ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

برادەرێكم لە دەرەوەی وڵات گەڕابۆوە هاتە لام و گوتی:

ئەوە كەی ژیانە ئێوەی تێدان، نە موچەو نەكارەباو نەئاوتان هەیە؟

منیش پێم گوت: كارەبای ئێوە هەمیشەییە، كەواتە هەرگیز لەزەتتان لەو ئاوەدانییە نەكردووە كاتێك كارەبا دێتەوە، ئاخر ماڵ روناك دەبێتەوەو سەلاجەو شتەكان هەڵدەكەینەوەو خۆشیەك هەموو خێزانەكەمان دادەگرێ‌، دەك ماڵی حكومەت ئاوابێ‌.

پێم گوت: ئاوتان دائیمییە، كەواتە هەرگیز لەزەتی ئەوەتان نەدیوە كاتێك دوای دوو رۆژ ئاومان دێت و موزەخەكە زیقەی دێت، ئاخر لەمكاتەدا خۆمان دەشۆین و ئاوەكە راستە بەشی باخچەكە ناكات بەڵام تانكیەكان نیوە پڕدەبن و نا ناڵێین نیوەی بەتاڵە، دەزانی چەند خۆشە ئێوە ئەو خۆشییە نابینن، هەی ماڵی حكومەت ئاوابێ‌.

پێشم گوت: موچەی ئێوە لەكاتی خۆی دەدرێ‌، یانی ئێوە لەزەتی ئەوە نابینن كاتێك دوومانگ موچە دوادەكەوێ‌ و دواتر وەریدەگری، دەزانی چەند خۆشە هەی ماڵی حكومەت ئاوابێ‌.

ئەدی بۆ پاشەكەوتەكە ناڵێی چ حكومەتێك لە دنیا ئەوەندە هاوڵاتی خۆی خۆش دەوێ‌ و پاشەكەوتی بۆ دەكات، دەزانی ئەو پاشەكەوتە كاتێك فەرمانبەر لە دڵی خۆیدا كۆیدەكاتەوە چەند دڵخۆش دەبێت، ئەدی وەسیەتەكانی فەرمان بەران بەر لە مردن، بە منداڵەكانی دەڵێ‌: ئەوەندە ملیۆنەی فڵان و فیسكە ملیۆنەی دی قەرزارم كە پاشەكەوتەكەتان وەرگرت قەرزەكان بدەنەوەو ئەویدی هەمووی بۆ خۆتان، ئاخر دەزانی فەرمانبەرەكانی ئێمە چەند بە دڵخۆشی دەمرن، قوربان ئێوە ئەو دڵخۆشیەشتان نییە، ماڵی حكومەت ئاوابێ‌.

برادەرەكەم چاوی زەق ببوو گوتی: ماڵی حكومەت ئاوابێ‌؟

گوتم: بەڵێ‌ مەبەستم ئاوا بوونی یەكجاری حكومەتەو ئاواو ئاو چێ‌.

  • 1