ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

"ئێمە یەک نەتەوەین و ئەوەشی ئێمەی کرد بە یەک نەتەوە دوژمنەکانمان بوون"

هەرتزل

رۆمان و چیرۆکی کوردی، لە کوێی ئەدەبیانی ناوچەکە و جیهاندایە. مێژووی ئەم دوو رەگەزە ئەدەبییەی ئێمە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ ئایا چیرۆکێک و دووان دەبنە مێژوو یان بنەما؟ یان ئەوانە تەنها سەرەتایەکن و دڵی خۆمانی پێ خۆش دەکەین! لە کاتێکدا ئێمە مێژوویەکی زۆر دوور و قووڵمان لە جینۆساید هەیە و هەمیشە کەوتووینەتە بەر شاڵاوی کۆمەڵ کوژی دوژمنەکانمان. لە بەرامبەردا، ئێمە زمانی گێڕانە و ئەدەبمان نەبووە. زیاتر و تەنها هەر شیعرمان هەبوو. ئەویش مژۆڵی یار و دیوە پەنهان و رۆحییەکان بووە. یان لە سنورێکی بچووکدا بانگەشەی بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی کردووە و نەیتوانیوە جینۆسایدەکانمان بۆ بە مێژوو بکات. بە گشتی چەند دەییەکە، ئێمە ئاشنای رۆمانین و ئەمڕۆ چەندین رۆمانووس و چیرۆک نووسمان هەن و خەریکە رۆژانە بەر کتێبی نوێ دەکەوین لەم دوو بوارەدا. ئەوەی چەندیان جوانە و دەبنە بنەما بۆ ئەدەبەکەمان، باسێکی ترە. پرسیارەکەی من ئەوەیە، چەندێک لەو دەقانە تایبەتن بە ئەنفال و جینۆساید کردنمان؟ هەر دوێنێ بوو رۆمانووسانی عەرەب، چەندین رۆمانیان سەبارەت بە جینوسایدکردنی شەنگال و کچانی ئێزدی نوووسییەوە. ئەی رۆمانەکانی ئێمە کوان! پێنج هەزار کچ و ژنی ئێمە دەکرێنە سەبایە و پێنج رۆمان بەرهەم نایەنێ. خەمساردییەکە لە رەچەڵکماندایە، هیچ نامانجوڵێنێ! ئێمە خۆمان، چەند لە بارەی ئەم پرۆسە دۆزەخییەوە دەزانین؟ نەوەکان کە زانکۆ تەواو دەکەن، چەندیان ئاگایی و زانیاری سەبارەت بە ئەنفال لایە! ئەم پرسە کە دەبوایە ببێتە هەوێنی گۆڕانکاری بنەڕەتی و تا ئاستی دامەزراندنی دەوڵەت بڕۆشتایە، کەچی وەک هەر بۆنەیەکی تر، وەک یاد و پرسێکی راگوزەر و رۆژێکی نیمچە ماتەمگێڕی زیاتر تێناپەڕێ! ئەمە لە لای نوخبە رۆشنبیر و نووسەرەکەش هەر بەم حاڵەیە، کەمترین توێژینەوە و دەقی ئەدەبی بۆ نووسراوە. ئەو کەمەش، زۆریان نەبوونەتە دەقی باڵا و لە سنوری گێڕانەوەیەکی واقیعی و مێژوویی زیاتر نین، ئەویش بە زمانێکی خراپ. لە هەموو ئەمانەش ماڵوێران تر، سنووری ئەدەبی ئێمە لە سنووری زمان و جوگرافیایی خۆمان نەترازاوە. زمانەکەشمان وەک دۆسێکەمان لە ژێر هەژموون و مەترسی ئەنفالدایە، ناگاتە دەرەوەی خۆمان. خۆیشمان کەمترین هەوڵمان نەداوە بۆ وەرگێڕانی ئازار و قوربانییەکانمان تا دنیایی لێ بە ئاگا بێنینەوە. ئەوە بە هۆی بێ دەنگیمانەوەیە کە بەردەوام ئەنفال لە پێشمانەوەیە و هەمیشە ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەیە. پاش چارەکە سەدەیەک لە ئەنفالی گوندی کوڵەجۆی گەرمیان، ئەنفالی کۆجۆی شەنگال، وەحشیانە تر روودەداتەوە. بەم حاڵ و باروودۆخەیشەوە، هیچ دڵنییایەک نییە و لەبارین بۆ مەرگەساتی تر. لەم قۆناغ و سەردەمەدا کە دنیا رۆژ دوای رۆژ بچوکتر دەبێتەوە و هەموو دەنگێک بە ئاسانی دەگاتە گوێی جیهان، دەبوایە ئێمە لە هەموو گەلێک زیاتر، ئازار و کۆمەڵکوژی و دۆزی خۆمانمان لە رێگای رۆمان و سینەماوە هەناردەی دەرەوە بکردایە و لەسەر ئاستی باڵا و گشتی پشتگیری و هاوخەمیمان بخوڵقاندایە. بە چەک نەمانتوانی بەر بە جینۆساید بگرین. بەڵام بە دڵنیاییەوە بە رێگای ئەدەب و هونەر، بە بردنە پشەوەی دۆزی نەتەوایەتی و برینی قوڵی مێژومان بۆ ناوەندە یاسایی و سیاسی و رێکخراوە جیهانێکان، بە پیشاندانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانمان و خوێن و مەرگەساتی مێژومان، بە ئەنفال، دەتوانین ئەو قەڵغانە دروست بکەین کە جارێکی تر هیچ دراوسێیەک زاتی ئەوە نەکات کۆمەڵ کوژیمان بکات. لە پاش هۆلۆکۆستەوە و تا ئێستاش، جولەکەکان ساڵانە رۆمان و فیلم و توێژینەوە لەو بارەیەوە بە گوێی دنیادا دەدەن. ئەوان لەسەر ئێسک و خوێنی قوربانییەکانیان، خۆیان و دەوڵەتی خۆیان بنیاتنا. نازانم بۆ ئێمە نازانین و ناتوانین مێژوی پڕ قوربانیمان بکەینە بنەمایەک و ستراتیژێکی روون و کاریگەر! بە لایەنی کەمەوە، ئەمڕۆ و پاش سی و سێ ساڵ لە ئەنفال، دەبوایە پتر لە سەدان رۆمانمان لەم بووارەدا، لەبەر دەستی خوێنەرانی جیهاندا بوایە، بە هەموو زمانەکان. بڵام نەک ئەوە نەکراوە، تەنانەت بۆ خۆیشمان کە خاوەنی قەزێکەین، لە پەنجەکانی دەست زیاترمان بۆ ئەنفال نییە و نەنووسیوەتەوە! ئێمە هەرە کەڕترین و ڵاڵترین نەتەوەی ئەم سەر زەمینەین، نە دەنووسین و نە دەشخوێنرێنەوە! دوا وشەی رۆمانەکەم"بازنە راخراوەکانی بابل" وشەی بێدەنگییە. سی و سێ ساڵە، هەم خۆمان و هەم جیهان، لە ئاست ئەنفالدا، بێدەنگن!