ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

  مێژووی نوێی ئازادیخوازی رواندز، بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی میر محەمەد پاشای رواندزی (۱۸۱۳-۱۸۳٦)دەگەڕێتەوە،کە لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆییدا گەورەترین راپەڕینی چەکداری دژی هەردو دەسەڵاتی عوسمانی و قاجاری بەرپاکردو بۆ ماوەی چەند ساڵێک تەپڵی ئازادی لێدا..(بەڵام بەداخەوە لە هەمانکاتدا تاوانی کۆمەڵکوژی دژ بە برا ئێزیدی و کریستیانەکان ئەنجامداوە).

 رواندزیەکان لە دوای تەواوبوونی یەکەمین شەڕی جیهانیدا (۱۹۱٤-۱۹۱۸) نەیان دەویست ببنە کۆیلەی ئینگلیزو بەڕووی ئەفسەرو دەسەڵاتی بەریتانیای عوزما !!وەستاونەتەوە. دوایی کە کەسایەتییەکی کوردی ناسراوی وەکو سەید تەهای نەهری نەوەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری،کراوەتە قائمقامی رواندز و بایەخی بە ئاوەدانکردنەوەو ئارامی داوەو رێگای خۆشکردووە تاکو حوسێن حوزنی مێژوو نووس و رۆژنامەنووس و چاپخانەکەی هێناوەتە رواندز، ڕواندزیەکان بەمە خۆشحاڵ بووینەو شارەکەیان بەرەو شارستانییەت و بڵاوبوونەوەی رۆشنبیری هەنگاوی ناوە..

 لە کۆتایی سییەکان و سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردوودا حیزبی هیوا پێگەو جەماوەری لە رواندز هەبووەو بیروباوەڕی رزگاریی نەتەوەیی بڵاوکردۆتەوە،تێکۆشەرانی وەکو وەهاباغەی جوندیان و جەلال بەگی دەرگەڵەو عەلی مەکتەبەو ژمارەیەکی تر لە خەڵکی قەزای رواندز لە حیزبی هیوا رۆڵیان بینیوە.

 لە چلەکانی سەدەی رابردووەوە بزووتنەوەی چەپ و بیروباوەڕی کۆمەنیستی لە رواندز کارابووە،تێکوشەرە شیوعی و نیشتمانپەروەرە پێشەنگەکانی رواندز :(شێخ سلێمان مستەفا،سەیدای عومەری،عەلی مەکتەبە،محەمەد ئەمین دێوانە،مەلا ئەحمەد قادر دەرگەڵەیی، فەتاح تۆفیق، مەقبولە حوسێن، شوکریە محەمەد ئەمین دێوانە، سەید فەتاح، بارام ئیبراهیم، ئەنوەر مستەفا مەزهەر،عەزیز مەلا حەکیم، ئەنوەر عەبدوڵڵا،شەفیق سەعدوڵڵا، شەهید خدر کاکیل) ...هتد،ئەمانە هەر لە چلەکان و پەنجاکانەوە هەڵگری ئاڵای ئازادیخوازی بوون، لە دەوری حزبی شیوعی کۆبوونەتەوە، ئەم حزبەش لە هەڵبژاردنی پەرلە مانی عێراق ساڵی ۱۹٤۷ بەشداربوە و دەنگی باشی هێناوە، هەر لە ساڵی ۱۹٤۷ ئاهەنگی نەورۆزیان لە رواندز سازکردووە. هاوسۆزبوون لەگەل دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات و ئەدەبیاتی مەهاباد دەگەیشتە دەست عەلی مەکتەبە لە رواندزو بڵاوی دەکردنەوە. شیوعییەکان و ئازادیخوازانی رواندزلە راپەڕینی کانوونی دووەمی ۱۹٤۸ دا بە هەڵگرتنی دروشمی (نان و ئازادی) و دژ بە داگیرکەران،بەشداربوون و خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجامداوە..دوایی ژمارەیەکی زۆر لە ئازادیخوازانی رواندز کەوتونەتە بەر شاڵاوی راوەدونان و گرتن و زیندانی کردن،لە لایەن دەزگا پۆلیسییەکانی رژێمی پاشایەتی.

