ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

- ئایا كورد لە بنیادەمە سروشتییەكەوە گۆڕاوە بۆ ئەو مرۆڤە دڕندەیەی ئەنگڵیس باسی دەكات؟

- ئەو كوردەی بە كۆڵ گڵی دەبردە سەر چاڵاییەكی لوتكەی ساخ و هەم پڕی دەكردەوە و هەم دارمێوێكی تێدا دەناشت، چی وای لێ كردووە لە باخچەی بەردەم ماڵەكەی خۆی ناسكە نەمام و دار بشكێنێتەوە؟

- چی وای لێ كردوە درەختی ناو باخچە گشتییەكان هەڵقەنێ؟

- گوڵەكانی سەر ڕێگا و ناوەندی شەقامەكان بۆچ هەڵدەكێشێ؟

بەكورتی:

- كورد (سروشتی) وەك سەرچاوەی ژیان و مانەوەی خۆی و گیانداران سەیر كردووە. گرنگترین زانیارییەكانی دەربارەی ئاووهەوا و دارودرەخت و پێكهاتەی زەوییەوە بووە، كە هەموویان سروشتین.

- كورد ئەو خولیایەی لە ئەنجامی خوێندنەوە و لێكۆڵینەوەی زانستییەوە دەست نەكەوتووە، بەڵكوو وەك بەشێك لە سروشت ئاگاداری نهێنییە وردەكان بووە.

- بەهۆی كشتوكاڵ و مەڕوماڵەتەوە زانیویەتی باران پێویستییەكی بەردەوامە، هەم زەوییەكەی پاراو دەكات و كشتوكاڵەكەی دەڕوێت و هەموو ئاوی ڕووبار و چۆم و كانییەكان زیاد دەكات و مەڕوماڵەتەكەی تینوو نابن.

كە سیاسەت دەچێتە ناو سروشتەوە

ڕاستە دنیای دەرەوە بە سیاسەتێكی ئابوورییانە و دڵڕەقانە بەرامبەر سروشت گۆڕاوە، بەڵام كورد بە غەدری سیاسەت گۆڕا، یان وەك خۆی دەڵێ، سیاسەتیان كردووە.

- ئەو بیركردنەوە تا ئەو كاتە ڕاستە، كە كورد لەگەڵ سروشت پەیوەندیی هەیە، كە وڵات بە هی خۆی دەزانێ، كە لەسەر خاكی خۆیەتی.

- كورد لە سروشتەكەی جیا دەكرێتەوە، شێوەی ماڵەكەی لێ دەگۆڕن، شێوازی ژیانی دەشێوێنن.

- پاچ لە زەوی نادات و ڕێڕەوی ئاو، یان جۆگاكان جۆماڵ ناكات.

- كارێز هەڵنابەستێ.

- مانگا كەڵ نادات.

ئەو دەبێتە كەسێكی دیكە، لە زەوی دوور دەكەوێتەوە. دەسكەوتی ئەو لە ژمارەی دڵۆپە باراندا نییە، میوەی ئەو لەسەر بژاركردنی بێستانەكەی نییە، پەنیری ئەو لەسەر شیری مانگاكەی نییە. ئەو مووچە وەردەگرێت، ئەو دەڵاڵی خانووە، لەجیاتی كۆكردنەوەی هەزاران بەرد و هەڵنانی كەڵەكە بەرد و دروستكردنی دیواری ڕاگر بۆ گرد و كارێز، ئەو هەزار سوێند دەخوات و پارەی درۆكانی بە نان دەدات و پێویستی بە چەنگە گەنمی چێنراوی خۆی نامێنێ.

سروشتی شار و گوند

گوندی، یان (لادێیی) چەند لە لادێ لەناو ڕەز و باخەكەی دڵفراوان و ڕووح سووك و سروشت دۆستە، لەناو شاردا (دە) ئەوەندە لە كاتی نێرگەلەكێشانی قەراغ جادە و شۆستەی ناو شاردا خوێن تاڵە و بۆ خۆیشی دوژمنی سروشتە. كولتووری ئەو كولتووری بەخشندەیی لادێییە، دڵفراوانیی ناو كێڵگەیە.

ئەو چۆن ئاوەكەی لەنێوان كێڵگەكەی خۆی و كێڵگەی هاوسێكەی دابەش دەكرد، بە هەمان شێوە بەرهەمەكەیشی لەگەڵ ڕێبواران دابەش دەكرد.

سیفەتی هەرە گەورەی بەرهەمهێنی لادێنشین ”ئەو سروشت ناكوژێ“، ئەو سروشت نەخۆش ناكات، ئەو ساڵێك زەوییەكە دەكاتە گەنم، ساڵی دواتر وەردیشی دەكات، بەڵام دایناچێنێ و بواری دەدات بژیەتەوە.

