ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

لە کابینەی هەشتەمەوە باسی پرۆژەیاسای چاکسازی دەکرێت و کابینەی نۆش خۆی بەکابینەی چاکسازی ناساند و بانگەشەی گەورەی بۆکرد و هیوای زۆری بەخەڵک دەدا، ئەوەبوو پرۆژەیاساکە نێردرا بۆ پەرلەمان و لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا دەنگی لەسەر درا، بەناوییاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ " یاسای چاکسازی لە مووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازەکان وخانەنشینی لەهەرێمی کوردستان-عێراق" لە ٦ی شوبات ٢٠٢٠دا لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە. لەوەتەی پرۆژەی چاکسازی هاتە ناو بەرنامەی کاری کابینەی حکومەت و دوای ئەوەی بوو بەیاسا و بەکردەیی کەوتە بواری جێبەجێکردن لەسەر پشتی کیسەڵ هەنگاوەکانی دەنێت و بە دەنگێکی کزۆڵ باسی کاریگەرییەکانی و دەرئەنجامەکانی دەکرێت. بەڵام دوای نزیکەی ١٥ مانگ لە بڵاوکردنەوەی لە وەقایعی کوردستان نازانرێت چەندە داهات پاشەکەوت دەکرێت بەمیاسایە! ئەمە جگە لەوەی پرۆژەی چاکسازی تەنها ناکرێت لە مووچەو دەرماڵە و ئیمتیازاتدا کورت بکرێتەوە. هەروەک لەچەند بۆنەیەکیتردا باسمانکردووە ئەمە رێگا خاوەکەیە حکومەت گرتوویەتی لەکاتێکداڕێگای خێرای چاکسازی(قاچاخچێتی سنورەکان بەهەموو جۆرەکانییەوە، چاکسازی لە سەکتەری نەوت و وەستانی بەهەدەردانی سامان و موڵک و ماڵی گشتی..) زۆر باس دەکرێت و ئاوڕی لێ نادرێتەوە! تەنانەت نەک ئاوڕی لێ نادرێتەوە بەڵکو لەوەتەی باسی چاکسازی دەکرێتڕێگاکانی گەندەڵی و قاچاخی فراوانتر و خێراتربوون.

ئێستا ئەوەندەی لایەنەکانی حکومەت باسی جۆرەکانی گەندەڵی دەکەن و هەر لایەنەوە دژی لاکەی تر بەڵگەکان بڵاو دەکاتەوە نیو هێندە گوێت لە دەنگی ئۆپۆزسیۆن نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژ بەرۆژ ئاسۆی گەندەڵی فروانتر دەبێت و هیچ هەنگاوێک بەدیناکرێت بە ئاراستەیڕیگا خێراکەی چاکسازی و پاکسازی، تاکار گەشتووە بەوەی لەپەرلەمان هەرلایەنەو پاکانە بۆ خۆی دەکات و لاکەی تر تۆمەتبار دەکات، لە تۆمەتبارکردنەکەدا هەموویانڕاست دەکەن.

زۆر دەگوترێت لەسەر بەهەدەردانی ماڵی گشتی، گەندەڵی  فاکتە و حاشا هەڵناگرێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت نەک تەنها گوێگرە و قوفڵی لە دەمی داوە، بەڵکو دەست و پێی خۆی بەستووە بۆ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کاریگەر نەنێت.دەشگوترێت  بێدەنگی نیشانەیڕەزامەندییە.

من لێرەدا دەمەوێت جارێکی تر ڕوناکی بخەمە سەر داهاتی نەوتی ٩ مانگییەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بەپێی بەڵگە فەرمییاکان کە حکوومەت لەڕێگەی کۆمپانیای وردبینی دیلۆیتەوە و کۆمپانیا نەوتییەکان لەڕییڕاپۆرتە داراییەکانیانەوە بڵاویان کردووەتەوە.

لە بەرواری ١٥/١/٢٠٢١ دا ڕاپۆرتی ٩ مانگی نەوتی هەرێم بڵاوکرایەوە لێرەدا جەخت لە سەر ٦ مانگییەکەم دەکەمەوە:

بەپێیڕاپۆرتەکەی دیلۆیت لە سێ مانگییەکەم (چارەکییەکەم)ی ٢٠٢٠ دا کۆمپانیا نەوتییەکان بڕی ٤٢٧،٤٩٨،٣٩٣ دۆلاریان لە حکومەت وەرگرتووە وەکو شایستەی ئەوماوەیە و بۆ سێ مانگی دووەم (چارەکی دووەم) بڕی ٥٠٠،٥٦١،٤٤٢ دۆلاریان وەررگرتووە کە بە سەریەکەوە لەو شەش مانگەدا دەکاتە   ٩٢٨،٠٥٩،٨٣٥ دۆلار.

