ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

تاوانی لەناو بردنی بە كۆمەڵ ..یان تاوانی دژبە رەگەزی مرۆڤ ..یان تاوانی سرینەوەی رەگەزی مرۆڤ ...تاد هەموو ئەمانە یەك مانایان هەیە . ئەم شێوە تاوانە لە زۆر شوێنی جیهان دژ بە مرۆڤ وەك خەڵكی سڤیل و دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دراوە ..

ئەكەرچی لەمێژوودا كوشتنی بە كۆمەڵ و تاوانی گەورەی سرینەی رەگەزی مرۆڤ رویداوە بەڵام وەك تاوان بەدیاری كراوی پاش جەنگی جیهانی دووەم لە دادگای نۆرنبۆرگ لە بەندی شەشەمدا وەك بنەمایەكی تاوانی نێودەوڵەتی ناسێنرا وەك كوشتن یان سرینەوەی رەگەزی مرۆڤ و هەر كارێكی تر لەو شێوانە پێش جەنگ و پاش جەنگ ئەنجام درابن بەپێی ئەو یاسایە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دانراو مەحكوم كرا . هەتا حاڵەتی ئەو چەوساندنەوانەی كەلەسەر بنەمای سیاسی یان رەگەزی یان ئاینی ئەنجام درابێت بە تاوانی دژ بە ئاشتی یان تاوانی جەنگ دانرا . هەر بۆیە راگەیاندنی پەیماننامەی مەحكوم كردنی لەناوبردنی بە كۆمەڵ  وەك قۆناغێكی نوێ بۆ دانانی سنۆرێك بۆ ئەو جۆر تاوانانە دادەنرێت .هەرچەن ئەم پەیماننامەیە تایبەت بوو بە ئەو تاوانانەی لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم ئەنجام درابوو بەڵام دواتر رەهەندێكی گشتی وەرگرت و بووە بنەمای سەركی لە رێگەگرتن لەو تاوانانی كە هاوشێوەی ئەو تاوانانە ئەنجام دەدرێن

تا ساڵی 1944 تاوانی دژ بە رەگەزی مرۆڤ ( جینۆساید) لە چەندین شوێن و لە چەندین روداودا ئەم تاوانە بە بێ ناوێكی گشتگیر لە مێژوودا رویداوە تا لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆیەكەمین جار لەرۆژی 11\ 12 \ 1946 بریاری ژمارە 96 ی دەركرد ئەم جۆرە تاوانەی بەتاوانی دژبە رەگەزی مرۆڤ لە یاسای نێودەوڵەتیدا ناساند .لە ساڵی 1948 یشدا كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە پاریس بریاری ژمارە 260 لە رێكەوتننامەی قەدەغەكردنی جینۆساید سزای خستە سەر تاوانكارانی جینۆساید لێرەوە بنەمایەكی یاسایی وەرگرت .

تاوانی دژ بە رەگەزی مرۆڤ ( جینوساید ) بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بە مەترسیدارترین و كاریگەرترین تاوان دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت .لە ماددەی دووی رێكەوتننامەكەدا كە پێناسەی جینۆسایدی كردووە بەوەی كە جینۆساید هەر یەكێك لەم كردەوانەی خوارەوە بەمەبەستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێكی نەتەوەیەك یان رەگەزێك یان نەژادێك یان ئاینێك ئەنجام بدات

وەك كوشتنی ئەندامانی كۆمەڵكەیەك یان نەتەوەیەك  یان زیان گەیاندنی جەستەیی و هزری ئەو كۆمەڵەیە یان دانانی گروپەكە لە بارودۆخێكی سەختدا بەمەبەستی لەناوبردنی بەشێكی یان هەموویان یان رێگریكردن لە مناڵبوون لەناو ئەو كۆمەڵەیە یان راگواستنی مناڵ بەزۆر لەو كۆمەڵەیە بۆ كۆمەڵەیەكی تر

لەم پێناسەیەو دیاریكردنی جۆری تاوانەكان ئەوە دەردەكەوێت كە تەنیا كوشتنی كۆمەڵ بە جینۆساید دانانرێت بەڵكو هەموو ئەو كردەوانەش كە دەبنە هۆیەك بۆ سرینەوەی رەگەز یان هەوڵدان بۆ سرینەوەی رەگەز بە تاوانی جینۆساید دادەنرێت .

