ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێشتر و لە بەشی سەرەكی ئەم وتارەدا ئاماژەیەكی روونم بە سەرهەڵدانی ئەو قەیران و تەنگوچەڵەمە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیانە كرد كە وەك بەشێكی دانەبڕاو لە مێژووی سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ئاژاوە لە عێراقدا چ رۆڵێكی نیگەتیڤ و مەترسیداریان گێڕاوە ولە ئێستاشدا چۆن بوونەتە لەمپەر لە سەر ڕێی پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی سێستەمی دیموكراسی و حوكمڕانی و چ هۆكارگەل و فاكتەرێكیان خولقاندوە بۆ گەشەی خودی ئەو توخم و ڕەگەزە مێژویانەی كە لە خۆیدا ئەگەرەكانی هەڵوەشانەوەی عێراق زیاتر دەهێننە پێش و وامان لێدەكەن گریمانەی نەمانی عێراق وەك ئەوەی كە هەیە ڕوونتر ببینین .

ئەگەر دیقەتێكی وردتر لەو بارودۆخەی ئێستای عێراق و ناوچەكە بدەین ئەوە بەباشی راستی ئەو تێروانینەمان بۆ دەردەكەوێ‌ و دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی كە ئاژەوە وەك پنتێكی مێژووی چۆن دەمانباتەوە سەر قسەكردنیش لەسەر ئیشكالیەتی تێگەیشتن لە دەوڵەت چونكە بەرزبونەوەی كێشمەكێش و ململانێ‌ سیاسی و مەزهەبیەكان و ناجێگیری دۆخی راستەقینەی هاوكێشەی سیاسی لە عێراق و هەڵئاوسانی ئابوری و تەنگەژەو كێبەركێ‌ سیاسیە نادیار و نارۆشنەكان كە خۆی لە خۆیدا ئیشكالیەتی تێگەیشتنە لە پرۆسەی دەوڵەتداری هەر لە سەرەتای بونیادنانەوەی عێراق دوای رۆخانی رژێمی بەعس وای كرد گەمە سیاسیەكان بۆ یەكلای كردنەوەی پشكەكان لە پێكهاتەی سیستەمی سیاسی عێراقدا بگاتە ئاستێك كەهەریەكە و بە جۆرو شێوازێك مامەڵە و سەودا بەو بارودۆخەی عێراقەوە بكات و بە جۆرێك لە ڕەوڕەوەی ئاڵۆزی تابلۆكە بڕوانێ‌ پێی وابێت عێراق هی ئەوە ، دیارە ئەم تێفكرین و خۆمەڵاسدانەش بۆ عێراقی تازە ئاڵۆزبوونی رووداو پێشهاتەكانی لە هاوكێشەی توخم و رەگەزەكانی ململانێدا هێندەی تر تەعقید كردو بوە هۆی بەرجەستەكردنی كایەیەكی قەیراناوی وا كە درچوون لێی ببێتە مەحاڵ ، ئەمەش بۆخۆی مەسەلەیەكی هەستیارە و دەكارێ‌ بەدیقەتی وردو بابەتیانە هەڵبسەنگێنرێ‌ و خورد بكرێتەوە چونكە بەبڕوای سیاسەت ناسان یەكێك لە مەترسیەكانی بەرجەستەبوونی قەیران و تەنگەژەی سیاسی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە كێشمەكێش و ململانێكان بگاتە ئاستی بەیەكدا چون و هەڵوەشاندنەوە . بەتایبەت ئەوكاتەی كە كانتۆنە سیاسیەكانی ناو ئەو پێكهاتەیە نالۆژیكیانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخ و رەوتی رووداوەكاندا دەكەن و ئیشكالیەتیان هەیە لە پێكهێنانەوەی دەوڵەت لە عێراقدا ، هەربۆیە لەو بارودۆخەی ئێستاشدا كە عێراقی تێكەوتوە زۆر لەمەسەلەكان لەیەكدی ئاڵسكاون و چارەسەركردنیان نارۆشنە وكێشمەكێش و ململانێكانیش ماوەتەوە بۆ خوودی عێراقیەكان، ئیشكالیەتی تێگەیشتن لە دەوڵەتیش ئەگەرەكانی هەڵوەشاندنەوەی عێراق هێندەی تر زیاد دەكات، ئەمەش لەم كاتەدا مەترسیەكی گەورەترە لەو مەترسیانەی كە لەهەڵوەشاندنەوەی عێراق و بەرپابونی شەڕی تایەفی و مەزهەبی دا بەدی دەكرێت ململانێكان زیاتر پەرە دەگرن و دەبێتە دەرگایەكی واڵاتر بۆ وڵاتانی دەراوسێ‌ ، ئەوەتا هەڕەشەی بەردەوامی ئێران لە دەستێوەردان لە كاروباری عێراق و زاڵكردنی هەژموونی خۆی بوەتە یەكێك لە گرفتە هەرە سەرەكیەكانی سێستەمی حوكمڕانی عێراق و دەرەچەی دەرچوونی لێداخراوە لەولاشەوە توركیا لە هەوڵی قایمكردنی پایەكانی خۆیدایە لە گەڵ بەشێك لە هێزە كوردی و سوونی و توركمانەكاندا ودەیەوێ لەو ڕێگەیەوە بەرژەوەندیەكانی خۆی بەدەست بێنێ ، ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانیشی وەك شانشینی سعودیە دەیانەوێ‌ عێراقێكی بەتاڵ لە شیعە و ئێران بكەنە بنەمای مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندیەكانیان ، بەمەش دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە ئەمەریكا و وڵاتانی دەراوسێ‌ پەیتاپەیتا لە كونێك دەگەڕێن كەلێیەوە كاربۆ یەكلای كردنەوەی بەرژەوەندیەكانی خۆیان بكەن و ئەو حیساب و كتابەی كە بەنیازن لە عێراقدا بەچنگیان بكەوێت لە ئێستادا كاری لەسەردەكەن ، ئەمە جگە لەوڵاتانی تری عەرەبی كە هەریەكە و بەشی خۆی بەرژەوەندی و قازانجی خۆی هەیە لە عێراقدا و كاری لەسەر دەكات ، بەكارلەسەركردنیشیان ئاراستەی مەسەلە هەستیارەكان دەگۆرێن وئەگەری هەڵوەشاندنەوەی عێراق زیاتر دەكەن چونكە هەركاتێك ولە هەرسەردەمێكدا دەستی دەرەكی بە ئاراستەی قازانج وبەرژەوەندی تێكەڵاوی روداووپێشهاتەكان بوو ئەوە فاكتەرەكانی یەكگرتن ولە یەك نزیك بوونەوە دەبێتە شتێكی لاوەكی وپشت گوێخراو، لەم كاتەدا كە رەوشی سیاسی و ئابوری عێراق لەبەردەم مەترسیدایە وكێشمەكێش وململانیەكان گەیشتوەتە رادەی لەبەر یەكترازان وهەڵوەشانەوە وڵاتانی دەراوسێ وبەشێك لەوڵاتانی عەرەبی بەناوی یەكخستنەوەو هاوكاریكردنی عێراق دەیانەوێ بەشێك لە كانتۆنە سیاسیەكانی ناو پێكهاتەی سیستەمی سیاسی عێراق بەتایبەت بەشێك لە شیعە و بەشێكیش لە سووننە قایل بكەن بەوئامانجەی خۆیان وهانیان دەدەن بۆئەوەی لەڕێگەی ترەوە عێراق لەو زڵكاوە رزگاربكەن و نەهێڵن تووشی جۆرێك لە هەڵوەشاندنەوەولەیەكترازان بێت. واتا لەم دۆخەدا كە تابڵۆكە خراپ شێواوە بەشێك لە كوتلە سیاسیەكانی عێراق لە هەوڵی پێك