ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

١٩٢٣ ئەوروپا کوردستان دابەش ئەکات

١٩٩٩ ئەوروپا ئۆچەلانی تێکۆشەر ئەبەخشێت بە تورکیا

 لە بەندەکانی ٦٢ و ٦٤ پەیمانی سیڤەرا هاوپەیمانان ڕێک بوون لەسەر ئەوەی ماف بدرێت بە میللەتی کورد کە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ خۆی دابمەزرێنێت لەسەر خاکی کوردستانی. هەرچەندە ئەو خاکەی دەستنیشان کرابوو هەموو کوردستانی نەئەگرتەوە، بەڵام ئەم پەیمانە هەنگاوێکی مێژوویی بوو بۆ کورد.

نەخشەی دابەشکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە پێی پەیمانی سیڤەر

هەر زوو دەرکەوت کە ئەو بەڵێنە تەنها چاو پۆشین بوو بۆ میللەتی کورد، دوور بوو لە ڕاستیەوە، هاو پایمانان بە سەرۆکایەتی ئینگلتەرا و فەرەنسا پلانی تریان هەبوو بۆ دواڕۆژی ئەو ناوچەیە. بۆیە لە ٢٤/٧/١٩٢٣ هاوپەیمانان پەیمانی لۆزانیان مۆر کرد،  پلانە ڕاستیەکەی خۆیان ئاشکرا کردوولە بەڵینەکەیان بە میللەتی کورد پاشگەزبوونەوە.

لە ڕاستیا ئینگلتەرا و فەرەنسا بەپێی ڕێکەوتنی سایکس پیکۆتەوە چەند ساڵێک لەوە و پێش بڕیاری دابەشکردنی ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان دابوو و بێ گومان ئەوەی کە بە بیریاندا نەهاتبێت میللەتی کورد بوو.

میللەتانی ئەوروپا لە گەرمەی شەڕی نێوان خۆیاندا بوون، باری ئابوریان زۆر خراپ بوو و ئەتوانم بڵێم برسیایەتیش بڵاو بوو بۆوە لە ئەوروپا. جا ئیتر ئەمانە وەک گەلە گورگ بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبووبونەوە بۆ دەستبەسەراگرتنی بەروبووم کانزا و نەوتی ناوچەکەیا، کە ماوەیەک بوو چاویان تێ بڕیبوو.

لە هەمان کاتدا، بە تایبەت ئینگلتەرا ئەیویست ووڵاتێکی بەهێز لە تورکیا دابمەزرێنێت وەکو سنوورلە نێوان جیهانی ڕۆژئاوای سەرمایەداریدا و جیهانی کۆمونیست کە تازە لە ڕووسیا سەری هەڵدابوو.

میللەتی کورد بووە قوربانی ئەو سیاسەتە نالەبارو نا مرۆڤایەتیەی ووڵاتە هاوپایمانانەکان. هەمان دەردیشیان بە میللەتی ئەرمانی کرد.

لەو ڕۆژەوە میللەتی کورد لەژێر فشاری چەوساندنەوە و سیاسەتی بە تورک کردن و بە عەرەب کردندایە بە بێ ئەوەی هیچ ووڵات و میللەتێک بێتە دەنگ. 

بە هەمان شێوە و سیاسەت، لە ساڵی ١٩٩٩ دا ئەوروپا ئۆچەلانی تێکۆشەری کردە خەڵات بۆ ڕژێمی تورکیا.

تورکیا: رێگری ل سەرەدان و دیتنا ئوجلان یا بەردەوامە | بادينان سات

ڕامۆن مانتۆڤانی پەرلەمانتارێکی پارتی (دامەزراندنەوەی کۆمونیست/کۆمونیزم) بوو لە ڕۆژی ١٢/١١/١٩٩٨ لە ڕوسیاوە لەگەڵ خۆیا سەرۆك ئۆچەلانی هێنا بۆ ئیتالیا. ئۆچەلان لە فڕۆکەخانەی فیومیچینۆی شاری ڕۆما لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا. بێ گومان لەسەر ڕاوێژکاری ڕامۆن و چەند دۆستێکی ترا، ئۆچەلان داوای مافی پەناهەندەیی سیاسی لە ئیتالیا کرد.

بە گەیشتنی سەرۆك ئۆچەلان بۆ ئیتالیا پارتە سیاسیەکانی ئیتالیا کەوتنە خۆ ڕاپسکاندن و بە شێوەی زۆر ناشیرین ناڕەزایی خۆیان بۆ هاتنی ئۆچەلان دەربڕی. لە وانە، پێر فێردیناندۆ کەزینی کە سەرۆکی پارتێکی بچووکی کاسۆلیکی توندڕەو بوو لەسەر تەلەڤیزیۆن دەیوت؛ ئۆچەلان دەبێ بە شەق دەربکەن لە ئیتالیا!! ئەو جۆرە بێ ڕیزیانە زۆر کاریگەربوون لەسەرکوردە نیشتەجێکانی ئیتالیا. ئەو ماوەیە بێ ڕێزی زۆر نوێندرا بەرامبەر بە سەرۆک ئۆچەلان لە لێدوانە تەلەڤیزیۆنیەکاندا.

