ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
لە جوغزی سەربەخۆییدا
 
کاتێک بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلان لە ئاکامی تێکۆشانیدا دەرفەتێکی چلۆنایەتی بۆ درووست دەبێت کە قۆناغێکی نوێ لە تێکۆشانی خۆی ئەنجام بدات و شێوازێک لە دەسەڵاتداری وەدەس بهێنێت وەک ئەوەی لە کوردستانی باشوردا هاتەکایەوە، ئەوا ڕووبەڕووی ئەرکێکی نوێی حوکمرانی دەبێتەوە کە پێویستە لە خزمەتی بەرژەوەندی ئەو هێز و وزە مرۆییە بێت کە هەردەم ژیلەمۆی بەرەنگاری و شۆڕش بوونە، و نهێنی سەرکەوتنەکان بوونە.
لەم ڕەوشە نوێیەی قۆناغی تێکۆشان لە کوردستانی باشوردا کە جاری ئەرکە نیشتمانییەکان بە تەواوی ئەنجام نەدراوە، گرنگە بەڕێوەبردنی دەسەڵات و حوکمرانی لە بازنەی چەمکی حوکمرانی باشدا بێت.
لە جیهانی ئەمڕۆدا کە بەردەوام شۆڕشی زانیارییەکان بە تایبەتی لە بواری تەکنۆلۆجیای پەیوەندییەکان لە پەرەسەندندایە، و ئامراز و کەرستە و توانا ئیدارییەکان و تیۆرییەکانی ئەم بوارە گرنگە گەشە دەکات، بە جۆرێک ئێجگار لە توانا و کەرستە و تیرۆییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و بیستەم قوڵتر و فراوانترە، بە شێوازی جۆراجۆر لە لایەن دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان و پسپۆر و توێژەوەرانەوە، پێناسەی هەمەجۆر بۆ چەمکی حوکمرانی باش دەکرێت.
بە گشتی حوکمرانی باش بریتییە لە بەرێوەبردنی دەسەڵات سیاسی و ئابوری و ئیداری و کاروباری گشتی کۆمەڵگا لە سەر بنەمای کۆمەڵێک پرنسیپی گشتی کە بریتن لە: ڕوونی و شەفافیەت.. بەشداری.. بەرپرسیاری..چاودێری.. کارایی.. بنبڕکردنی گەندەڵی.. عەدالەت و یەکسانی.. درووستکردنی متمانە، و کاری دامەزراوەیی.
مەبەست لە حوکمرانی باش لە هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستاندا بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و ئیداری و ڕەنگدانەوەیان لە بەرێوەبردنی کۆمەڵگای مەدەنی و ئیدارەدانی کەرتی تایبەتە، لە چوارچێوەی ئەو پرنسیپە گشتییانەی لە سەرەوە باسمان کردن، لە پێناوی ئەنجامدانی گەشەپێدانی بەردەوامی ئابوری و دابینکردنی ژیانی پڕ کەرامەت و شیاو بۆ خەڵکی کوردستان، و دابینکردنی ئازادییە گشتییەکان و مافی مرۆڤ، و پاراستنی قەوارەی ئێستای هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی تێکۆشان لە پێناوی تەواوکردنی ئەرکەکانی قۆناغی رزگاری نیشتمانی کوردستانی.
بنەماکانی حوکمرانی باش لە کوردستانی باشوردا پێویستی بە بوونی دەستوریکی دیموکراسی مەدەنی سکولارە کە جەخت لەسەر جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت بکاتەوە، و زامنی ئەوە بکات کە ئاین لە کاری سیاسی گشتیدا بەکار نەیت و دەوڵەت چاودێری سەرجەم ئاینەکان بە یەکسانی بکات، و یاسا لە گشت بوارەکاندا سەروەر بێت. هاوکات لەگەڵ ئەمەدا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە، و کار بۆ کاراکردنی چەمکی هاووڵاتی کوردستانی بکرێت، و دامەزراوەکان بە شێوازێکی دیموکراسی، لەسەر لامەرکەزی ئیداری بنیات بنرێت، و ماف وئازادییە گشتییەکانی تاک لەسەر بنەمای هاووڵاتیبون بپارێزرێت و تۆری زامنە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی بۆ بێکاران و کەمدەرامەتەکان فراوان بکرێت.
