ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هیوا عومەر/ نەوت و ستەمکارى

لە بارەی چۆنیەتی سەرهەڵدان و تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، گریمانەو تێگەیشتنی زۆر و جیاواز هەیە، لە هەمووحالەتێكدا ناتوانین پەیوەندی ئەم ڤایرۆسە داببڕین بە پیس بوونی ژینگەی ژیان بەگشتی، كە هۆكارەكەی سیستەمی سەرمایەداری تازەیە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی راستەوخۆی قازانج پەرستی كۆمپانیاكان بەسەر سیاساتی گشتی و دەوڵەتەكان و سیاساتی نێودەوڵەتیدا، وەك درێژكراوەی دروستكردنی قەیرانەكانی شەر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە مەبەستی گواستنەوەی جوگرافیای قەیران و دۆزینەوەی بازار و تاڵانكردنی سامانی ئەو ناوچانە . تەشەنەكردن و گەورەكردنی كۆرۆناش ناتوانین داببڕین لە شەری بەرژەوەندی و ململانێی كۆمپانیاو زلهێزەكانی دوونیادا .

لە ئاستی ناوەخۆیدا، خوێندنەوەمان هەرچییەك بێت لەو بارەیەوە، ئێستا ناتوانین بەدووربین لە رووبەروو بونەوەی راستەوخۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا. بەڵام چ جۆرە رووبەروو بونەوەیەك، وەك ئەوەی لای خۆمان دەگوزەرێت، دەتوانین جەنگاوەرێكی نەدۆراوبین لە بەرامبەریدا؟

لەماوەی سەرهەڵدانی یەكەم حاڵەت لە هەرێمی كوردستان تا بەئەمرۆ پێویستمان بە هەڵسەنگاندنێكی خێرا هەیە. لە ئاستی گشتی و تاكە كەسی و هەنگاوەكانی حكومەتیش، نەمان توانیوە رێگای بەرەنگاری دورست هەڵبژێرێن. بەپێی بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەكان ئاستی خزمەتگوزارییەكانی حكومەت لە دابینكردنی پێداویستییە تەندروستییەكان و هەنگاوەكانی خۆپارێزی لە ئاستێكی زۆر سەرەتایی و لاوازدایە، تەنانەت بەشێك لە دكتۆر و كارمەندانی تەندروستی و هێزەكانی ناوەخۆ ئامادەیی رووبەروو بونەوەو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی و جێ‌ بەجێ‌ كردنی رێوو شوێن و ئیجرائاتەكان نین بەهۆكاری نەبوونی پێداویستییەكانی خۆپارێزی و هەروەها بەشێكیشی پەیوەندی بەترس و لاوازی خۆدی كەسەكانەوە هەیە، ئەمەش بێگومان هۆكاری خۆی هەیە وەك دەرئەنجامێك دەبێت بیبینین .

لە ئاستی گشتیدا پەرچەكرداری پێچەوانەوە و جیاواز دەبینین، بڵاو بونەوەی ترس و دڵە راوكێیەكی زۆر لە كۆمەڵگەدا، هێزی بەرەنگاریمان پێش گەیشتنی ڤایرۆسەكە لەناو دەبات. رەنگە بەشێكی زۆرمان متمانەمان نەبێت بەم سیستەمە تەندروستییەی هەیە بمانپارێزێت، بەڵام بڵاو بونەوەی دڵەراوكییەكی لە ڕادەبەدەرو ترسێكی زۆر، قورەكە خستتر دەكات. لە لایەكی تر دەستوەردان و فتواكانی لێژنەی باڵای فتوای هەرێم بە پێچەوانەی رێنماییە تەندورستییەكان كاریگەری خۆی جێ‌ هێشت لەسەر ئامادەیی هاوڵاتیان بە جێ‌ بە جێ‌ كردنی رێكارەكانی خۆپارێزی، ئەمەش رەنگی دایەوە لە ئەنجامدانی نوێژی بەكۆمەڵ لە دەرەوی مزگەوت و لەق بوونی باوەری خەڵك بە رێنماییە زانستی و تەندروستییەكان و تەسلیمبوون بە رێگای نازانستی و خورافی .

لە نێوان بیری خورافی و ترسێكی زۆردا ، هەڵبژاردەی باوەربوون بە بەرەنگاربونەوەی ئەم ڤایرۆسە بە رێگای زانستی و جێ‌ بەجێ‌ كردنی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و ناوەخۆیی، رێگا ڕاستەكەیە. لە هەلومەرجی ئەمرۆماندا چاوەری چارەسەری و پاراستنی تەندروستی گشتی لە لایەن دەوڵەتەوە بێ‌ ئەنجامە، بەهۆی خراپی سیستەمی تەندورستی و وەرگەڕانی بۆ كەرتی تایبەت و بزنس. لە دۆخی بڵاوبونەوەی پەتاو ڤایرۆس و نەخۆشكەوتنی زیاتری خەڵك، بۆ ئەوان یەكسانە بە قازانجی زیاتری كۆمپانیاكان . هەرچەندە داتاكانی توشبون و گیان لە دەستدانی هاوڵاتیان بە نەخۆشییە وەرزییەكان و درێژخایانەكان لە ئاستی ناوەخۆی هەرێم دیارنییە تەنانەت لە ئاستی جیهانیش بەڵام بەپێی ئەوەی دەست كەوتووە تا بە ئێستا توش بوون و گیان لە دەستدانی هاوڵاتیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا حالەتە نەك دیاردە بە بەراورد بە نەخۆشییەكانی تر. بۆ ئەمرۆمان ئەولەویەت، خۆپارێزی كەسی و وشیاری تەندروستی، باشترین بژاردەیە و دەبێت خۆمان خەمی تەندروستی خۆمان و گشت بخۆین لە زەمەنی كۆرۆنا و دوای كۆرۆناش .

  • 1