ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 درکاندنی راستییەکان سەخت و دژوارن هەر دوا بە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و لە گۆڕنانی نازییەت و فاشییەت و هەڵکردنی ئاڵای بۆلشەویك لە سەر باڵەخانەی رایشتاخی ئەڵمانی ؛ سەرمایەداری جیهانی تووشی راچڵەکین و شۆککرد ، دەستوبرد کەوتنە خۆ بۆ لەبەرگرتن و لەمپەر دروستکردن لەبەردەم بیری کۆمۆنیستی ، چەپگەرایی ، پێشکەوتنخوازی و نیشتمانی ، بەتایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە شا دەماری بەرژەوەندییەکانیان دادەنریت . بۆ بەهێزکردنی پێگەکەیان ، بەردەوامبوونی بەرژەوەندییەکانیان و ماشێنی جەنگ بۆ کاولکاری و فراوانخوازی و تێپەڕاندنی مەرامەکانیان ، کەوتنە داتاشین و دامەزراندنی پارت و رێکخراوی سیاسی و هەواڵگری لەژێر ناوی جیا جیای نیشتمانی ، نەتەوەیی ، کۆماری ، ئیشتیراکی ، دیموکراسی ‌، ئازادی ، مافی مرۆڤ ، ئایینی وەك ‌‌( داعش و ئیخوانەکاڻ و سەلەفییەکان ) ، هەروەها پیادەکردنی سیاسەتی ( پەرتکە و زاڵبە ) و پاراستنی هاوسەنگی هێز لە نێوان دژەکان لە سەرتاسەری جیهان . گەلی کوردیش لە کوردستان بەدەر نەبوو لەو خوانەرازێنراوە هەڵخەڵەتێنەرەی کە سەرمایەداری جیهانی بانگەشە و پڕۆپاگەندەی بۆ دەکرد لە پشت پەردەی دیموکراسی ، ئازادی و مافی مرۆڤ ، پتر بۆ بەتاڵکردنەوەی ناخی شۆڕشگێڕی ، بیری وڵاتپارێزی ، دەستەمۆکردن ، چەوسانەوە ، بە هەژارکردنی جیهان ، وێرانکردن و شەڕ و کوشتاری و ........ بوو . پتر لە حەفتا و پێنج ساڵە بزووتنەوەی رزگاری گەلی کوردستان جگە لە چنینەوەی شکست دوای شکست ، ماڵوێرانی ، کاولکاری و ........کە ئەنجامەکەی بووە ، وەك مازیکەری کون لە پاشۆڵێ ، هیچی بە هیچ نەکردووە و رەنجی بە بادا رۆیشتووە ! ئەمڕۆ لەسەرتاسەری دنیادا بە دەیان بگرە بە سەدان پەیمانگە و سەنتەری لێکۆڵینەوە هەن کە شارەزایان و پسپۆڕان لەبواری مێژووناسی خەریکی لێکۆڵینەوە و بەدووادوچوون و هەڵوەستە لەسەر رووداوەکان دەکەن و تێڕوانینی خۆیان دەردەبڕن ، کۆکن لەسەر ئەو راستییەی کە سیاسەت زانستە وەك سەرجەم زانستەکانی تر ، یاسا و رێسای تایبەتی خۆی هەیە ، نسکۆ ، قەیران ، هەرەس ، راپەڕین ، سەرکەوتن و ........ هۆکاری تایبەتی خۆیان هەیە ، داڕمانی باڵەخانەیەك یا بەنداوێك ، گڕگرتنی گڕگانێك ، سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و....... هۆکارگەلێکیان لە پشتەوەیە . گەلی کورد لەکوردستان ، وەك سەرجەم گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، کەوتۆتە ژێر کاریگەری دروشمە نەزۆك و باق و بریقی هەڵفرێوا و سیمفۆنیایەکی هەڵخەڵەتێنەر و ورژێنەر کە بە درێژایی مێژوو مایە پووچ بووە ، بارێکی قوڕس و باجێکی گرانی بەسەر شانییەوە بووە ، وەك بووکەڵە ، داگیرکەران هەڵیان پەڕاندووە . راستییەکی تاڵ و حاشا هەڵنەگرە گەر بوترێ ئەو ئەزمونە شکستخواردوەی گەلی کورد هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەرکردە ورابەڕی بە ئەزمون ، شارەزا ، وڵاتپارێز، دڵسۆز ، کارامە ، وشیار و دووربین بۆ خوێندنەوەی رووداوەکان ، ئەگەرەکان و پێشهاتەکان ، نەبوونی ئەو شارەزایەتییە و پسپۆڕییە لەو بوارەدا ؛ نەهامەتی و پاشاگەردانی لێدەکەوێتەوە و هەر بۆیەش قەوارەی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ بچووکتر بووەتەوە و میللەتیش نابووت لە ناوەوە و لە دەرەوە و تەژی لەتڕاژیدیا و بەسەرهاتی جەرگبڕ . سەرکردە و رابەر ، بە پیرۆزکردن ، گوڵبارانکردن ، پیاهەڵدان و نەمری وەك گلگامێش ناکرێت و ئەوەش ئەو راستییە تاڵەیە کە دەبێ وەك ژەهر بینۆشین کە سوقراتی گەورە فەیلەسوفی یۆنانی نۆشیکرد لەپێناو چەسپاندنی سەروەری یاسا ، دادوەری کۆمەڵایەتی ، یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ . ئەوەراستی ئەو خەمە تاڵەی درێژایی مێژووە ، کە ( بە ناو ) مێژوونووسان ، ئەکادیمیست ، رۆشنبیر ، نووسەر و شاعیر و سەرکردە فاشیلەکان کە ئەمڕۆی گەلەکەمانی بەو رۆژە گەیاند !! سەرانی کورد ، وەك سەرجەم سەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئاخنراونە نا سندوقێکی رەش ، کلۆمدراو بە قوفڵێکی ژەنگاوی سەرمایەداری دوژمنی هەرە سەرسەختی مرۆڤایەتی ، بەرپرسیارن لە کوشتنی خەونەکان . گۆڕینی ئەو دۆزەخە ، هەروا کارێکی سووك و ئاسان و هیوا بڕ نییە ، وەك ئەوەی غاندی کردی ، پێویستی بە شۆڕشێکی سەڕدەمیانەی جەماوەری سەرتاسەری راستەقینە هەیە ، ئەوەش پاش ئەوە دێت هەر تاکێکی کۆمەڵگە گۆشبدرێت لەسەر هۆشیاری بنەماکان و پرنسیپەکانی ئازادی ، هاونیشتمانیبوون ، خاوەن یاسا و دەستور و سیستەمی بەڕێوەبردن . هەر تاکێك نەتوانی خۆی ئازاد بکات ؛ هەرگیز ناتوانرێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد بەرهەم بهێنرێت

 

 

  • 1