ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

کچۆڵەی جوانکیلە و رووخۆش (ئالیـتا ئانـدرا) لە باوکێکی ئوسترالی (مایکل ئانـدرا) و لە دایکێکی رووسی (نیکا کڵاشینکـۆڤـا) لە (٩/ یونـایەر/٢٠٠٧) لە شاری (مێلـبۆرن) لە ئوسترالیا لەدایکبووە. بە باشی بە زمانی ئینگلیزی و رووسی قسەدەکا و دەنووسێ. دایک و باوکی دوو هـونەرمەنـدی شـێوەکـاری ناسراون لە ئـوسترالیادا.

ئالیتا ئاندرا، یەکێکە لە دە منـداڵی بلیمەت و پەرجـۆ (موجـیزە) لە جیهانـدا. لە تەمەنی دوو ساڵاندا یەکەمین پێشانگای تایبەتی خۆی کردەوە. بوو بە بچووکترین هونەرمەندی وێنـەکـێشی پیشـەیی لە جـیهانـدا. ئالیـتا وێنەکـێشێکی خـۆڕسکی داهـێنەرە. تابلـۆکـانی زۆر بـەرز و مەبەسـتار و نـاوەڕۆک قـووڵـن، جـێی سەرسوڕمانی بینەرانن. گوزارشت لە نـاخ پاکی و لە خەیـاڵفـراوانی کچۆڵەیەکی بەهـرەمەنـدی بلیمەت و پەرجـۆ دەکەن.

بەهـەزار لە شێوەکاران و لە هەوادارانی هـونەری تازە، واقـیان وڕمـا لە شێواز و لە رێبـازی هـونـەرییئالیتای سـاوا، لەو رەنگە گـەش و جوانـانەی بەکـاری هـێناون، لە قـووڵی واتـا و مەبەست و ناوەڕۆکی تـابلۆکـانی. زۆر بەگەرمی چەپڵەیـان بـۆی لێـدا و پیـرۆزبـایی و دەستخۆشی و ئافـەرینیان لـێکـردن.

تەمەنی ئالیتا تەنیا (٩) مانگ بـوو، هـێشتا فـێری قسەکـردن نەببوو، پێشی نەگـرتبوو، کۆرپەیـەکی شیرخـۆر بـوو. باوکی لە ژورێکی ماڵەکەیانـدا، پارچـەیەک قـۆماشی سپی گەورە و چەنـدین قوتووی بۆیەی رەنگاوڕەنگی سەر واڵای دانـا، بۆ ئەوەی تابلۆیەک بکـێشێت. ئالیتا بە گاگـۆڵـکێ رۆیشت و چـووە سەر قـوماشەکە و بە ئـارەزووی خـۆی کـام رەنگ بە لایەوە جـوان بـوون، دەستە قـنجەکانیتێدەنـان و بە پەنجە ناسکەکـانی لەسەر قوماشەکەدا، بە راست و بە چەپـدا هـێڵی دەکـێشا و پێـدەکـەنی. هەمـوو قـژی و دەموچـاوی و جلەکـانی و دەست و پێیەکـانی بە بۆیـەوە بـوون. بـاوکی لـێیگەڕا و لای نەدا. ئالیتای بچووک یەکەمـین تابلـۆی کێشا. دیمەنی لەبۆیەنـانی خۆی لە رەنگەکان، دانیشتنی لەسەر قوماشەکە و لە نێوان ئەو هەموو بۆیـە جـوانەدا، ببـوو بە تابلۆیەک.باوکی دەڵـێت:" ئەم کارەی ئالیتا تەنیا یاریکـردن بە بۆیـە نەبـوو، جاروبار دەوەستا و بیـری دەکـردەوە.. دووبـارە دەستەکـانی دەخستـنەوە نـاو بۆیـەکـان و بە قـومـاشەکەدا دەهێنان. لە دواییدا دەستی بە چەپڵەلێدان کرد. ئەمە یەکەمین تابلۆی ئالیتای نـۆ مانگ بـوو کە کـێشای. لە راستـیدا دیمەنـێکی زۆر جـوان و سەیـری هەبـوو. تابلـۆکەی زۆر سەرنجی راکێشام. گەلێک لێکدانەوەم دەربارەی تابلۆکەی هەبوون جێی سەرسوڕمانی مـن و دایکی بوو.. گەر دەروونناسێکی منداڵان، تابلۆکەی شیبکردایەتەوە. رەنگە زۆر راز و نیـاز و شـتی تـری لێ تێـدەگەیشت" ئەم تابلـۆیەی لە مـۆزەخـانەی هونـەری لە لەنـدەن پـارێـزراوە.

