ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لێرە نەک هەر دەسەڵاتی لەکارکەوتوو کێشەیە،بەڵکو سەردەم- واقیع خۆشی لە کۆمەڵیک کێشەی فرە ڕەهەند و ئاڵۆزدایە، ئاڵۆزیەک وێرانتر لە ئاڵۆزیەکانی دەسەڵات. یەکێک لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەو زەمەنە دەرکەوتنی کەسانێکن سەر بە پۆلی توندڕەویی و سەلەفیەت و کۆنزەرڤاتیڤیەت. ئەوانە لە پەنای ڕشانەوە بەسەر دەسەڵات وسیاسەت، لەوێنای فرێدانی زبڵ بۆ ناو زبڵخانە قسە لە چەمکی دەسەڵات و سیاسەت وەک زانستێک ئەکەن.

لای ئەو جۆرە عەقڵە سیاسەت تەنیا بریتیە لە ( حکومەت و پارتی و یەکێتی) ئەوانە جگە لە بازاڕی قسەکردن لە( حکومەت و پارتی و یەکێتی و حزب) کۆی جولەی ئەدەب و فەلسەفە و مۆسیقاو شیعر ڕەت ئەکەنەوە. وەک بەشێکی زیاد و بێ مانا وەسفی ئەکەن.

ئەم دژایەتیەش لەوە سەرچاوەی گرتیە کە سنوری توانا و بیرکردنەوەیان لە قسەکردنێکی ڕووت لە سیاسەت و حکومەت تێپەڕناکات لەبەر ئەم هۆیە دەیانەوێت هەموو کۆمەڵگا بە زمان و کەرستەی ئەوان بدوێن. لای ئەوان هەر کەسێک پۆستی سیاسی، سیاسەت وەک (حکومەت و پارتی و یەکێتی ) نەکات کەسێکی بێ توانا و لاوازە. بێ ئاگان لەوەی ئەم جۆرە قسەکردنە لەسیاسەت دابەزیوە بۆ ئاستی خوارەوە. بۆتە ئیش و وەزیفەی کەسانێک کە توانای بیرکردنەوە و پرسیار و گومان کردنیان لە سنوری سیاسەت تێپەڕناکات.

ئەوانە لەبەرگی ڕۆژنامەنووس و چاودێر بە سۆشیال میدیا نوساون. بێ ئاگان لەوەی بە بچوککردنەوەی پانتایی کێشەکانی هەرێم، بە کورتکردنەوەی قەیرانە بنەڕەتیەکانی دەسەڵاتی باشور، جارێکی تر شەرعیەت بە مانەوەی دەسەڵات ئەدەنەوە.

تراژیدیاکە لێرەوەیە بەبێ هەبوونی پاشخانێکی فیکری و مەعریفی بە وشەی بازاڕیی بە هەمان ئاخاوتنی دەسەڵات باس لە گۆڕانکاری و چاکسازی و گەندەڵی و ئازادی ئەکەن. سەقفی ڕەخنە و تێگەیشتنیان دەرهەق بە ئاریشە و پێشهاتەکان بە ئەندازەیەک لاواز و کورتبین و بچوک و بازاڕیە. لێرە ڕوحی بەرەنگاری ونیگەرانی لە هەناوی تاک و کۆمەڵگا تێک دەشکێنن لە دواجاردا باشترین خزمەت بە گلدانەوەی دەسەڵات ئەکەن .

کۆمیدیا وگاڵتەجاڕی ئەو ڕەوتە فاشی و پاڕادۆکسییە ئەوەیە لە گۆشەیەک دژی خواستی زانین و کتێب ولێدان لە نووسەرە دیارەکانی کورد قسەئەکەن. لە هەڵگەڕانەوەیەکی خێرا و توند دان دژ بە ئازادی تاکەکەسیەکان و ژن و دنیای مۆدێرنە، لە هەمان کاتیش باسی دواکەوتوی کۆمەڵگا ئەکەن.

هۆشیاری و زانین لای ئەوان ڕووبەرێکی بچوکی هەیە. ڕووبەڕێکە هەموو کەس دەتوانێت ببێتە نووسەر و تاکێکی هۆشیار و بەرەنگار، چونکە کۆی زانین و مەعریفە و هۆشیاری لای ئەوان تەنیا گرێدراوی ئەو دەنگ و ئاوازانەن کە باس لە گەندەڵی و دواکەوتنی مووچە ئەکەن. بێ ئاگان لەو دەرچە و تەکنیک و ستراتیجیانەی کە فەلسەفە پێداگیری لەسەر ئەکات وەک ژێرخانی کردەی بەرگری و بەرەنگاری و شۆڕشگێڕی.

دەسەڵاتی حکومڕان لە باشور لەو سنورە دەرچووە تۆ هیوای گۆڕانکاری و چارەسەری لەسەر بینابکەی، بەڵام لە دەسەڵات کوشندە تر دەرکەوتنی ئەو عەقڵیەتەیە کە نەزانین و دۆگمایی بوونی لە ڕێگای قسەکردن لە دەسەڵات ئەشارێتەوە. 

ئەوانە بێ ئاگان لەوەی چیتر تێگەیشتن و خوێندنەوەی دەسەڵات کارێکی هێندە قوڕس نیە. بە ئەندازەی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات ڕەخنەگرتن لەو عەقڵیەتە سەلەفی و ترادسیۆنیە پێویستە ،چونکە ئەوانە دەیانەوێت کۆی کێشە گەورەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵات لە چەند پرسێکی لاوەکی و سادە بچوک بکەنەوە. دەیانەوێت هەموو کۆمەڵگا لە سۆشیال میدیا وژیانی ڕۆژانە بە هەمان مادە و وشە سواوەکانی خۆیان مەشغولی گەمەکانی دەسەڵاتی حکومڕان بکەن. بێ ئاگان لەوەی خراپ دەرگیری تەڵەی دەسەڵات بوونە.

  • 1