ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەندرێن ئەحمەد/ مافی خەڵك..بەهای مرۆیی..دادپەروەری

جارێکی دیکە ناچارم باسی متمانەی هاووڵاتی بە حکوومەتەوە بکەم، کە چەندە گرنگە ئەم متمانەیە بەهێز بکرێتەوە، بە ڕوونی دیارە خەڵک بەقسەکانی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بڕوا ناکات، هۆکاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی خەڵک بەلێدوان و ڕێوشوێنەکانی حکوومەت بڕوا نەکات، بۆیە هەتا ئێستا پێشێلی ڕێوشوێنەکان دەکرێت.

لەهەر وڵاتێکیش هاووڵاتی بڕوای بە حکوومەت و بەرپرسان نەکرد، ئەمە بە لاوازترین خاڵی ئەمنی قەومی دادەنرێت، چونکە دوژمنانی دەرەکی و ناوەکی، لەم کەلێنەوە دەتوانن زەفەرت پێببەن.

حکوومەتی چین، لەبەرەنگاربوونەوەی ڤیرۆسی کۆرۆنادا، هەموو کۆششی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕزگارکردنی میللەتەکەی بەکاردێنێت، هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتە بەر، ئینجا ئەنجامەکەی هەرچییەک بێت، لەکەسیش قبول ناکات پێشێلی ڕێوشوێنە پێویستەکانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە بکات، وا دەستی بەناردنی هاوکاری بۆ هەندێک لەوڵاتان هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش کردووە.

ئەمریکا و ئیتاڵیا و کۆریای باشور، بەهەمان شێوە ڕێوشوێنی پێویستیان گرتۆتە بەر، بەڵام جیاوازی لەوەڵامدانەوی هاووڵاتییانییاندا هەیە بۆ بڕیارەکانی حکوومەت، بۆنموونە ئیتاڵیا ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی تووشبووانی زیاد دەکات، ئێستا بەرپرسانی وڵات لەخۆیان دەپرسن بۆچی؟ هێشتا بەدوای وەڵام دەگەڕێن، هەرچەندە لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەزۆر شت دەکرێت، بەڵام لەڕاستیدا، ڕێوشوێنەکانی حکوومەت لەئاستی پێویستدا نییە، چونکە نوخبەیەک گومانییان دەخاتە سەر و هاووڵاتییانیش مەترسی نەخۆشییەکەیان بەکەم وەرگرتووە.

لەهەرێمی کوردستان، بەگەرمییەوە هەواڵی بەرەنگاربوونەوە و بەرپێگرتنی نەخۆشییەکە باس دەکرێت، بگرە لەوەش زیاتر لەهەموو جیهان، باس و خواسی لەسەرە، حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕۆژانە داتا و زانیاری بڵاو دەکەنەوە، ڕێوشوێنی پێویست بڕیار دەدەن، بەڵام ئایا بەگشتی خەڵک بەتەواوی جێبەجێیان دەکات؟ ئایا بڕوایان بەم ڕێوشوێنانە هەیە؟

لەسۆشیال میدیا قسەوباسی پێکەنیناوی دەبینی کە نیشانەیە لەسەر ئەوەی خەڵکێکی دیاریکراو بەزۆری دەیەوێ گومان لەسەر ڕێوشوێن و لێدوان و زانیارییەکان دروست بکات، بۆچی ئەم حالەتە دروست بووە، چونکە تاکو ئێستا هاووڵاتییان متمانەی تەواویان بە بەرپرسانی وڵات و لێدوانەکانیان نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەم نەخۆشییە ڤایرۆساوییە، چەندە مەترسییە ئینجا هێشتا خەڵکێک پێشێلی ڕێوشوێنە خۆپارێزییەکان دەکەن، گومان هەیە، کە دەڵێ هەندێک کەس دەیەوێت خۆی لە ئیجرائاتەکان بەدەربکات، بەقاچاخ خۆی لە کەرەنتینەکردن بدزێتەوە، یان بەنیازە لەنەخۆشخانەیەکی تایبەت و لەژوورێکی ڤی ئای پی چارەسەری ئەم نەخۆشییە وەربگرێت، کەچی ئەم ڤایرۆسە نەئاغا و نەگەدا دەناسێت، مەگەر هەر لەوەدا، هەمووکەس وەکو یەک بن، کە کەس بەرگری تایبەتی نییە بۆ خۆپاراستن، ئەوەی هەیە دەبێت گشتی بێت.

