ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمرۆش , ئەوەتا لەبەردەم بارەگا ,هاوڕێیان لێی نزیككەوتنەوە , بواریان نەدا خۆی دەرگا بكاتەوە ,دەرگای ئوتومبیلەكەیان بۆ كردەوە ,ئەمیش بەهۆی ئازاری پشت وقاچەكانییەوە هێواش هێواش , بەر لەقاچەكانی گۆچانەكەی گەیاندە سەر زەوی , هەر لەگەل دابەزینیدا , بەپەلە دەستی بەباخەڵیدا كرد , پەلەی داگیرساندنی جگەرەكەی بوو , چونكە نەیكردووە بەنەریت لەناو سەیارە و شوێنی گشتی جگارە داگیرسینێ‌ ..

هێشتا چەند مژێكی لەجگەرەكەی نەدابوو , لەژێر سمێڵە هەردەم بەبۆیە تریسكاوەكەیدا , بەئاستەم لەۆیوە بەردەوام بزە لەسەرەكەی كەوتنە جووڵە ,دركت كرد كە بەچەند وشەیەك دەمی جوڵا , شتێكی بە بنگوییاندا چرپاند ,زیاتر لە نەرمە جوێنێكی سەرلەبەیانی دەچوو ,بۆیە هەموو ئەوانەی بەپیریەوە چوون و دەرگای ئوتومبیلەكەیان بۆ كردەوە ,لە قاقای پێكەنینیاندا و لە كۆڵی نەدەبوونەوە ,ئەمیش هەر لەبای غارێ‌ , دەستی بە گیرفانەكانیدا كرد, هەریەكەو برەك فستق و بادەم و جگەرەی لە دەست ئاخنین ..

وردە ,وردە , بەدەم تەواوكردنی جگەركەی و نەرمەشەلینێكەوە ,كە كەمێك بەسەر گۆچانە باریكەكەی دەستییەوە چەمابۆوە , بەرەو ژوورەوە هەنگاوی دەنا,

شیك پۆشی و ڕانكوچۆغەڵە هەردەم ئوتوكراوەكەی , كڵاو و جەمەدانیەكەشی توند توند بەدەستووری دەزەییاتییەكەی بەستویەتی و كلاشە تازە بۆیاغكراوەكەی سپی سپی دەچۆوە, رۆیشتنەكەیان جوانترو ناسكتر دەردەخست ,ئەو هەردەم هێلەگێكی پڕ لە گیرفانی لەسەر ئەم ڕێكپۆشیەیدا دەپۆشی , وادیارە , بەهۆی زۆری گیرفانەكانییەوە ,ئەو زیاتر هۆگری ئەم جۆرە پەستەكەبووە ,كە هەردەم گیرفانەكانی بە هۆی پڕكردنیان لە فستق , بادەم , شەكرۆكە , چەندان جۆری پاكەت وجگەرە ,حەب و كۆمەلێك وردەواڵەی سەردەمی پێشمەگایەتی وپارتیزانی...بەزۆریی سەرلەبەیانیان هەلئاوساون ..

ئەم بەیانییەش ,دوای ئەوەی دەرگای بارەگات كردەوە ,لەنێوبازنە و ئاپۆرای كۆمەلێك هاورێدا ,كە سەریان نابووە سەرسەری یەكترو بازنەیان بە دەوریدا بەستبوو ,دوای بەیانی باشی تۆ, كەمێك سەریان هەڵبری , توزێك بازنەكەیان كردەوە ,دوای لیڕامان و لێوردبوونەوە , بینیت هەوە !! ,بەلێ‌ , هەرخۆیەتی دیسان دەوریانداوە ,جارێ‌ تەنیا سەروجەمەدانییەكەی , وەك مانگ , كەمێ هەوری ئاپۆراكەی رەواندەوە ..

ئەم رۆژەش ,وەك رۆژانیتر , هەر رۆژ وسالێكیتر ,وەك هەربۆنە و هۆل وبەردەم هەر مزگەوتێك , یا بەردەم هەر بارەگایەكی حزب ولایەنێكیتر ,یا هەر ماڵە دۆست وهاورێیەك ,لە هەر شوێنێ‌ خەڵك وئاپۆرا هەبووبێ‌ ,ئەو ,ئاوا ڕێیپیدەگیرێ‌ یا دەورە دەدرێ , قسەی خۆش ,نەرمەجوێن , فستق , شیرینی وجگەرەی لێداوا دەكرێ‌...

بینیت ئەمرۆش هەمووانی بە بزە و خەندە وپیكەنین خسستبوو , هەریەكە و بڕەك لەشیرینی , فستق ,بادەم ,جگەرەی خۆی وەرگرتبوو, هەریەكە و نەرمە جوێنەكی لە شەكر شیرینتری ئەم پیاوە روحسووك وجوانەی وەرگرتبوو ,زۆری ئەوانەی دەوریان دابوو ,بە نەرمە جوێنەكانی ئەو پیاوە , زیاترلە شیرینیەكانی دڵخۆشتردەبوون..

ئاخر,ئەو, لەوەتەی هەیە ,لەوەتەی شۆرش وپێشمەرگایەتی هەیە ,ئەو هەرپێشمەرگە وهەر شیوعییە,گیرفانەكانیشی هەر تەژیە , هەر تەژیە , قسەكانی هاوتای پەندی رەسەنی كوردیە.. هێشتا نە تۆ ونەكەسیتر ,نا شێ‌ لە گەورەیی و بەخشندەیی ئەو تێگەیشتبێ , ئەو, لە زۆر پەرتوك ویادەوەری هاورێكانیدا ناودیر كراوە و شوێنی هەیە ,لە پەرتووكی تایبەت بەخۆیدا , بەشێك لە پەند وقسە نەستەقەكانی , خەبات وتێكۆشانی , هەڵوێست ونوكتەو بەسەرهاتەكانی باسكراون , بەلام هێشتا بەتەواوی نەباسكراون نە ناسێنراون ,چونكە ئەو, هەرتەنیا گیرفانەكانی نابەخشێ‌ ,ئەو, خەندە و ئیلهام و هیوابەخشە ,ئەو ,پیاوی راستگۆ , سەر ڕاست , پڕ پڕ لە وتەی بەنرخ و قسەی خۆش , خۆش مەجلیس وهەردەم، دەم بەنوكتەیە , ئەم پیاوەش ,بابا نوئیلەكەی حزبی شیوعی ,خۆشەویستی هەر هەمووان ,خالی خالان ( خاڵە خولە ) یە .

No description available.

 

  • 1