ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەم نووسینەمدا زۆر بەکورتی باس لە بابەتێک دەکەم کە تا ئێستا نە کەم و نە زۆر باسی لێوە نەکراوە، لە باسەکەشمدا مەبەستم نووسینەوەی مێژووی (پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان) نییە، چونکە ئەو بابەتە کات و ماندوبوونێکی گەلێک زۆری پێویستە و لەدواڕۆژدا بەوردی دەینووسمەوە، بەڵام ئێستاکە تەنیا باس لەخاڵێکی وتووێژی (مفاوەزاتی) پارتی کار و بەعس دەکەم.

لەسەرەتای مانگی ئابی ساڵی 1994 هاوڕێ (لەشکری بابە مەولود) ئاگاداری کردمەوە کە حزبی بەعس لە سۆران پەیوەندی بە مام زرار کردووە و داوای وتووێژیان لەگەڵ پارتی کار کردووە، گوتی بیروڕات لەم رووەوە چییە؟ لێرەدا باس لەوە ناکەم کە چۆن پەیوەندی کراوە و باسی چیکراوە، گوتم هاوڕێ (لەشکری) ئێمە وەکو (پارتی کار) لەم ئاستەدا نین بچین لەگەڵ بەغدا وتووێژ بکەین دەربارەی مافی گەلی کوردمان، با بڵێین ئەوە مافی کوردمان وەرگرت لەکام ناوچەی کوردستان جێبەجێی دەکەین، ئەگەر لەسەربانی خانووەکانی خۆمان جێبەجێی بکەین. ئەگەر بەعسی دیکتاتۆر و رەفتارفاشی راست دەکات با بچێت لەگەڵ پارتی و یەکێتی و تەواوی حزبەکانی کوردستان وتووێژ بکات، ئەوکات دەکرێت ئێمەش لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان ئەگەر بەباشمان زانی بەشداری بکەین، با هاوڕێ (مام زرار) ئەو وەڵامەی بداتەوە و وازبێنێ.

پاش ماوەیەک کاک (ێ.س.ش) بەسەردان هاتە ماڵەوە و بەیەکەوە ماوەیەک باسی سیاسی و حزبایەتی و پەیوەندی حزبە کوردستانییەکان و شەڕی ناوخۆ و گەلێک بابەتی تر کرا. ئینجا کاکەی میوانی ئازیزم هاتە قسەکردن لەسەر حکوومەتی بەعس و هاتوچۆی هەندێ حزبە کوردستانییەکان بۆ بەغدا و وەرگرتنی پارە و یارمەتی و هاوکاری لەحزبی بەعس، بەڵام ناوی هیچ حزبێکی نەهێنا، ئەو برادەرە هاتوچۆی بەغدای دەکرد و کاری بازرگانی دەکرد. پاشان گوتی ئێمە هەم برادەرین و هەم خزمین و من چاکە و باشی تۆم دەوێت، بەردوام بوو گوتی لەبەغدا حزبی بەعس داوای لێکردووم بێمە لات و ئاگادارت بکەمەوە کە حزبی بەعس دەیەوێت لەگەڵ ئێوە مفاوەزات بکات و هەموو شتێکتان بۆ دەکات، و بەڕای من کارێکی زۆرباش و بەجێیە مفاوەزات بکەن، پارەتان دەداتێ و بە لۆری چیمەنتۆ و نەوت و بەنزین و چەک و هەموو شتێک! گوتم باشە بەعس مفاوەزات لەسەر چی لەگەڵماندا دەکات؟ گوتی (وەڵا نازانم خۆتان وەرنە بەغدا و مفاوەزات بکەن و داوای مافی کورد بکەن)، ئیتر بەردەوام بوو لەسەر ئەو قسانە. پاشان گوتم کاکی بەڕێزم سوپاس کە ماندووبوویت و هاتیە لام، و تۆ نوێنەری حزبی بەعسی پێم بڵێ دەتوانی ئەوەی من پێت دەڵێم بۆ حزبی بەعس بگوازیتەوە؟ کاکەی نوێنەر گوتی بەڵێ، هەرچی بڵێیت بۆیان دەگوازمەوە، گوتم دەباشە ئاگاداریان بکەوە، واتە ئاگاداری بەعس بکەوە کە ئێمە وەکو (پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان) حزبێکی چەپی مارکسین و لەگەڵ حزبی شیوعی و حزبەکانی کوردستان پەیوەندی هەمەلایەن و فراوانمان هەیە، هیچ بڕوامان بە بەعس نییە مافی گەلی کوردمان بدات، و ئێمە لەتەک هەموو حزبە کوردستانییەکان تێدەکۆشین لەپێناوی مافی رەوای میللەتەکەمان، ئەگەر بەعس راست دەکات و مافی گەلی ئێمە دەدات با لەگەڵ (مام جەلال و کاک مەسعوود) پەیوەندی بکات و داوای مفاوەزات لەپارتی و یەکێتی و هەموو حزبەکانی تر بکات،  حزبی بەعس بڕوای بە مافی گەلی کوردمان نییە، حزبی بەعس حزبێکی شۆڤینی و دیکتاتۆرە مافی گەلی کوردمان لەزهنیەت و بەرنامەی نییە، کاکەی نوێنەر گوتی ئەوە بۆ ئێوە خراپە، گوتم ئەوە بۆچوونی ئێمەیە و بۆ بەعسی بگوازەوە و ئینجا با بۆ ئێمە خراپ بێت.

