ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوەى هەر دەسەڵات و سیستەمێکى حوکمڕانى دەکرێ لەو بارودۆخ و قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگاکەوە دەست پێبکەین کە سروشتی دەسەڵات و سیستەمە سیاسییەکەی دیاری دەکەن، گەر لەم روانگەیەوە لە سیستەمى حوکمڕانى کوردى بروانین ئەوە یەکسەر تێدەگەین کە ئەمانە لە منداڵدانى حوکمە تەقلیدی و خێڵەکیەکانەوە گەشەیان کردووە و لەسەر بنەمای وەلائی خێڵ و سەرۆک خێڵەوە هاتوونەتە سەر دەسەڵات ، واتا سیستەمێکی دامەزراوەیی و مەدەنیمان نییە و دەسەڵات وەک موڵکی شەخسیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ، هەرچی حزب و خێڵ ویستى هەر ئەوە دەبێ. لەولاشەوە تەواوى ئامرازەکانی دەسەڵات بۆ خۆیان قۆرخ دەکەن و دەسەڵات لەسەر تەرزێکى سەیر و سەمەرە بونیاد دەنێن و بوار بە هیچ دەرچەیەکى بابەتیانە نادرێ لە پرۆسەى حوکمڕانیدا، هەر ئەمەشە واى کردووە سەرەڕای کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئیجابی لە ڕابردوودا دزى و گەندەڵی بووەتە باوترین دیاردە و مەترسیدارترین میکانیزمى حوکمڕانى لە کوردستان و تا دێت گەندەڵکاران دەوڵەمەندتر و خۆشگوزەرانتر دەبن و، خەڵکى ڕەش و رووتیش قوڕبەسەرتر دەبێ، بەداخەوە هێندە بێباکن وەک وەى نە بایان دیبێت و نەباران ئەوەتا لە سایەی گەندەڵییەکانیاندا، هەزاران کەسی بوودەڵە بوونەتە ملیاردێر و بە پارەى دزراوى خەڵک تەراتێن دەکەن، سەدان مەسوولى نامەسئول خەریکى قۆنتەرات و پارە دزینن و بێ هیچ شارەزایى و پسپۆڕییەک بەڵێندەرایەتی پڕۆژەی زەبەلاحى بۆ دەردەچێ و لە شەوێکدا بە ملوێن دۆلار مامەڵە دەکات و لەولاشەوە بەبێ گوێدانە هیچ پرەنسیپێکى ئەخلاقی و سیاسی کۆمەڵگایان ئیحتکار کردووە و بە دەفتەر دۆلار جەستە دەکڕن و یاری بە شعوری خەڵک دەکەن.

لە سایەى ئەم دەسەڵاتەوە دەنگ و ڕەنگى خەڵک بێبەها کراوە و کەس گوێ لە هاواری خەڵک ناگرێ کە بێگومان ئەمەش زۆر لەوەى بەعس خراپترە و مەترسیدارترە کە دژی گەل ئەنجامى دەدا. ئێستا و لەم دۆخەدا مرۆڤ هێندە بێنرخ کراوە وەک کاڵا مامەڵەى پێوەدەکرێ و رۆژانە دەیان کەس خۆی لە پێناو ژیان دەفرۆشێ و دەبێتە پاروویەکى ئاسان بە دەستى بەرپرس و دەسەڵاتداری چڵێسەوە، ئیشکالیەتەکە لەوەدایە لە سایەى گەندەڵی و بە پارەى میلەت و لە سەر حیسابی میلەت ئەوەندە مەزرەعە و باڵەخانە و ڤێلا دروستکراوە بۆ ڕابواردن و کەیف و سەفا مەپرسە، بۆیە دەسەڵاتێک ئەمە پێوەری ئەخلاقی بێت و لە سەر ئەم بنەمایە هەنگاو بنێ ناتوانێ دۆخەکە بە ئاراستەى خزمەتى خەڵک بگۆڕێ، چونکە هەر گۆڕانکارییەکى ڕیشەى دواجار یەخەى خۆیان دەگرێت و کۆتاییان پێدێنێ، سروشتی دەسەڵات و سیستەمەکەش ئەمەى پێ هەزم ناکرێ و ناتوانێ وەها دۆخێک بەرجەستە بکات کە بە مەرگى خۆی کۆتای بێت، واتا گەر لەو لۆژیکەوە لە گۆڕانکارییەکان بڕوانین ئەوە دەبێ دەست لەوە بشۆرین کە ئەمانە بیانەوێ هەیبەت بۆ گەل و نیشتمان بگێڕنەوە و خزمەتێک بە کۆمەڵگا بکەن، ئەوان وا لە کۆمەڵگا گەیشتوون خەڵکیی مەڕە و ئەوانیش گورگ. بۆیە بێسڵکردنەوە کەوتوونەتە دزی و فزى و هەرچیان دەوێ بۆیان دەچێتە سەر و گوێ بە هیچ نادەن و هیچیان پێ شەرم نییە ئەگەرنا نەیاندەتوانى ئاوا ببنە خاوەنى کۆشک و تەلاری سەرسوڕهێنەر و باخ و باخاتى پڕ لە مرۆڤى کڕدراو، بەڵام مەخابن ئەوەندە سەرگەرمن بە کۆکردنەوەى پارە و گەندەڵییەوە ئەوەندە بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە زۆر لە دیکتاتۆر و دەسەڵاتدارە ستەمکارەکانى دنیا دواجار زۆر بە قورسی باجى ملهوڕى و داگیرکارییەکانیان داوەتەوە و بوونەتە پەند و مەخسەرەى مێژوو بە دەستى گەلەوە.

  • 1