بەپێ ئەم پێناسەیە ئەو تاوانەی بەرامبەر كورد لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە ساڵانی 1983 دژی بارزانیەكان كە زیاتر لە 8000 كوردی بەرزانی بێسەروشوێن كران و دواتر ساڵاتی 1986 تا 1988 و كارەسانی بەناو ئەنفال لەبەرامبەر خەڵكی سڤیلی كورد كە زیاتر لە 182000 هاوڵاتی كوردی بێ چەك لە ژن و مناڵ و پیرو گەنجی تیادا بێسەرو شوێن كران و لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە زیاتر لە 7600 كوردی ئێزدی شەهید و شوین بزرو بە كەنیزە كران. هەموو ئەمانە تەواو دەچنە خانەی تاوانی جینۆسایدو تاوانێكن بەپێی یاسای نێودەوڵەتی هەم مەحكوم كراوەو هەم سزاشی بۆ دانراوە .

كارەساتی ئەنفال تاوانێكی پراوپرە لە رق و كینەی زهنیەتی شۆڤینیانەی دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەست كە هەمیشە نەیانتوانیوەو نە دەتوانن بە زهنیەتێكی دیموكراسیانەو قبوڵ كردنی مافی كەمینەو چارەنوسی گەلانی زوڵم لێكراو بیربكەنەوە كە بە داخەوە هێشتا ئەو زهنیەتە لە نێو زۆرێك لە رەوتە سیاسییە ئێراقییەكانی ئەمرۆش دا هەر ماوەو هێشتا ناتوانن ئەو راستییە قبوڵ بكەن .

جێگای داخە تا ئەمرۆش هەتا لە ئاستی نێودەوڵەتیش بەهۆی بەرژەوەندییە جیاجیاكانیانەوە ناوەرۆكی ئەم رێكەوتننامەو بەلێننامانەی كە لە ئاستی نێودەوڵەتی وەك یاسای نێودەوڵەتی بریاردراون نەتوانراوە بەپێی پێویست جێبەجێ بكرێت و رێگری تەواو لە رونەدانەوەی ئەم تاوانانە بكات .یان بكرێتە هێزێكی یاسایی و قەڵغانیچكی یاسایی دروست بكات لە چواردەوری ئەو نەتەوەو كەمینە ئایینی و ئەتنیانەی كەدوچاری ئەم جۆرە تاوانە بونەتەوە . بەتایبەتی كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئێستا بە میكانیزمێكی بیروكراتی و وشك كاردەكەن تا رادەی وون بوونی هێزو دەسەڵاتی ئەو یاسایە

لە روی ناوخۆی كوردستانیشەوە لەگەڵ هەوڵی بەشێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و تاكو ئێستا وەكو پێویست حكومەت و ناوەندە سیاسییەكانیش كاری جدی و پێویست نەكراوەبە ئەندازەی ئەو تاوانە و ناساندنی ئەو تاوانە لە ئاستی جیهانی كەوەكو هۆلۆكۆست ببێتە سیمبولێكی جیهانی و ناسراو جگە لە هەوڵی روكەش و لاواز لەروی كاریگەرییەوە . لە كاتێكدا لە پاش دارمانی رژێمەكەی سەددام و بەڵگەكانی ئەم تاوانەو دۆزینەوەی ئەو هەموو گۆرە بە كۆمەڵەو بونی شایەدحاڵ و دانانی دادگایەكی ئێراقی تایبەت بە سزادانی بەشێك لەو تاوانبارانە كەچی زۆرێك لە تاواتبارانی تری ناوخۆیی لە سەرۆك جاش و مەفرەزە خاسەی بەشدارو هاوكاری ئەو رژێمە هێستا نەك هەر دادگا نەكراون بەڵكو هەر وەكو پێشان بونەتە كەواسوروی حیزبەكانی دەسەڵات و ئازادانە و هەندێك جار بێ شەرمانە داكۆكی لەخۆیان دەكەن .

لەكاتێكدا ئەركی حكومەت بوو جدییانەتر كار بۆ ناساندنی ئەو تاوانە بكات و دوای ئەو هەموو ساڵە قەرەبوی ژیان دۆخی دەرونی پاشماوەكانی ئەنفال بكات كە دوچاری دۆخێكی نالەباری دەرونی و كۆمەڵایەتی ئابوری بونەتەوە و دەبو كاری زۆرتری بكردایە ئەو تاوانە وەك كەرەستەیەكی كاریگەری نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی دۆخی سیاسی كوردستان سود لێوەربگرێت

  • 1