ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەڕوانگەی چینایەتییەوە

 سەرکردایەتی کابینەی ئیتلافی حکومڕانی کوردستان، کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەدەنگی بڵند بەڵێنیان دا (کۆتایی بەدواکەوتنی مووچە بهێنن و پاشەکەوت کۆتای پێ بێت و مووچە دواکەوتووەکانیش دەدەنەوە و بەڵێنی هەلی کار و کوردستانێکی بەهێز و گۆڕانگاری بنەڕەتییان) دەدا بە گوێی خەڵک و دەنگدەراندا.

بەڵام وا (٥ ساڵ) زیاتر تێدەپەڕێیت بەسەر بەڵێنەکانیاندا، بەردەوامن لە سەر دواکەوتنی مووچە و لێبڕینی مووچەیشی هاتە سەر، ئەم دەسەڵاتە هەمیشە بەهانەیان دەهێنایەوە کە (نرخی نەوت دابەزیوە و حکوومەتی عێراق بودجە نانێرێت)، بەڵام ئێستا حکوومەتی عێراق و هەرێم ڕێککەوتن و بودجە دەنێرن و نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمیش بۆ هەرێمە و نرخی یەک بەرمیل نەوت بەرزبۆتەوە بۆ (٦۰) دۆلار، هاوکاری هاوپەیمانانیش بەردەوامە و لێدوانەکانی خۆیان دەڵێن داهاتی ناوخۆییمان زیادی کردووە.

بەڵام کاتێک گوێ لە لێدوانی ئێستای سەرانی حکوومەت دەگریت باسی پێدانی مووچەی تەواو و لەکاتی خۆیدا ناکەن و ڕەچاوی ژیان و گوزەرانی خەڵک ناکەن. بەتایبەت خەڵکی مووچەخۆر و کرێکار و کاسبکارانیان لەچاوەڕوانییەکی وەڕسکەردا هێشتووەتەوە و دەرئەنجام ژیانی جەماوەریان بەرەو هەژاری و نەداری و قەرزاری بردووە.

لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری هەیە؛ بۆچی حکوومەت داهاتیشی زیاد بکات، بەڵام سیاسەتی برسی کردن بەردەوامە؟

بێگومان دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندخوازی حزب و گرووپ و بنەماڵە ڕاوەستا بێت و کەڵەکەکردنی داهات بەرنامە و ئامانجیان بێت، گەندەڵی و نادادی سیاسەتی ڕۆژانەیان بێت، بێگومان سیاسەتی برسی کردن بەردەوام دەبێت و هەلومەرجی ئابووری بەرەو خراپتر دەبەن، بەردەوام یاری بە بازاڕ دەکەن، ئەم جۆرە دەسەڵاتە بێگوێدانە بانگەشە و بەڵێنیەکانیان هەمیشە خۆی لەسەنگەری هێرش بردندا دادەنێت، ئەوەتا دەبینین بە بەرنامە و لەسەر داوای کۆمپانیاکان نرخی پێداویستییە ڕۆژانەییەکانی خەڵک بەرز دەکەنەوە؛ نموونەی نرخی یەک لیتر بەنزین لە (٤٥٠ دینار)ەوە بووە بە (٦٠٠) دینار، بەبێ بوونی هیچ هۆکار و بنەمایەک کە یەکێکە لە پێداویستییەکانی ڕۆژانەی شۆفێران و خەڵک، جگە لەبەرزکردنەوەی نرخی هەندێک لەپێداویستییە خۆراکییەکانی خەڵک، ئەم دەسەڵاتە لەجیاتی سنووردان و کونترۆڵکردنی بازاڕ بەردەوام لەهەوڵی دەست بەسەراگرتنی ئیرادەی جەماوەردایە، تاکو جموجۆڵ و ناڕەزایەتییەکانی لەبازنەیەکی داخراودا بسوڕێتەوە و دواجار ڕوو لەدەرگای حزب و دەسەڵاتەکەیان بکات، بۆیە تەنیا ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە سیاسەت و دەسەڵاتەیە و فراوانکردنی مەوداکانی خەباتی چینایەتییە دژی دەسەڵاتدارێک کە بە بەرنامە کار بۆ هەژارکردن و برسی کردنی جەماوەری زەحمەتکێش دەکات.

 

  • 1