ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

                     

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ قه‌یران له‌ دوای قه‌یران له‌ كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه‌و رۆژ له‌ دوای رۆژ هاوڵاتیان و كایه‌كانی ژیان به‌ ده‌ستییه‌وه‌ ئه‌ناڵێنن وپێش ماوه‌یه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرۆژه‌ یاسایه‌كی به‌ناو چاكسازی ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كردو له‌وێش به‌په‌له‌ وه‌ك هه‌وره‌ بروسكه‌ په‌سه‌ند كراو.

فه‌رمانبه‌ران وكریكاران و پێشمه‌رگه‌و زیندانیانی سیاسی و خانه‌نشینان به‌ هۆی نه‌بوونی‌ موچه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ناو گۆمێكی قوڵ و، ده‌ربازیان مه‌حاڵه‌و به‌ پێنه‌و په‌رۆ زامه‌كانیان سارێژ نابن و،  كه‌س له‌ حكومه‌ت تێناگات ونازانێت قه‌یرانه‌كان به‌رو كوێ ئه‌یانبات و، چاكسازییه‌كه‌ی كه‌ ناوم لێناو چاكوازی  له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌ن مۆڵ و كۆمپانییه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌و، قه‌ت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی چه‌وساوه‌ و هه‌ژاران نییه‌ و، پێویست ناكات حكومه‌ت په‌نا بۆ درۆو فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی ببات و، راست و ره‌وان له‌ سایه‌ی قه‌یران و هه‌ره‌شه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ئابوری و سیاسی حكومه‌تێكی لاوازو بێتوانامان هه‌یه‌.

حكومه‌تێك هه‌ست نه‌كات به‌ جیاوازی نێوان  كرێكارێك زیاتر له‌  30   ساڵ خه‌زمه‌تی كردبێت له‌ گه‌ڵ ئه‌ندام په‌رله‌مانێك  4 ساڵ به‌ناو نوێنه‌ری خه‌ڵك چووه‌ته‌ په‌رله‌مان و، كرێكاره‌كه‌ به‌ سه‌رماو سۆڵه‌ی زستان و گه‌رمای هاوین به‌ ره‌نج و هێزو بازووی توانیویه‌تی بژێوی خۆی خێزانی دابین بكات و به‌  300 ــ  400 هه‌زار دینار خانه‌نشین ئه‌كرێت به‌ڵام په‌رله‌مانتارێك 4 ساڵ له‌ سه‌ر كورسی دائه‌نیشێت و، له‌و 4 ساڵه‌ 8 كه‌ره‌ت یان زیاتر پشوو وه‌رئه‌گرێت ( پشووی وه‌رزی) و له‌ دواییدا به‌ 5 ـ 6  ملیۆن دینار خانه‌نشین ئه‌كرێت و، ئه‌م حكومه‌ته‌ی "" ئێمه‌"" تاقانه‌یه‌و سه‌قه‌ته‌و، پره‌ له‌ به‌رپرسی دزو گه‌نده‌ڵ ودرۆزن و،  ئاسایشی وڵات لاواز ئه‌كه‌ن وده‌ستی ده‌ره‌كی یارییان پی ئه‌كات و، ته‌نها بۆ نموونه‌ توركیا وئێران زۆر جار ده‌ستدرێژی ئه‌كه‌نه‌ سه‌ر كوردستان و به‌رپرسان سه‌ری خۆیان له‌ ئاستی دوژمنان نه‌وی ئه‌كه‌ن و ناوێرن كرده‌وه‌كانی دوژمنان ریسوا بكه‌ن.

كاتێك پرۆژه‌ی چاكوازییه‌كه‌ی  ( چاكسازییه‌كه‌ی) حكومه‌ت  چووه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌كانی به‌ گه‌رمی پێشوازییان لێكردو به‌ هه‌لیانزانی ئاینده‌ی خۆیان به‌ خانه‌نشینییه‌كی شیاوو قه‌به‌ مسۆگه‌ر بكه‌ن و، یه‌كسه‌ر ده‌ستكرا به‌ خوێندنه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌و له‌ پاش دوو سێ دانیشتن خستیانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سه‌ند كراو، به‌ رۆژێكی مێژوویی له‌ قه‌ڵه‌مدراو سه‌رۆكی په‌رڵه‌مان له‌ خۆشیانا شاگه‌شگه‌ بوو كه‌وته‌ قسه‌كردن و لێدوان وباسكردنی چاكوازییه‌كه‌و، به‌كارێكی گرنگ ناوی بردو، لێره‌دا ئه‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵك بن هیچ ماوه‌ بۆ خۆیان نه‌یانكردبێ، مانگانه‌ی 7 ملیۆنی، پاسه‌وان، ئۆتۆمبێلی به‌رز چونكه‌ خۆیان به‌رزن، خانوو زه‌وی وفول كاره‌باو ، لیژنەیەكی پەرلەمان ئاشكرای ئه‌كات، بەبێ هەبوونی بڕوانامە و بە تەنیا چەند مانگێك دەوام، چەندین راوێژكار لە پەرلەمانی كوردستان بە پارەی قەبە خانەنشین كراون.

