ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە دوای دواین پەلاماردان و كوشتنی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان، لەم رۆژانەدا حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی رێكەوتننامەیەكیان واژۆكرد، لە بارەی چۆنیەتی ئیدارەدانی هاوبەشی قەزای شەنگال لە رووی ئیداریی و ئەمنییەوە. 

لە رێكەوتننامەكەدا هاتووە: لە پێناوی گەرانەوەی ئاسایش و سەقامگیری و چاككردنی وەزعی قەزای شەنگال، ئەم رێكەوتننامەیە ئەنجام داوە.

ناوەرۆكی رێككەوتنەكە لە سێ‌ لایەنی ئیدارایی و ئەمنی و دووبارە چاككردنەوە پێك دێت. هەمووكەسێك رستەی یەكەمی رێككەوتنەكە دەبینێت، گوایە، لە پێناوی گەرانەوەی ئاسایش و سەقامگیری و چاككردنی وەزعی قەزای شەنگالە، بەڵام لە ناوەرۆكەكەی هیچ چارەسەرییەكی عەملی تیانابینی لە بارەی چۆنیەتی گەرانەوەی ئاوارەكان و قەرەبۆ كردنەوەیان، جێ‌ بەجێ‌ كردنی مادەی سەدوچل و ئەو پەراوێزخستنە مێژوویەی لە ئاستی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیان، ژێرخانی ئابوری، تەندروستی، خوێندن، مافی مولكداری، نزمی داهاتی تاك، بێكاری، هەژاری، دواجار پەراوێزخستنیان لە بەرێوەبردن و رۆڵیان لە دەسەڵاتەكان و لە فەزای گشتیشدا . 

ئێزیدییەكان جاری یەكەمیان نییە رووبەرووی پەراوێزخستن و چەوساندنەوەو سەیركردنیان وەك هاوڵاتی پلەدوو و سێ‌ دەبنەوە، لێردا باسی ژمارە و دیاریدەی جینۆسایدی ئێزدییەكان ناكەم لە مێژووی كۆن و تازەدا، بەڵكو باسی بەردەوامی دیاردەی پەراوێزخستنی ئێزدییەكانە لە لایەن حكومەتی عێراق و هەرێم، لە دوای دواین دیاردەی كوشتنی بەكۆمەڵیشیان .

لە بڕی ڕاگەیاندنی روئیایەك كە لایەنی كەم، لە گەرانەوەی رێزو شكۆو قەرەبۆ كردنەوەیان لە ئاستی مەعنەوی و ماددی و نەهێشتنی پاراوێزخستنی تیابێت، ئەوان بەم رێكەوتنە، جارێكی تر وەك ئەوەی ئێزدییەكان میوان بنلە دەرەوەی ویست و ئیرادەی خۆیان،هەستی نامۆبونیانی بە نیشتیمانی خۆیان قوڵتركردەوە، نیشتیمانێك دەیان جار لە پێناوی پاراستنی فرەرەنگی قوربانی مەرگی بەكۆمەڵیان بۆداوە. ئەوان لە بڕی داوای لێبوردن بەهۆی نەپاراستینان و تەسلیمكردنیان بە چەتەكانی دەوڵەتی خەلافەی ئیسلامی، هاتن جارێكی تر درێژەیان بە ئیحتیكاركردنی دەڤەرە بریندارەكەی دوێنی و ئەمرۆ دا . 

لە سنوری هەردوو حكومەتەكە،بەهۆی فاشلبونیان لە حكومداری، رۆژ لە دوای رۆژ وەزعی خەڵكەكەیان خراپتردەبێت، لەو لاشەوە بەهۆی لاوازییان،دەستوەردانی توركیا و ئێران و وڵاتانی تر لە داگیركردنی خاك و كوشتنی هاوڵاتیان بەمەبەستی نەهێشتنی ئیرادەی سەربەخۆیمان، زیاتردەبێت. بۆیە ناتوانین ئەم رێكەوتنە داببڕین لە قەیرانەگشتگیرییەكانی ئێرەو ئەوێ‌ و كاریگەری دەستوەردانەكانی توركیا. 

دانیشتوانی شەنگال لە هەموو كات زیاتر ئەمرۆ پێویستیان بە فكر و خۆرێكخستن هەیە لە پێناوی شەڕی پاراستنی شوناس و رەتكردنەوەی دیاردەی كەڵەگایی. ئەوان دەبێت لە خاڵێكی جەوهەری تێبگەن، ئێمە شەڕی داعشمان تەنیا لە سنورەكان و لە ئاستی سەربازیكردووە، لە بواری هزری و میراتەوە لێرە و لەوێ‌ هیچ مان نەكردووە و بەم زوانەش نایكەین، لە وەها دۆخێكدا چاوەرێی گەڕانەوەی دڵنیایی، ئارامی، نەمانی هەستی پەراوێزخستن ودیاردەی هاوڵاتی پلە یەك و دوو، لە ئێمە مەكەن، ئەگەر شتێك بكرێت، دەبێت خۆتان بە دەستی خۆتان، بۆخۆتانی چێ‌ بكەن .

 

  • 1