ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كریستینای ئازیز: نازانم ئەو كاتەی ئەم نامەیەی منت بەدەست دەگات تۆ خەریكی چی؟ بەڵام دڵنیام دووری من هەراسانی كردووی‌و گوڵی تەمەن‌و بەهاری ژیانی سیس كردووی، بەڵام چی بكەین ئیدی ئەوە ژیانە‌و هەوراز‌و نشێوو دووری‌و دابڕانیشی تێدەكەوێت.

ئا بیرم كەوتەوە ئەرێ‌ بەراست گوڵەكانی ناو مەركانەی ژوورەكەمان وەكو جاران سەوز‌و گەشن؟ یاخود دابڕانی من‌و تۆ لە یەكتری ملی سیس بوونی بەوانیش لاركردۆتەوە، ئەدی پشیلە چاوشین‌و خڕ‌و خەپانەكەمان وەكو جاران بەوپەڕی شەوق‌و زەوقەوە تەراتێنی ناو ژوورەكە دەكات یاخود هەڵكێشانی ئاهو‌و هەناسەی دووریت ئەویشی خەمباركردووە؟

كریستینای من: ئەو شارەی من لێی دەژیم ژیان لە ئاستێكی نزمدا گوزەری تیادا دەكات، خەڵكەكەی هەمووی شەكەت‌و ماندوون‌و پیری‌و كەنەفتی سیماو رووخساری داپۆشیون، هەڵبەت لێرە خەڵكی ماندووی كار‌و كاسبی نین، بەڵكو ماندوو‌و هیلاكی دەستی جەنجاڵی‌و نالەباری واقیعی سیاسی‌و كۆمەڵایەتیین‌و هەموویان داد‌و بێدادیانە لە دەستی ناعەدالەتی‌و نایەكسانی، لێرەدا زۆر بەدەگمەن نەبێت خەڵكی دەوڵەمەند نابێت، یاخود دەوڵەمەندبوون بەناو پرۆسەی هیلاكی‌و كاسبیدا ناڕوات، بەڵكو ئەوەی زۆربەی خەڵكی كردۆتە خاوەنی داهات‌و سەرمایەیەكی زۆر حزبایەتی‌و سیاسەتە، واتا لێرەداو لەو شارەدا دەوڵەمەند‌و سەرمایەداری لە گیرفانی حزبایەتی‌و سیاسەت دروست دەبێت، چونكە چەندە پۆست‌و پلەت لە ریزبەندی حزبایەتی بەرزبێت ئەوەندە دەوڵەمەند دەبیت‌و چونكە چەندە بەرزتر بە پەیژەی حزبایەتیدا سەربكەویت ئەوەندەش بەخت یارت دەبێت‌و خۆشت نازانی چۆن ئەو هەموو پارەو سامانەت بە وێنەی باران بەسەردا دەڕژێت، ئاخر لەو وڵاتە حزبایەتی پێكهاتە‌و دامەزراوەیەك نییە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری‌و مەعریفی مرۆڤ‌و هەر لە بنەچەكەدا حزب وەكو كارگەیەكی زێڕ‌و دامەزراوەیەكی گرنگی خۆ دەوڵەمەندكردنە.

دیاردەیەكی تر كە بۆتە مایەی هیلاكی‌و داڕوخاندنی خەڵك لە رووی دەروونی دەوڵەمەندبوونی خەڵكە بە خێرایی، دەبینی خەڵكانێك هەنە تا دوێنێ‌ كوردەواری گوتەنی جگەرەیان بە قل دەكڕی‌و پشیلە لە ماڵیان كلكی بە ئارد نەدەبوو كەچی لە پڕ لە ماوەیەكی كەمدا دەوڵەمەند دەبێت‌و ئەوەش بۆتە مایەی بڕوانەمانی خەڵك بە كار‌و كاسبی.

  • 1