ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

۱- لە هەرسێ پارێزگای ئەو هەرێمە هەزاران کەس حەفت پشت کوڕی شارن و ۱۰۰مەتر زەوییان نییەو لەشاری خۆیان کرێچین، کەچی لەو قەیرانەدا وا لەپڕۆژە نیشتەجێکانیان شارو کۆمەڵگەی سەمەرە دەکرێنەوە، ٦۰۰مەترو ۸۰۰مەترو ۱۰۰۰مەتری بۆ فرۆشتن، ئامادەیەو کلیل وەرگرە. باشە ئەو زەوییانە چۆن دابڕان و دراونەتە کێ؟ سیاسەتی تاڵانکردنی زەوی بەناوی وەبەرهێنان، هیچی نەکرد جگە لەشێواندنی دیمۆگرافیای شارەکان و زیادبوونی لەشکری کرێچیان و تەختکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دەوڵەمەندبوونی ناشەرعی کەمینەیەکی حزبی.

۲- پێش جەژنی رەمەزان مووچەی هەموو وەزارەتەکانیان دا، وێستا بەبەرنامەو بەخشۆکی وا دەیبەنە بن جەژنی قوربان، واتا بەلێبڕینیشەوە ناتوانن بەدوو مانگیش مووچەی خەڵک بدەن، پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێککەوتن نەکرا، ئایا حکومەت بەو سیاسەتی لێبڕینی مووچەو بەدوو مانگیش مووچە نەدا، هەروا بۆی دەچێتە سەر؟ قەیرانی راستەقینە لەبوونی کۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت نییە، لەبوونی گەندەڵی و هەزاران مووچەخۆری بندیوارو خانەنشینی نایاسایی و ناڕوونی سەرچاوەکانی داهات و بەهەدەردانییەتی لەدەیان بواری ناپێویست.

۳- لەهەموو وڵاتانی دنیا کەرەنتینە نەماو سیاسەتی تاک پارێزی و هۆشیاری گیراوەتە بەرو سەرکەوتووش بوونە، کەچی لێرە چونکی ئەقڵی سیاسی هەر لەدەوری دوو ئیدارەیی و شارچێتی دەسوڕێتەوە، ململانێیان گرژو تووند بێ، هەر توڕە بن، بێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی سەختی ژیانی خەڵک، کەرەنتینە رادەگەیەنن! زۆرجار گوتوویانە: وا مەکەن دە ژوورێتان کەینەوە، مەبەست قەدەغەی هاتوچۆی گشتی! وەک بڵێی سیستەمێکی تەندروستی تۆکمەیان داهێناوە! ئەوان کەنەخۆشخانە گشتییەکانیان وێرانکرد و بازاڕێکی بێ مۆڕاڵ و ویژدانی تەندروستان کردووەتەوە، باش دەزانن بەو سیاسەتی بەبازرگانیکردنی کەرتی تەندروستییە دەرەقەتی کۆرۆنا نایەن!

٤- کەناڵی زیادەی هەواڵ و سیاسی لەولا! ئەنجا لەو قەیرانەدا بەناوی ئەهلی دەیان کەناڵی ئاسمانی تەرفیهیان کردووەتەوە، کەئیشیان تێکدانی زەوق و میزاجی تاک و شیرازەی کۆمەڵگەو کلتورو جوانییەکانە، دیاریشە ئەوانە ئی کێن و داهاتی ئەو وڵاتە بەو جۆرە بەهەدەر دەدرێ، بەس داوای مووچەو نان و کار عەیبەو رووخاندنی قەوارەی هەرێمە!

  • 1