پێداویستییە بابەتییەکانی دیکەی چەمکی حوکمرانی باش لە کوردستاندا بریتین لە دابینکردنی مافە نەتەوەیی وئیداریی ورۆشنبیرییەکانی تورکمان وئاشوری کلدان سریان و ئەرمەن وعەرەب، و مسۆگەرکردنی یەکسانی جەندەری و مافەکانی ژنان، و مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی دادوەری.
یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکان بۆ دەستنیشانکردنی بوونی چەمکی حوکمرانی باش لە هەر وڵاتێکدا بریتییە لە کار و کۆششی ئەو وڵاتە بۆ نەهێشتن و بنبڕکردنی گەندەڵی کە تێکڕای بنەما و پرنسیپەکانی حوکمرانی باش هەڵدەوەشێنێتەوە، و لە ئاکامدا بێ متمانەیی تەواو بە پرۆسەکانی هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات، و چالاکی ئابوری گشتی، درووست دەبێت، و گەندەڵی لە بواری چالاکی ئابوری و کاری رۆژانەی حکومەتدا فراوان دەبێت، و شەفافیەت و پێدانی زانیاری ڕاست و درووست نامێنێت، و هەنگاوەکانی گەشەپێدان پەکی دەکەوێت، و بە هۆی ئەو سیاسەتانەوە بەردەوام قەیرانەکان بەرۆکی کۆمەڵگا دەگرێتەوە، و لە ئاکامدا سەقامگیری سیاسی نامێَنێت، وئاسایش کۆمەڵگا لە مەترسی بەردەوامدا دەبێت.
ئەم خاڵانەی لە سەرەوە باسمان کردن بە تەواوی بەرۆکی ڕەوشی کوردستانی باشور و حکومەتی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، و ئەم هۆکارانەش لە ئاستی هەنوکەییدا لە سەر ئاسایشی و پاراستنی قەوارەی ئێستای هەرێمی کوردستان کە پلانی نەیارانی کوردستان بەردەوامە، ئێجگار مەترسیدارە، و لە ئاستێکی درێژخایەنیشدا کارتێکردنی نەگەتیفانەی لە سەر تەواوکردنی ئەرکەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان دەبێت.
پێداویستییەکانی کارکردن بۆ دابینکردنی حوکمرانی باش لە کوردستاندا پێویستی بە بوونی تێڕوانینێکی ستراتیجی لە لایەن دەسەڵاتی هەرێَمی کوردستانەوە هەیە بە مەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانکاری چلۆنایەتی پشتبەستو بە نەخشە و پلان و پشتگیری توێژی مرۆیی مەبەست کە ئەم چەمکە لە بەرژەوەندیاندایە، دوور لە هەڕەمەکی و خۆرسکی کە لە خزمەتی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە سونەتی و کۆنەکانی بەرێوەبردنی دەسەڵات و نێو کۆمەڵگا دایە. لەم خاڵەشدا پێویستە شەراکەت نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگای مەدەنی بەشێک لە میکانیزمەکانی کارکردن بێت، و حکومەت ناوەندی ڕاوێژکردنی ڕاستەقینەی خۆی لە سەر بنەمای زانستی فراوانتر بکاتەوە و تەنها پشت بە ڕاوێژکارە فەرمییەکانی دەزگا ئیداری و فەرمانبەرییەکان نەبەستێت.
حوکمرانی باش لە کوردستاندا پێویستی بە بوون و گەشەپێدانی پەروەردەی مەدەنی هەیە کە دەبێ لە چوارچێوەی بەرنامە و کاری حکومەتدا ڕەنگبداتەوە و لە رێگای هەماهەنگی نێوان سەرجەم دامەزراو و وەزارەتەکان ببێتە بەرنامەیەک کە بەدواداچوون و چاودێری هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بکرێت.
چارەنوسی ئێستای کوردستان و پاراستنی قەوارەکەی و مانەوەی ئاسۆی تێکۆشانی ئایندە لە کوردستانی باشوردا بەندە بە پەیڕەوکردنی بنەماکانی حوکمرانی باش، و ئەمەش ئەرکێکی قورسە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، و پرسیاریش ئەوەیە ئایا دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم لە سایەی فرەبوونی ناوەندەکانی بریار و مانەوەی دیاردەکانی دوو ئیدارەیی و بووونی ناوەندەکانی هێز لە نێو حزبە سیاسییەکاندا دەتوانن ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەن.
27ی کانونی دووەمی 2021
  • 1