سەرۆك وەزیرانی ئەو کاتەی ئیتالیا ماسیمۆ دەلێمە کە سەر بە پارتێکی چەپیی دیموکراتی بوو. لە سەرەتادا خۆی وا پیشان دا کە کێشەکەی ئۆچەلان ئەگرێتە دڵ، تەنانەت لە وەڵامی پرسیارێکدا ووتی؛ پێویستە کێسەی میللەتی کورد بچێتە دۆخێکی جیهانیەوە. دوای یەک دوو ڕۆژ دەلێمە ڕای گۆڕی و بڕیاردرا کە ئۆچەلان دەبێ ئیتالیا جێ بهێڵێت.

هەڵوێستی ووڵاتەکانی تری ئەوروپا دوور نەبوو لە سیاسەتەکانی ڕابووردویان و بەرهەمی ئۆپۆرتونیزمی بوو، هیچ ووڵاتێکی ئەوروپی ئامادەنەبوو مافی پەناهەندەیی بدات بە ئۆچەلان، کەسیان ئامادەنەبوون پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیان لەگەڵ تورکیادا تێک بدەن. بۆ ئۆچەلان، جیهان زۆر بچکۆلەبووەوە. ئۆچەلان بە ناچار ئیتالیای جێ هێشت و ئەنجامی ئەم درامایە هەموو ئەزانین چۆن تەواو بوو.

پاش ئەوەی ئۆچەلان گەێندرایەوە تورکیا، دادگای ڕۆما مافی پەناهەندەیی دا بە ئۆچلان! ئاشکرایە کە تەنها بۆ چاو پۆشین بوو.

// بە پێی بەندەکانی ١٠ و ٢٦ ی دەستوری دەوڵەتی ئیتالیا، ئەبوایە مافی پەناهەندەێێتی بدرێت بە ئۆچەلان، بەڵام حوکمەتی دەلێمە ڕێزی لە دەستور نەگرت.

// ووڵاتانی ئەوروپا کە خۆیان بە پێشەوای مافی مرۆڤ دەزانن و بە ڕووکەش دۆستی کوردن، هەموویان پشتیان کردە ئۆچەلان. وایان دەزانی گەر دڵی تورکیا ڕازی بکەن، تورکیا دەبێتە لایەنگرێکی زۆر دڵسۆزیان. بێ گومان ئەوە نیشانەی گەمژەیەتی ووڵاتانی ئەوروپایە لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە و دەزگا نهێنیەکانیان.

// ووڵاتانی ئەوروپا پێیان وابوو گەر ئۆچەلان دەستگیر بکرێت پارتەکەشی شکست دەهێنێ و کێشەی کورد لە تورکیا کۆتایی پێ دێت! ئەمە هەڵەیەکی گەورەی لێکدانەوە سیسیەکانیان بوو. چونکە پارتەکەی ئۆچەلانبەردەوامە لە خەبات و تێکۆشاندا بۆ مافەکانی.

// ئەشێ ڕاوێژکارەکانی ئۆچەلان ساویلکانە باوەڕیان بە ووڵاتی ئیتالیا بووبێت و وایان زانیبێت کە پارتە چەپیەکانی ئیتالیا و دەلێمە ئامادەن یارمەتی ئۆچەلان بدەن. ئەو ماوەیە سکرتێری پارتە کۆمونیستەکەی ڕامۆن مانتۆڤانی، فاوستۆ بێرتینۆتی لە جیاتی تێکۆشان بۆ ئۆچەلان زۆر کەم دەردەکەوت.

// لە کۆنفرانسێکا پەرلەمانتارێکی ئەوروپی پارتی دامەزراندنەوەی کۆمونیست ووتی؛ داوا لە هاوڕی کوردەکان دەکەم ئەوەندە بڕوایان بە ئێمە نەبێ و پشتمان پێ نەبەست.

پێویستە کورد بۆ بەرژەوەندی کوردستان هاوکاری سیاسی لەگەڵ زۆر ووڵاتی جیهاندا بکات، بە تایبەت لە بواری تیرۆریزما، بەڵام هەڵەیەکە گەورەیە مێژوو لە بیر بکات. کورد چەوساوەیە بە تایبەت لەو کاتەوە کە خاکی کوردستانیان لێ زەوت کردوو بێ ووڵاتیان کرد.

زۆر کورد دەکەونە ئەو هەڵەیەوە کە گوایە کوردەکانی ئەو سەردەمە توانای ڕێکخستنی دەوڵەتێکیان نەبوو، ئەی ووڵاتانی وەکو ئەردەن و ووڵاتەکانی کەنداوی فارسی، ئەوانە مامۆستای سیاسەت و دەوڵەت پێکهێنان بوون؟ ئەو ووڵاتانە هەموویان بۆ بەرژەوەندی و بە خواستی ووڵاتانی ئەوروپا دروست کران.   

 کاوە مەلا ڕەسوڵ گورون

     ٤/٦/٢٠٢٠

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

  • 1