ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئيدريس سديق/ لە بیرەوەری کودەتا شوومەکەی 8 ی شوباتی 1963 / 14 ی رەمەزان 

 لە پەراوێزی رێکەوتننامەکەی جەزائیر 1975 / 3 / 6 بێئەزموونی یا خیانەت ! لە میانەی کۆبوونەوەکانی سەرانی OPC لە جەزائیری پایتەخت ، لە ئامێز گرتنی محەمەد رەزا شا ، شای ئێران و سەدام حوسێنی جێگری سەرۆكکۆماری عیراق ، دیمەنەکە جێگای تێڕوانین و سرنجڕاکێشان و حەپەسانی بەشداربووان بوو ، دەرهاوێشتەکەی شکستهێنانی بزووتنەوەیەکی هەرە بەهێزی رۆژهەڵاتی ناوین بوو ، کە بەڕێکەوتنی شوومی جەزائیر ناودەبرێ و ئەگەر هەوڵ و کۆششی هەواری بۆمدیەنی سەرۆکی ئەوکاتی جەزائیر نەبوایا ئەو رێکەوتنە بەئاکام نەدەگەیشت . بار و دۆخێکی چاوەڕواننەکراو و هەستیار چاوەڕوانی کوردی دەکرد . ئێران سوودمەندی یەکەم بوو کە توانی سنووری وشکانی و ئاوی بە رەسمی لەگەل عیراق یەکلا بکاتەوە و رژێمی عیراقیش بە هەر نرخێكبێت کۆتایی بە بزووتنەوەکە بهێنی ، ( من ساڵێك شەڕتان لەگەل دەکەم ، ئەگەر نەمتوانی بە شەڕ کۆتاییتان پێبێنم ، ئەوا تەنازول بۆ هەر لایەنێكبێ دەیکەم بۆ ئەوەی ئەو بزووتنەوەیە کۆتایی پێبێت ) ( سەدام حوسێن ) . بەهاری ساڵی 1975 ، بەهارێکی کەمەرەشکێن بوو بۆ گەلی کورد و بزووتنەوەکەی و خەڵکیش ئەو کارەساتە جەرگبڕەیان بە ئاشبەتاڵ ناوزەدکرد . سەرکردایەتی  دەیانوت خیانەتمان لێکراوە ، بەڵام مێژوو دەڵێ کێ خیانەتیکرد و خیانەت لە چی کراوە ؟  ئەندازیاری رێکەوتنەکە هەردووك لە شای ئێران و سەدام حوسێن بوون ، بەڵام سەرکردایەتی کورد زیاتر پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمریکا درێژدەکرد . پەیوەندی سەرانی کورد و هەواڵگری CIA ی ئەمریکی بە ئاگاداری شا بوو و هەر لە ساڵی 1972 تاساڵی 1975 وەوە دەستیپێکرد بە کۆمەك و یارمەتی بە بڕی پتر لە 20 ملیۆن دۆلار و پتر لە 1250 تەن لە فیشەك و تەقەمەنی و کەرەسەی جەنگی . شای ئێران لە رێگەی ساواکەوە بەبڕی 30 ملیۆن دۆلار جگە لە چەك و تفاقی جەنگی پێشکەوتوو بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەکە دژی حکومەتی عیراق و ئەمەو جگە لە لایەنیتر ، هاوکاریەکان زۆر بە نهێنی و پەردەپۆش کرابوون نەبادا ئاشکرا بێ . لە دوای گەڕانەوەی شا رۆژنامە نووسان پرسیاریان لێکرد ئاخۆ چارەنووسی کورد چی دەبێ لە دوای ئەو رێکەوتننامەیە ؟ لە وەڵامدا شا وتی : ( ئیتر پێویستیمان بە بزووتنەوەی کورد نیە و دەبێ رایبگرن ) یا ( وەك شێرەی ئاوە هەرکاتێ بمەوێ دەیکەمەوە یا دایدەخەم ) یا ( ئەوەی ویستم بۆ ئێران بەدەستمهێنا ) . هەروەها لە دزەکردنی هەوالەکان لە لایەن هەندێ لە سەرانی عەرەبی بەشداربووی کۆنگرەکە کە سەدام وتبوی : ( بەهەر نرخێکبێت لە گەل شا رێکدەکەوم بزووتنەوەکە تەفر و توونا دەکەم ) هەر واش دەرچوو . بەڵام کێ خیانەتیکرد ؟ ئەمریکاش بۆ بەرژەوەندی هەژمونی خۆی لە ناوچەکەدا هاوکاری کوردی دەکرد ، بۆ ئەوە نەبوە کورد بە مافی رەوای خۆی بگات و هەرێمی سەربەخۆی خۆی هەبێ ، هەروها بۆ سنووردارکردنی دەست واڵایی رووسەکان لە ناوچەکە . هێنری کێسینجەری وەزیری درەوەی ئەمریکاش لەو سەر و بەندەدا وتی : ( ئێمە کڵێسا نین تا ئەخلاق باسبکەین ، ئەوە سیاسەتە وئێمە بەشوێن بەرژەوەندیەکانمانین ) . پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە : ئایا دەسەڵاتی کوردی ئاگاداری ئەو هەموو تەونە جاڵجاڵۆکەییەی هەواڵگری ناوچەیی و هەرێمی و بیانی نەبوون بەتایبەتی شای ئیران کە دەستی سوورە بە خوێنی گەلی کوردمان و لە بار بردنی کۆماری مهاباد و لە سێدارەدانی سەرکردەکان ؟ ئاخۆ دەبێ خوێندنەوەیەکی سەرپێیان بۆ نەکردبێ ؟ هەرچەندە لەناو سەرکردایەتیشدا رەنگە جۆرێ لە سلەمینەوە هەبوبێ لەو تێکەڵاوبوونەی هەواڵگری و کۆمەك و هاوکاری و نزیکبوونەوە لە ئێران کەپێشبینیانکردبوو بە خراپ بەسەریاندا بشکێتەوە .بەڵام بە پێوەری بۆچوونی ناوەندەکانی توێژینەوە و بەدواداچوون و شارەزایان کەس خیانەتی لە کورد نەکردوە ، بەڵکو بێ ئەزموونی سەرانی کورد خۆیان خیانەتیان لە دۆزەکە کردوە و هەموو هێلکەکانیان خستۆتە سەبەتەی ئێران و یاری شەترەنجەکە بە شێوازێك بشکێتەوە لە بەرژەوەندی ئەودا بێت و لە ئایندەشدا مایەی کەڕەتێکی تری گەڕانەوەی هەبێت لە دۆخێکی تری گونجاو ، هەروەها ئاماژەیان بەوەشداوە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتو گۆی هێمنانەی دوور لە هەڵپەهەڵپ ، ئامانجەکان لە مەودایەکی نزیك یا دوور دەپێکی . مایەی نیگەرانیەدەسەڵاتی کوردی ئەوەندە کورتبین و نالۆژیکانە و نابەر پرسانە بیریکردۆتەوە و بە مستێ ئاو کەوتۆتە مەلە و وایکرد دوژمنان لەسەر جەستەی تێکشکاو و ماندووی کورد ئاهەنگ بگێڕن .(!)

  • 1