10 رۆژێکی پێچوو کاکەی نوێنەر گەڕایەوە و گوتی: لە بەغدا لە موخابەرات ئاگاداریان کردمەوە کە ئاگادارتان بکەمەوە ئەوان ئامادەن پێشوازیتان لێبکەن و وتووێژتان لەگەڵدا بکەن. گوتم کاکە بەکورتی و بەکوردی ئاگاداریان بکەوە ئەگەر بەعس ئامادەیە مافی گەلی کوردمان بدات با لەگەڵ (کاک مەسعوود و مام جەلال) و هەموو حزبە کوردستانییەکان بەیەکەوە مفاوەزات بکات، بەناوی ئێمەوە ئاگاداری بەعس بکەوە کە ئێمە حزبی بەعس بە حزبێکی شۆڤینی و دیکتاتۆر و رەفتارفاشی دەزانین و بەهیچ جۆرێک بروای بە مافی رەوای گەلی ئێمە نییە، ئیتر چیتر خۆت لەگەڵمدا ماندوو مەکە و بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیمان پێوە مەکە. ئەم بابەتە دوور و درێژە و لێرە شوێنی نییە، دوای ئەم هاتوچۆیە بۆ لای من، دیار بوو کاکەی نوێنەر پەیوەندی بە (ئەبو حیکمەت)ەوە کردبوو، (ئەبو حیکمەت)یش لیکاوی خۆشی لەدەم هاتبۆوە خوارەوە و وایزانی بوو هەنگوینی لەداری کەل دۆزیوەتەوە. ئامادەیی دەربڕی بوو کە ئەو لەگەڵ ئەوەدایە وتووێژ لەگەڵ بەغدا بکەین لەسەر مافی کوردمان. من لەوە دڵنیابووم کە ئێمە واتە ئەو هاوڕێیانەی دژی وتووێژ بووین لەگەڵ حزبی بەعس زۆرینەبووین و ئەگەر (ئەبو حیکمەت) باسی وتووێژ لەگەڵ بەعسدا بکات لاواز دەبێت و لەهەوڵەکەیدا مایەپووچ دەبێت. لا باڵی ئێمە لەسەرکردایەتیدا لە لا باڵەکەی ئەو زیاتر بووین، کاتێک ئەبو حیکمەت بابەتەکەی خستە ڕوو بۆ وتووێژ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا، دەربارەی مفاوەزات لەگەڵ بەعس، ئێمە زۆرینە بووین و باڵادەست بووین و داواکرا بابەتەکە بخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی یەکلابکرێتەوە، لەکاتی دەنگداندا، دوو هاوڕێی دیار و جێگای متمانەی ئێمە دەنگیان بە بیرۆکەی وتووێژدا لەگەڵ حزبی بەعس.

