ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مەغدید حاجی/ لە یادی ۳۲ ساڵەی تاوانی کیمیا بارانکردنی هەڵەبجەدا

بێگومان هەرێمی کوردستان سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی زۆرە، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی هەرێمی کوردستاندا،پڕۆژەی ستراتیژی بۆ گڵدانەوەی ئاوو سوود لێوەرگرتنی بۆ هەمو بوارەکان، جێبەجێنەکراوە. 

پڕۆژەی بەنداوی بێخمە گەورەترین و بەسوودترین پڕۆژەی ستراتیژی بوو ، لە جیاتی هەوڵدان بۆ پاراستنی وتەواوکردنی، ئەوەندەی بونیادیش نرابو تاڵانکراو وێرانکراو بازرگانی بە کەرەستەکانی کرا...ئەو پڕۆژانەی تر کە باس دەکرێن و پارەی زۆریشیان لێ خەرجکراوە، بەشێکیان تەواو نەکراون، ئەوەی تەواویش کراوە لەماوەی دە پانزە ساڵی رابردوودا، نەمانبینی بۆ پێشخستنی کشتوکاڵ و وزەی کارەباو سامانی ماسی سوودی ئەوتۆیان لێوەرگیرابێت...

سەبارەت بە ئاوی ژێر زەویش لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە هەزاران بیر لەناو شارەکان لێدراون ، ئەمەش وادەکات کە لە ئایندە ئاوی ژێر زەوی زۆر لە کورتی بدات. ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم زیاتر هەوڵیان بدابا پشت بە پڕۆژەی ئاو ببەستن ،کەمتر بیر لێدرابا، زۆر باشتربوو، لەکاتی خۆی پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز بۆ هەولێر زۆر بەسوود بوون، بەڵام شار زۆر فراوان بووە، دەبوایە پڕۆژەی دیکەی ئیفراز جێبەجێبکرایە، بەڵام چونکە بودجەی زۆری دەوێت حوکمەتی هەرێم هەر دوای دەخات. هەروەها لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا لە دەوروبەری شارەکان و لەسەر زەویە کشتوکاڵییەکان بەهەزاران بیر بە یاسایی ونا یاسایی لێدراون، کەمێک لەم بیرانە لە پێناوی بەرەوپێشبردنی کشتوکاڵە، بەڵکو بەزۆری بۆ مەزرەعەو ڤێلای دەستڕۆیشتوو دەوڵەمەندەکانە، وای لێهاتووە دەشتەکشتوکاڵییەکان هەمووی بوونەتە مەزرەعەی تایبەتی، بێ ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ لەم بارەیەوە هەڵوێستی جددی هەبووبێت.

ئەمە هەمووی دەبێتە کەمبوونی ئاوی ژێر زەوی لە ئایندەدا، گەورەترین گرفت بۆ نەوەکانی ئایندەمان جێدەهێڵین.

جگە لە دیاردەی بە فیڕۆدانی ئاو لە ناو شارەکاندا کە تاکو ئێستا دەسەڵات نەیتوانیوە چارەسەرێکی دروست و بەردەوامی بۆ جێبەجێبکات.. ئەوەی جێگای داخیشە دەبینین لە ساڵانی رابردو تاکو ئێستا سەرەڕای زۆری سەرچاوەی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا بەڵام لە زۆر گەڕەکی شارەگەورەکان و شارۆچکە لە هاویندا دووچاری قەیرانی بێئاوی یان کەمئاوی دەبنەوە.

  • 1