دایـک و بـاوکی بۆیـان دەرکەوت کە ئـالیـتای کچـیان منـداڵـێکی بلـیمەت و پەرجـۆیە. 

ئالیـتا لە ئێـستادا تەـمەنی (١٣) ساڵانـە، دەڵـێت:" تەمـەنـم نـۆ مانـگ بـوو کە تابلـۆی یەکەمم کێشا. بیرم نایەتەوە کە چۆن ئەو کارەم کرد" لەوانەیە لەو تەمەنە منداڵییەدا بە بیـری نەیاتەوە کە چـۆن بۆ یەکەم جـار وێنەی کـێشا، بەڵام بە دڵنـیاییە دایک و بـاوکی دەزانـن و لە یادیـانە، کە چـون ئالـیتای کـۆرپـەیـان، هـۆگـری تێکـەڵکـردنی رەنگەکـان بـوو. لـەو رۆژەوە، دایـک و بـاوکی رۆژانـە لە ژوورەکـەی ئالیـتەدا کە نـاویان لێـناوە (ژوری جـادوویی ئالیتا)، کە پـڕە لە بۆیەی رەنگـاوڕەنـگ و لە قـوماش و لە فـرشە و لە شتی تـر و لە تابلۆکانی ئالیتا. لەو رۆژەوەدا، دایک و باوکی پـارچە قـوماشی سپی و بۆیەیان دەخستە بەردەستی، بە ئەوپـەڕی ئـازادی و هـەوسی خۆی بۆیەی دەکردە سەر قوماشەکانی بەردەستی و بە پەنجەکانی بۆیەی بە سەریادا بڵاودەکردنەوە. دوایش فێری بەکـارهـێنانی فـرشـە بـوو. بەو منداڵییە کاتێکی زۆری بە وێنەکـێشان بەسەردەبـرد.

تەمەنی ئالیتا ئانـدرا (٢٢) مانگ بوو، تا ئەم تەمەنەی کۆمەڵـێک تابلۆی رەنگاورەنگی هەمە بابـەتی کێشابـوون.بەڕێـوەبەری پێشانـگای شەقـامی (بـرۆنـزویک) لە مێلبـۆرن، (مـارک جامیسۆن) کردنـەوەی پێشانـگایـەکی تایبـەتی، بـۆ هـەردوو ژنـە هـۆنەرمەنـدی شـێوەکاری ناسـراو (نیکا کـڵاشینکـۆڤـا) ی دایـکی ئالیـتا و (جـولیـا بالینـۆف) راگەیـاند.

کڵاشینکۆڤـا، پێشنیاری بەشداریکردنی هونەرمەنـدێکی شێوەکاری تری بۆ بەڕێوەبەری پێشانـگاکە کـرد، کە ببـن بـە سـێ ژنـە هـونەرمەنـدی بەشـداربـوو. جامیـسـۆن یەکـسەر رازی بوو. نیکا کڵاشینکۆڤا (١٥) تابلۆی رەنگاوڕەنگی ئالیتای کچی خستینە پش چـاو بەڕێـوەبەر، بێ ئـەوەی ئاشکـرای بکات، کە ئـەم تابلۆیـانە ئالیـتای کـچی کـێشاویـانن.