 خەباتی ئازادیخوازانی رواندز لە پەنجاکاندا لە رێگەی هەرد حزب؛ (شیوعی و پارتی) بەردەوام بووە تاکو شۆڕشی ۱٤ ی تەمموزی ۱۹٥۸، دوای شۆڕشی چواردەی تەمووزیش دروشم و ئامانجەکانی شۆڕش کۆی کردوونەتەوە،بەڵام بەداخەوە ململانێی تەسکی حیزبایەتیش لە ئامانجە پیرۆزەکانیانی دوورخستوونەتەوە..

جارێکی دیکە شۆڕشی ئەیلول۱۹٦۱-۱۹۷۰،هیوایەکی دیکەی بەخشیوەتە ئازادیخوازانی رواندزو کوردستان، پێشمەرگەشیوعییە ئازادیخوازەکانی رواندز : مام سدیق،مام ئەلیاس،شەهید خدر کاکیل، شەهید ساڵحی مام ئەلیاسی،حاجی مەلا،محەمەدی وەستا،پێشمەرگە شیوعییەکانی دەرگەڵە،مەحمودی قادربەگی رواندزی،هتد ..لە داستانی هەندرێن، شان بە شانی هەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی دیکەی شارو ناوچەکانی تر لە بەشداربوانی شەڕی هەندرێن، گەورەترین سەرکەوتنیان تۆمارکردو سوپاو رژێمی بەغدایان بەچۆکداهێناو ناچار داوای وتو وێژیان کرد..

 کاروانی ئازادیخوازی رواندزیەکان سەرەڕای کارەساتی شەڕی ناوخۆو دەرئەنجامە خراپەکانی،بەردەوام بووە،لە ساڵی۱۹۸۷ جارێکی دیکە کوردپەروەرو ئازادیخوازانی رواندز بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان راپەڕینێکی جەماوەریان دژ بە ڕژێمی بەعسی فاشی بەرپاکرد..

 بەر لە کۆتایی دەڵێم رواندزیەکان هەمیشە ئازادیخوازو شەیدای رۆشنبیری و کۆڵنەدەربوون، بە خۆیان و شارەکەیان قوربانی زۆریان داوە..

 دەبوایە ئەم شارو قەزایە، لە ماوەی (۲۸) ساڵی رابردوودا لەژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی پێویستی پێبدرایە،لە هەموو روێکەوە،بەڵام بەداخەوە، وا دەرنەچوو..

 هیوادارم ئازادیخوازانی رواندز بە جۆرەها رێگای شارستانی بەردەوام بن لەسەر خەباتی هاوچەرخانە بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان و ئاوەدانی و پێشکەوتنی قەزاکەیان..

 داواکاریشم لە هاوڕێیانم، چیتر پشت لە رواندز نەکەن و بارەگاکەیان با ئاوەدان و کارابێت، مێژوو سەلماندوویەتی تەنیا بە خەبات و چالاکی و هەوڵدان دەتوانین جەماوەر لە دەوری خۆمان کۆبکەینەوەو شان بەشانی هێزو لایەن و کەسایەتییە ئازادیخوازەکان درێژە بە خەباتی مەدەنی بدەین لە پێناوی دابینکردنی مافە رەواکانی خەڵک و پاشە رۆژێکی گەش..

 وێنەی یەکەم، رواندز لە بەهاردا، وەرگیراوە..

وێنەی دووەم نووسەر لەگەل رەوانشاد مام عەلی مەکتەبە،لەسەر شەقامی سەرەکی ناوشاری رواندز، دەوروبەری ۱٥ ساڵ پێش ئێستا.

   رواندزــ۱۷-۱۰-۲۰۲۰

  • 1