ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە سەتەی ڕابردوودا، شۆڕش، بەرەنگاری، جەنگان، هەڵوێست و وەستانەوە دژی چەوساندنەوەی مرۆڤ بەها بوو، مرۆڤ خاوەن مەبدەئ و پرەنسیپ بوو. دەبوو لە دۆخێکی ئاوادا هەڵوێست وەربگرێت، ئەوەشی وەک ئەرکێکی ئایدۆلۆژیی، مرۆیی، ئەخلاقیی و بەرپرسیارییەتیی سەیردەکرد. چونکە، ئەوکات سەتەی گۆڕانکارییە گەورەکان و خەونە گەورەکان بوو، مرۆڤ خۆی بەخەونێکی بچکۆڵانەی تاکەکەسی نەدەبەستەوە. بەڵکوو بەها و کارێکی مەزن ئەوەبوو چۆن بتوانێ کارێکی وابکات جیهان و ژیان بگۆڕێ ئەم ویستە لە ئەنجامی خولیایێکی مەزنەوە دروست دەبوو.

هەر ئەمەش وادەکات لە سەتەی بیستدا، چەندان شۆڕشی مەزن و کاریگەر ڕووبدات، هەر لە شۆڕشی کرێکارانەوە تا شۆڕشی مللی و نەتەوەیی، شۆڕشی دژە ئیمپریالیزم و شۆڕشی خوێندکارانی فەرەنسا. ئەم کردە شۆڕشگێڕیانە ئیلهامیان لە پاشخانێکی مێژوویی و هزریی وەرەگرت. زۆرینەیان لە ژێر کاریگەریی و هەژموونی مارکسیزمدا بوون. سەتەی ڕابردوو، کۆمەڵێ مرۆڤی باڵا دەرکەوتن و بوونە سومبل و فیگۆری شۆڕش بۆ گەلانی ژێردەستە، کە تاکەکان لەمان ئیلهامی هزریی و مەبدەئیان وەرەگرت و وزە و هێزی پێدەدان. یەکێک لە مرۆڤە مەزانەکانی سەتەی ڕابردوو "چێ گیڤارا"یە، کە شۆڕشگێڕێکی مارکسیست و ئینتەرناسیۆنال بوو، لە چەندان وڵات هەوڵی ڕزگارکردنی گەلانی دەدا لەژێر چەپۆکی داگیرکاریی و ئیمپریالیزمی سەرمایەداریی تا لەم ڕێگەیەشدا شەهید بوو، وەفادار بوو بەرامبەر مەبدەئ و پرەنسپەکانی خۆی. هەر ئەمەش وایکرد دوای خۆی ببێتە سیمبول و ئیلهام بەخشی شۆڕشی گەلان و ڕەنجدەران. مرۆڤ پێشتر ئەمانەی بە سەروەر و پێشەوای هزریی خۆی دادەنا و بۆ ئەوەی بەها بەبوونی خۆی بدات لە ڕێگەی فۆڕم و مەبدەئێکی باڵاوە.

بەڵام ئەم سەتەیە، سەتەی بەکاڵابوونی مرۆڤ و بێبەهابوونە. لەکۆتایییەکانی سەتەی ڕابردوو تا ئێستا، قۆناغی خەونی بچکۆڵانە و تاکەکەسی دەستپێدەکات. چاکەی گشتی و هزری کاری دەستەجەمعی کۆتایی دێت. مرۆڤ دەکەوێت بەدوای خەونە بچووکەکانی و ئەوە لای دەبێت بەبەها کە چەند پارەی هەیە، چەند کاڵای لەبەردەستە و چۆن دەتوانێ زۆرترین قازانج بکات. ئەمە ئامانجە لای ئەو، ئامانج و چاکەی گشتی بەلای ئەوە گرینگی نەماوە و لە بەهاکەوتووە. ئیدی سەرمایەداریی چێژێکی ساختەی دروسکراو بۆ مرۆڤ دروست دەکات، ناهێڵێت وەک جاران شۆڕش و گۆڕینی جیهان لای ئەو گرینگ بێت و خولیای بێت، بەڵکوو وا دەکات ئەم خولیایە کاڵ بکاتەوە و تەنانەت ناشیرنیشی بکات و بە یۆتۆپیا و شتێکی خەیاڵیی وەسفی دەکات. ئیدی مرۆڤ ئیلهام لە شۆڕشگێڕە مەزنەکانی وەک لینین، گیڤارا و چەندانی تر وەرناگرێت. ئیدی مۆدێل و فاشیۆن ستایل و ئەکتەر و یاریکەر ..هتد وەک بەدیلێکی ساختەی ڕواڵەتخوازی بێناوەڕۆک دێنە پێش، خەڵک دەکەوێتە ژێرکاریگەرییان و خولیا بچوکەکانی بەمانە ئاودێردەکات و نەمامێکی هزریی ناسکی بێبەرهمی پێدێنێتە بوون. ئەمەش کۆمەڵگەیەکی مشەخۆر و پەرپوت و ناوشیار دروست دەکات و باکی نییە چی دەبێت یان نابێت، لای ئەو فۆڕمی مۆدێرنیتە و بازاڕی جیهانیی گرینگە، کاڵا بەهایە و سەرچاوەی پێدەری بەهایە بەبوونی ئەو، هەر ئەمەش تاکێکی بێمەبدەئ و ناوەڕۆک دروست دەکات. مرۆڤ لەم سەتەیە خزاوەتە ناو دۆخی بەکاڵا بوون، تا ئاستێک مرۆڤ بێبەها بووە لە ئاستی کاڵادا، واتا کاڵا دیاری دەکات ئەم مرۆڤە بەهادارە یان مرۆڤێکی بێەهایە.

ئەوەی گرینگە مرۆڤ هەمیشە خاوەن مەبدەئ و پرەنسپی خۆی بێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەریی پۆخڵەواتی کۆمەڵگەی بەڕواڵەت مۆدێرن و لیبڕاڵ و ناوەڕۆک خێڵەکییەکی نەریتیی مشەخۆڕ. تاوەکوو نامۆ نەبێت و کاڵا نەبێت بەدیاریکەری بەها بۆ بوونی ئەو. هەروەها، هەمیشە وا بکات ئیلهام لە مرۆڤە باڵاکان و هزرە مەزنەکان وەربگرێت. بۆ ئەوەی خولیایەکی مەزنی هەبێت بۆ ژیان، ئامانجی داهاتووی ڕۆژگار و چاکەی گشتیی ...تاد، لە ئەنجامی ئەم هزر و خولیایە مەزنەوە دەتوانی ئاڵەنگاریی و بەرەنگاریی بکات دژ بەواقیع و دۆخی چەقبەستوویی و مشەخۆریی کۆمەڵگە.

 

  • 1