پێشنیارەکەى بەم جۆرە خستە ڕوو، گوتى ئێمە وەکو حزبى سۆسیالیست لە هەولێر ژمارەیەکى زۆرى پێشمەرگە و کادیر و بارەگامان هەیە ئەو بەشەداهاتەى لە بەرە وەریدەگرین بەشى ئەنجامدانى ئەرکەکانمان ناکات، بۆیە داوا لە بەڕێز مامۆستا (محەمەد) کە نوێنەرى پارتى بوو ، و لە بەڕێز کاک (حەسەن کوێستانى) دەکەم هەریەکە و بەشى حزبەکانیان یەکە و پشکەک بدەنە ئێمە ئێوە بەشەکانتان زۆرە و، دەتوانن یارمەتى ئێمە بدەن، ئەوەى داوا دەکەم ڕاى حزبە، ئێمە بەتەواوەتى ناتوانین خواردنى ڕۆژانەى پێشمەرگەکانمان دابین بکەین، وتووێژ و قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە درێژەى کێشا و نوێنەرانى حزبەکانیش ڕاو بۆچوونیان دەربڕى و لەگەڵ داوایەکەى نوێنەرى حزبى سۆسیالیست هاوڕا بوون و لایەنگرى داوایەکە بوون، بەڕێز مامۆستا (مەلا محەمەد) یادى بەخێر، گوتى ئەم داوایە ڕەوایە، بەڵام کاتى خۆى حزبەکان داهاتیان وا دابەشکردووە و بڕیارییان لەسەر داوە، دەبێت من بۆ سەرکردایەتى پارتى بگەڕێمەوە و داواکەى مامۆستا (ئەمین) باس بکەم و ڕاى حزب وەربگرم. ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕا هەر بەردەوام بوو، نەبڕایەوە و نوێنەرى سۆسیالیست هەوڵیدەدا هەر لە لێژنەى بەرەى کوردستانى لە هەولێر داواکەیان یەکلا بکرێتەوە، لە کۆتاییدا کاک (حەسەن کوێستانى) گوتى بەڕێزان بۆ ئەوەى مەسەلەکە کۆتایى پێبێت، ئێمە وەکوو یەکیتى پشکەکى خۆمان پێشکەش بە حزبى سۆسیالیست دەکەین، با بەشى ئێمە لە 29% بێت، لێرەدا کاک (حەسەن کوێستانى) کۆتایى بە گرفتەکە هێنا و لە کۆنووسى کۆبوونەوەکەدا ئاماژەى بۆ کرا. ڕۆژى دواتر لە کاتژمێر پێنجى ئێوارە لە بارەگاى بەرەى کوردستانى بووم، (حەسەن کوێستانى) هاتە ژوورەکەم و دانیشت، دواى چاخواردنەوە گوتى، هاوڕێ (ڕەوەند) باسى گیروگرفتێکت بۆ دەکەم داواکارم هەوڵى چارەکردنى بدەى و گوتى، دوێنێ ئێوارە کە گەڕامەوە مەڵبەند و لاى برادەران باسى مەسەلەى داواکەى سۆسیالیست و بڕیارەکەى خۆم بۆیان کرد، برادەرانى مەڵبەند هەموویان لەگەڵ بڕیارەکەى مندا نەبوون و ناڕازى بوون، داوایان کردووە کە دەبێ ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکى لیژنەى بەرە ساز بدەین و من لە بڕیارەکەى خۆم پاشگەزببمەوە، بەردەوام بوو، گوتى برادەرانى مەڵبەند لەبەر کەم بوونى چەند هەزار دینارێک نییە لە بەشى یەکێتى، بەڵکو بەهۆى ئەوەیە ئەگەر بەشى ئێمە وەکوو یەکێتى لەبەشى پارتى کەمتربێت واتە پارتى بە 30% بێ و بەشى یەکێتى لە 29% بێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە یەکێتى لە پارتى بچووکترە، ئەمەش قبوڵ ناکرێت و گوتى منیش لەگەڵ ڕاى برادەرانى مەڵبەندم، چونکە ئەوان ڕاست دەکەن، هەروا گوتى برادەران ئاگادارییان کردم کە کاتێک بەشە پارەى یەکێتى وەردەگرم، ئازادم چۆنى بەسەر خەڵکى هەژار و پێشمەرگە دابەش بکەم، بەڵام بەهیچ جۆرێک لەگەڵ کەمبوونەوەى بەشەداهات نین، بۆیە داوا دەکەم و پێشنیار دەکەم دیدارێکى لێژنەى بەرە ڕێکبخە و بەندەش لە پێش لێژنەکە لە بڕیارەکەى خۆم پاشگەز دەبمەوە، دیدارەکەى لێژنەى بەرەى کوردستانى ڕێکخرا و کاک (حەسەن کوێستانى) ئاگادارى ئەندامانى لێژنەى بەرەى کرد و گوتى من دوێنێ بڕیارمدا پشکێک لە بەشە داهاتى خۆمان بدەمە برادەرانى حزبى سۆسیالیست، بەڵام لەبەرئەوەی برادەرانم لە سەرکردایەتى مەڵبەند پەسندى بڕیارەکەى منیان نەکرد، بۆیە منیش لە بڕیارەکەى خۆم پاشگەز دەبمەوە و بەشى ئێمە 30% دەبێت وەکوو بڕیارى بەرەیە، کۆتایى بە بڕیارەکەى کاک (حەسەن کوێستانى) هات و داواکەى حزبى سۆسیالیست جێبەجێ نەکرا. یەکێتى و پارتى هەر لەسەرەتاوە بڕیاریان دابوو کە نابێت و ڕێگا نادەن هیچ کامیان لەوەیتر بچووکتربێت، بۆیە لەبەر ڕۆشنایى ئەم بیرۆکەیە لە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان حکوومەتى (ففتى – ففتى)یان دامەزراند و وەزیر و جێگرى وەزیر دەسەڵاتیان وەکوو یەک بوو، بۆیە جەماوەرى گەلەکەمان بەجێگرى وەزیریان دەگوت ڕێگرى وەزیر!! ئەوەتا تاکوو ئێستاکە گەلەکەمان باجى حکوومەتى (ففتى – ففتى) کاتى خۆى دەدات، ئێستاکەش نیشانەى دوو زۆنى و دوو ئیدارەیى لێرە و لەوێ دەردەکەوێت، ئەوەتا (غاز) لەم لاوە ڕێگرى دەکرێت بگاتە ئەم لایە، ڕۆڵەکانى گەلەکەمان باجى ئەو ڕێگرییە کە دەدەن و حکوومەتیش دەستەوەستان وەستاوە، لەبەرانبەر چەکدارى دەستڕۆیشتوو .. !!

  • 1