ئێمە دەومان بووە تەڵەی تەقیو سەرسام بووین، و یەکەم هەنگاوی پاشەکشەی ئێمە بوو، (ئەبو حیکمەت) هەناسەی سەرکەوتنی دایەوە و گۆی بۆ هاتە بەر قاشۆ و بەئاشکرا هەوڵی تێکشاندنی ئێمەی دەدا و لاوازی و بێهەڵوێستی خۆی لەیاد کرد. ئەو دوو هاوڕێیەی ئێمە کە چوونە پاڵ گرووپی مفاوەزات باری ئێمەیان لاسەنگ کرد و ملیان نا بۆ مفاوەزات، ئینجا بە یەکێکیانم گوت: گریمان بەعس حوکمی زاتی بە ئێوە دا لەکام ناوچەی کوردستان جێبەجێی دەکەن، دەبێ بزانن لەماوەی 24 کاتژمێر گەلی کوردستان دەتانکاتە جاشولکەی ناموحتەرەم، لێرەدا باس لەوە ناکەم کە گرووپی مفاوەزات چەند جار چوونە بەغدا بەدوو هاوڕێیەکەی ئێمەشەوە. دوای ئەو سەین و بەینە ئەبو حیکمەت گەشتی بۆ سوید کرد و بەڕێوەبردنی حزبەکە کەوتە ئەستۆی منەوە، هەوڵمدا ئەم بابەتە لەگەڵ هاوڕێیان باس بکەم، هەوڵی ئەوە بدەم کە ئەم بابەتە لەسنورێکی بەرتەسکدا لەگەڵ مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی باس بکەین، دوای خستنەڕووی بابەتەکە رێککەوتنی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی باسی بکەین و ئاگاداری بابەتەکەیان بکەینەوە، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا (من و ئەبو دلشاد و م. رابەر) کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی ئەنجام بدەین، لەگەڵ هاوڕێیانی مەکتەبی سیاسی رێککەوتین کە لەبارەگای ئەوان کۆبوونەوەکە بکەین، لەکاتی دیاریکراودا ئامادە بووین و وەفدی حزبی شیوعی لە هاوڕێیان (کەریم ئەحمەد و کەمال شاکر و حەیدەر شێخ عەلی) پێکهاتبوو. ئیتر بەکورتی و بە کرمانجی ئەوەی دەربارەی مفاوەزاتەکە هەبوو خستمانەڕوو و داواشمان لێکردن کە بابەتەکە بڵاونەکەنەوە. چونکە بۆ ئێمە دەبێتە خاڵێکی نابەجێ و هەروا دروستبوونی گیروگرفتی ناوخۆیی پارتی کار.

