ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رۆژی 9ی نیسانی 2003 هێزی هاوپەیمانان بەسەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەغدای پایتەختی عێراقیان لە دوای تەنها 20 رۆژ شەرو روبەروبونەوە داگیر كردو هەر لەو رۆژەشدا پەیكەرە زەبەلاحەكەی سەدام حسینی سەرۆكی ئەوكاتی عێراقیان لە گۆرەپانی فیردەوس روخاند و كۆتایی بە 35 ساڵ حوكمی ئاگرو ئاسنی بەعس هێنرا،،

بۆ رۆژی دواتر واتا 10ی نیسان شاری كەركویش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە رزگار كراو دوای بەهاری 1991 لەبەهاری 2003شدا كەركوك جارێكی دیكە گیانی ئازادی بەبەرداكرایەوەو سیاسەتی تەعریب و تەبعیس و تەرحیل لە گۆرنرا،،

ئەگەرچی زۆر لە چاودێران و شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وابوو كورد لەو ساتە وەختەدا دەرفەتێكی باشی بۆ هاتە ئاراوە بۆ گێرانەوەی كەركوك بۆ سەرهەرێمی كوردستان. بەڵام سەركردایەتی سیاسی كوردستان لەجیاتی هەوڵ بۆقۆستنەوەی ئەو دەرفەتەو گەرانەوەی كەركوك بۆسەر هەرێمی كوردستان بدات بەپێچەوانەوە عێراقێكی هەڵوەشاوەی بەیەكەوە گرێدایەوەو نەیتوانی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوەو لەدەستی دا،،

دوای لەدەستدانی ئەو دەرفەتەش سەركردایەتی سیاسی كوردستان كەركوكیان وەك شارێكی كێشە لەسەر خستە نێو مادەیەكی دەستوری بێ بایەخ و كوردستانیەتی ئەو شارەیان پشتگوێ‌ خست لەكاتێكدا تەواوی بەڵگەنامە مێژویەكان كوردستانی بونی ئەوشارە دەسەلمێنن و بەهەزاران كوردیش لەپێناوی ئەوشارەدا گیانی خۆیان بەختكردووە، بەڵام داهات و پلەو پۆست و دەسكەوتی حزبی و كەسی كوردستانیبونی كەركوكیان لەبیر سەركردایەتی سیاسی كوردستان بردەوەو ماوەی 14 ساڵ كەركوك قوربانی ململانیە سیاسیەكانی نێوان هەرێم و بەغدابوو، هەوڵی جدیش نەدرا یەلاییکردنەوەی پرسی كەركوك و مادە خەیاڵیەكەی 140یش تەنها كاتی هەڵبژاردنەكان بەبیری خەڵكی كەركوك دەهێنرایەوەو هەردوو حزب یەكێتی نشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان موزایەدەیان پێدەكرد و دەنگیان پێ كۆدەكردەوە، لەكاتێكدا ئەو دوو حزبە لەبەغدا لە ساڵی 2003 وە نوێنەرایەتی گەلی كورد دەكەن،،

لەماوەی 18 ساڵی رابردودا نە سەركردایەتی سیاسی كوردستان و نە نوێنەرانی كورد لەبەغدا بەپێی پێویست یاخود بەجدی كاریان نەكردوە بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی كەركوك و گەرانەوەی ئەوشارە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و لەكاتی هەر گفتو گۆو دانوستانێكیشدا لەبارەی كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم هەرگیز كەركوك خاڵی یەكەمی گفتوگۆكان نەبووە بەڵكو نەوت و غاز خاڵی یەكەمی گفتوگۆكان بووە،،

جگە لەمانەش كەركوك ماوەی 14 ساڵ بەدەستی ململانیەی حزبە كوردستانیەكانەوە بەتایبەتی یەكێتی وپارتیەوە ناڵاندی و لەم شارەداهێندەی حزبایەتیكراو هێندەی لەخەمی پلەوپۆست دابون لەخەمی یەكلاییكردنەوەی پرسی كەركوكدا نەبونە...

هەرچۆن لە دواى راپه‌رينى به‌هارى 1991يه‌كێتى وپارتى پۆست وده‌سه‌ڵاته‌كانيان له‌هه‌رێمى كوردستان وله‌ دواى 2003 يش لەبەغدا پۆسته‌كانيان له‌ نێوان خۆياندا دابەشكرد لەكەركوكیش بەهەمان شێوە پۆستەكانی پارێزگای كەركوك و یەكێتی وسەندیكا پیشەییەكانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد وەك..

پارێزگار یەكێتی

قایمقامی ناوەندی پارتی

شارەوانی یەكێتی

شارەوانیەكان پارتی

بەرێوبەری پۆلیس یەكێتی

بەرێوبەری پۆلیسی قەزاوناحیەكان پارتی

تەندروستی یەكێتی

خوێندنی كوردی پارتی

هاتوچۆ یەكێتی

كشت وكاڵ پارتی

ليژنه‌ى ئۆلمپى عيراقى يه‌كێتى

ليژنه‌ى ئۆڵمپى پارتى

سەندیكای رۆژنامەنوسان یەكێتی

سەندیكای هونەرمەندان پارتی

ئاسایشی یەكێتی

ئاسایشی پارتی

ئەم دابەشكاریەش شۆربۆتەوە بۆتەواوی فەرمانگەوقوتابخانەو بنكە ئەمنی و تەندروستیەكان و تەواوی قەزاوناحیەكان و تەنانەت گەرەكەكانیش بەحزبیكراون بۆنمونە شۆراوی پارتی و شۆراوی یەكێتی....

لەكۆتایدا لەکاتێکدا 10ی نیسانی ئەمساڵ كەركوكیەكان یادی 18 ساڵەی رزگاركردنی شارەكەیان دەكەنەوەو هەناسەی حەسرەت بۆ ئەو ڕۆژە دەکێشن لەهەمان کاتدا چۆن زوڵم و زۆری دەسەڵاتی بەعسیان بیرناچێتەوە بەهەمان شێوەش كەمتەرخەمی سەركردایەتی سیاسی كوردستان و نوێنەرانی كوردیان لە بەغدا به‌رانبه‌ر به‌پرسى يه‌كلايى نه‌كردنه‌وه‌ى شاره‌كه‌يان و لەدەستدانی بیرناچێتەوە.