سامان و پاره‌ی كوردستان ئه‌روات بۆ وه‌زیرو سكرتیرو راوێژكارو به‌رێوه‌به‌ری گشتی و راكه‌یاندن بۆ نموونه‌ 20 وه‌زیر له‌ كابینه‌ی چاكوازییه‌كه‌ی كوردستان هه‌یه‌و ژماره‌ی دانیشتوان به‌ 5 ملێۆن كه‌س دانراوه‌و، بۆ زانین له‌ ئه‌مریكا 14 وزیرو له‌ فه‌رانسا 15 وه‌زیرو  دانیشتوانی چین نزیكه‌ی یه‌ك ملیارو نیوه‌  27  وه‌زیری هه‌یه‌و، لای خۆمان سه‌دان سكرتێرو هه‌زاران راوێژكارو و به‌رێوبه‌ری گشتی هه‌یه‌و موچه‌ی ئه‌مانه‌ش له‌ 8 یان زیاتر بۆ وه‌زیرو 6  ــ 7 ملیۆن بۆ ئه‌وانی ترو، له‌ هه‌مووی سه‌یرتی لای چاكسازیبازان ئه‌وه‌ی له‌ حزبێك ده‌ركراو بێت یان خۆی به‌ هۆی گیرگرفت له‌ حزبێكی تره‌وه‌ بازی دابێت لای حزبه‌كانی حكومه‌ت یان سه‌رۆكایه‌تی هه‌ریمه‌وه‌ ئه‌كرێن به‌ راویژكار ( ئه‌ی بۆ نا ئه‌وه‌ش رێگایه‌كه‌‌ بۆ بته‌وكردنی ده‌سه‌ڵاتی حزب بۆ رۆژی ده‌نگدان و ته‌نگانه‌) و، له‌ سه‌ر باسی راوێژكار نابێت له‌ پیرما بچیت كه‌ بەشێك لە راوێژكاران  پاش مانگێك یان 6 مانگ خزمەتكردن لە پلەی راوێژكاری خانەنشین كراون و، هەندێكی تریش بە خزمەتی كەمتر لە ساڵێك خانەنشین كراون و، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره‌ گه‌ندڵییانه‌ نه‌بێت بۆ كوردستان توشی قه‌یران ئه‌بێت و، واسیته‌ و به‌رتیل رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌ دامه‌زراندنی راوێژكار، كه‌سی وایه‌ هه‌یه‌ بروانامه‌ی نییه‌ یان هیچ كارێكی نه‌كردووه‌ و ته‌مه‌نیان له‌ سه‌روی 80 ساڵه‌ و هه‌ندێكیان موراهیق و هه‌رزه‌ كارن له‌ پاش یه‌ك مانگ خانه‌نشین كراون و، له‌م رۆژانه‌ی كۆرۆنا خه‌ڵك دووچاری گیروگرفت و مه‌ینه‌تی بووه‌ته‌وه‌ 6 ئافره‌ت له‌ سه‌ر حسابی پارتی و سه‌روكی هه‌رێم به‌ پله‌ی راویژكار دامه‌زراون و، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ده‌یان هه‌زار گه‌نج ده‌رچووی په‌یمانگاو زانكوكان بێكارن و، له‌م رۆژانه‌دا به‌رپرسێك رایگه‌یاند 461 كه‌س به‌ پله‌ی وه‌زیرو بریكاری وه‌زیرو راوێژكارله‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ نایاسایی خانه‌نشینكراون و ، پێویسته‌ بڵێن خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت.