بەڵام کۆمپانیا نەوتییەکان لەڕاپۆرتەکانیاندا چەندین جار ڕایان گەیاندووە کە مانگی کانوونی دووەم و شوبات هیچ بڕە پارەیەکیان لە حکومەتی هەرێم وەرنەگرتووە، بەڵکو تەنها شایستەی مانگی سێ (ئازار)یان وەرگرتووە. کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوت لەڕاپۆرتە داراییەکانیاندا بڕی ئەو پارەی لە حکومەتیان وەرگرتووەڕاگەیاندووە ولە کۆی ٨ کێڵگەی بەرهەمهێنی نەوت ٦ کێڵگەیان کەڕیژەی ٥٥٪ ی نەوتی هەرێمی لێ بەرهەم دێت لەو سێ مانگەداتەنها ٩٧ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە وئەگەر بێت و شایستەی ئەو دوو کێڵگەیەی کەڕایان نەگەیاندووە چەندیان وەرگرتووە(گەرمیان و خورمەڵە) بەهەمان رێژە دابنێێن (کێڵگەی خورمەڵە دەبێت شایستەی کۆمپانیا زۆرکەمتربێت لە کۆمپانیاکانی کێڵگەکانی تر چونکە کۆمپانیای کار لەم کێڵگەیە هاتووەتە سەر حازری و دەبێت گرێبەستەکەی جیاوازبێت) ئەوا ئەو ٤٥٪ ی تر کە بەرهەمی ئەو دوو کێڵگەیەی ترە، دەکاتە ٧٩ ملیۆن و ٥٢٧ هەزار دۆلار و بەو پێیە شایستەی کۆمپانیاکان لەو ماوەیەدا  لە ١٧٦ ملیۆن و ٧٢٧ هەزار دۆلار زیاتر نەبووە. واتە بە جیاوازی ٢٥٠ ملیۆن و ٧٧١ هەزار دۆلار.

بەهەمانشێوە لە سێ مانگی دووەمی ٢٠٢٠ دا کۆمپانیا نەوتییەکان لەو شەش کێڵگەیەدا کە ٥٥٪ی بەرهەمە بڕی ١٣٥ ملیۆن و ٤٠٠ هەزاریان لە حکوومەت وەرگرتووە بەهەمان رێژەی کۆمپانیاکانی تر شایستەی ئەو دووکێڵگەیە(گەرمیان و خورمەڵە) دیاری بکەین ئەوا لەو دوو کێڵگەیە ١١٠ ملیۆن و ٧٨١ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە(دەکرێت زۆر کەمتربێت لە بەر هەمان هۆکاری سەرەوە) ئەوا بەسەریەکەوە هەموو ئەو پارەیەی لەم ماوەیەدا وەرگیراوە نابێت لە ٢٤٦ ملیۆن و ١٨١هەزار دۆلار زیاتر بێت. بەڵام ٥٠٠ ملیۆن و ٥٦١ هەزاریان وەرگرتووە، بەمانایەکی تر بڕی ٢٥٤ ملیۆن و ٣٧٩ هەزار دۆلار بۆچیڕۆشتووە؟  بەسەریەکەوە ئەو بڕە پارەیەی لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا کۆمپانیاکان وەریانگرتووە بەپێیڕاپۆرتی دیلۆیت و لەڕاپۆرتی کۆمپانیاکاندا باس نەکراوە زیاترە لە  ٥٠٥ ملیۆن دۆلار! (بنوارە خشتەی ژمارە ١ و ٢) کە دەکاتە رێژەی٥٥٪ زیاتر لەوەی کە دەبێت وەریبگرن.

ئەو بڕە پارانەی کە لەڕاپۆرتەکەی دیلۆیتدا دەڵێت دراوە بەکۆمپانیاکانی نەوت پێچەوانەی بەندەکانی گرێبەستە نەوتییەکانە کە لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان کراوە بە تایبەت هەریەک لە " مادەکانی ٢٤ بڕگەی ٤ ومادەی ٢٥ بڕگەی ٣ ومادەی ٢٦ بڕگەکانی ١ تا ١٤ ". ئەی باشە دیلۆیت نەیپرسی ئەم بڕە پارانە لە سەر چ بنەمایەک دراوە و بۆچی دراوە بە کۆمپانیاکان؟ کۆمپانیا نەوتییەکانیش دەڵێن هێندەیان وەرنەگرتووە! لە کاتێکدا ئێستا بەو بەرزی نرخی نەوتەشەوە بە ٢ مانگ هێندەی ئەو بڕە زیادەیە نایەتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی.

 پرسیارمان سەبارەت بەو خاڵانەی سەرەوە ناردووە بۆ حکومەت و ئەوانیش لای خۆیانەوە دەڵێن ناردوومانە بۆ دیلۆیت، بەڵام دوای ٢ مانگ هیچ وەڵامێکیانڕونکردنەوەیەکیان نییە . بۆیە بێدەنگیان بەڕەزامەندی وەردەگرین و با نۆش لەسەر دەبێت.

 

  • 1