بەڕێوەبەر زۆر سەسامی تابـلۆ جـوان و رەنگە ئەکریلیکە گەش و گونجاوەکانیان بـوو. یەکسەر بڕیاری دا کە بخرێنە پێشانگاکەوە. بەڵام لە دواییدا زانی ئەو تابلۆیانە، تابلۆی ئالیتای کچی نیکا کڵاشینکـۆڤـایە، کە تەمەنی (٢٢) مانگانە، هـێندەی تر سەرسام بـوو. تابلۆکـانی زیندووبـوون، گوزارشتیان لە ژیـان و جـووڵە و داهـاتوو دەکردن. بە رەنگی گەش و جـوان و پاک کێشابـوونی. مارکی بەڕێـوەبەر،تابلـۆکانی ئالیتای کرد بە ریـلام بـۆ پێشانگاکە. کە پێشانگاکە کرایەوە، بینەرانی زۆر سەرسام بوون و واقیان وڕما، کە منـداڵـێکی بیست و دوو مانگان ئەو تابـلۆیانەی کـێشاون.وێنـەی ئالیـتای سەر و قـژ و جلوبەرگيبە بۆیـە نەخـشاوو نموونە لە تابلۆکانی، لە رۆژنـامە و گۆڤارەکانـدا بڵاویان کردنەوە،بووش بە مانشێتی میدیاکان و بە یەکەمین هەواڵی راگەیانـدنەکانی ئوسترالیا. بە (بیـکاسۆی بچـووک) یش ناویـان بـرد. لـە کـۆی (١٥) تابلـۆی نمایشکـراوی(٧) یـان فـرۆشران. کە نـرخەکــانیان لە (٣٠٠ )دۆلار بـۆ (٣٠،٠٠٠) دوڵار بـوون.

لە دوای مانگێک لە کردنەوەی ئەو پێشانگایە و ناوبانگ دەرکردنی، ئالیتای بچکـۆلە لەگەڵ باوکـیدا، سەردانی (هۆنگ کۆنگ) یان کرد، لەوێـدا پێشانگایەکیان بۆ تابلۆکـانی کردەوە. یەکێک لە تابلۆکانی کە دەربارەی (وێستگەی مـیری ئاسمانی رووسی) یە، بە نـرخی (٢٤،٠٠٠)هـەزار دۆلار فـرۆشـرا.ئـەم نـرخـە بەرزەش نـەک بـۆ سـاوایـەکی شیرخۆری شێوەکار، بەڵکو بۆ وێنەکـێشێکی گەورەی پیشەییش پارەیەکی کەم نەبـوو. 

ئالیـتا ئانـدرا، لـە تەمـەنی (٤) ساڵـیدا، لـە (٤ بـۆ ٢٥/ یـۆنیـۆ/٢٠١١) لـە پێـشانگـای (گەلەری ئاگورا) لە مێلبۆرن لە ئوسترالیا، پێشانگایەکی کەسێتی کردەوە، لەژێـر ناوی (پەرجۆی رەنگەکان) کە (٢٤) لە تابلۆکانی نمایش کرد، هەموویان بۆ فرۆشتن بوون. نرخیان لە (٥ بـۆ١٠)هەزار دۆلار بـوون.(٩) لە تابلۆکانی بە زیـاتر لە (٥٠) هەزار دۆلار فرۆشران. چەندین دیمانەی تەلەفزیۆنی ورۆژنامەییان لەگەڵدا کردن، هـێندەی تر ناوبانگی دەرکرد. ئالیتا ئانـدرا، بوو بە مایەی شانازی بۆ ئوسترالیا و بۆ خـێزانەکەی. بووش بە بچـووکترین هونەرمەنـدی شێوەکاری جیهـانی. تا ئێستاش لەسەر داخـوازی چەندین لە شارە گەورەکانی وڵاتـانی ئەوروپـا و ئاسیا و ئەمریکادا و رووسیا و چـین، وەکو مێلـبۆرن، هـۆنگ کونگ، نیویـۆرک، مەیـامی، لەنـدەن، مۆسکـۆ، پترسبۆرگ و چەنـدین شاری تریش. پێشانگای نمایشکردنیان بۆ تابلۆکـانی کردۆنەتەوە. ژمارەیەک زۆر لە تابلۆکانی فرۆشران، تاێستا گرانترین تابلـۆی بە (٥٠) هـەزار دۆلار فـرۆشـرا.