هێنانی بەرەیەكدان دۆستە نەیارەكانیشمان لە ئامادەباشی تەواو دان بۆئەوەی لەمپەر لەسەر ڕێی ئەو ئاڵوگۆرەدا دابنێن و بەفیعلیش واخەریكە سەرەتاكانی ئەولەمپەرە دەردەكەوێ‌ بەتایبەت كێشەی كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات و مامەڵەكردن بە زۆرینە و كەمینەو هەوڵدان بۆ پەراویزخستنی كورد و كەمینە ئەتنی و ئاینیەكان بۆخۆی بەشێكی دانەبڕاوە لەو كێشەو تەنگەژانە و ناكرێ بە سەریدابچین و بە شێوەیەكی بابەتیانە نەیخوێنینەوە لە ئێستاشدا بارودۆخی سیاسی و كلتوری و ئابوری عێراق بارودۆخێكی گونجاوە و دەتوانرێ لەوەدا چڕ بكرێتەوە كە وا گروپی نوێ و باڵی سیاسی نوێ‌ پێك بێنن و لە رێگەی ئەوانەوە لەمپەر لەبەردەم پرۆسەكەدا دابنێن . بەم هەنگاوانەش تادێت ئاگری شەرەكە خۆش دەكەن بۆبەدیهێنانی مەبەست ومەرامەكانیان كەخۆی لە بەدەست كەوتنی بەرژەوەندی وقازانجی زیاتردا دەبینێتەوە بەتایبەت توركیا و ئێران كەئاماژەم پێكرد دەیانەوێ لە داهاتوی عێراق و ناوچەكەدا ڕۆڵی زیاترببینن، دیارە لەوەهابارودۆخێكیشدا كورد دەكەوێتەبەردەم پرس و مەسەلەیەكی گەورەتر لەوەی ئێستا لەبەردەستمانە . چونكە لەكاتێكدا كە عێراق مقەوەماتی دەولەتدری لە دەستداوە و گەیشتۆتە كەناری هەڵوەشاندنەوە. دەبێ‌ كورد بزانێ‌ چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا دەكات و چۆنیش خۆی لەبەرامبەر ئەوڕەوتە توندڕەوانە رادەگرێت كە چاویان بە مافەكانی كورددا هەڵنایەت وبەردەوام لە هەوڵی تێكشكاندن وشكستیدان وبەكردەوەش كار لەسەرتەوزیف كردنی ئەو هەوڵانەیان دەكەن . هەر بۆیەشە نابێ كورد ساویلكانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دیفاكتۆواقعیەدا بكات وبەپێچەوانە دەبێ كورد لەبری ئەوەی خۆی بكاتە قەڵخانی جارێكی تری رێكخستنەوەی عێراق ، كار لەسەر شێوەسیاسەتێكی نوێ‌ بكات كە بتوانێت لەرێگەیەوە مافەكانی گەلەكەی بەدەست بێنێ‌ و بۆ ئەمەش باشترە كورد ڕێگە چارەی كۆنفیدراڵی بەرووی گرژی و ئالۆزیەكانی ئێستای عێراقدا تەرح بكات . چونكە ئەوەی ئەمڕۆ دەكرێت بۆ بەهێزكردنەوەی عێراق وسەرلەنوێ‌ كۆنترۆڵكردنەوەی بارودۆخەكە هەنگاوێكە بۆ لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم و پێكهاتەی سێستەمە سیاسیەكەی و ئەو ئەزمونەی بەدەستمان هاتووە، باشترین ڕێگەچارەش لە ئێستادا بە بڕوای من ئەوەیە كە ئاماژەم بۆكرد ، واتا كۆنفیدراڵی لە ئێستادا گونجاوترین ڕێگەچارەیە و لەوە بترازێ قەیران و تەنگەژەكان هێندەی تر دۆخی عێراق دەشێوێنن ولە هەر ئاڵوگۆرێكیشدا دەشێ كورد توشی زیانی زیاتر و گەورەتر بێت و هیچ گۆشەیەكی تابڵۆكە بە قازانجمان نەشكێتەوە .

 

  • 1