ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەڕوانگەی چینایەتیەوە

 

 کاری زۆرەملێ (عمل اجباری ) یەکێک بووە لەسیما ناشرینەکانی ناو قۆناغە جیاوازەکانی قوڵایی مێژوو ٫ بەتایبەت ژیانی کۆیلەکان پڕیەتی لەچیرۆکی تراژیدیایی جۆراوجۆر کە مرۆڤ دەتاسینێت ٫کەلە

۲٤ کاتژمێری شەو ڕۆژ دا زۆرترین کاریان پێکراوە لە (۱٦ بۆ۱۸)کاتژمێر لەناو خزمەت وکارکردندا بوون بێ حەوانەوەو پشوویەکی ئەو تۆ ٫ جگەلە کۆیلەکانیش دیلەکانی جەنگی نێوان ئیمپراتۆر و پاشاو دەوڵەتان کاری زۆرەملێ و تاقەت پڕوکێنیان پێ کراوە تائەو

ڕادەیەی لەناو داروپەردوی کارکردندا گیانیان لە دەستداوە٫هاوزەمان لەم سەردەمەشدا مناڵان وژنان ناچار کراون بەکاری زۆرەملێی وا کەبەهیچ شێوەیەک لەگەڵ هەلومەرجی ژیان وتەمەن و تەندروستیاندا نەگونجاوە ئەم کارە ناڕەوایە مەترسی زۆری هەیە لەسەر ژیان و تەندروستی چارەنووسی منالان وژنان ٫

کاری زۆرەملێ بەشێکە لەچەوسانەوەی چینایەتی کە بێزراوترین ودڕندانەترین جۆری کارکردنە ٫هەر بۆیەش مرۆڤایەتی هەمیشە لەهەوڵدا بووە بۆ ڕزگار بوون لە(کاری زۆرەملێ) ولەو ڕێگەیەشدا ولەچوارچێوەی ململانێی چینایەتیدا قوربانی بێ وێنەی داوە ٫هەر لەشۆڕشی سپارتاکۆسی کۆیلەکان تابە قۆناغی ڕزگاری لە دەرەبەگ وئاغاو خاوەنکارەکانی سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی تا گەیشتن بەوەی لەمێژووی تازەدا چەندین بڕیارو رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی لەبارەیەوە دەرکراوە ٫ بەتایبەت ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لەساڵی رێکەوتننامەی ژمارە (۲۹) دەرکرد لەساڵی( ۱۹۳۰)د پاشان لەساڵی (۱۹٥۷) دا دا رێکەوتننامەی ژمارە (۱۰٥)دەرکرد تایبەت بە( قەدەغە کردنی کاری زۆرەملێ ) ئەم رێکەوتننامانە ڕەنگدانەوەی هەبووە لەناو یاسای کاری ووڵاتان و لەسەر ژیانی کرێکارانی کشتوکاڵی و پیشەسازی و سەرجەم کەرتەکانی ناو پرۆسەی کارو بەرهەمهێنان کەبتوانن ۸ ٚکاتژمێر کار و ٦ ڕۆژ کار ببێتە داوایەکی ڕۆژانەو لەزۆر ووڵات دا کاری پێ دەکرێت ٫هەر بۆ

نمونە لەیاسای کاری عێراقی ژمارە (۳۷)ساڵی(۲۰۱٥)دا کاری زۆرەملێ قەدەغە کراوە ٫ و کات و ڕۆژانی کارکردن بەپێ یاسای کاری نێودەوڵەتی بە (۸) کاتژمێر لەڕۆژێکدا و (٤۸)کاتژمێر لەهەفتەیەکدا دیاریکراوە ٫ بەڵام ئەگەر ووردبینەوە لەژیانی واقعی کرێکاران و ژینگەی کار پێچەوانەکەی دەبینینن و خاوەنکار وسەرمایەداران بەپلانی بۆ داڕێژار و لەژێر ناو و بیانووی جۆراوجۆردا زیاتر لە( ۸ کاتژمێر و زیاتر لە٦ڕۆژ) کاردەکەن بە ( کارگەرانی بیرو بازوو ) بێ ئەوەی کرێی زیاتریان بۆ هەژمار بکەن ٫بێگومان ئەمە دەچێتە خانەی کاری

(زۆر ملێ وە) بەتایبەت لەزۆر ناوەندا ۱۲ کاتژمێرو زیاتر کاردەکەن بەکرێکاران ٫ و تەنانەت ئەگەر کرێی زیادیان بۆ هەژمار بکەن کرێکاران خوازیارن کەمترین کات لەژێر باری قورسی کارکردندا بن ئەگەر بەناچاری ولەترسی دەرکردن نەبێت ٫ بەتایبەت ئەو کرێکارەی کرێ باش و ژیانێکی گونجاوی هەبێت پێوویستی بەپشوو ژیانێکی ئاساییە نەک ببێت بەکۆیلەی کار ٫ لەمەش خراپتر( ۵ ڕۆژ کارکردن )هەیە بۆ سەرجەم کارمەندو فەرمانبەرانی حکومی بەڵام بۆ کرێکار تائێستا ٦ڕۆژ کارکردنە لەهەفتەیەکدا جگە لەسەعات کاری زیاتر کەزۆربەی کرێکاران بەناچاری و بێ رەزامەندی خۆیان٫ خاوەنکاران بەسەریاندا دەسەپێنن و ئەوانیش لەترسی بێکار بوون و بێ نان بوون ڕازی دەبن ئەگەر لەڕوانگەی مافی مرۆڤەوە تەماشای بکەیت( هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ کاری زۆرە ملێ٫ لایەنی کەم بەشێک لەکارکردنی دەچێتە خانە کاری زۆرە ملێ وە ) ٫ لەلایەکی ترەوە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ژیاندا پێداوویستیەکانی ژیان زۆر تر دەبن٫ نرخی کەلوپەل و کاڵاکان بەپێی بازاڕی کارو سەرمایە هەمیشە لەبەرزو نزم بووندایە و ٫کرێکار ئەوداهاتەی دەستی دەکەوێت بەشی ژیانی خۆی و خانەوادەکەی ناکات هەر بۆیە جارێکی تر پەنا دەباتە بەر سەعات کاری زۆر و ڕۆژانی زۆرتر لە کارکردن ٫ هەرحکومەت و لایەنێک بیەوێ یاساکانی کار جێبەجێ ببێت دەبێت پلانی بەرامبەر هەبێت بۆ سنووردار کردنی بازاڕ و دیارکردنی نرخ و قەدەغە کردنی زیاتر لە(۸ سەعات کارو ۵ ڕۆژ کارکردن) پرسیار لێرەو دەست پێ دەکات ئایە حکومەتێکی وەک هەرێمی کوردستان بەکاری لەم جۆرە دەکات؟ بیگومان دەسەڵاتێک کەزۆربەی پرۆژەکان هی خۆی وحزب و کەسە نزیکەکانی بێت ٫ بەرنامە و بڕیار و یاسای وا دەرناکات٫ لەبارێکی وادا بزوتنەوەی کرێکاری ٫ حزب و لایەن چەپەکان ٫ کەسانی چالاکوانی سەندیکای و کرێکاری دەبێت لێبڕاوانە نەخشەی جێگرەوەیان (بەدیل) یان هەبێت و تێکۆشان و ململانێ هەمەلایەنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکەن لەگەڵ دەسەڵات و خاوەنکاردا . تا بتوانن مرۆڤ ئازاد بکەن لەکاری زۆرە ملێ .

۲۰۲۱-۲-۲۱

  • 1