ئەو كوردە سروشتییە، بەدیار مەرگی كەرەكەیەوە دەگریا، بەدیار نەخۆشبوونی مانگاكەیەوە واوەیلایەتی، دەستی ناچێتێ سەری ببڕێ. ئەو چێڵە هاوژوور و هاوماڵی بووە، دەرگای تەویلەكەی لەسەر ژوورەكەی خۆی بووە.

كوڕی ئەو پیاوە، كە لە سروشت جیا كراوەتەوە، كە پەیوەندیی بە ئاو و شیناییەوە نەماوە، (غاباتی) ناوشار دەسووتێنێ، كەری بەرەڵا بە پایەی پردێكەوە هەڵدەواسێ. ئەو نەكولتووری شاری وێرانی تێدا موتوربە كراوە، نە بواری هەیە كولتوورەكەی خۆی پیادە بكات.

سروشتی دڕندانەی كارێكتەری سەرلێشێواوی كورد

- ئەو كارێكتەرە كوردەی ئەمڕۆ مەخلووقێكی تاقانەیە، لە وێنەی نییە. تێكەڵەیەكی سەیرە لەنێوان شار و گونددا، (شارییەكەی) بووەتە خاوەنی باخچە و دێبەر و كێڵگە و زەویی لادێ، كە هیچ ئینتیمایەكی بۆی نییە، ساڵی یەك دوو جار وەك بچێتە لای خزمێكی نەخۆشی، سەری لێ دەدات و وەك مێوانێكی بێ ڕەگ لە خانووە دڵسارد و شێدارەكەی (مەزرەعەكەیدا) دەمێنێتەوە. نە ناوی دارەكان دەزانێ و نە دەزانێ چ دەردێكیانە و نە لە دەنگ و تكەی ئاوەكە تێدەگات. تەنیا دڵی لای ئەوەیە، ڕۆژ بێتەوە و سواری ئۆتۆمبێلە تایە پانەكەی بێت و دووكەڵ و ژەهرەمار بۆ گەڵا ناسك و گوڵە تازە پشكووتووەكان جێ بهێڵێ.

شاریش بووەتە مۆزەخانەی خێڵ و قەبیلە و ئاغا، كە هیچ ئینتیمایەكیان بۆ كولتووری شار نییە، هەر وەك چۆن بە كەیفی خۆی كەرەكەی لە لادێدا لە هەر شوێنێك ویستبای دەبەستەوە، بە هەمان شێوە ئۆتۆمبیلەكەی لە هەر شوێنێ بخوازێ ڕادەگرێت و بە كەیفی خۆی خانوو دروست دەكات، لەبەرامبەر هەر چاوێك بۆ سەر كچكەی، یان خوشكەكەی، شەستیر و ئاربیجییەكەی لەسەر شانە.

ئەو كولتوورەش ئەمڕۆ سنووری خێڵی تێپەڕاندووە و بووەتە كولتووری گشتی و كابرای شاری، كە تەنیا دوو كوڕە پوور و دوو ئامۆزان، هەڕەشەی شەرە عەشیرەت دەكات و خۆی بە دەسەڵاتی خزمەكانی هەڵدەنێ و كولتووری خۆی لەبەرچاو كەوتووە، كە پەنا بردنە بۆ یاسا و دەوڵەت.

لەو نێوانەدا مەخلووقێكی تازە دروست بووە، كە كورسیی شوێنی وەستانی پاس و یاریی مەیدان و باخچەكان و شووشەی پردەكانی پەڕینەوە دەشكێنێ، لەبەرامبەریشدا سروشت پڕ دەكات لە دەبەی نایلۆنی ئاو، ڕووبارەكان مینڕێژ دەكات بە بوتڵی شووشە و ساردی. درەختەكان دەسووتێنێ و هەموو شتێك لە بێخەوە هەڵدەقەنێ.

بۆ ئەوەی نەمامێك بنێژێ، بۆ ئەوەی گوڵێك بچەقێنێ، دەبێ بیست ڕێكخراو دروست بكات و سەد كامێڕەی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و سایتەكان وێنەكەی زووم بكەن و بە مانشێتی گەورە هەواڵەكە بڵاو بكەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو مەخلووقە هەرگیز بیری ناكەوێتەوە، كە ئەو نەمام و گوڵانە زیندوون و ڕووحیان لەبەرە و پێویستیان بە ئاو و دڵنەوایی هەیە.

ئەگەر ئەنگلێس ئەو مەخلووقەی ناسیابایە، دڵنیام لەجیاتی دڕندە، ناوێكی دیكەی لێ دەنا.