حکوومەت ڕێگای دووورودرێژی لەبەردەم ماوە بۆ ئەوەی متمانەی تەواوی هاووڵاتییانی بەدەست بهێنێت، چونکە گەندەڵی هەموو شتێکی گرتۆتەوە، بۆ متانە دروست بوون، خەڵک پێویستی بەبەڵگەی یەک بەدوای یەکە، نەک دڵەڕاوکێی نێوان ڕاستی و ناڕاستی، بۆنموونە کە سەری مانگ دادێت، هەواڵی هاتن و نەهاتنی مووچە جێگای هەموو شتێک دەگرێتەوە، کە بڕیارێک دەردەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی خەڵکی ئەنجامەکەی نابینن، بەرپرسێکی ناسراو بەئاشکرا نەدراوەتە دادگا، کە باسی بازرگانی بەمادەی هۆشبەر دەکرێت، بازرگانێکی گەورە کە لەپشتی بازرگانە بچووکەکانەوەیە، ناوی ئاشکرا ناکرێت، کە باسی نەهێشتنی زیادەڕۆییە لەسەر موڵکی گشتی، بۆ هەندێک دادەپۆشرێت و بەیاسایی دەکرێت و ئۆپەراسیۆنی گەورەی بەکامیراوە بۆ سەر شوێنە بچووکەکان دەکرێت، ئایا بەرپرسانی وڵات وادەزانن میللەت ئەوەندە نەزان و ناکامڵە بەو شتانە بڕوای دێت؟ بەڵام ئەگەر بڕیارە لەدەوڵەتداریدا بەرەوپێشەوە بڕۆین پێویستە ڕێگاکانی بەردەم هەموو جۆرە گەندەڵییەک بەئاشکرا و بەڕێوشوێنی یاسایی بگیرێت.

کاتێک حکوومەت دەڵێت هەموو کۆبوونەوەیەکی قەرەباڵخ و کۆڕ و شوێنە گشتییەکانی داخراو پێویستە دابخرێن، بەمانای هەموو شوێنەکان، مانای چییە یەکێتی زانایانی ئیسلامی خۆیان لە ئیجرائاتەکان بەدەردەکەن، باشە ئەگەر یەکەم کەسی کە بەم ڤایرۆسە کۆچی دوای کرد گریمان (مەلا) نەبووایەو هونەرمەندێک یان شاعیرێک بووایە، چی دەگوترا و دەقەوما؟ 

کاتێک وەزارەتی تەندروستی شوێنی کەرەنتینەکردن و ستافی پێویست ئامادە دەکات، بۆچی دەبێت ڕێگا بدرێت کەسانێک یاری بەچارەنووسی ئەم ئیجرائاتانەوە بکەن، چۆن ژنێک چوار نەخۆشخانە دەکات و دواتر دەڵێت بەهۆی ئیشکاری ئێرانی تووشی نەخۆشی بووە، ئەم ئیشکالیاتانە لەکوێن؟ ڕیوایەتەکە چۆنە؟ ئایا ئەمە گومانی گشتی لەسەرئیجرائاتەکان دروست ناکات؟.

لەبەشی حەفتەمی یاسای سزادان لەبارەی تاوانەکانی زیانگەیاندن بەتەندروستی گشتی، لەمادەی 369 تاوانەکە ڕوونکراوتەوە، بەگونجاندنی لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە پێویستە ڕێوشوێنی تووند بۆ بەرەنگاربوونەوە بگیرێتەبەر و ڕێگا لەهەر ئەگەرێکی گەندەڵی کردن بگیرێت، ئینجا کەسەکان لەهەر پلە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی ...دابن. وڵاتی چین نزیکەی سێ هەزار کەسی بەم تاوانە سزاداوە. ئایا کامەیان هەرزانتر و باشترە، سزادانی سەرپێچیکاران یان خۆگێل کردن لەئیجرائاتە پێویستەکان؟.

 

  • 1