ئالیتا ئاندرا، هەر لە تەمـەنی (٤) سالانـدا. لە رۆژی (٦بـۆ ٩/ دێسەمبەر/ ٢٠١١) لە نیـویـۆرک و لە (میـامی بیتش) لە ئەمریـکا. لە پێشانگای (ئـارت بـازل) کە یەکـێکە لە باناوبانگترین پێشانگای ساڵانە لە جیهاندا، بۆ نمایشکردنی هونەری منداڵان، کە زیاتر لە (٤٥٠) هـونەرمەندی منداڵان و شێوەکارانی پسپۆری شێوەکاری منداڵان و چەندین لە رەخنەگران ئامادەبوون. ئالیتای ئوسترالی، گەشتریـن ئەستێرەی منداڵانی شێوەکاری ئـەو پێشانـگایە بـوو. لە لایـەن رەخنـەگـران و هـونەرمەندان و میدیاکانی ئەمریکا وە، نازنـاوی (منـداڵە بلـیمەتـەکە)کەیـان لـێـنا.

ئالیتا ئانـدرا، لە تەمەنی (٥) ساڵانـدا، لە رۆژی (١٢/ یـۆنیـۆ/٢٠١٢) دا. لە پێشانگای هـۆڵی (گەلەری ئاگورا ) لە مێلبۆرن لە ئوسترالیا، لە ژێر ناوی (نهـێنی گەردوون) دا، پێشانگای دووەمی خـۆی کـردەوە.

ئالـیتا ئانـدرا، لە ئێستادا تەمەنی سـیانـزە سـاڵە. تا ئێستا لـە زیـاتر لـە (٢٥) پێشانـگای نێـودەوڵـەتی جیهـانیدا، بە تابلـۆ رەنگـینەکـانی بەشـداری کـردووە و باشـترین ئەنجـامی بەدەستهێناوە و خەڵاتی رێـزلێنانیان پێشکەش کردوون. زۆرترین تابلۆکانی فرۆشراون. گەرچی ئالیتا بە فـرۆشتن و دوورکەوتنەوەی تابلۆکـانی لێی، خەمگـین دەبـوو، چونـکە بە پارچەیەک لە رۆح و جەستەی دەزانین. هەروەکو گیانەلەبەریـك خۆشیانی دەویست.

ئالیتا ئاندرا لە تەمەنێکی زۆر بچـووک و لە ماوەیەکی زۆر کەمـدا، بەهـرەی هـونەریی گەشایەوە، توانی پێگەیەکی شایستەی جیهانی بەدەستبهێنێت و ببێت بە ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی هونەری نیگارکێشی جیهانی و ببێت بە یەکێک لە بلیمەتەکانی جیهان.

بەشـێکی زۆر لە تابلۆکـانی خـراونەتـە مۆزەخـانە هـونەرییەکانی شارەکـانی جـیهـان.

ئالیتا هـێشتاش منداڵە و لە سەرەتای ژیانی دایە. درێژە بە داهێنان دەدات. چاوەڕوانی ئـەوەی لێدەکـرێت، کە داهـاتـوویەکی گەشـتری ببێت.. ببێت بە کەڵـەهـونەرمەنـدێکی جیهـانی.. ببێت بە (پابـلۆ بیکاسۆ و لیۆنارد داڤـنشی و جاکـسون بولـۆک) ێکی تـر. 