دوای ئەم دیدارە بەماوەیەکی کورت بۆ هەندێ کاری پارتی کار سەردانی بەڕێز (کۆسرەت رەسول عەلی) کە سەرۆکی حکوومەتی کوردستان بوو لە هەولێر کرد، دوای هەندێ گفتوگۆ و ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕا دەربارەی باری سیاسی و بارودۆخی ئابووری جەماوەر و شەڕی ناوخۆ و مەترسییەکانی لەسەر دەستکەوتەکانی گەلی کوردمان. لەگەرمەی قسەکاندا کاک (کۆسرەت) گوتی: (ئەرێ مفاوەزاتەکەتان چی بەسەرهات و بەچی گەیشتووە) لەراستیدا هۆپەکم لەخۆم زانی و سەرسورمام، لام سەیر بوو کە ئەم هەواڵەی چۆن پێگەیشتووە؟ کەمێک بێدەنگ بووم و پاشان لەبەڕێزیانم پرسی، ئەم هەواڵەت چۆن زانیوە؟ لەوەڵامدا کاک (کۆسرەت) گوتی: هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی ئاگاداری کردمەوە. کە ئەوەم زانی هاوڕێ حەیدەر ئەم کارەی ئەنجامداوە زۆر نیگەران بووم و گوتم، وا دیارە هاوڕێ حەیدەر مانگی دەستکردی هەیە و لەسەر بارەگایەکەی ئێمەی داناوە؟ کاک کۆسرەت هەستی کرد کە بەندە تەواو نیگەرانم لەکارەکەی هاوڕێ حەیدەر، بابەتەکەی گۆڕی و چیتر بەدواداچوونی لەسەر نەکرد و بەهیچ شێوەیەکیش تووڕە نەبوو. ئەگەر کاک (کۆسرەت) توڕەش بوایە  مافی خۆی بوو، چونکە سەرۆکی حکوومەتی کوردستان بوو بەبێ ئاگاداری بەڕێزیان مفاوەزات لەگەڵ حزبی بەعسی دیکتاتۆر و رەفتارفاشی و دوژمنی سەرسەختی گەلی کوردمان بکرێت مافی خۆیەتی لێپێچینەوە بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو سەرکردەیەکی لێهاتوو دووربین بوو، بەلایەوە گونجاو نەبوو بابەتەکە بەهەند وەربگرێ و بایەخی پێنەدا. دوای ئەم کەین و بەینەی نێوان ئێمە و مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێراق و دزەپێکردنی بابەتی مفاوەزات لەگەڵ حکوومەتی بەعسدا. ئەبو حیکمەت گەڕایەوە و مەسەلەی دانیشتن لەگەڵ حزبی شیوعی زاندرا و هەروا گەیشتنی هەواڵەکە بە (کاک کۆسرەت)، لەناو سەرکردایەتی پارتی کار تەقیەوە و (ئەبو حیکمەت) بواری بۆ رەخسا و هەوڵی پەیوەندیکردنی بەم و ئەو دەدا و، هێرشی توندی دەکردە سەر ئێمە و دەمێک بەشیوعی و دەمێک بە دۆست و لایەنگری  یەکێتی لەقەڵەمی دەداین و بەتەواوی و بە ئاشکرا دژایەتی دەکردین، ئەو بابەتانەشی دزە پێکرد و بۆ هەندێ لەئەندامانی سەرکردایەتی پارتی، یەکێک لەسەرکردەکانی پارتی زۆر تووڕە ببوو، تەقەی لەتاریکی دەکرد و، هەڕەشەی شار بەدەری لێدەکردین! واشی بڵاودەکردەوە کە گوایە بەندە بابەتی مفاوەزاتم گەیاندۆتە کاک کۆسرەت و یەکێتی، لەولاوەش ئێمە کەوتینە بەر بەرداشی یەکێتی و پارتی و فشاری زۆرمان خرایە سەر و لەناوچەی سەوز دەگوترا پارتی کار بەلای پارتیدا دەڕوات و لەزۆنی زەردیش لەژێر فشارێکی بێسنور بووین، تا کار گەیشتە ئەو ئاستەی (پارتی کار) دادگایی بکەن و هەڵیوەشێننەوە.

پارتی کار گەلێک نهێنی و هەوراز و نشێوی و بەینە و بەردەی سەیر و سەمەرەی تێدابووە و، هەرکاتێک بەپێویستم زانی بەتەواوەتی دەیخەمە بەردیدی تێکۆشەرانی پارتی کاری ئەوکات، وەک ئەزموونێکی حزبایەتی لەکوردستاندا کەڵکی لێوەردەگیرێت.

 

تێبینی: ئێمە لەلایەن کادیر و ئەندامانی حزبی شیوعیمانەوە فشار و پڕوپاگەندەی زۆرمان لەسەر بوو، حزبیش نەیدەتوانی رێگری لە ئەندام و رێکخستنەکان بکات، بۆ ئەوەی تۆزێک هێور و لەسەرخۆبن، چونکە بەشێکی زۆر کەم لەسەرکردایەتی حزب ئاگاداری کەین و بەینەکەی پارتی کار و حزبی شیوعی بوون.

  • 1