پاره‌یه‌كی زۆر بۆ راگه‌یاندنی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌ تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی خه‌رج ئه‌كرێت و هه‌ر یه‌كێكیان خاوه‌ندارێتی دامه‌زراوه‌یه‌كی گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن و، هیچ چاودێریك نێیه‌ پێیان بڵێت ئیوه‌ له‌ سه‌ر قوتی كرێكاران و هه‌ژاران  سامانی وڵات به‌فیرۆ ئه‌ده‌ن و، راگه‌یاندنه‌كان پرۆپاگه‌نده‌ی حزبه‌كانتان بڵاو ئه‌كاته‌وه‌و، پێویسته‌ خه‌ڵكی كوردستان داوا بكه‌ن ئه‌و هه‌موو بێژه‌رو پێشكه‌شكاره‌ی به‌رنامه‌و وكامێره‌مان و كارمه‌ندانی رۆناكی وبه‌شه‌كانی تری رۆژنامه‌و ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆن و سه‌ته‌لایته‌كان و هه‌رچی رۆژنامه‌نووس و په‌یامنیری ئه‌و ده‌زگا حزبیانه‌یه‌  به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فاف‌ به‌ خه‌ڵك بڵێن له‌ سه‌رچی بنه‌مایه‌ك دامه‌زراون وبه‌ پێچه‌وانه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌ روون نه‌كاته‌وه‌ پێویسته‌ شه‌رمه‌زارو ریسوا بكرێت چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ماف بێت‌ بۆ ئه‌وان ئه‌بێت حزبه‌كانی تریش بگرێته‌وه‌.

شاند هات و شاند چوو بكرێت به‌ به‌رنامه‌یه‌كی به‌زمی به‌زم  باشه‌ و، بیرۆكه‌ی شاند ناردن بۆ به‌غدا نه‌خۆشی كوشنده‌یه‌و، په‌تایه‌كه‌ له‌ كۆرۆنا مه‌ترسیدارتره‌و له‌ كابینه‌كانی پێشوو وله‌ كابینه‌كه‌ی ‌ چاكوازی شاند ناردن درێژه‌ی هه‌یه‌و هه‌موو چارێك له‌ كۆنفرانسی رۆژنامه‌گه‌ری بۆمبێك ته‌قیوه‌ته‌وه‌و درۆیه‌كی گه‌وره‌ی ‌ شاخدار وتراوه‌ له‌گه‌ڵ به‌عدا رێككه‌وتین و هه‌رێم رۆژانه‌ 250 به‌رمیل راده‌ستی عێراق ئه‌كات و، ئه‌م قه‌وانه‌ ئه‌وه‌نده‌ لێێدرا سواوه‌وو بێسووده‌و، نه‌وتی كوردستان ئه‌كرێته‌ قورگی توركیا و ئه‌ردۆگان دوژمنانی سه‌رسه‌ختی كوردان یان ئه‌چێته‌ گیرفانی به‌رپرسان.

كوردستان چۆن توشی قه‌یران نابیت ئه‌گه‌ر كوری به‌رپرسێك له‌ ئه‌وروپا بخوێنێت و ساڵانه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن دۆلار خه‌رجی بێت و، هه‌ژارێكێش له‌ سه‌ر عاره‌بانه‌ گوڵه ‌برۆژه‌ یان پاقله‌ بفرۆشێت هه‌ر له‌ به‌یانی تا شه‌و ده‌‌سكه‌وته‌كه‌ی به‌شی كرێ خانوو بژێوی خێزانه‌كه‌ی ناكات ، ئه‌مه‌ دادپه‌روه‌ری چاكوازییه‌كه‌یه‌.

شه‌وو رۆژ ته‌نانه‌ت كه‌ هاتووچۆ له‌ نێوان شاره‌كاندا به‌ هۆی كۆرۆنا قه‌ده‌غه‌ بوو تانكه‌ره‌كانی نه‌وتهه‌ڵگر فرت وفاتیان بوو ، واته‌ دزی  هه‌ر به‌رده‌وام بوو‌ ، ئه‌م قه‌یرانانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ‌ئازاری هه‌مووان ئه‌دات و ، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رنه‌كری  كێشه‌كان ته‌شه‌نه‌ ئه‌كات و قوڵتر ئه‌بێت و، پێویسته‌ خه‌ڵك هه‌ڵوێستی توندی هه‌بێ به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ هۆكارن بۆ گه‌نده‌ڵی و تاڵانی سامانی گشتی و دروستكردنی قه‌یرانی تر كه‌ هه‌ره‌شه‌ له‌ ژیان و گیانی هاوڵاتیان و ئا ینده‌ی‌ وڵات  ئه‌كه‌ن  .

سه‌ره‌رای ئه‌و كاره‌ خراپ و نابه‌جێیانه‌ی دوو حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات پارتی و یه‌كێتی بارگرژی دروست ئه‌كه‌ن و نیازیان خراپه‌و له‌لایه‌ك چاوساغی بۆ دوژمنان و له‌لایه‌كی تره‌وه گه‌رانه‌وه‌ بۆ شه‌ریی خۆبه‌زێنی ناوخۆی قیزه‌وه‌ن و زینی وه‌رتێ وه‌ك نموونه‌.‌

29/4/2020

 

 

 

 

 

 

 

  • 1