نیکا کڵاشینکـۆڤـا لە بـارەی ئالیـتای کچـیانەوە دەڵێت:"ئالیـتا لە میانەی رەنگەکـانەوە دەدوێ، ئەو بە وێنە گوزارشت لە قسەکانی دەکات، بە لای ئێمەشەوە بینینی تابلۆکانی گوێگرتنمانە. ئالیتا بە وێنەکێشان گوزارشت لە نـاخ و لە خەیاڵ و هـیوا و خەونەکانی دەکات. هەندێ جار دەنگی تێکەڵ بە تابلۆکانی دەکا و لەگەڵ وێنەکێشاندا گۆرانی دەڵی، و هەندێ لە تابلۆکانیشی رەخنەئامێزن. ئالیتا زۆر جار بە دیار تابلۆکانیەوە سەما دەکا، کەمانجە یا پیانۆ لێدەدات، بە دەوریانـدا دەسوڕێتەوە و چەپـڵەلێدەدا، هـەروەکو ئەوەی کە لەگەڵ خۆشەویسترین هـاوڕێی دابێ. لە کاتی کـێشانی تابلـۆکـانیشـیدا زۆر بە وردی سەرنج دەدات. تەمـەنی دوو سـاڵان بـوو، کە دادەنیشت بـۆ ماوەیـەک هـەردوو دەسـتی دەخستنە سەر زەوی، یا دەیخستنە بن گوێیەکانی و بیـری دەکردەوە. زوو هەسـتم بەوە کرد کە ئالیتا لە منـداڵانی هـاوتەمەنی خۆی جیـوازتـر و بیرتـیژتـر و خەیـاڵ فـراوانـتر و بەهـرەمەنـترە.. شـێوازیشی لە وێنەکـێشانـدا جـیاوازتـرە لە شـێوازی منـداڵانی تـر"

ئالیتا ئاندرا، هـونەرمەندێکی سوریـالی داهـێنەرە، تابلۆکـانی سیمبولین و گوزارشتن لە هونەری ئابستراکـتیفی، بە تەواویش بە ئاراستەیەکی تازەی دوور لە چاولـێکەری و لە دووبارەکردنەوەی کڵـێشەی باوی سەردەم تێپەڕیو. ئالیتا لە تەمەنی دوو ساڵییەوە، بوو بە خاوەنی شێواز و رێباز و ستایـلی خـۆی. میـدۆمێکی تری داهـێنا بۆ گوزارشتکـردن. گـۆڕانێکی نـوێی بە هـونەری شێوەکاری بەخـشی و ماتـریـاڵی تـری بـۆ زیـاد کـردووە. تاقیکردنەوەیەکی هەستی قـووڵی بە تابلـۆکانی بەخـشیون، هەر تابـلۆیەک لە تابلۆکانی چـیرۆکـێکن، یا رەخـنە، یا گوزارشتن لە خۆشی و لە داهاتوویەکی نموونەیی گـەشتر. 

ئالیتا ئانـدرا، بە زۆری بۆیـەی ئەکـریـلیک (جـورە بۆیەیـەکە کە زوو وشک دەبێـتەوە) لەسەر قـوماشی سپی رووبەر گەورەدا دەکێشێت. لە زۆر لە تابلۆکانیدا، شتی سێ لایی بۆ زیاد کردوون، وەکو: دیناسۆر و بـۆق و پەپـوولە و پەنگینی پلاستیکی و مـوروو و گەڵا و توێکڵ و ریشاڵ و چیلکەی دار و کەوچک و کەمانجە و فرشە و پێڵاو و پـەڕی باڵـندە و گەلێ شتی تری تێکەڵ بە بۆیـەی سەر تابلۆکانی کردوون.ئەم شتانە رەهـەنـد و قووڵاییـەکی زیاتریـان بە تابلۆکـانی بەخـشیون و چـێژ و کاریـگەرییەکی زیاتـریشییان لەسەر خەڵکی هەیە. ئالیتا زۆر بە وردی و دیقـەت و بە بایـەخەوە تابلـۆکانی دەکێشێ. زیاتـریـش رەنـگە گەشەکـان بەکـاردەهـێنێ. هـونـەری شـێوەکـاری بـوونە بە گـرووپی خوێنی ئالیتا و بەبی وێنەکێشان هەڵناکا. تابلۆکانی وزەن بۆ گیانی و پەنجەرەیـەکـن بـۆ ئەقـڵ و هـزری داهـێنانی،مایـەی شـادی و کامـەرانین بـۆی. چـێـژ و خـۆشی و هـیوا و گەشبینیش بـە تەماشـاکەرانی دەبـەخـشـن.

رەخنەگـرانیشێوەکار، شێوازی هـونەری وێنەکێشانی ئالیتا ئاندرا، لە لیستی هـونەری ئابستراکتیفی (تەجریدی) ریزبەند دەکەن. لە تەکنیکی سوریالی خۆتەنی و رێکەوت دا. بەهـەریـەکەلـە کەڵـە هـونەرمەنـدە شێوەکـارە داهـێـنەر و بەنـاوبـانگەکـانی سـەدەی بیستەم، جـاکسـۆن بـولـۆک و سلڤـادۆر دالی و پابـلـۆ بیکاسـۆ بەراوردیـان کـردوون.

هەرچەنـدە کە ئالیتا، هونەرمەندێکی شێوەکاری سوریـالی نوێخـوازە، لەگەڵ ئەمـشدا، دەڵـێت:"مـن هـیچ دژایـەتیـیەکـم لەگـەڵ هـونـەری کلاسـیکیـدا نیـیە.. بـەڵام هـونەری ئابستراکـتیفـی سەربەسـترە.. شـێوازی مـن وەکـو گـەردوونی ئـازاد وایـە"

من تەنیا وەکو نووسەر و هەوادارێکی هونەری شێوەکاری، لە تابلۆکانی ئالیتا ئاندرام روانی و کەمێک تێگەیشتن و لێکـدانەوەم بۆیـان هـەیە. تەنیا ئەو کەسە هونەرمەنـد و رۆشنبیرییە هونەرییانە و رەخنەگرانە دەتوانن لە تابلۆ سوریالی و سیمبولییەکانی ئالیتا ئاندرا تێبگەن و تا رادەیەک ناخـی بخـوێنـنەوە و بە وردی رەنگەکـان و هـێڵکارییەکانی تابلۆکـانی لە هەمـوو روویـەکەوە لێـیان تێبگەن و بە جـوانی لێکـیان بدەنـەوە و واتـا و مەبەستەکانیان شیبکەنەوە، کە باکگـراوندێکی رۆشنبیریی هـونەرییان هـەیە و بەڵـەدن لە شـێواز و رێباز و لە قوتابخانە هـونەرییەکانی هونەری شـێوەکاری. چونکە تابلۆکانی سوریـالی و سیمبولـین و هەمـوو کەسێک بە ئـاسانی لێـیان تێناگـات. هـەر رەنگـێک لە رەنگەکـانی، هەر هـێڵـێک لەهـێڵەکـانی تابلـۆکـانی ئالیـتا واتـای سیمبولی خۆیـان هـەیە. دەربـڕینی هـزر و بـیر و زادەی خەیـاڵ و داهـێنانی ئالیـتای هـونەرمەنـدی نوێخـوازن.

شایەنی باسیشە، بێجگە لە وێنەکێشان، ئالیتا ئاندرا، چەند ئارەزوویەکی تریشی هـەیە، لەوانـەش: کەمانجـە و پیانـۆ لێـدەدا، گـۆرانی دەڵـێ، سەمـای بالیـا دەکـا و گـرنـگی بە فـیزیکی تیـۆری و زانیـارییە گەردوونییەکـان دەدا.

ئالیتا دەڵێت:" کەمانجـە تەنیا ئامـێرە کە دەکرێ، تـووڕەبێت، شـادبێت، خەمگـین بێت"

(*) بۆ نووسینی ئەم بابـەتە سوودم لە چەنـدین سـایتی ئینگـلیزییەوە وەرگرتـووە.

رەزا شـوان

نەرویـج: ١٧/ یانـوار/٢٠٢١

 

 

 

  • 1